بەشی پەنجاو یەکی گەرانەوە(۵١) له‌ نووسینی:عەلی سوورەچۆمی

Posted by
بەشی پەنجاو یەکی گەرانەوە(۵١) له‌ نووسینی:عەلی سوورەچۆمی.
بەشی ۵
………………………..
پێشمەرگایەتی ئەشقە لە گەڵت دا گەورە دەبێ،خۆ ئەگەر ئەوین و ھیوا بە رزگاری لە دەمارەکانت دا نەبێ،ھەرگیز بەرگەی ئازارەکانی ناگری.ئەو کات چەند جار سەختی و ھیلاکی و نائومێدی بەسە بۆوەی زوو مەیدان چۆڵ بکەی.لێرە ناتوانی وەک دڵت دەیھەوێ رووداوەکان بنووسییەوە،زۆر جار لە کاتی نووسین دا ھەستەکانم پێم دەڵێن:تۆ دەرەقەتی ئەو رووداوە نایەی ناتوانی ھەقی خۆی پێبدەی،رادەمێنم!فشار بۆ مێشک و بۆ پەنجەکانم دەھێنم بۆوەی بتوانم باڵای رووداوەکان وێنا بکەم.
…………………..
چوون بۆ ناوجەرگەی رووداوەکانی پێشوو.
باسی ئەوەمان کرد چ دیمەنێکی دڵتەزێنم بینی،وای چەند سەختە لە یەکەم ھەنگاوەکان دا فەرماندەری عەمەلیات شەھید بێ،کوورینە:کاک عەلی باساوەیی شەھید بوو، بە بەرچاوی ھاورێکانییەوە خەندەکانی ویشک بوون پێلوەکانی چاوی ھێشتا دانەخراون دڵنیام ئەو چاوەروانییەکی لە ئێمە ھەیە.ئێستا کە ئێمە نزیک بووینەوە،تیمی ھێرش بەشێکی کشاوەتە دواوە!گووردان“سەرەرای ئەو ئاگرە تووندەی لە سەرییەتی ھەست بەو شکستەی ئێمە دەکات،ئەوە وا دەکات زیاتر بیر لە بەربەرەکانی بکەنەوە.
کە تەواو گەیشتینە ناو ھاورێیانی تیمی ھێرش بەشێکی خەریک بوو دەکشانەوە بۆ لای دەستی چەپی گووردان“
ئەوەی ئێمە دیتمان:
کە گەیشتینە لایان لە نزیک دەروازە جەنازەی شەھید عەلی باساوەیی کەوتبوو ھێشتا دوور نەخرابۆوە. کاک عوومەر کانیبی“لە سەر سەری بوو باش نازانم کێ دیکەی لە گەڵ بوو،کاک عوومەر بیسیم“کەی لە دەست دابوو! وا دیار بوو لە گەڵ فەرماندەیی قسەی دەکرد.بەشێک لە پێشمەرگەکان ھەر لەوێ بوون دوو یا سێ کەسم دیت کە سینگیان ھەر بە خاک ریزەکەوە بوو،کاوە بەریاجی،کەمێک ئەو لاتر ئەحمەد رەزگەیی،بە فاسیلەیەکی زیاتر کەریم کۆدەڵەیی.
باش تا ئێرە ئاوا رووداوەکان ھاتن.
…………………..
کێشەیەکی دیکە بۆ ئێمە!لە تیمی پشتیوانی.
نەگبەتی واز ناھێنێ!
……………………
لەو مەودایەدا ئاربی چی“لای رۆژھەڵات کە بە کاک نەبەز مستەفا پوور دەبێ، لە کاتی لێدانی ئاربی چی دا چ بە ھۆی پەلە کردن یا ھەر ھۆکارێکی دیکە بووبێ بریندار دەبێ!…بزانین چۆن؟ئەو کە گووللەکە دەخاتە سەر ئاربی چی”یەکە دەستی بەرنادات کە ماشە گران دەکات،واتە:ھێشتا دەستی لە سەر گووللەکەیە“گووللە دەروات و بەشێکی پەنجەی تەواو دادەماڵێ و برینێکی قوورس ھەڵدەگرێ.بەو پێیە ئاگری سەر گووردان کێشەی بۆ درووست دەبێ بۆ ماوەیەک .کاک غەفوور ریشی”کە لەوێ دەبێ کادری دەرمانی ئێمە بوو بە پەلەو ئازایانە لە ماوەیەکی کەم دا برینەکەی بۆ دەبەستێ تا ھەرچی زووتر دەست پێ بکەنەوە.
ئێستا دیققەت بکەن! فەرماندەری عەمەلیات شەھید بووە،ئاوری پشتیوان تووشی کێشە بووە،بەشێک لە ھاورێیان کەمێک کشاونە دواوە.
چی بکەین؟دوای ئەو زیانە قوورسە چۆک دا بدەین!کە رەنگە تا دوور دەکەوینەوە چەند ھاورێیەکی دیکەمان شەھید بێ.
یا باوەرو شەرفی پێشمەرگانە زاڵ بێ و جارێکی دیکە خۆمان رێک بخەینەوە؟دڵنیام ئێوەش چاوەروانیتان ھەیە کە رێگا نەدەین ھیواکان بمرن.کەواتە:با بەڵێنی شەرەف بنووسینەوە ھەر لێرە بە عەلی باساوەیی بڵێین: ئیدی چاوەروانی مەکە چیت دەوێ بە خوێن ئەوە دەنووسینەوە.
……………………
یەکێک لە کێشەکانی ئێمە ئەوە بوو ھەر وەک پێشتر باسم کرد دەبوا دوو تیمی”شەش کەسی بین،زۆر زوو ئەو ئارایش”ە یا تێک چووە یا ھەر لە بەرچاو نەگیراوە!ھەڵەیەکی دیکە ئەوە بوو کە لە دەروازەوە ھەوڵی چوونە ژوورەوە دراوە،ئەوەش پێچەوانەی رێنمایی فەرماندەران بوو،ھەتا رێنمایی کاک عەلی خۆشی بوو.زۆر جار دوژمن بە کەم گرتن بۆتە ھۆی زیانی گەورە بۆ ئێمە!فەرماندە چاو تیژەکەی ئێمە قەت نەبووە دوژمن بەرگەی بگرێ ئەو ھیچ حیسابێک بۆ دووژمنەکەی ناکات و ھەر زوو خۆی دەگەیەنێتە خەتی پێشەوە.ئەوەش بوو بە زیانێک کە قەربوو نەکرایەوە.
بەو شێوە کە من رووداوەکان دەگێرمەوە ھێشتا شەرێکی تووندەو ھەوڵی ھێرش دەدرێ.
ھیچکام لە فەرماندەو پێشمەرگەکان لە بیری پاشەکشەی یەکجاری دا نین و تەنیا شتێک بیری لێدەکەنەوە خۆ رێکخستنەوەی دووبارەیە.
بەڵام:لە بیر مەکەن بەو جۆرە کە رووداوەکان روو دەدەن و خەریکە تووشی زیانی گەورەتر دەبین سرووشتی”یە بیرۆکەی پاشەکشەی یەکجاری لە لایەن فەرماندەیی گشتی”یەوە درووست بێ….ئەوەتان دوایی بۆ باس دەکەم.
قەولی شەرەف بێ بە ئەمانەتەوە لێرە ھەموو وردەکارییەک بزانن.
بزانین وەزع بە گشتی چۆنە؟ باش……وەک سریاڵەکان ھۆش و بیرتان لێرە بێ بەو جیاوازییەوە لێرە مەرگی راستەقینە ھەیە.
ھێزەکانی دوژمن بە تەواوی سەنگەریان گرتووە بە دەیان ژ٣“تەقە دەکەن,تەنیا دەرفەتێک لێیان وەرگیراوە ناتوانن بگەنە سەر چەکە قوورسەکانیان.
تکاوەرەکانی ناو گووردان“ھێزێکی دەورە دیدەو بە تەواو راھێنراون بۆ شەری بەرگری و ھەتا بە قەولی خۆمان دەستەویەخەش.ھەر بە ھۆی ئەو گووردانەوە پێشتر دوو پێشمەرگە شەھید بوون.
ئێستا ئەو گووردانە“و ھێزەکانی ناوی تەنیا بە شەری تاکتیک و فیداکارییەکی کەم وێنە دەتوانرێ شتێکیان لە گەڵ بکرێ.پێشمەرگە دەبێ لێرە بتوانێ بە ھەر نرخێک بووە دووژمنەکەی تووشی شکست بکات،ھیچ ھیوایەک بەوە نەماوە تاکە تکاوەرێک خۆی تەسلیم بکات نەک ھەر ئەوە،بیر لە راکردن و چۆڵ کردنی شوێنەکانیشیان ناکەنەوە.
کەوایە رۆژ رۆژی پێشمەرگەیە بە دووژمنەکەی بڵێ:دەی یا ئێمە یا ئێوەی داگیرکەر!خاک ئەگەر خاکی ئێمە بێ دەبێ باوەشمان بۆ بکاتەوە، ئێرە دەکەینە مەیدانی شەرێک کە تا مێژوو ھەیە بیرنەچێتەوە.
خاڵێکی جێگای ھیوا: فەرماندەری رۆژانی تەنگانە کاک حەمە نارستی وەک باسم کرد لە گەڵ تیمی رۆژھەڵاتەو لە ئێمە نزیکە،ئەو دەست لە سەر دەست دانانێ….بۆ دوایی….بێ…
دەی کاکە تا تەواو نەکەوتووینە تاریکی لێوە ویشکەکانتان بە زمانتان تەڕ بکەن ،با ئەو ئێوارە بە ئەشقەوە مەرگی خۆمان بنووسینەوە بەڵام رێگا نەدەین بە بەر چاوی دەیان گووند و خەڵکی ناوچەکەمانەوە پاشەکشە بکەین و ئەوان تازیەبارو نائومێد.دەبێ بیرێک لە سبەی و بەیانییەکی نوێ و خەڵکەکەمان بکەینەوە دوژمن ئەگەر شکستی خوارد رووی نابێ بۆ سبەی زۆر ستەم و زەبر بنوێنێ،ھەر چەند وەک پیشەی ھەمیشەییان ئازاری خەڵکی بێ تاوان ھەر دەدەن ،بەڵام:کە پێچەوانەکەی بێ لە خۆبایی دەبێت و دەکەوێتە گیانی خەڵکی فەقیرو داماو.
بە قووربانتان بم ئێستا ئێوە چ ھەستێکتان ھەیە بڵێی لێرە چی رووبدات ئێوە چۆن دەرواننە چارەنووسی ئەو پێشمەرگانەی ئێرە،کاکە ئێستا ئەوان تینوون برسین و دڵیان بریندارە!ئەوان گەروویان ویشک بۆتەوە ھێزی ئەوان ھەر ئەوەیە کە بینیتان لە ئەرزو ئاسمان ھیوایەک شک نابەن و کەس بە ھاواریانەوە نایە!ئیدی ئەوەش بە جێگای خۆی باشترین فەرماندەری خۆمان لە دەست داوە،عەلی باساوەیی”جەنازەی لە خوێن دا سوور بووە مێشکی لەوێ تێکەڵاوی خاک بووە.
کورد بوون چ چارەنووسێکی سەختە کاکە بۆ کوێ رادەکەی لە بەری!باش دەزانم پشتیوانی تۆ تەنیا کێوەکانن،ھەر ئەو دەوەنانەن کە ئێستا دەستێکت بەوانەوە.سیمای پێشمەرگەکان بە تەواوی خۆڵاوی بووە جار جار بە نیشانەی پرسیار دەرواننە یەکتر!بۆوەی بزانن دوا جار ئەو ئێوارەیە چارەنووسی ئەوان چی بە سەر دێت.
بیرۆکەیەکی تازە!؟
ئێمە بێسیم“مان پێ نەبوو،بیرم کردەوە ئەگەر بگەرێینەوە بۆ سەر خاک ریزی و بمانەوێ جارێکی دیکە بەرەو شەری سەنگەر بە سەنگەرو دەستەویەخە بڕۆین دەبێ ئاگایەکمان لە دەورووبەری خۆمان بێ و لە گەڵ فەرماندەیی لە پێوەندی دابین.
باش ئێمە سێ کەس بووین.مەحموود کە لە ژیاندا ماوەو رەفیقان دەزانن کێ دەڵێم و ئێستا لە ئاوارەیی دا دەژی و…ر..ح..کە ئێستا لێمان دوورە.
کە چاومان لێ کرد کاک …ح…ع…کە یەکێک لە فەرماندەکان بوو ئەو بێسیمی“پێ بوو ،گووتم:کاکە با بگەرێینەوە،گووتی:راوەستن جارێ سوودی نییە!وتم:کاکە یا وەرە یا تۆ گیانی شەھید عەلی بێسمەکە“بدە بە ئێمە.ئەوە بوو گووتی باش ھانێ ئەوە بێسیم!
بەربەستی یەکەم بوونی تۆپێکی گەورە لە رشتەی سیمی“خاردار بوو کە بە دەوری شوێنەکە داھاتبوو بە فاسیلەیەکی زۆر،کە بە شێوەی نەواری راکێشرابوو،ئەوە بوو ھاورێیەکەم ئیدەیەکی بۆ ھات گووتی:کڵاشینکۆفێکی لە سەر دادەنێین و جووت پێ خۆمان فرێدەدەین بە سەر کڵاشینکۆفەکە دا !بێ وەستان گووتمان باشە.کڵاشینکۆفێکمان لە سەر سیمەکە درێژ کرد بە ھەر زەحمەتییەک بوو خۆمان گەیاندە ئەودیو سیم“خاردار.
مەترسی دووھەم:پێشتر و بەر لە وەرێکەوتن پێمان گووترا مین“ی لێن!لەوێ مینی تەلەویزیۆنی ھەیە و بە کۆترۆڵ دەتەقێنرێنەوە کاتێک ھەستێک نزیک بۆووە،کەوایە نابێ ئەوەش لە بیر بکەین.
ھێشتا بە بێسیم پێوەندیمان بە فەرماندەییەوە نەکردووە،جارێ زووە دەبێ بگەینە ئەو شوێنەی کە دەوری گووردان“دەداتەوە،واتە:لە پشتەوە را بکەوینە شەر لە گەڵیان.
ئیدی لێرە بەدواوە ئێمە جیا دەبینەوە،دوو ھاورێکەم زۆر ئازاو بوێرن من کەوتوومە دوای ھەر دووکیان.
بۆ بەشی داھاتوو:
فەرماندەری گووردان”تاکتیکێکی داناوە بۆ کووشتنی ئێمە چاوەروان بن….
……………………………
ئێرە کوردستانە بە کاتی بەرخۆدان.
……………………………
لە کۆتای ئەو بەشە دا:
بە چەند دێڕێک ئاوڕ لە فەرماندە ئازاکەمان دەدەینەوە.
عەلی باساوەیی کوورە ھەژارێک بوو ھات بۆ پێشمەرگایەتی لە جەنگەی رووداوە گەرمەکان و لە چەقی مەیدانێک دا کە تەنیا ئازایەتی و لێھاتویی پێوەری بوونە تێیدا ،بوو بە فەرماندە بوو بە ھەڵۆیەکی تیژ باڵ و چاو نەترس بوو بە یەکێک لەو فەرماندەرانەی ناو”بێ ببێتە ھیوایەکی گەورە لە کاتی تەنگانەدا بۆ ھاوسەنگەرانی.
ھیچ کەس ناتوانێ تایبەتمەندییە شۆرشگێرییەکانی ئەو کوورە بنووسێتەوە،ھێدی ئارام و لە سەرەخۆ خاوەنی شەخسییەتێکی گەورە سادق و دەست پاک
بۆ گیانی دوژمن ئاور بوو چۆکی بۆ ھیچ سەختییەک دا نەدەدا ،ھەر بۆیەش ئەوەندە خۆشەویست بوو.
نموونەیەک لە سەر ئازایەتی ئەو فەرماندە.
لە بەشی داھاتوودا باس دەکەم.
……………………………………………….

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *