بەشی:بیست و ھەشتەمی گەرانەوە(٢٨) : نووسینی:عەلی سوورەچۆمی.

Posted by

بەشی:بیست و ھەشتەمی گەرانەوە(٢٨)
نووسینی:عەلی سوورەچۆمی.
نیشتمان دێینەوە،تاسەی دووریت دەشکێنین و سووجدە بۆ خاک و خۆڵت دەبەینەوە،کە گەراینەوە وەک ریشەی توولە نەمامەکانی مووچە و باغی جوانت دەچینە دڵی خاکەوە.نیشتمان شەرتە ئەو جارە کە ھاتینەوە لە شەرتی گیانفیدایی لا نەدەین،دەبینەوە..
پارتیزانەکەی جاران“دەبینەوە عەلی باساوەیی و مەحموود خاسەکەی شۆرش،دەبینەوە رەحیم گەللەدار و مەحمەد پەردەدار دەبینەوە خاڵە رێبوارەکەی جاران و تا دوا ھەناسەکانی ژیان جێتناھێڵین.نیشتمان بەڵێن بێ ئەو جار ئۆغر ناکەینەوە.

ئێمە پەیامەکەی فەتتاح عەلاییمان پێیەو تا بڵواری شار راناوەستین.درێژەی رووداوەکانی پێشوو:
با سەرەتا ئەوە زیاد بکەم:فەرماندەری بە توانا،کاک عەوڵا شەخسەی“وەک فەرماندەری نیزامی گشتی ،کاک حوسێن نازدار“وەک ئەندامی کومیتەی شارستان و مەسئولی کومیتە ناوچەی ھۆمل“کاک نەبەز مستەفا پوور(ھەر وەک باسم کرد بوو لە بەشی پێشوو دا)وەک:ئەندامی کومیتەی شارستان و ھەیئەتی ئیجرایی بەشدار بوون،با ئەوەش باس بکەین کاک نەبەز لە باری نیزامیش“ە،وە قوورسایی خۆی ھەبوو.
لەوانەی دواتر بۆمان ساغ بوونەوە،پێشمەرگە ئازاکانی،وەک:سەلام مارەغانی،عووسمان دوولکەیی،سەید خدر-خ ا-س ک-،م گ-،
بەشدار بوون.ئەو جەولە دوای راوەستانی شەری ئێران و ئێراق یەکەم جەولەی لەو جۆرەیە کە بۆ ناوچەکە رێک دەخرێ،ئێمە دەمێک بوو لەو ناوچە ھەستیارە دابڕابووین،من و زۆرێک لە ھاورێکانم ئەوە یەکەمین سەردانیان بوو بۆ ناوچەکە،بە دەر لەو خاڵە،دەمێک بوو فەرماندەو پێشمەرگەکانی ئەو ناوچە گلەییان دەکرد:کە بۆچی جەولەیەکی پێشمەرگانە بۆ ئەو ناوچە رێک ناخرێ.ئێستا دوای ئەو تێبینی“یانە با بێمە سەر شوێنی یەکەم رۆژی مانەوەمان:
ئەو شوێنەی ئێمە لێی ماوینەوە.. بیرەوەریەکی خۆشی دیکەم لێی ھەیە، دوای ئەو جارە، کەمینێکی خۆشە کە دوای بێنەو بەردەو مقۆ مقۆ لە گەڵ بەرپرسان!ساغ بووینەوە!چووین کەمینەکەمان دا نایەوە رووداوەکانی زۆر خۆشن! دڵنیا بن بێبەشتان ناکەم و کاتی خۆی باسی دەکەین.
ئێرە پەنا شاری سەردەشتەو جمووجۆڵی ھێزەکانی رێژیم زۆرە،بەیانی کە خەبەرم بۆوە دیتم کاک حوسێن فەقێ عەلی“ھەستاوە ئاخر ئەو گووندەکەی زۆر لە ئێمە نزیکە!کاک سەعدوون ھەر بەو جۆرە،لە پەنا دەوەنێک خۆی بە سێبەرەکەوە مەڵاس داوەو بە دووربینەکەی چاوەدێری دەورووبەر دەکات،ئەویش گووندەکەی ھەر لەو نزیکانەیە،بێشک دڵیان کەوتۆتە خوورپە بە بینینەوەی یادگارییەکان.ویستم ھەستم تەکانێکم دایە خۆم ئای ھەموو گیانم ئازاری ھەیە!ھەتاو“یش لێی داوم سێبەری دارەکە چۆتە ئەولاتر! ئەو کارەی ئێمە بەدرێژایی رۆژ دووبارە دەبۆوە،دەبوا لە گەڵ سێبەری دارەکان یا شاخەکان بسووڕێین،کە ویستم ھەستم!لەولا را کاک سەعدوون“بە دەست ئیشارەی کرد بڵند نەبم!نەفەر لە خوار رێگاکەی ئێمەوە تێپەڕ دەبن و نابێ زۆر جم و جۆڵ بکەین،زۆرم تینوو بوو..وا دیار بوو:بەیانی زوو”بەر لەوەی خەڵک رابێ ئاویان ھێنابوو.با ئەوەش نەشارمەوە زۆر جار دبوومە کێشە بۆ ھاورێکانم و خۆم دەدزییەوە بۆ سەر شتن و گۆرەوی شتن!وەڵا ئەگەر دەمزانی سەرم ئاوا بێ موو دەبێ و کەچەڵی“دادیدەگرێ ئەو کارەم ھەر نەدەکرد!.باش خۆشەویستانی من خۆتان بۆ رووداوەکانی دوایی ئامادە بکەن و با بچینە ناو قووڵایی بە سەرھاتەکانی ئەو رۆژە.
پێشمەرگەکان ھەستاون من لە رووخساری ھەموویان دا جۆرێک باوەڕ بە خۆ بوون دەبینم،قسە خۆشەکانی کاک سەعدوون ھەموومانی کۆکردووینەوە،لە شوێنێک دەڵێ:کووڕینە!ئێستا دەرگیر بین زۆر خەتەرە…رەنگە ھەر بە پووشکان فووماندەن!پێکەنینێک ھەموومان دادەگرێ،کەچی لای ئێوارێ دەیگۆڕێ و دەڵێ:ئێستا کاتی پاسدار فوودان ھاتووە.
ئەوە:نموونەیەک لە قسە خۆشەکانی ژێر دەوەن و رۆژە درێژەکانی ئێمە.ئەو ماوە کاک حوسێن چەند کەسێکی دیتوەو لە گەڵیان دانیشتوە.ئەو ئێوارەش ھات و جووڵەی ئێمەش زیاد دەکات و بەرەبەرە پێشمەرگەکان خۆیان دەبەستن ئێوارە دوای کۆبوونەوە بڕیارمان دا بۆ نان و چایی ئەو شەوەمان بچین بۆ گووندی قووڵەسوێروێ“گووندە جوان و پێشمەرگە پەروەرەکەی“شەھید سمائیل قووڵەسوێروی „و سێ فەرماندەی رۆژانی سەختی خەبات کاک نەبەز مستەفا پوور“و کاک سمکۆ مەحموود زادە“و کاک خەبات ئەسپەندار“بێگۆمان چەندین تێکۆشەری دیکە،گوورج خۆمان بەست و بە پێش ماڵەکانی گووندی رەشەھەرمێ“دا:بە ئاراستەی رێگای بانوو”و قازانی”دەرچووین و بە پشت ماڵەکانی خرێ ئاغەڵێ”دا ئەو دیوی گووندی قوڵەسوێروو بووین.با لێرەدا بە شاھیدی ئەوانەی پێشمەرگەی ئەو رۆژگارە بوون و ئاگاداری رووداوەکان،بڵێم:لەو ناوچە لە دوو گووند دووژمن ئێمەی لێ ون دەبوو:یەکیان خرێ ئاغەڵێ”بوو ئەوی دیکە قووڵەسوێروێ”خەڵکی ئەو ناوچە ھەمووی پێشمەرگە پەروەرو نیشتمان پەروەرن،بەڵام:لە گووندێک دا کەسێک خراب بێ بەسە بۆوەی دووژمن پێت بزانێ و ھێرشت بکاتە سەر!شتێک کە زیاتر لە ناو کورد دا بوونی ھەیە!خۆ ئەگەر ئەوە نەبێ!بڕۆ لە ناو گووند بمێنەوە یا لە دەرەوە دوژمن ھەرگیز پێت نازانێ،ئێمە لە دەستی ئەو جۆرە کەسانەیە دەبێ دوور بڕۆین زۆر بە نەھێنی بمێنینەوە!کە دیارە:دوژمن ھەموو کارێک دەکات بۆ پەیدا کردنی ئەو جۆرە کەسانە!کە بۆ ئەو دبنە چاوو گوێ!ھەر شۆرشێک بۆ رزگاری دەبێ دوو“کار بکات،یەکیان ئاستی ھووشیاری خەڵک بباتە سەرێ،تا بزانن بەو کارەیان چۆن دەبنە کۆسپ لە بەر دەم سەرکەوتن و داھاتووی نەوەکانی خۆیان،لەوەش زیاتر کچ و کووری خۆیان!کە سبەی گەورە بوون چارەنووسیان وەک باقی گەلەکەیان لە مەترسی دا دەبێ
دووھەمیان:یا دەبێ شۆرشەکە و خەباتگێرەکانی ئەوەندە زاڵ بن و کاریگەریان ھەبێ کە ئەو جۆرە کەسانە ئەوەندە ترسیان ھەبێ نەوێرن غەیانەت بکەن.بە ھەرحاڵ ئەوە پێوەندی بە باسەکەی ئێمەوە ھەبوو:کە ناچار دەبین رێگای دوور ببڕین.دەگەینە گووند و دوای تاقی کردنەوەی دەورووبەر لە لایەن چەند پێشمەرگەیەکەوە دەچینە ناو گووند بە سەر ماڵەکان دا دابەش دەبین،بۆ خەڵکەکە تا رادەیەک چاوەروان نەکراو بوو،چۆن دەمێک بوو پێشمەرگە بە تیمێکی گەورەوە لەو ناوچە نەبیندرابوون،ئەوە بوو:لە گەڵ پێشوازییەکی گەرمی خەڵکەکە و شادی لە رادەبەدەریان رووبەروو بووین،خەڵکێک پڕ لە ھەستی جوان و خۆشەویستی بۆ پێشمەرگەو رۆڵەکانیان،من لە گەڵ کاک نەبەز بووم و چووینە ماڵی خۆیان و لە دوورەوە باوشیان پێدا کردین.مام عەلی باوکی کاک نەبەز لە گەڵ ئەوەی لە رادەبەدەر خۆشحاڵ بوو!زۆر نیگەران لەوەی کە نەکا شتێک روو بدات!ترسی رۆژی داھاتووش بە جێگای خۆی!باسی ئەو فشارو ئازارانەی بۆ کردین کە بە ھۆی ئەوەی بنەماڵەی پێشمەرگەن دەخرێتە سەریان،زۆر جار ئازار درابوو زۆر جاریش بانگ کرابوو بۆ ئیدارەی ئیتلاعات لە سەردەشت،لە راستی دا ئەوەی باسم کرد وێنەیەک و نموونەیەکە لە ئازاری بنەماڵە پێشمەرگەکان،کە زۆر جار لە ژێر ئازارو شکنجە و زیندانی ھێزە سەرکووتکەرەکانی رێژیم دا خۆیان دەدیتەوە،زۆر جار ئەو شکەنجانە دەگەیشتنە جێگایەک کە دەبوو بە ھۆی گیان لە دەست دان،تەنیا تاوانی ئەوان ئەوە بوو کە کەسێکیان لە ریزی شۆرش دایە.لێرەدا:ھەر لە رێگای ئەو بیرەوەرییانەوە بە ھەموو کەلێن و کەلەبەرەکانی ئەو رۆژگارەدا گووزەر دەکەین و بەیەکەوە ئاوڕ لە ھەموو ئازارەکانی ئەو گەلە ھەژارە دەدەینەوە،بە ھەرحاڵ ئێستا دەمھەوێ بڵێم:ئەو میوانانە لای ئەو خەڵکە چەند ئازیزن ھەرچی گیان لە بەرە لە ناو ئاوایی ھەست بەو شادییەی خەڵک دەکات،کیژوو لاوانی دڵ پڕ لە ھەست باوەش بە پێشمەرگە دا دەکەن و مزگێنی بە یەکتر دەدەن.دوای ئەو دیدارە شیرین و دڵگیرەو پەیمان نوێ کردنەوە،تیمەکان لە رێگای بێسیمەوە ئاگادار دەکرێن کە کاتی دەرچوون لە ئاوایی ھاتووە،لە کاتی دیاری کراودا کۆبووینەوە،دوای ماڵئاوایی لە ئەو خەڵکە پێشمەرگە خۆشەویستە،لە تەنیشت ئاوایی رێنمایەکان وەرگیران و گوورج بەرەو مەسیری دیاری کراو وەرێکەوتین.ھاوینی ساڵی ١٣٦٧ی ھەتاوی“یە ئاشقانی خەونی رزگاری بێ ترس بە دڵی شەوێکی پڕ لە ھیوا دا تێپەر دەبن،رێگای پڕ لە ھەورازو نشێوی ئەو شەوەمان بەرەو چیای بڵندو سەرکەشی ھۆمل“بڕی و دوای چەند جارێک پشوو دان،بۆ دەرەنگانێکی ئەو شەوە دەگەینە شوێنی مانەوە،ئەو شوێنەی لێی ماینەوە مووچەی ماڵی مام عەلی“یە.پێشمەرگەکان دوای گەیشتن و پشوو دان وردە وردە سیگار کێشەکان جامانەی ملیان دێنن و نەفەرێک دەچێتە ژێریەوە چەند کەسێک بە دەورییەوە ئەڵقەیەک ساز دەکەن تا ئەو لە ژێرەوە سیگارەکە داگیرسێنێ و بڵێسەی ئاگر لە ھیچ جێگایەکەوە دەرنەچێ!شوێنی مانەوەی ئێمە بەرزەو بە سەر ناوچەکە دا دەڕوانێ،چراکانی زۆربەی دێھاتەکانی دەورووبەر بە کزی دیارن و خەڵک لە خەوێکی قووڵ دایە،ئەوە تەنیا ئێمەین کە خەو ناچێتە چاومان و بە درێژایی شەوە تاریکەکان بۆ ئامانجێکی گەورە شەونخوونی دەکێشین.نیگابانەکان“دیاری کران و ھەر کەسەو بە بێدەنگی دەچێتە سەر جێگای خۆی،تەزووی بایەکی سارد لەو کوێستانە خەوی ئێمەی ئەستەم کردووە.چارەیەک نییە و دەخەوین.بەیانی درەنگانێک لە دەنگی ژنێک“خەبەرم بۆوە کە دەیگووت:قووربانی ئەو خەوەشتان بم!دەبێ ئەو شۆ چەند سەرما لێی دا بن!بەڵێ:ئەوە پوورە مێرێ“یە.خزمی کاک نەبەز مستەفا پوورن و مووچەکەش ھەر ھی ئەوانە.بە „شیرێژو رۆنەکەرە“میوانداریمان دەکات و بەرە بەرە دووکەڵی کەتری“یە رەش بەرز دەبێتەوە،ھەمووان ھەستاون و لەو ئاوە ساردە دەست و چاومان دەشۆین،سەرگەرمی قسەو باسی ناو دێ بووین!کە دەنگی چەند تەقەیەک لە شاخەکانی سەرەوەی ئێمە بەرز بۆوە!پێشمەرگەکان خۆیان بەست و چاوەروانی ھەموو رووداو پێشھاتێک ماینەوە!تا بزانین چی روودەدات!تیمی ئێمە نزیکەی بیست و پێنج کەسین،بەدەر لەوە کۆمەڵێک فەرماندەو پێشمەرگەی ئازا،بە کوردی بێ منەت لە دووژمن.کە ئەوەمان گوێ لێ بوو، دەبوا روونی بکەینەوە چی روو دەدا!بەشێکیان گووتیان:پێیان زانیوین و ھێزێکی زۆر ھاتووە تا گەمارۆمان بدەن،ئێمە نامانەوێ لە خۆوە ھیچ جووڵەیەک بکەین تا نیشانەکانی وەھا کارێک نەبینین!ھاورێیەکی پێشمەرگەمان راسپێردرا تا کەمێک سەرکەوێ تا بزانین چ خەبەرە!کاک نەبەز زۆر بە ئارامی گووتی:کوورینە ھیچ نییە“بانگی ش-ر-کرد…گوێدرێژێکی“لێ بوو!گووتی:وەرە کڵاشینکۆفەکەی لە سەر کوورتانەکەی“دانێ ئەو تێرەی بە سەر دابێنەو تا سەرێ بچۆ بزانین چی روودەدات!ھەر وامان کرد سوار بوو لە ناو دارەکان کەمێک رۆیشت بەرەو جادەکە،وەک کەسێکی ئاسایی!سەرکەوت و پاش ماوەیەک گەرایەوە گووتی:کاکە ھێزێکی زۆری لێ یە“نیشانەیان دا کردووە وا دیارە خەریکی(اموزش)ن“ئیدی ئێمەش دڵنیاییەکمان بۆ گەرایەوە.لای ئێوارە دەبوا خۆمان ببەستین و ئەو شەوە بۆ بڕینی رێگایەکی دوور خۆمان رێک بخەین،چەند رێگایەکی پڕ مەترسی و سەخت لە پێشمان بوون کە دەمێک بوو ئێمە تاقیمان نەکردبوونەوە.جارێکی دیکە کۆبوونەوە کرا بۆ پێشمەرگەکان باسی وریایی لە سەرپێ بوون و ئیرادەیەک کرا کە دەبێ:بۆ تێپەراندنی سەختی و مەترسییەکان لە خۆمانی نیشان بدەین.ئێستا دەبێ لە چایخانەی ھۆملی“وە دەرباز بین لە نزیک ئەو شوێنە مۆڵگەی رێژیم ھەیە!لەوەش مەترسیدارتر شوێنەکە تا ئەو دیو دەبی،بە شوێنی کەمینی ھێزەکانی دووژمن بەناوبانگە!بە ھۆی ئەستەم بوونی ناوچەکە تەنیا رێگایە بۆ دەرباز بوون.
چاوەروانی رووداوە سەر سووڕ ھێنەرەکانی دوایی بن و چاوێکتان لە سەریان بێ!بزانن چیان بە سەر دێت و تووشی چ سەختییەک دەبن!؟چاوەروان بن خۆشەویستان.
…………………………………………………..
تێبینی:
لە ھەر بەشێک دا دەمھەوێ چەند پەیامێک بگەیەنم کە ھیوادارم وەرگیرابن.
دەمھەوێ ھەنگاو بە ھەنگاو بڕۆین و ئاگاداری ھەموو ئازارەکانیان بین.دارشنێک وا بێ تۆ ھەست بکەی رووداوەکان لەوێنەی رۆمانێک بێ،بەش بەش و خۆش و ناخۆش
ھەر چەند من لەو ئاستە نیم بەڵام بەو نییتەوە کارەکە دەبەینە پێشێ
دیارە:من ناتوانم ئەو کارە بکەم بەڵام دڵنیام بۆ داھاتوو دەبێتە سەرچاوەی زۆر نووسین و سووژەی گەورە لە سەر مێژووی ئێوە.
ئەھھا!چاو لێبکەن تێکۆشەرانی ٤٦-٤٧-ھەر ئەو چەند کادرو سەرکردە بوون!شەر نەکران کەس شەھید نەبوو!پێشمەرگەیان لە گەڵ نەبوون ئەدی کوا ناویان کێ دەیانناسێ!من لە مێژوو دا ناوی ئەوانم نەدیتوە!کەواتە مێژووی ئێوەیە با وا چاو لەو کارە نەکەین و بە ھی خۆمانی بزانین.
سووپاس بۆ پشتیوانی ئێوەو ھاوکاریتان کڕنۆش دەبەم بۆ بەشداری ئێوە.
من رەفیقم ھەیە تا ئێستا نەیگووتوە چاک یا خراب دەستت خۆش بێ یا خۆش نەبێ!
وێنەیەکی ناوچەکە:کە ئەو ناوچەی بەتەواوی دەرخستووە کە ئێمە تێیدا ھەڵسوورانمان ھەبووە
سووپاس بۆ برای خۆشەویستم کاک jalal jamali کە بۆی ناردم.
وێنەکان:
کاک نەبەز مستەفا پوور،شەھید حەسەن کەریمی،سەید خدر.سێ نەفەری پێشەوە.کاک کەریم سەعیدی (کەیفە)

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *