نهێنیەکانی پشت کامێڕ!! بەشی یازدەهەم! له‌ نووسینی : محه‌ممه‌د بایزیدی

Posted by
نهێنیەکانی پشت کامێڕ!! بەشی یازدەهەم! له‌ نووسینی : محه‌ممه‌د بایزیدی
بە دوای هاتنی دووربین بۆ کۆمیتە شارستانەکان، چاوەڕوانی پێشمەرگەکانیش بۆ تۆمارکردنی ساتە گرینگەکانی ژیانیان بە ئەرکەکانی دیکەی فیلمهەڵگرەوە زیاد بوو.
هەرچەند ئەو دووربینانە لە ڕاستیدا بۆ تۆمارکردنی چالاکیەکانی پێشمەرگە و ڕێ و ڕەسمەکانی حیزب درابوون بە کۆمیتەی شارستانەکان، بەڵام کادر و پێشمەرگەکانیش ئەو چاوەڕوانیەیان هەبوو، کۆمیتەی شارستانەکان لەو بارەوە یارمەتیان بدەن و ئیزن بدەن لە شایی و زەماوەندی خۆیان فیلم هەڵگرنەوە. گەلێک بڕیاری بۆ وەدەست هێنانی مافە ڕەواکانی بڕیاری خەباتی دابێت، ڕۆڵەکانی لەو ڕێگایەدا شەهید وبریندار و زیندانی و ئێعدامیش دەکرێن. سەیرکردنەوەی هەرجارەی فیلمەکانیش دەبوو بە هۆێ کولانەوەی برینی هاوڕێ و هاوسەنگەران و کەس و کاری ئەو پێشمەرگانە کە لە زەماوەندەکاندا لە گەڵ بوون، بەڵام تێکەڵ بە کاروانی شەهیدانی ڕێگای ئازادی بوون.

لەو کاتانەدا تەنیا دووربینی کۆمیتەکان هەبوو، کە پێشمەرگە چاوی تێوە بێت تا فیلمی بۆ هەڵگرنەوە. کۆمیتەی شارستانی سەردەشت لە سەر ئەوە ساغبوونەوە کە ئەگەر فیلمهەڵگر بتوانێ، بە مەرجێک خاوەن شایی کاسێتەکە بکڕێت، فیلمیان بۆ هەڵگرنەوە. ئاشکراشە لەو جۆرە کاتانەدا نەدەکرا فیلمهەڵگر دڵی هاوڕێی پێشمەرگەی بشکێنێ و کارەکەی نەکات. نەدەکرا بۆ کەسێک بکرێ بەڵام بۆ یێکێکی دیکە نەکرێت. ئەوەی دەکرا جێگای پێزانینی پێشمەرگەکان بوو و یادگارییەک بوو کە قەت لە بیر نەدەچۆوە. ئێستا کە کرتە ویدئۆی زەماوەندەکانی ئەو کات لێرە و لەوێ دەخرێتە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، دەزانین کە ئەو ساتانە چەند پڕ بایەخ بوون.

بە داخەوە هەرچەند فیلمهەڵگر خۆی ماندوو بکردبایە خاوەنی شایی نەیدەتوانی فیڵمەکە ببینێتەوە یان تا دەیدیتەوە ماوەیەکی زۆری پێدەچوو. دیارە باشتر دەبوو ئەگەر فیلمهەڵگر بیتوانیبا زووتر فیلمەکەی ببینێتەوە تا کەم و کوڕییەکانی دەستنیشان بکات و بۆ جاری دواتر ڕەچاویان بکات، بەڵام لەو دەمەدا نە تەلەویزیۆن هەبوو و نە دەزگای VHS ی ویدئۆ هەبوون تا فیلمەکان ببیننەوە. دەستکورتی ماڵە پێشمەرگە لە لایەک و خوو نەگرتن بە تەلەویزیۆن و نەبوونی ڕایەڵەی وەرگرتنی تەلەویزیۆن وایکردبوو کە هێندە بیر لەو شتانە نەکرێتەوە.

ئەگەر دووربینەکان بێ کێشە بانایە و فیلمهەڵگر کاری خۆی دەکرد. تا دەیتوانی خۆی ماندوو دەکرد تا بە باشترین شێوە ئەو ساتە دەگمەنانەی ژیانی پێشمەرگەکان تۆمار بکات. ئەو دووربینانە دەبردرانە ناوچە و بە کۆڵی کاکی فیلمهەڵگرەوە شاخ و کێو و شیو و دۆڵی ئەو کوردستانەیان پێ دەپشکندرا. لە کاتی فیلمهەڵگرتن لە عەمەلیاتی پێشمەرگەدا فیلمهەڵگر بە خۆی و دووربینەکەیەوە ئاسانترین ئامانجی تەقەی دوژمن بوو، کە تەقەی لێدەکرا بەڵام دەستی بۆ نەدەکرایەوە. ئەو هەرچی دەیدی لە ڕێگای لێنزی دووربینەکەیەوە دەیدی، کە زۆرجار ڕووی لەو شوێنە نەبوو کە تەقەی لێڕا دەکرا. دەکرا لە کاتی عەمەلیاتی پێشمەرگەدا دووربینەکان عەیبیان لێ پەیدا ببێت. کەلو پەلی تیکنیکی زۆر ناسکە و کەوتنی فیلمهەڵگر لە کاتی بەڕێوەبردنی کارەکەیدا دەیتووانی دووربینەکە لە کار بخات. کە خراپیش دەبوون ماوەیەکی زۆری پێدەچوو تا دەنێردران بۆ چاک کردنەوە. لەو کاتانەدا چاککردنەوەشیان بە هۆی نەبوونی کەسانی شارەزا لە شارە نیزیکەکان کارێکی ئەستەم بوو. بە داخەوە هێندێک جار تکا و ڕەجای ئەو پێشمەرگانە وایدەکرد کە فیلمهەگر، بە ئاگابوون لەوەی کە زەحمەتەکەی بە فیڕۆ دەروات، هەرچۆنێک بێت ئەوەندە یارمەتیە کە لە دەستی دەهات بیکات.

لە بیرمە ساڵی ۱۳۶۸ چوار پێشمەرگە و کادری هێزی زمزیران بە ڕۆژێک زەماوەندیان کرد. وابزانم فیلمهەڵگری هێزی زمزیران، کاک “حەمە ڕەسوڵ کەریمی” بریندار بوو و لەوێ نەبوو. هەر کاتی برینداربوونی کاک حەمە ڕەسوڵیش، دووربینەکەشی لە دەست پەڕیبوو. دووربینەکە یەک دوو جێی زەربەیان خواردبوو، بەڵام هێشتا فیلمی پێ هەڵدەگیرایەوە. کێشەکەی لەوە دابوو کە فیلمەکە تەرزە”برفک” ی دەکەوتە سەر و زۆرجار بە کەڵکی چاولێکردن نەدەهات. داوایان لە من کرد کە بەو دووربینە فیلمیان بۆ هەڵ بگرمەوە. پێشتر بڕێک شتم لە بارەی تێکچوونی دووربینەکەوە زانیبوو، بەڵام پێموانەبوو زۆر کاری کردبێتە سەر توانای تۆمارکردنی فیلم. دوای ماوەیەک بۆم دەرکەوت کە تەرزەیەکی زۆر دەخاتە سەر فیملمەکە و ڕەنگە هەر بە کەڵی تەماشاکردنەوە نەیەت. کێشەکەم لە گەڵ کۆمێتەی شارستانی ڕەبەت، بە تایبەت زاوایەکان باس کرد. هیچ ڕێگا چارەیەک نەبوو، یان دەبووایە هەروا بێ گوێدانە چۆنیەتی”کیفیت”ی فیلمەکە درێژەی بدەم یان کۆتایی پێ بێنم. دیار بوو زاوایەکان بەلای بژاردەی دووهەمدا بوون. منیش درێژەم بە کارەکەم دا و ئەوەی لە توانام دابوو کردم تا ئەگەر هێندێک بەشی بچووکیش بێت لە فیلمەکە بە کەڵک بێت. دوای چەندین سەعات خۆ ماندوو کردن لە نێو تەپ و تۆزی شوێنی هەڵپەڕیندا فیلمەکەم تەحویل دان. بە هۆی نەبوونی ویدئۆ و تەلەویزیۆن بۆ دیتنەوەی فیلمەکە، هەروەک پێشتر ئیشارەم پێکرد، ماوەیەکی پێچوو تا بۆیان گێڕامەوە کە فیلمەکە لەبەر تەرزە بە کەڵکی تەماشا کردن نایەت. بە داخەوە دوای ئەو هەموو ماندووبوونە بۆ هەڵگرتنی فیلمێکی جوان لە وەها ڕۆژیک دا، دەکرێ بڵێین هەموو زەحمەکەم بە خۆڕایی بوو. ئەو پێشمەرگانەش نەیانتوانی خۆشترین بیرەوەری ژیانیان بە تۆمارکراوی ببیننەوە.

جگە ڵەو جارە، کە بە هۆی تێکچوونی دووربینەکە.، فیلمەکە کەڵکی لێوەرنەگیرا، زۆرجاری دی فیلم لە شایی کادر و پێشمەرگەکان و ڕێ و ڕەسمەکانی حیزبی هەڵگیراوەتەوە. لە ڕێ و ڕەسمەکانی حیزبیدا کادر و پێشمەرگەکان، ژنان و منداڵانی نیشتەجێی دەورووبەری بنکەکانیش بەشداردەبوون. ژمارەیەک لە کادر و پێشمەرگەکان بۆ ڕازاندنەوەی هەرچی زیاتری نێوئاخنی بەرنامەکان، بە کەمترین ئیمکانات و بە پێی توانای خۆیان شانۆیان دەنووسی و هەر خۆشیان بەڕێوەیان دەبرد. لەو بوارەدا زۆرکەس توانا دەرکەوتن کە بێ دیتنی هیچ ودەورەیەک زۆر باش نەقشەکانی خۆیان بەڕێوە دەبرد. بە داخەوە ژمارەیەک لەو کادر و پێشمەرگانە وەک؛ “عەبدوڵڵا محەمەد زادە” بناوەیی، “قادر میراوەیی”،” مامۆستا ڕەحمان شڵماشی”، “سمایل قوڵەسوێروی”، “ڕەسوڵ عەزیزی”، “ڕەئوف شۆکە”، “خدر دۆڵەگەرمی” و “قادر مەمۆ” و “سەعدون مارەغانی” و “جەعفەر زەمانی”شەهید بوون. بەشێک لەوان وەک؛ “عەلی حاجی”، “محەمەد ئەراک”، “ساڵح ڕەبەتی”، “خدر میراوەیی”، ،” عومەر باڵەکی”، “غەفور ساڵحزادە”، “ئەحمەد ڕەزگەیی”، محەمەدی ماماغا” و “خەلیل ئەسپەندار” و “ئەبوبەکر سێوەتاڵی” و ” ئەبوبەکر مارەغانی” و “کەریم سەعیدی” و چەند کەسێکی دیکە بە خۆشیەوە هەروا لە ژیاندا ماون، کە هیوادارم تەمەندرێژ و ساغ و سڵامەت بن. بە داخەوە بەشێکی زۆری نەقشی ژنەکان هەر پیاوەکان دەیانگێڕا. ژنان و کچان زۆرتر بە خوێندنەوەی پەیام و شێعر و پەخشان لەو ڕێ و ڕەسمانەدا بەشدار دەبوون.

هیوادارم ئەوانەی کە ئەو بیرەوەرییە دەخوێننەوە نێوی ژمارەیەک لەو کچ و ژنانەیان وەبیر بێتەوە کە لە شانۆکاندا بەشدار بوون.

درێژەی هەیە…

وێڕای سپاس، فیلمەکان لە ئارشیفی کاک عومەر فەرخەپوور وەرگیراون.

https://m.facebook.com/story.php…

https://m.facebook.com/story.php?story_fbid=613114309146904&id=100013450205647

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *