بەشی چل و نۆھەمی گەرانەوە(۴٩) له‌ نووسینی:عەلی سوورەچۆمی

Posted by
بەشی چل و نۆھەمی گەرانەوە(۴٩) له‌ نووسینی:عەلی سوورەچۆمی.
……………..
شەڕی گووردانی (وەردێ) تکایەک:
١-ھەر ھاورێیەک ئەو بیرەوەرییە دەخوێنێتەوە داوام ئەوەیە جارێکی دیکە بەشی چل و ھەشتەمی گەرانەوە بخوێنێتەوە بۆوەی سەرەتای دەست پێ کردنی رووداوەکانی وەک زنجیرەیەک بێتەوە دەست.
٢- من رووداوەکانم چۆن دیتوە چیم بیرماوە ئەوە دەخەمە بەرپێنووس،ھەر ھاورێیەک روون کردنەوەی ھەبوو یا پێی وابوو شتێکی ئەساسی لە بیر کراوە با بۆم بنووسێت.تەنیا بە ھاوکاری یەکتر دەتوانین ئەو ئەرکە راپەڕێنین.
من کە خۆم بەشداری بەشێک لە رووداوەکان بووم تەنیا ئەو بەشەی لە لای من تۆمار کراوە کە لە مەودایەکی کەم دا خۆم بە چاوی خۆم دیتوومە،من نازانم لەو دیو بینینی من چی رووی داوە. ساڵانێکی زۆر بە سەر ئەو مێژووە دا تێپەریوە. نووسینێکی من یا ھەر ھاورێیەک کۆتایی کار نییە.دەکرێ لە داھاتوو دا زۆر کەسی دیکە ئاوڕ لەو رووداوانە بداتەوە.با واقع“بینانە چاو لێبکەین ھیچ کەس بە تەنیا درووست کەری ئەو مێژووە نییە ھی ھەمووانە بەرھەمی فیداکاری و ئارەقە رشتن و گیانبازی بە کۆمەڵە.
رەنگە رۆڵ“گێرانەکان جیاواز بن ھەر بۆ سرووشتی کارێک و درەخستنی تۆ ناتوانی تەنیا باسی روداوێک بکەی و خۆت لە وردەکاری ببوێری نەکا دەوری چەند کەسێکی تێدا دەرکەوێ.
بە باوەڕی من ھەر کەسەو لە جێگای خۆی رۆڵی ھەبووە.
دوا جار دەبێ بڵێم:ئێرە مەیدانی شەرە زۆر جار ھەبووە ئێمەش تووشی شکست بووین.
……………………………..
رووداوەکانی بەشی پێشوو……
ھەر وەک باسم کرد لە جێگایەک ماینەوە کە لە ئامانج“نزیک بوو.نێو لێرەوار بوو ھەستت دەکرد ئێرە مەیدانی شەرێک بووە.
تۆپ باران دیمەنی جوانی ئەو ناوچەی گۆریبوو.زیاتر لە حەفتا“پێشمەرگە لە نێو لێرەوارەکە دابەش بووین،بێدەنگی بە تەواوی زاڵە، نەزمێک،ئارایشێک،کە ھەر لە ھێزێک جوانە کە دەزانن چۆن بۆ ئامانجی گەورەی خۆیان دەبێ فیداکاری بکەن و سەختییەکان تێپەڕێنن.
نیوەرۆیەکی گەرم ھاتووە و تیشکی ھەتاوەکە، جار جار بە ھۆی وەزینی چەند شنە بایەک لە چڵی“دارەکان و گەڵاکان تێدەپەڕێ دەیدات لەو پێشمەرگانەی خۆیان پەنا داوە.بە ھۆی تیشکەکە گەڵاکان کەمێک نەرم تر دیارن و زیاتر شۆڕبوونەوە،تیمێک لە پێشمەرگەکان بەیانییەکی زوو بەر لەوەی رووناکی تەواو دابێ چوون لە کانییەک“ئاویان ھێناوە،ھەر چەند ئاوەکە زووتر لەوەی چاوەروان دەکرا بەرەو تەواو بوونە.
دووسێ کەسی“شارەزا توانیویانە لە بەرپرسەکان ئیجازە وەربگرن بۆوەی بە ئاگرێکی تەواو کۆنترۆڵ کراو یەک دوو کتری“ئاو بۆ چایی لێنان ئامادە بکەن.لێرە ئەو کارەش شارەزای خۆی دەوێ بە جۆرێک دارەکانی ئامادە دەکرێن کە نابێ لە دەورووبەر را ھیچ دووکەڵێک“ببیندرێ!دارە ویشکەکان توێکڵی“لێ دادەماڵن و رێگا نادەن ئاورەکە پاڵەپستۆ درووست بکات بۆوەی نەمرێ و گڕەکەی جوان دەرچێ.
زۆر جار ئێمە چایی خواردنەوە وەک رێگایەکی بەرنگار بوونەوەی تینوەتی بە کار دێنین.زۆربەی لیوانەکانی ئێمە چەند (ساندیس)ێکن کە پێشتر ئی ئاوی میوەیەک بووە! بە ھۆی ئەوەی جێگا زۆر کەم دەگرێ و بە ھاسانی دەخرێتە باخەڵەوە“ئێمە وەک لیوانی ئاو خواردنەوە لە رێگا دوورەکان بە کاری دێنین،کاتێک کە زۆر ماندوو و ھیلاک دەبین و تینوەتی ئۆقرەت لێدەبڕێ ،بە جۆرێک زۆر جار لە بەر دەم چۆڕەی „کانی“یەک بە جارێک چەندین ساندیس“دێنە پێشێ و بە ھۆی تێک گیران ئەوەندەی تێدا نامێنێ زاری“پێ تەڕ بکەی.
……………..
ئەو رۆژە بێ ھیچ رووداوێکی چاوەروان نەکراو خەریکە دەگەینە دەمەو ئێوارە.
بە ھۆی بوونی بەرنامەیەکی گەورەی عەمەلیاتی“رەچاوی ھەموو شتێک کراوە.
شەوەکەشی ئێمە باش نەخەوتووین!روونە کاتێک تۆ ھەست بە گەورەیی ئەرکێک دەکەی کە بۆ بەیانییەکەی لە گەڵ ئێوارەکەی دەبێ خۆتی بۆ ئامادە بکەی،ئەویش لە مەیدانی نەبەردییەکی گەورە دا کە زیاتر بە فیداکاری و باوەڕێکی نە گۆر بۆ ئامانجێکی پیرۆز بەدی دێت.
لێرە لە باوەڕ زیاتر لە ھیچ بارێکەوە ناتوانی باس لە بەرابەری بکەی چ لە بارەی چەک و چ ھێزی ئینسانی،لەوەش زیاتر بەرامبەرەکەت لە ناو پایەگای خۆی کە بە چەندین ھێزی پشتیوانی دەورە دراوە،لە نێو ئیستعکاماتی“بە ھێزو سەنگەر بەندی دا.
بەرەبەرە رۆژەکە شۆڕ دەبێتەوە چەند نسێ“یەک درووست دەبن ئەوەش دەرفەتی باشترە بۆ لێک کۆبوونەوەو زۆر جار قسەی خۆش لەو کاتانە دا کە تێکەڵاوێکن لە ترسێک و بیرکردنەوەیەکی بێ وەڵام…….
بیرکردنەوە لەوەی لەو ئێوارەی نیشتمان دا و لە ژوانی مەرگ دا کام ھاورێی ئازیزو قسە خۆش و کام بەرپرس و کام پێشمەرگە دەبێتە میوانی مەرگێکی راستەقینەو بە جێمان دەھێڵێ……
………………..
ئێوارەکەی بە یەک دوو سەعات بەر لە وەرێکەوتن تەواوی فەرماندەکان بانگ دەکرێن بۆ کۆبوونەوە.شوێنی کۆبوونەوەکە ناوەراستی پێشمەرگەکان بوو،تەواوی فەرماندەکان بەشدار بوون یەک یا دووکەس لە بەرپرسەکان نەخۆش بوون.
ئەوانیش بەشدار بوون،با ئەوەش بڵێم:تەنیا کەسێک بانگ نەکرا بۆ کۆبوونەوەکە من بووم،ئەو کات جێگری پەلی فەرماندەیی و فیلم بەرداری ھێز بووم،ھەر وەک لە بەشی پێشوو دا باسمان کرد کاک حەسەن کتابی“ئەو رۆژە ئەرکی فیلم ھەڵگرتنەوە جێبەجێ دەکات ئەویش بەشداری کۆبوونەوەکە بوو.
من زۆر لە کاک عەلی باساوەیی“نزیک بووم ھەستی بە نیگەرانی من کرد ھەر بۆیە ھات گووتی:کاک کاوە“ تۆی وەک پێشمەرگەی تیمێک دیاری کردوە کە خۆم بەرپرستان دەبم ،ئەویش:گرتنی تامین“ی زاڵ بە سەر گووردانەکە دایە کە دەبێ ھەموو ھەوڵی خۆمان بدەین بە دیلی بگرین بەر لەوەی دوژمن ھەست پێ بکات کە ئەوە ئیمکانی نەبوو ئەوکات بکووژرێ و شوێنەکە بە پەلە کونترۆڵ بکرێ تا ئاگری پشتیوان لەوێ دامەزرێ و یەکەم تیمی ھێرش بتوانێ بە ھاسانی خۆی بگەیەنێتە دەروازەکانی گووردان“
بە ھەر حاڵ زۆر دڵم پڕ بوو کە بۆچی ئاوا رەفتار لە گەڵ من دەکرێ!!
……………….
بێمەوە سەر کۆبوونەوەی فەرماندەکان.
دوای باس و مناقشەیەکی زۆر کە بێ گۆمان دوو کەس لەو کۆبوونەوە لە نێو فەرماندەکان دا وەک شارەزای ناوچەکە و ھەروەھا فەرماندەری مەیدانی دەیانتوانی زۆر کاریگەریان ھەبێ،کاک حەمە نارستی و کاک عەلی باساوەیی ئەو دوو کەسە دەوری زۆر کلیدیان دەگێرا،دیارە:ئەوە دوای ھەنگاوەکانی بە کرداری کردنی بەرنامەکە ئەوەتان باشتر بۆ روون دەبێتەوە.
لەو کۆبوونەوە دا زۆر بە وردی تەواوی خاڵەکانی پێوەندیدار بەو عەمەلیاتە لە بەرچاو دەگیرێن و بۆ ھەر ھەنگاوێکی پێویست ھەژماری تەواو دەکرێ.
یەک بە دوای یەک دا شوێنەکان دیاری دەکرێن،وەک:تیمەکانی پشتیوان و تیمی ھێرش و ئەو تیمەی کە دەبێ رێگری بکات لە ھەر ھێزێک کە بیھەوێ بە ھاواری گووردانەوە بێت“بە درێژایی دەیان کیلۆمەتر“فەزایەک درووست بکرێ تیمی ھێرش بتوانی بە تەواوی بکەوێتە شەری دەستەویەخەلە گەڵ ھێزە زۆرەکەی ناو گووردان.
……………….١
لەو تیمانەی دیاری کراون یەکێک لە بەرزاییەکان کە دەکەوێتە لای رۆژھەڵاتی گووردان“زۆر کاریگەرە بۆ ئەوەی بتوانێ ھەموو بڕستێک لە ھێزەکانی دوژمن ببڕێ،ھەر ئەو شوێنەی باسم کرد کە تامین“ێک یا دووی دەبێ لێ بێت،لەو شوێنە کە نزیکترین خاڵە لە گووردان“کاک حەمە نارستی خۆی کە جێگری فەرماندەری گشتی“یە لەو شوێنەوە چاوەدێری ھەموو شتێک دەکات.لەوێ یەک دوو رووداو رووی دا کە زۆر دەوری ھەبوو لە سەر چۆنییەتی بەرێوە چوونی شەرەکە،کە دوایی باسی دەکەین………..!
ئەو خاڵە زۆر لە گووردان نزیکەو لەوێوە بە جوانی دەتوانی ئامانجەکان بپێکی.
………….٢
تیمێک لە رۆژئاوای گووردان“کە پێک ھاتوون لە فەرماندەری ئازا کاک ئەحمەد کورد نژاد“و چەند پێشمەرگەیەکی ئازاو چەکی نیوە قوورسی ئێمە ھەیە.
لەو خاڵەش را ئامانج ھەر ناوەراستی گووردان و ھەروەھا چاوەدێری کردنی بەشی رۆژئاوای گووردان“،چۆن تیمی ھێرش لە لای رۆژھەڵاتەوە پێشرەوی دەکات و بەشی رۆژ ئاوا شوێنێکە کە زیاتر کراوەیە بۆ ھێزەکانی دوژمن……
…………٣
تیمێک بۆ لێدانی پایەگای کانیەزەرد و سەر گەرم کردنی و لێدانی زەربەیەکی وەھا کە دەرفەتی ھەموو جم و جۆلێکی لێ ببڕن.
دواتر باسی دەکەم ئەو تیمە زۆر باش کاری خۆی کرد.
………….۴
تیمێک بۆ سەر جادەی نێوان گووندەکانی بنەوخەڵێف و گووندی وەردێ بۆوەی لە کاتی بە ھاناوە ھاتنی ھێزەکانی دوژمن لەوێ پێشیان پێ بگیرێ و بیانخەنە کەمینەوە.
……………..۵
تیمێک لە گەڵ فەرماندەری گشتی عەمەلیات مانەوە بۆ کاتی پێویست.
……………….۶
تیمی ھێرش کە وابزانم لە ١٢“کەس یا شتێک زیاتر پێک ھاتبوون،کاک عەلی باساوەیی(خضری)مەسئولی یەکەمییەتی بە باوەری زۆریک لە کوورەکانی بەشدار تیمی ھێرش وەک پێویست گرینگی پێنەدراوە!رێژەی بەشداران بۆ گرتنی وەھا گووردانێک دەکرێ کەم بێ بۆ حاڵەتە نەخوازراوەکان وەک:بریندارو شەھید.
………………..
دوای ئەوە بە ماوەیەکی کەم کۆبوونەوەیەکی کوورت بۆ پێشمەرگەکان و چەند قسەیەک لە لایەن فەرماندەری گشتی“یەوە…..
لە سەر چۆنییەتی بەرنامەکەو شێوەی بە جێگەیاندنی ئەرکەکان.
بێدەنگی بە ھەمووانەوە دیارە!ئێستا بە تەواوی روون دەبێتەوە کێ کەوتۆتە کوێ لە گەڵ کامە تیمە دەبێ و رەفیقەکانی کێن…
یەک یەک چاو دەبڕینە سیمای یەکتر،ئیدی لێرەوە ھەنگاوەکانی چوون بۆ ناوشەرێکی گەورە دەست پێدەکەن.
شەرێک کە من پێم وایە قوورس ترین شەر بوو تووشی ئێمە ھات،لەو شەرە دا چەند سەنگەرێک دەکەوتە دەست ئێمە زۆری پێنەدەچوو دەکەوتەوە دەستی دوژمن.
……………..
ھێشتا زۆری ماوە ئێمە لە سەر( مۆراڵی )خووڵقێنەرانی ئەو مێژووە بیزانین.زۆر جار ئێمە لە کاتی شەر دا بە ھۆی لە بەرچاو نەگرتنی تەواوی وردەکارییەکانی ئامانجێک تووشی کێشە ھاتووین.
فیداکاری پێشمەرگە توانیویەتی ئەو گرفتە تێپەڕێنێ.
…………..
دڵی ئیمە جێگای وەرزی ھیچ زستانێکی تێدا نابێتەوە…
کڕێوەی ھیچ وەرزێکی سەخت و گەردەلوولی ھیچ بیابانێک نانگێرێتەوە.
ئێمە مووژدەی بەھارێکی نوێین.
شنەی فێنکی بەر دەم ھەموو ماڵێکین.
کانیاوی قەراخ ماڵی گووندو…..
باغی پڕ سێبەری خوار ھەموو ئاواییەکین.
…………………
چاوەروانی بەشەی داھاتوو بن.

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *