نهێنیەکانی پشت کامێڕ!! بەشی دوازدەهەم، دوایین بەش! له‌ نووسینی : محه‌ممه‌د بایزیدی

Posted by
هێنیەکانی پشت کامێڕ!! بەشی دوازدەهەم، دوایین بەش! له‌ نووسینی : محه‌ممه‌د بایزیدی
دووربینەکان سەرەڕای زۆر لایەنی باش، هێندێک کێشەشیان هەبوو. کێشەی سەرەکی ئەو دووربینانە -لە سەرەتادا- دووری فیلمهەڵگر لە دووربینەکە بوو. نازانم ئەوە تا چەندە لە بارەی فیمهەڵگرانی کۆمیتەی شارستانەکانی دیکەوە ڕاستە، بەڵام ئەوە لە کۆمیتەی سەردەشت هەبوو. بە هۆی هەل ومەرجێک کە لە بنکەکانی پێشمەرگەدا هەبوو، واتە شوێنێکی قایم بۆ هەڵگرتنی دووربینەکان نەبوو، دەبووایە دووربینەکان لە شوێنێکی قایم کە دەکرا داخراو بێت هەڵ بگیرێن.
لەو بارەوە زۆرتر بیر لە ڕووداوە پێشبینی کراوەکان کرابۆوە. ئەوە وای دەکرد کە لە کاتی زۆر لە ناکاودا، کە پێویست بوو فیلم هەڵبگیرێتەوە نەتوانی ئەو کارە بکەی. بەمجۆرە دەرفەتێکی زۆر تایبەت لە کیس دەچوو.

۱۶ی سەرماوەزی ساڵی ۱۳۶۶ کتێبێکی بۆمبڕێژکراو لە دەست هاوڕێی تێکۆشەر” مامۆستا حەسەن شیوەسەڵی”، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و فەرماندەری بەوەجی هێزی گیاڕەنگ دا دا تەقیەوە. بۆمبەکە لە بنکەی هێزی گیاڕەنگ لە “سونێ” تەقیەوە، بەڵام لەو کاتەدا دووربینەکە لە بەشی ماڵی کۆمیتەی شارستانی سەردەشت، لە “کونەمارێ” بوو. من ئەودەم شوێنی خزمەتم پەلی فەرماندەیی بوو لە سونێ. لە بەشی ماڵی چاودێری زیاتر بە سەر شتەکاندا هەبوو و ژمارەیەکی کەمتر هاتووچۆی ئەوێیان دەکرد و هەرکات ئەوان لەوێ نەبانا دیوەکە دادەخرا. بۆ ئەوانەی کە شارەزای ناوچەکە نین، نێوانی ئەو دوو شوێنە لانیکەم نیو سەعات بە چوون و هاتنەوە دەبێت، کە بۆ هێشتنەوەی بریندارێکی هێندە شپرزە زۆرە و دەبێ بە زووترین کات بەڕێ بکرێت. جێ هێشتنی دیمەنێکی ئاوا دڵتەزێن و ڕۆیشتن بەرەو کۆمیتەی شارستان بۆ هێنانی دووربین زۆر نەگونجاو دەهاتە بەرچاو. ئەگەر دووربینەکە لە لای فیلمهەڵگر بایە، دەتوانرا ئەو دیمەنە دڵتەزێنە وەک بەڵگەیەکی دیکەی ترۆریست بوونی کۆماری ئیسلامی، فیلمی لێ هەڵگیرێتەوە، بەڵام بە داخەوە لە دەست چوو. دیارە ئەوە تا ڕادەیەک ساڵانی دواتر چارەسەرکرا و ئەوجار فیلمهەڵگر لە کوێ خزمەتی دەکرد دووربینەکەش لە لای خۆی دەبوو.

ساڵی ۱۳۶۷ دەنگۆی ئەوە هەبوو کە ئێران بە هۆی شکانە یەک لە دوای یەکەکانی ڕەنگە بڕیارنامەی ۵۹۸ پەسند بکات. بەمجۆرە ڕێگا بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەسی شەڕی ۸ ساڵەی ئێران-ئێراق خۆش دەبوو. ڕۆژی ۲۷ی پوشپەڕی ئەو ساڵە، وەک هەر کاتێکی دیکە لە بنکەکانمان لە لکی یەک لە خوار”کونەمارێ”- شوێنی کۆمیتەی شارستان- دانیشتبووین. لەو شوێنە هەموو ڕۆژێ چاوەڕوانی تۆپ و خۆمپارەباران دەکرا. لە ناکاو دەستی بە تۆپ و خۆمپارەبارانکردنی ئەوبەری بنکەکانی ئێمە کرد. سەیر ئەوە بوو ئەو شوێنە هیچ بنکەیەکی پێشمەرگەی لێ نەبوو و پێشتریش زۆر کەم تۆپباران دەیگرتەوە. ئەوانەی لەوێ بوون هەموویان هەر خەڵکی “بەردقسڵێ” بوون. تۆپبارانەکە بە ڕادەیەک خەست بوو کە تا ئەو کاتە وێنەی نەببوو. بە هۆی تۆپبارانەکەوە قۆرییە گیا و پەرێزی گەنمی ئەوێ هەموو ئاوریان گرد. من ئەو کاتە فیلمم لە تۆپبارانەکە هەڵدەگرتەوە، گۆڕستانی بەردقسڵ ئارامگای ئەبەدی ژمارەیەک شەهیدی سەربەرزی حیزب بوو. تەنانەت دوای ئەو کاتەش ژمارەیەک شەهیدی دیکە لەوێ بە خاک سپێردراون. بە هۆی تۆپبارنەکەوە ژمارەیەک لە گۆڕەکان زەرەریان پێگەیشتبوو.

هاوکات لە گەڵ فیلمهەڵگرتن لە ئەوێ چاوەڕوانیشم دەکرد تۆپبارانەکە لای ئێمەش بگرێتەوە. خەڵکەکی بەردقسڵ پەنایان بردبووە کونەتەیارەکانەوە. بەڵام لە کاتی فیلمهەڵگرتنەکەدا، دەرکەوت کە کەسێک بە خۆی و گەڵیشکێک-لخەدارێکی تەڕ، خەریکی کوژاندنەوەی ئاورەکەیە. تۆپباران هەروا بەردەوام بوو، دووکەڵ هەموو ئەو ناوچەیەی داگرتبوو. لەو کاتەدا تۆپێک ڵە دەورووبەری ناوبراویدا و بە وتەی یەکێک لە پێشمەرگەکان لخە گەڵەکە هێدی هێدی لە چاوان ون دەبوو. لە گەڵ بێدەنگبوونی تۆپبارانەکە دەنگی گریانی ژن و منداڵ بەرز بۆوە. دواتر دەرکەوت کە “حاجی خدر”، بە تەمەنترین کەس و لە ڕاستیدا خاوەنی ئەو شوێنە کوژراوە. هێشتا چەند دەقیقەیەک لە بێدەنگبوونی تۆپبارانی ئەوێ تێنەپەڕیبوو، کە تۆپباران زۆر بە خەستی بۆ سەر بنکەکانی ئێمەش دەستی پێکرد. ماوەی زیاتر لە سەعات و نێوێک بە تۆپی ۱۰۵ و کاتیۆشا و خۆمپارە تۆپباران کراین. دوای تەواوبوونی تۆپ و خۆمپارە بارانەکە، بەرپرسی شەهید “فەتاح عەبدولی”، بە بێسیم داوای لێکردم بچم بۆ ئەوێ. ئەوان زۆر بە باشی چاویان لێبوو چۆن ئێمە تۆپباران دەکراین. ترسی شەهید و برینداریان لە نێو پێشمەرگە و بنەماڵەکانیان داهەبوو. هەواڵی خۆمانم بە بێسیم پێڕاگەیاندبوو کە ئێمە هەموو سڵامەتین، بەڵام پێشمەرگەکان گوێیان لە دەنگی گریانی خەڵکی بەردقسڵێ بووە و ئێمەش ئەودەم لە بەر تۆپبارانی سەر خۆمان نمانتوانیووە بە هانایانەوە بچین. دەمانەوێ بچین بۆ لایان.

ئەو ڕۆژە نەمانتوانیبوو هەواڵەکانی کاتژمێر ۲ی پاش نیوەڕۆی ڕادیۆ تاران بگرین. شەهید فەتاح لەوێ پێی ڕاگەیاندم کە ئێران بڕیارنامەی ۵۹۸ی پەسەند کردووە.
کێشەیەکی دیکەی ئەو دووربینانە ئەوە بوو کە تەنیا یەک دووربین لە کۆمیتەی شارستانەکان هەبوو. لە کاتی بەڕێوەچوونی عەمەلیاتی بەربڵاودا، کێشەی سەرەکی بۆ فیلمهەڵگر، هەڵبژاردنی شوێنی فیڵمهەڵگرتن بوو. لە عەمەلیاتی بەربڵاودا، پێشمەرگە بە سەر چەند دەستەدا دابەش دەکران. ڕەنگە بەڕێوەبردنی ئەرکی پێ سپێردراو بە تیمێکی پێشمەرگە، لە شوێنێک کە دووربینی لێ نەبووە لەو شوێنەی کە دووربینی لێ بووە، سەرکەوتووتر بوو بێت. بەمجۆرە دەرفەتێکی زۆرباش لە کیس دەچوو. لەوعەمەلیاتە بەر بڵاوانە لە ناوچەی سەردەشت زۆر بوون. ساڵی ۱۳۶۶ کە من وەک فیلمهەڵگر لە هاوینی ئەو ساڵە ڕا دەستم پێکرد، ساڵی چالاکیە بەربڵاوەکانی هێزی گیاڕەنگ بوو. دوای تەواوبوونی چەند عەمەلیاتێک دەردەکەوت کە لە شوێنی دیکەی عەمەلیاتەکاندا شانسی هەڵگرتنی فیلمێکی باشتر زۆرتر دەبوو.

کێشەیەکی دیکەی ئەو دووربینانە کەمبوونی باتری بوو. ئەوان کە دەهاتن، تەنیا دوو باتریان لە گەڵدا بوو. زۆرجار بە چەند ڕۆژ لە ناوچەدا دەرفەتی شاڕژکردنەوەی باترییەکان نەدەبوو. یان گوندەکان بەرقیان هەر لێ نەبوو، یان ماتۆڕبەرقی چکۆڵە بۆ شاڕژکردنەوەی باتری دووربین گونجاو نەبوون. زۆرجار دەبووایە خۆت لە هیندێک دیمەنی نایاب لە ژیانی پێشمەرگە و خەڵک ببوێری تا باترییەکان بۆ کاتی پێویست بەتاڵ نەبن. بە هۆی تەواوبوونی شاڕژی باتری لە چەند عەمەلیاتێک دا دیمەنەکانی دوایی شەڕ فیلمیان لێ هەڵنەگیراوە. بەشێکی زۆری ئەو دیمەنانەش کاتی کۆکردنەوەی دیلەکانی شەڕ و ڕوونکردنەوەی سیاسەتەکانی حیزب بووە بۆیان. یان دیمەنی شەهید و برینداربوونی پێشمەرگە بووە.

بە کەم سەیرکردنی فیلمهەڵگرتن؟!

بە داخەوە تا ئەو کاتەش لایەنە باشەکانی فیلمهەڵگرتن نەببوو وەک پێویست ئاوڕی لێ نەدەدرایەوە. هێندێک کەم و کوڕی ئەو دووربینانە زۆر بە ئاسانی چارەسەر دەکران بەڵام ویستی ئەوە لای بڕیار بەدەستانی کۆمیتەی شارستان زۆر لاواز بوو. دووربینی فیلم هەڵگرتن پێویستی بە باتری زیادی، کاسێتی زیادی و ئەگەر لە بنکەکانیشدا فیلم لە ڕێ و ڕەسمەکان هەڵگیرابایەوە، پێویستی بە پایە هەبوو. دابینکردنی هەمووی ئەوانە پێویستی بە پوڵ هەبوو، کە زۆرجار بەرپرسان زۆر وەک شتێکی پێویست سەیریان نەدەکرد. زۆرجار هەبووە بۆ فیلم هەڵگرتن لە ڕێ و ڕەسمێک یان عەمەلیاتێک بە ناچاری فیلمێکی دیکەمان ڕەش کردۆتەوە. ئەو جۆرە فیلمانەش نە چۆنایەتی،” کیفیت” یان باشبوو و نە هەمووشیان بە قەد یەک کاتیان دەویست. جاری واش هەڵدەکەوت دوای تەواوبوونی سوژەی مەبەست فیلم دەچۆوە سەر فیلمی پیشوو، کە هیچ پێوەندییەکی بەو ڕووداوەوە نەبوو کە فیلمەکەی لێ هەڵگیراوە.

بە پێچەوانەی هەموو ئەو کێشە و تەنگ و چەڵەمانەی تووشی کەسی فیلمهەڵگر دەبوونەوە، چاوەڕوانییەکان بۆ هەڵگرتنی فیلمێکی باش هەر لە جێگای خۆیان بوون. کەمجار هەبووە، فیلمی هەڵگیراوە لە عەمەلیاتێک بووبێتە جێگای دەستخۆشی بۆ کاکی فیلمهەڵگر. ئەودەم فیلمهەڵگری کچمان لە ناوچەدا نەبوو یان زۆر دەگمەن بوون. هەردەم ڕەخنەی ئەوە دەگیرا کە بۆچی فڵانە بەش تێدا نییە. هێندەی هاوارت دەکرد کە باتری بەشی نەکردووە، کەمتر گوێ بیستی ئەو داوایە دەبوون. زۆرجاریش قەولی ئەوە دەدرا کە بە گەڕانەوەمان بۆ بنکەکان هەوڵدەدەین باتری زیادی وەدەست بخەین. لە ڕاستیدا باترییەکانیش زۆر بە هاسانی وەدەست نەدەکەوتن، بەڵام ئەگەر شێلگیرانە هەوڵ بدرایە، لە جێگایەک هەر دەست دەکەوتن. ئەگەر پەیداش ببانایە ئەوە لە شارە گەورەکان ڕەنگە پەیدا ببایەن کە گەیشتن بەو شارانەش لە دەسەڵاتی کۆمیتەی شارستاندا نەبوو.

گەڕان لە گەڵ پێشمەرگە بە ناوچەدا و بە چەک و چۆڵی تەواوە، هاوکات دوربێنێکی فیلم هەڵگرتن بە کۆڵەوە زۆر ئاستەم بوو. کاتێک فیلمهەڵگر داوای چەکێکی سوکتری دەکرد دەبووایە وەک ئەوانی دیکە چاوەڕوانی نۆرە بێت تا چەکێکی سوک پەیدا دەبوو و دەدرا بە فیلمهەڵگر. جار هەبوو بیانووی ئەوە دەهێندرایەوە کە تۆ فیلم هەڵدەگرییەوە و شەڕ بە چەکەکەت ناکەی، کە وابوو ،جیاوازییەک لە نێوان ئەم چەک و ئەو چەکەدا نیە. بەڵام بۆ فیلمهەڵگر تا کیلۆیەک کەمتری پێبایە کاری ئاسانتر دەبوو. ڕاستە فیلمهەڵگر تا پێویست نەبایە شەڕی نەدەکرد، بەڵام چەکی بڕێک قورس بۆ خۆی لە کاتی فیلم هەڵگرتندا کێشە بوو. چەکی سوکی ئەو کاتەش زۆرتر کڵاشیکۆف بوو، کە بڕێک لە ژ-۳ سوکتر بوو. پێشنیاری دەمانچەش دەکرا، بەڵام چوونەوە بۆ ناوچە تەنیا بە دەمانچەوە زۆر باش نەبوو. دەبووایە هەردەم چاوەڕوانی تێک هەڵچوون بکەی. ئەودەم دەمانچە بەو جۆرە کە
پێویستە، کاریگەر نەدەبوو.

ئەوەی فیلمهەڵگر دوای زەحمەتێکی زۆر بۆ هەڵگرتنەوەی فیلمی ڕێ و ڕەسمێکی حیزبی یان دیمەنی جوان لە ناوچە و ژیانی خەڵک، ئازاری پێوە دەچێشت لە نێو چوونی ئەو فیلمانە بوو. فیلمی عەمەلیاتی پێشمەرگە دەنێردرا بۆ دەفتەری سیاسی، بەڵام ئەوە فیلمی ڕێ و ڕەسمەکان و ژیانی خەڵکی نەدەگرتەوە. ئەو فیلمانە لە کۆمیتەی شارستان لای ئەم و ئەو دەمانەوە. جاریش هەبوو پاش ماوەیەک کەسێک وەک کەل و پەلی شەخسی خۆی چاوی لێ دەکردن و تازە کەس نەیدەدیتنەوە. لە نێو سندوق و کەل و پەلە شەخسییەکانی دیکەداخ دوای ماوەیەک لە حەوزەی کەل و پەلی حیزبی دەچوونە دەر یان زۆر بێ ناز لە نێو تەپ و تۆزی ڕۆژگاردا لە نێو دەچوون.

دوایی.

وێنەی کێلی شەهیدەکان لە لاپەڕەی کاک ئیبراهیم عەزیزی وەرگیراوە.

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *