ەشی:بیست و نۆھەمی گەرانەوە(٢٩) : نووسینی:عەلی سوورەچۆمی.

Posted by

بەشی:بیست و نۆھەمی گەرانەوە(٢٩)
نووسینی:عەلی سوورەچۆمی.
یادگارە جێماوەکانمان لێرەن،تەمەنی جوانی خۆمان لێرە لە خاک راکرد،ھەنارەکانی دەستی ئێمە لێرە ھەڵوەرین،ھەناسە قووڵەکانی خەمە گەورەکانمان لێرە کێشاون.
تەزووە ساردو گەرمەکانی ژینی سەختی ئێمە لێرە ترەکین،ئاوارە ئاسا چووینە دڵی خەڵکەوە،گەر ھێشتا ماوتە بزانی لە سەر دەڤەری ژینی ئێمە!بڕۆ تووتنەوانێکی ھەژار”لە شاکاری شێعرەکانی مەلا ئاوارە“دا بخوێنەوە.ئێرە چایخانەی رێبوارانی ھەناسە سواری دوو دیوی سوێسنایەتی و ئالانی سەردەشت”بووە، لێرە دوای گەیشتن بە لووتکە و بڕینی بەندەنێ ھۆملی“گۆڕێ ھۆملی یە“رێبوارە ماندووەکانی ھەر دووبەش لێرە بە یەک دەگەن و ھەر لێرەش دەستە قەڵشیوەکانی یەکتر دەخوێننەوە.

وەرە تاوێک لێرە وچان بدە،با پێت بڵێم:تووتنەوانە ھەژارەکان ئەوانەی مەلا ئاوارە چۆ ناخی خەمە قووڵەکانیانەوە،لێرە وچانێکیان دەدا ھەر لێرەش“نامە نەھێنییەکانیان دوور لە چاوی ژاندرمەکان دەگەیاندە یەکتر،بە سەرھاتە تاڵەکانیان لە گەڵ نۆشینی چەند قوومە چایەک ئاوێتەی یەک دەکرد،کێ دەتوانی ببێتە ئاوارەکەی من و شۆرشێک لە دڵی ھەژاران دا“داگیرسێنێتەوە،ئێرە بە درێژایی مێژوو مەکۆی خەبات و لانکی کووردایەتی بووە.تکۆشەرانی“٤٦ و ٤٧“-مەلائاوارەو قادر شەریف و ھاواڵەکانیان لێرە سەنگەریان گرت و شەرێکی گەورەیان بە شاھیدی خەڵکی ناوچەکە بە دژی ژاندارم و جاشەکانی ئەو سەردەمە ئەنجام دا،خەڵکی ناوچەکە ھەژارانی پڕ لە زەحمەت و رەنجی دێھاتی بە چاوی خۆیان دیتیان چ بەرگرییەکی بێوێنە کرا،ھەر لە پشتی گووندی شڵماش“ە وە بە درێژایی ئەو زنجیرە شاخە بە تفەنگی سێ تیر“مێژوویی بەرخۆدانیان نووسییەوە،نرکەو ھاوری تێکۆشەرانی ئەو سەردەمە لە وڵاتێکی داخراوو گەمارۆ دراو دا:شەرەفی مانەوەمانە،ئەوان لەو شەرە گەورە دا جزیرەی“ئارامی رێژیمی پاشایەتیان شڵقاند پشتیوانی راستەقینەو پشتی شەرگەی ئەوان تەنیا دڵی ھەژارانی ناوچەکە بوو.بە دەیان کەس لە ژاندارمەکان لە تاوێرە بەردەکان ھەڵدێران و بوونە خۆراکی قەل و داڵ.ئێمە نەوەی دوای شەریفزادەکان و ئاوارەو قادر شەریفەکانین.
دەوەرن بە باوەرە جوانەکانی دێموکرات سوێند بخۆینەوە،وەرن جارێکی دیکە شاعیر“گووتەنی:کوردم نیم دێموکراتم بێ…دەست پێبکەینەوە……..درێژەی رووداوەکان:
کوورە دڵ پڕ لە ئەوینەکانی شۆرش باوەڕمەندانی رزگاری لە قەد پاڵی چیا دێنە دەرێ و بەرەبەرە خۆیان بۆ سەفەرێکی سەخت ئامادە دەکەن،رێگایەکی درێژ و پڕ لە مەترسی دەبێ بخەنە پشت سەریان و بۆ گەیشتن بە شوێنی مەبەست ھەڵۆ ئاسا تێپەڕ بن.
ئێستا بەرەو ئەو چایخانە دەرۆین لە چیای بەرزی ھۆمل“کە سەردەمێک جێگای وچانی رێبوارانی ماندووی ئێرە بووە،ئەوان بە حەسرەتەوە خۆیان دەکووتن تا بگەنە ئەو شوێنەو گوێ بۆ قسە خۆشەکانی مام برایم جوامێری“چایچی بگرن،ئێستا لێرە کەس ناحەسێتەوە نە مام برایم جوامێر“ و نە رێبوارەکان روو لێرە ناکەن!ئێستا پۆستاڵی پیسی چەند پاسدارێک،شەو رۆژ لێرە بەربینگ بە جوانییەکانی ئێمە دەگرن!لێرە ھەموو جوانییەک تۆراوە…تیمی پێشڕەو دیاری کراو دوو دوو بەرەو رێگای دووری ئامانج وەرێکەوتین.پاش ماوەیەک کوورانی پێشرەو شوێنەکەیان تاقی کردەوە و بە بێدەنگی لە شوێنە مەترسیدارەکە دەرچووین.ھێشتا تەواو شۆڕ نەببوینەوە کە:-خ ا-دەڵێ:کوورینە حەیب نەبێ!حیزانە!“خۆمان دەرباز کرد…(کە دیارە مەبەستی ھەر قسەی خۆش بوو)کاک حوسێن نازدار“لێی توورە بوو…!ئەویش زوو ھەڵدەداتێ:کاک حوسێن ببوورە!دەمھەویست بڵێم:پیاوانە لێم تێک چوو…!
پڕمەی چەند پێکەنینێک دێ و ھەمووان بێدەنگ دەبنەوە!.زۆر نابا دەنگی وەڕینی چەند سەگێک دەست پێدەکات لە گەڵ دەرکەوتنی چەند رووناکییەکی کز،دەگەینە ھەواری دۆڵ نێری“یە.وەک ئەوە وایە بەختی ئێمە بێ ئەو ھۆبەو ھەوارە بە دامێنی چیاوە لێدراوە!بڕیار دەدەرێ لا بدەین و بە پەلە نان و چاییەک بخۆین و کۆڵەپشتیەکان پڕی نان بکەین،ھەر وامان کرد!ئێرە ماڵەکانی رەشەکان و دۆڵێن“ئەو شەوە دوای لادان و میوانی،من چەند ماڵە ئاغاوەتێکی بەرێزم بینی کە زۆر بە دڵ کراوەیی پێشوازیان لێ کردین،سفرەی پڕ خوانی ئەوان و قسە خۆشەکانیان دەلالەتی ئەو قسانەی ئێمەن..لە باوەڕ پێکراوانی ئەوێ چەند رێنوێنی و ئامۆژگارییەکمان وەرگرتن،ھەر لە چۆنیەتیی رێگاو ئەو زانیاریانەی پێویست بوون لە سەر ھێزەکانی رێژیم.بە پەلە وەرێدەکەوین ئەوە دوا لادانی ئێمە دەبێ تا شوێنی مانەوە.پاش ماوەیەک رێگا بڕین و پشوویەکی کوورت دووبارە پشتی سەری یەک کەوتینەوە رێگا.
ھێشتا ھەناسەکان زۆر تووند نەببوون کە گوێمان لە دەنگی ئەوانەی پێش خۆمان بوو
کە دەڵێن:زۆر وریا بن گەیشتووینە شاخ و ھەڵدێرێک کە تێپەڕین لێیەوە گەلێک زەحمەت و دشوارە،ھەر واش بوو بە جۆرێک تووشی ھەڵدێر و تەلان بووین کە خەریک بوو نیگەرانی ھەموومان دابگرێ!کار گەیشتە جێگایەک یەکێک لە فەرماندەکانمان تووڕە بوو!ھاواری کرد…کاکە کە شارەزا نین بۆ کوێمان دەبن!تازە ھیچ چارەیەک نییەو دەبێ بە ھەر نرخێک بووە ئەو ھەزار بە ھەزارە ببڕین.
ئەو شوێنە بە دۆڵی خوێداوێ دا دامێنی گەرمێنانی“ پێدەڵێن،بەرامبەر گووردانی“ئیشکە دۆڵێ“بە جۆرێک گیرمان کردوە کە ھەر پێشمەرگەیەو دوای بەربوونەوەو خللۆر“بوونەوە ،تۆزێک لە پشت سەری جێدەھێڵێ و ھاوارێک بەرز دەبێتەوە!ماوەیەکی زۆر لەو شوێنە تووشە دا گیرمان کردو چەند پێشمەرگە بەری دەستەکانیان بە تەواوی رووشاون،جیا لە ئازارەکانی بەربوونەوە،بە ھەر جۆرێک بوو خۆمان دەرباز کرد،بەڵام:ئەوە وای کرد کە زۆر دوا بکەوین وە لە راستی دا:نیگەرانی ئەوەی کە نەکا رووناکیمان بە سەر دابێ زیادی کردوە.سەرەرای ئەو ھەموو ھیلاکی“یە،بڕیار درا ھەنگاوەکان تووندتر بکرێن و ئیرادەی تێپەراندنی ئەو مەترسییەش دەبێ زاڵ بێ و ھەر وەک ھەموو جارێک نیشانی بدەین بەربەستەکان ناتوانن رێگر بن.دوای وچانێک کاک نەبەز“ گووتی:کوورینە با پرتەو بۆڵە بخەینە لاوە بە تایبەت بەرپرسەکان دەبێ زۆر لەوە بە تەحەموولتر بن تا کوورەکانی دیکەش چاو لەوان بکەن.ئێمە بڕیاری خۆمان داوە تا ئەو شۆرشە درێژەی ھەبێ ژیانی ئێمە لەوە خۆشتر نابێ. ھەر لە سەرەتاکانی را دیار بوو تووشی رووداوی دە زۆر سەخت و تاڵ دەبینەوە!بەڵام:نەماندەزانی کە ئێستا لە کوێیەتی و تازە بە تازە سەرەتای سەختی و ئازارەکان دەست پێدەکەین.کێ دەتوانێ وەسفی ئەو رووداوە تاڵانە بکات کە بە سەر ئێمە ھاتوون،ھاورێیەکم لە پێوەندییەکی تەلەفۆنی دا دوای باسی ئەو رۆژگارە..گووتی:کاکە گیان بنووسن بێ پڕوا بنووسن ھیچ شتێک ناتوانێ پێناسەی ئازارەکانی پێشمەرگە بکات،بنووسن ئەوەی بە ھەر پێنووسێک دا دێت قەترەیەکە لە ئازارەکانی کوورانی ئەو رۆژگارە.ئەو کات کە وای گووت:من وردە وردە دەکەوتمەوە یادی شەوانی بێ خەوی و ھیلاکی،ئەو کاتانەی بە قەراخ دێیەک دا تێدەپەڕین و ھەموو خەڵک لە خەو دا بوون،زۆر جار لە خەیاڵی خۆم دا دەمگووت:ئاخ ئێستا لە مالێک بخەوی لە سەر دۆشەکێکی نەرم بێ ترس و خۆف تا تێر خەو دەبی!باشە خوایە گیان ئەوە چ چارەنووسێکە لە سەر خاکی خۆت ژیانت لێ حەرام و بەردەوام ھەڵوەدا بی و ئازار بچێشی.
بە ھەر حاڵ با لە ئەسڵی باسەکە زۆر دوور نەکەوینەوە،بە ھەر نرخێک بوو ئەو شەوە تا ھەوا رووناک بوو بێ وچان رێگامان بڕی،ئاخر !ھەر وچان و پشوویەک بۆی ھەبوو وا بکات نەگەینە شوێنی دیاری کراو,و رۆژمان بە سەر دابێ،ئەوە بوو دوای نیوە گیان بوون بۆ بەیانی بە پەلە لە ماڵەكانی گووندێ بناوێ“رەد بووین و خۆمان گەیاندە خوار ماڵەکانی گووندی دیناران“ھەر ئەو ناوچەی زۆر دەمێکە پێشمەرگەی بە خۆوە نەدیتوە.
پێشمەرگە ماندووەکان ھەر کەسەو لە شوێنک بێ ئەوەی ھەتا جێگایەک بۆ خۆی چاک بکات لێی دریژ بوون.ھەوا تەواو رووناک بووە،کەچی:تازە نۆبە خەوی ئێمە دێت،ئێمە ئەو جۆرە شەوانەمان زۆر تاقی کردوونەوە،تۆ تا شەوانە لە بەر بێ خەوی رەتەڵ نەبەی نازانی چەند گرانە.نیگابانەکانم دیاری کردن و ھەرکەس لە سەر جێگای خۆی بە خەبەر دەمایەوە تا نەفەری دوای خۆی بانگ دەکات.ئێمە خەوتین و بە ماندووی و ھیلاکی چووینە خەوێکی درێژەوە.ئەوە بوو لای سەعات دوازدە و ئەوانە لە دەنگە دەنگی چەند پێشمەرگەیەک خەبەرم بۆوە کە دیار بوو خاوەن مووچەکەو چەند کەسێکی دیکەش ھاتبوون بۆ ئەو شوێنە بە دیتنی ئێمە لەو شوێنە زۆر خۆشحاڵ و لە ھەمانکاتدا:چاوەروان نەکراو بۆیان.ئەو رۆژە لەو شوێنە ھیلاکی و شەکەتی رێگامان دەرکردو دوانیوەڕۆکەی کەوتینە گێرانەوەی رووداوە ناخۆشەکانی رێگا کە بە سەرمان ھاتبوون،کوورە زەحمەتکێشەکانی ئەو ناوچە وەک کاک ئیبراھیم شێخی و عووسمان دووڵکەیی و ئەوانەی دیکە بەردەوام چاو ساخ و زۆر خۆنەویستانە ئەرکی خۆیان رادەپەرێنن.پێویستە لە سەر فەرماندەو تێکۆشەری ئەو رۆژگارە کاک ئێبراھیم شێخی“ئەوەش بڵێم:کە بە شاھیدی کوورەکانی ئەو سەردەمە یەکێک لە فەرماندە ئازاو کوورە باشەکانی ئێمە بوو،بەردەوام چاو ساخ و ھێزی بزوێنەری جووڵەکانی ئێمە بوو لەو ناوچە،ھەر وەک لە ناوچەی بڵفەت“یش:کۆمەڵێک تێکۆشەری ئاوا ھەبوون کە کاتی خۆی باسیان دەکەین و وەک وەفایەک ناویان دەھێنین.ئەو ماوە چەندین گووندی ناوچەکەمان بە سەر کردنەوە،پێشوازی و دڵ خۆشی خەڵکە تێکۆشەرو کورد پەروەرەکەی بەراستی بێوێنە بوو.پێشمەرگەکانیان لە باوەش دەگرت و ھەرچی زانیاری و جموجۆڵی ھێزەکانی رێژیم ھەبوو بۆیان باس دەکردین.
ئەوە بوو:دوای چەند رۆژێک رێژیم دەستی بە تۆپ بارانی ناوچەکە کردو ھێزێکی زۆری ھێنا بۆ ناوچەکە،گووندەکانی ھەموو بە ھێزێکی زۆر تەنی،ھەر لە گووندی رەجاکێ“وە، بە شێوەی زەنجیرەیی تا دەگاتەوە گووندەکانی رەشەکان و دۆڵێ.تازە شەری ئێران و ئێراق وەستابوو“پاسدارانی سووڵح“کە ھێزێک بوو لە ژێر چاوەدێری نەتەوەیەکگرتوەکان چاوەدێری ئاگر بەستی لە سنوورەکان دەکرد،بە ھۆی ھێزی زۆری رێژیم ئەوانیش نیگەران ببوون و بەردەوام رۆژانە دەھاتنە خاڵی سنووری و چاوەدێری خاڵی نێوان ئەو دوو ئەرتەشەیان دەکرد.ھێزەکانی ئێراقی جارێکی دیکە نیگەران ببوون و جووڵە پێیانەوە دیار بوو،چۆن ناوچەکە جۆرێک ھەڵکەوتووە لە بەشی ئێراقەوە“ھێزەکانی ئێران دەبیندرێن.بەڵێ ئاسایشی ھەردووک لایان تێک چووە،ئێمە وەک حیزبی دێموکرات ھەر دوای راگرتنی ئەو شەرە ماڵوێرنکەرە روو بە نەتەوەیەکگرتوەکان و دنیا رامانگەیاند:کە ناوچەکە بێ چارەسەری کێشەی کورد ئارامی بە خۆیەوە نابینێ.دوای ئەو فشارە زۆرانە و بڵاو بوونەوەی ئەو ھێزە زۆرە کە رۆژانە لە دەورووبەری گووندەکان مۆڵ درابوون و کەمینیان دادەنایەوە،دوای دوو رۆژ خۆ مات کردن لە شوێنێکی مانەوەو چاوەدێری کردنی ھێزەکانی رێژیم،ئێوارەیەک بڕیارمان دا بە سەر گووندی گوێزڵێ دا تێپەڕ بین و بچین بۆ گووندی گرتکی“ئێمە چاوەدێری ھێزەکانی دوژمنمان کرد تا کەمینەکانیان کۆ کردنەوە،دواتر تیمی پێشڕەو حەرەکەتی خۆی دەست پێکرد دوای تاقی کردنەوەی رێگاکان خۆمان گەیاندە ناو گووند،ئەوە لە حاڵێک دا بوو کە نانمان پێ نەمابوو،کاک ئیبراھیم شێخی لە سەر رێگای گەرانەوە لە گەڵ تیمێک کەمین بوون،ئێمە چووینە ناو گووندو پێشوازییەکی گەرممان لێ کرا خەڵکی ئەو گووندە خەڵکێکی زۆر باش و ھەر لە سەرەتاوە پشتیوانی ھێزی پێشمەرگە و حیزبی دێموکرات بوون،ئەوان تەنیا لەوە سەریان سووڕمابوو!کە چۆن ھاتوون!پێش ئێوە ھێزێکی زۆر لە جاش و پاسدار و زەربەت لە ناو گووندو دەورووبەری بوون!چەندین شەوە رێگایان نەداوە ئێمە بە ئارامی بخەوین!ئێوە بە کوێدا ھاتوون!.لە سەر رێگای گووند کە دەردەچی بەرەو گووندی سنجوێ“ کاک سەلام مارەغانی“و یەکێکی دیکە بە نیگابان دانران و ئێمەش بە سەر ماڵەکان دا دابەش بووین،من و ھاورێیەکەم کە بیکەیسی پێ بوو بە ناوی(م) بەر ماڵێك کەوتین ماڵێکی بەرێزو پیاوەکەی لە ماڵ نەبوو،ھەر کە بە گەرمی بە خێرھاتن کراین داوام لە ئافرەتی“ بەرێزی ماڵەکە کرد،کە لە سەر ھیچ شتێک نەوەستێ و بە زوویی نانێکمان بۆ بێنێ!ئێمە ئەزموونی شەوانی پێشترو رۆژانی رابردوومان ھەبوو،گووتم:نەکا شتێک روو بدات!ھەر کە سفرەی راخست بە پەلە خۆم وە داوام لە ھاورێکەشم کرد کە جارێ بەر لە خواردن با نانی رێگا ھەڵگرین،ئەوە بوو نانەکەمان پێچایەوە،ئافرەتی بەرێزی ماڵەكەش بێ وەستان خەریکی خزمەتی ئێمە بوو،ھەر دەیگووت:جا کوێر بم ئەوە کوا نانی ئێوەیە چی بکەم تووخوا پەلەی مەکەن با شتێکی باشتان بۆ ساز بکەم.سەرگەرمی پرسیار کردن بووین،گووتم ئەدی پیاوەکەت؟وەڵامی دامەوە:جاش سەربازە!ھەر بەو وتەیە!کەمێک پێکەنین!ئەو ھەر لە داڵانەکەی پێش دیوی دانیشتنی ئێمە بوو،من خەریک بووم یەکەم پاروە نان بخۆم!کە بە پەلەو پەشۆکاوی ھاتە ژوورەوە!ھەر دووک جووت کەوشی من و ھاورێکەمی ھێنانە سەر سفرەکەی و بە پچڕ پچڕ گووتی:کوێر بم دەورەتان گیراوە!پێش دەرگای ماڵەکە پڕ بووە لە جاش و پاسدار!ئەی کوورەکانی دیکە!خۆ من بێسیمم“پێ“یە!بۆ کەس بێسیم“یشی نەکردوە…..ئەی چییان بە سەر ھات!ئاخ ئەوە سێھەمین شەوە ئەم شەو بە نیازی وچانێک بووین!زۆر ناخۆش بوو!بەڵام ھەر یەکەم چرکە بڕیاری خۆمان دا!ئەویش شەرو بەرگری سەربەرزانە و دێموکرات ئاسا.باوەڕێک کە فێر نەبووە چۆک دابدا ،دەمرین،بەڵام:سەری بەرزمان نەوی ناکەین
چاوەروانی بەشە قوورسەکە بن!
…………………………………………………..
تێبینی : گووندەکە گووندی “گردکی”یە
وێنەکە لەراستەوە عەلی سوورەچۆمی،شەھید مەنسوور رەحیمی خالید پەردەدار

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *