بەشی پەنجاو دووھەمی گەرانەوە(۵٢) له‌ نووسینی:عەلی سوورەچۆمی.

Posted by
بەشی پەنجاو دووھەمی گەرانەوە(۵٢) له‌ نووسینی:عەلی سوورەچۆمی.
جۆری خەباتی ئێمە بۆ رزگاری نەتەوەیی شێوازو تایبەتمەندی ئەو خەباتە بە دوورە لە ویستی ئێمە.ھەر لە کاتی دارشتنەوەی نەخشەی ناوچەکە بە دوور لە ئیرادەی گەلانی ناوچەکە و بە تایبەت گەلی کورد دیزاینی ناوچەکە کراوە،لێرەوە ھیچ حیسابێک بۆ مافەکانی ئەو گەلە نەکراوە.سیستمەکانی حووکمرانی یەک بە دوای یەک دا ئینکاری ھەموو داخوازییەکی کورد دەکەن.
رووداوەکان:
با ئاورێک لە شەرگەکان بدەینەوە دواتر وردە وردە بگەرێینەوە بۆ رووداوەکانی سەر گووردان.
١-ئەو تیمەی بۆ لێدانی مۆڵگەی کانیەزەرد“دیاری کراوە بە باشترین شێوە ئامانجەکانی خۆیان پێکاوە بە جۆرێک بە ھۆی ئاگری چڕی ئەو تیمە ھێزەکانی ناو پایەگا“نەک دەرفەتی ھیچ جۆرە دەست کردنەوەیەکیان نەبووە،بەڵکوو بەشێک لە مۆڵگەکە بە ھۆی چەند کەپرێکی“ھاوینی ئاگری گرتوەو چڕە دووکەڵ بە سەر گووندەکان دا بەرزە دەبێتەوە بۆ ئاسمان،بە درێژایی ئەو شەرە قوورسە کە چەند سەعاتێکی خایاند بە جۆرێک ئاوارباران دەکرێ کە ھیچ دژکردەوەیەک لە خۆی نیشان نادات.
٢-تیمی“نێوان گووندەکانی بنەوخەڵێف“وردێ“لە شوێنەکانی خۆیان چاوەروان ماونەوە بۆوەی لە کاتی بە ھاناوە ھاتنی ھێزی یارمەتیدەر بیانخەنە کەمینی خۆیان.بە دڵنیایی بە پێی مەیدانی شەرو بەربڵاوییەکەی دوژمن دەزانێ ھەر جووڵەیەک بکات تووشی زەربەی قوورس دەبێ،ھەر بۆیە سەرەرای ھاواری پەیتا پەیتای گووردان“ھیچ ھێزێک بە ھاواریانەوە نایەت ئەوە لە حاڵێک دا ناوچەکە بە دەیان پایەگای“دوژمن تەنراوە.
٣-دوو تیمەکانی رۆژھەڵات و رۆژئاوا لە ئاور باران کردنی گووردان“بەردەوامن و بوونە چەترێکی پشتیوانی زۆر باش بۆ تیمی ھەڵمەت بەری سەر گووردان“.
۴-تیمی ھێرش توانیویەتی خۆی رێک بخاتەوەو بکەوێتە شەرێکی سەخت لە گەڵ گووردان“.
۵-ئێمە بۆ خافڵگیر کردنی ھێزەکانی نێو گووردان“پێویست بوو دابەش بین تا زیاتر دوژمن بخەینە نێو ئەڵقەی گەمارۆی خۆمانەوە.
……………………..
لێرە بە وردی رووداوەکان:
شەرەسەختەکەی نێو گووردان“
سەنگەرێکی دیدەبانی ھەبوو کە کەوتبۆ سەر خاک ریزەکە ئەوە شوێنێک بوو کە ھێشتا لەوێوە تەقە لە تیمی ھێرش دەکرا بە ھۆی ئەوەی شوێنەکەی بەرز بوو دەیتوانی باشتر زاڵ بێ بە سەر دەورووبەری خۆی دا.ئەو تیمە خۆمان گەیاندە پەنا سەنگەرەکە.
لەوێوە کە چاومان لە ناو حەسای گووردان“کرد بەشێک لە ھێزەکانی دوژمن بە دەر لە کاناڵەکە لە ناو حەساری گووردان“را بەرەو دەروازە خەریکی شەڕ کردن بوون.لەوەش زیاتر خەریک بوو خۆیان رەێکدەخستەوەو چەکە قوورسەکان بخەنەوە کار.
شەرێکی سەخت دەستی پێ کرد،ھاویشتنی یەک دوو نارنجۆک بۆ ناو سەنگەری دیدەبانی بوو بە ھۆی بێدەنگ بوونی دوژمن،دوای ئەوەش چەندین جار ھەوڵی دوژمن بۆ دەست بە سەر دا گرتنی ئەو سەنگەرە تێک شکێندرا،ھێشتا ئەو سەنگەرە بە چۆڵ کراوی کەوتۆتە نێوان ئەو تیمەو دوژمن.
شانسێکی دیکەی ئەو تیمە ئەوە بوو ئەو نارنجۆکانەی بۆیان فڕێ دەدران بە ھۆی تەلان بوونی شوێنەکە دەرۆیشتنە خوارتر دەتەقینەوە.شەرێکی گەرمە،شەرێک کە ھەر یەک لەو دوو ھێزە دەیھەوێ بە سوودی خۆی یەکلایی بکاتەوە.
…………………..
فەرماندەیی:
دوای ماوەیەک و دوای چەندین جار بانگ کردن لە لایەن فەرماندەییەوە“یەکەم پێوەندین وەڵام دایەوە .سەرەتا فەرماندەیی گشتی زۆر نیگەران بوو! پێی وا بوو یەکێک لە فەرماندەکانی دیکەی ئێمە شەھید بووە! بە ھەر جۆرێک بوو دڵنیا کرانەوە کەوا نییەو نیگەران مەبەن ھیچ شتێکی زیاتر رووی نەداوە.
ئەوە بوو داوا لە تیمەکە“ کرا کە پاشەکشە بکەن ،ئێمە رەدمان کردەوە.قسەی ئێمە ئەوە بوو لێرە دۆخەکە گۆراوە زاڵین بە سەر بەشێکی ھێزەکانیان داو خەریکە بەرە بەرە باڵانسی ھێز بە سوودی ھێزی پێشمەرگە دەگۆڕێ.
ئەوە بوو داوامان کرد کاک حەمە نارستی“بە خۆی و ھێزێکەوە بێتە خوار بۆوەی پاڵ پشتی تیمی ھێرش بکات .تەئکیدمان کردەوە کە ئەو ھەنگاوە بۆ ورەی ئێمە زۆر پێویستە.
دوای چەندین مانگی ناخۆش لەحنی کاک کاوە لە گەڵ من بە تایبەت گۆڕاو داوای سەرکەوتنی بۆ ئێمە کرد دیارە:لەو پەری نیگەرانی دا کە بەرپرسایەتی ئەو زۆر قوورس بوو و مافی خۆی بوو.
باوەر بە سەرکەوتن و ئامانجێک کە بۆی دەجەنگین ھیچ سنوورێکی نەھێشتۆتەوە،ئەو ئێوارە ئێوارەی بەڵێنێکی گەورەیە بەرامبەر خوێنی فەرماندە،بەڵێ:بەڵێنی یا وەک تۆ شەھید بین یا تۆڵەت ھەر لێرە بستێندرێتەوە،ھەر چەند ھیچ سەرکەوتنێک لێرە ناکاتە خوێنی رژاوی تۆ .
………………………………………
خۆشەویستان،ئۆگرانی پێشمەرگە،
ھەموو ھەوڵێکی ئێرە بۆ گرتنی سەنگەری دیدەبانییە کە ھیچ کاممان ناتوانین بچینە ناوی.لە بیری ئەوە دابووین بزانین چۆن دەکرێ رێگایەک بدۆزینەو!
لە پڕ نارنجۆکێک ھاتە پێش ئێمە بەر لەوەی بتەقێتەوە خۆمان مەڵاسی شوێنەکە کرد(عەرزەکە)کە تازە ھیچ دادی نەدەداین!ھەر دوای تەقینەوەو رەوینەوەی تۆزەکەی دەرکەوت کە ھاورێیەک تیکەیەکی نارنجۆکەکە بەر سەری کەوتووە خوێن ھاتە خوارو چەند جارێک گووتی:چاوم تاریک بوون،دەسڕەیەک“لای بوو ھاورێکەم لە ملی راکێشا بۆوەی بۆی ببەستێ،بۆی بەست و خوێن راگیرا بۆ ماوەیەک.ھاورێکەمان جار جار شەری دەکردو جار جار کە سەری دەسووڕا دادەنیشت ھەر دڵ خۆشی ئێمەشی دەداوە.
شەر ناوەستێ ئەوە بوو دوای بەربەرەکانییەکی زۆر کەناڵێک کە کەوتبۆ تەنیشت سەنگەری دیدەبانی ئەوەیش بەشێکی کەوتە دەست ئەو تیمە یانی ھێزەکانی ئەوان پاشەکشەیان کرد،ئیدی ئێستا شانسی تیمەکە زیاترە بۆ گرتنی سەنگەری دیدەبانی و ئەوان تازە ناتوانن بە شەر پێشڕەوی بکەنەوە.
وەزعی ھاورێکەمان خراب بوو بەڵام ھیچ نەدەکرا.
لەو ماوەدا لە گەڵ تیمی رۆژھەڵات قسەمان کرد شوێنێکمان پێ گووتن کە پێویستە چەند ئاربی چی“یەک لەو شوێنە بدرێ ئەو کارە بە شێوەیەکی زۆر باش کرا.لەو ماوەدا بەشێکی لای رۆژھەڵاتی گووردان“تیمی ھێرش خەریک بوو بە تەواوی دەستی بە سەر دا دەگرت.
…………………………..
لێرە بەدواوە چی رووی دا:
نەفەراتی دوژمن ھێشتا بیر لە خۆ بەدەستەوەدان ناکەنەوە،شتێک کە کەمتر بینراوە لە شەرێکی ئاوا قوورس دا !دوا جار یەکێک لە تکاوەرەکان بە نیشانەی خۆ بەدەستەوەدان دەستی بەرز کردەوە ئەوە ھیواکانی ئێمەی زیاتر کرد……..
ھێزی پێشمەرگە:
وەک سیاسەتی ھەمیشەیی خۆی سوورە لە سەر پاراستنی گیانی دیلەکانی شەرو ئەو پڕنسیپانەی پێیان دەناسرێتەوە.بە دڵنیایی رەنگە رووبدات لە دەرەوەی ئەو سیاسەتە شتێک پێش بێت کە پێچەوانەی باوەری ئێمە بێ.بێشک لە مەیدانی شەر دا زۆر جار دوای شەرە قوورسەکان و بینینی ئەو دیمەنانەی کە رەنگە بێزارکەربن وا بکات بە دوور لە ئیرادەی راستەقینەی خۆت بکەویە ژێر کاریگەری بڕیاری ھەڵە.
ئێمە توانیومانە تا رادەیەکی زۆر ئەو سیاسەتە بە کردوە دوای کاتە زۆر ناسک و ھەستیارەکانیش لە بەرچاو بگرین،تۆ بێنە بەرچاوی خۆت ھاورێیەکەت لەوێ شەھید بووە سوور دەزانی بکووژەکەی لە ناو ئەو کەسانە دایە کە ئێستا تۆ ناچاری وەک دیلی شەر رەفتاریان لە گەڵ بکەی،ھەر بۆیە ئەگەر ھێزێکی کوورت بین بی و بیر لە داھاتووی رووداوەکان نەکەیەوە زەحمەتە بتوانی بە سەر دۆخەکە دا زاڵ بی.ئێستا لەوەش زیاتر بەشێک لە ئێمە شتێکی ئەوتۆ لەو گرینگییە نازانین!ئەوە تەنیا باسی مرۆڤ بوون و عەداڵەتێکە کە لە ئینسانەتی و مرۆڤایەتی دا دەبێ ھەبێ و ئێمە بۆی دەجەنگین،ئەگینا:ئەو سیاسەتە بۆ ھێزی پێشمەرگەو خەڵکی کوردستان دەتوانێ زۆر کاریگەر بێ
کەچی:ھەبووە تووشی ھەڵەش بووین! زۆر جار نەتوانراوە پێشمەرگەیەک کۆنترۆڵ بکرێ
دیتراوە فەرماندەری گەورەی ئێمە خۆی بڕیاری کارێکی داوە لە مەیدانی شەڕ دا ئەگەر بڕیارەکەی ئەو ھەر لە شوێنی خۆی لە بەرچاو گیرابا دەبا شاھیدی رووداوی زۆر ناخۆش بین،لە بەرابەر ئەوە دا پێشمەرگەو فەرماندە ھەبووە کە دژی وەستاوەتەوە.
کەواتە:ئێرە مەیدانی شەرەو زۆر جار یاساکان تێیدا کاریان پێ ناکرێ،دەبێ بڵێین:منطق“ی تۆڵە بە تۆڵە شتێکی مەترسیدارە!دیارە:بۆ ئێمە ئەگینا فەرماندەکانی دوژمن دەقیق ئەوەیان دەوێ ئەویش بۆ ئیسپاتی تەبلیغاتێکی“نارەواو مەترسیدار کە بە مەبەستی گۆرینی راستییەکان و دەرخستنی ئەو فۆرمە“ناشیرین و مەترسیدارە کە خۆیان بۆ ھێزەکانیان وێنا“کردووە.
ئێستا بزانین چی روویدا:
کە دەستی بەرز کردەوە داوای لێکرا بێتە پێشەوە ھات بەرەو کاناڵەکە لەوێ دەستی بەرز کردەوە کەناڵەکە نزیکەی پشتێندێک“قووڵ بوو،داوای لێ کرا بێتە دەرەوە گیانی پارێزراو دەبێ،ھاورێیەکەم چەندین جار بە فارسی“ پێی گووت وەرە دەرەوە،کەچی:نەدەھات !بۆ ئێمە ئەوە گرینگ بوو بێتە دەرێ و ھێزەکانی دیکەی دوژمن بە چاوی خۆیان ببینن کە گیانی پارێزراو دەبێ تا ئەوانیش خۆیان بەدەستەوە بدەن،بەڵام لە راستی دا ئەو بۆ ئەوە نەھاتووە خۆی تەسلیم بکات!ئەو تاکتیکێکی بەدەستەوە بۆوەی کۆتایی بە شەری ئەو تیمە بێنێ و بە فێڵ لە ناویان ببات!…..چۆن!؟
ئێمە کەوتبووینە تەنیشت سەنگەری دیدەبانی لە راستی دا ئەوە بەربەستێک بوو کە ئێمەی دەپاراست لە ھێزەکانی دوژمن کە شەریان دەکرد.کاتێک ئەو ھات ئەو سەنگەرە خاڵی جیاکەرەوەمان بوو،دوای داوای زۆر و ھەتا پارانەوە بۆ دڵنیا کردنەوەی،کەچی ھەر نەھات کەمێک دردۆنگ بووین کە باشە بۆ گوێ بە داواکە نادات!نەک ھەر ئەوە!ئەو داوا دەکات ئێمە بچینە ژوورەوە!؟
بەرنامەی ئەو چی بوو؟
بەرنامەکەی ئەوە بوو ئەو تیمە کە چەند کەسێکی کەمن بتوانێ بە تاکتیک بیانکووژێ!ئەوەیش بەو جۆرە کە کاتێک ئێمە خۆمان بڵند دەکەین و لە گەڵ ئەو دەکەوینە قسە کردن خۆی نەوی بکات!ئەوە کاتێک دەرکەوت کە سیلەی چاوێکی لە سەر ئەو نەفەرانە بوو کە سەنگەریان گرتبوو لە دەستی چەپ“لە پڕ !ژمارەیەکی زۆر لوولەی ژ٣“ێ دەرکەوتن کە دیار بوو چاوەروانی دەرفەت بوون بۆ لێدانی تیمەکە لە گەڵ خۆ نەوی کردنی نەفەری خۆیان.
دەرفەتی ھیچ شتێکیان پێ نەدراو خۆمان ھاویشتە ناو کەناڵەکە بەو جۆرە یەکەم کەناڵی گووردان“دەستی بە سەر داگیرا،ئەوە ورەی ھێزەکانی دوژمنی بە تەواوی رووخاند و کەوتنە راکردن و خۆ دەرباز کردن.
ئەوە بوو سەنگەری دیدەبانیش گیراو بە سندووق نارنجۆکی تێدا بوو.
لە دەستی راستی ئێمەوە تیمی دووھەمی ھێرش گەیشتنە سەر خاک ریزی و ئەو جار یەکترمان بە تەواوی لێ دیار بوو، ھەر لەو شوێنەوە کاک عوومەر“چەند ئاربی چی“یەکی لە کەناڵەکانی بەرامبەر خۆمان دا.لەو ماوەدا ھاورێکەم چوو کە بچێتە خوارتر لە پڕ ھاواری کرد!گووتمان چی بوو کە گەراوە دەم و چاوی تەواو سووتابوون و برینێکی سەرەتاییان ھەڵگرتبوو،بەڵێ:لەو شوێنە چەندین حەشۆی گووللە ئاربی چی“لێ دەبێ دەقیق نازانم ویستبووی چی بکات کە ئاوری گرتبوو بەو جۆرە ئەویش بریندار بوو.
کاک حەمە نارستی ئەو جار خۆشی گەیشتە سەر خاک ریزەکەو لەوێ بە تەواوی یەکمان گرتەوە.ئیدی لێرە بەدواوە ھەنگاوەکانی دەست بە سەر داگرتنی ناوەندێکی گەورەی سەرکووتی رێژیم نزیک دەبۆوە ناوەندێک کە دەستێکی باڵای ھەبوو لە سەر کووتی خەڵک و دەست بە سەر داگرتنی سامانی کاسبکارانی ناوچەکە،لەوێ خەڵک رادەگیراو زۆر شکەنجە دەکران،بە پێی ھەواڵێک کە دواتر بۆمان ھات ژێرزەمینێک ھەبووە لەوێ کە پڕ بووە لە باری دەست بە سەر داگیراو .کاک حەسەن کتابی“ بە دووربینەوە گەیشتە ئەوێ و تەواوی سەحنەکانی بە دووربینەکە ھەڵگرتەوە.ھاوارو چریکەی پێشمەرگەکان بەرز بۆوە و گووردان چەند لەحزە دواتر بە تەواوی دەستی بە سەر داگیرا.
بە دەیان کەلاکی دوژمن لە ناو کەناڵەکان و حەساری گووردان“کەوتبوون ئێوارەیەکی پڕ لە سەرکەوتن بە فیداکاری و گیانبازی ھێزی پێشمەرگە سەرکەوتنی ئێمە دوای فیداکارییەکی زۆر قوورس ئەویش:دوا ئێوارەو نەگەرانەوەی فەرماندەری ئێمە کاک عەلی باساوەیی بوو.پێشمەرگە بەرگەی سەختییەکان دەگرێ,ئەوەش بەرھەمی دشواری رێگایەکە ،کە پڕ لە خوێنە.
تێبینی:
داوای لێبووردن دەزانم کە دارشتنەکەی دوو بەش ھەڵەی تێدا بوو
چاوەروانی بەشی کۆتایی بن.
بە ھاوکاری ئێوە خۆشەویستان و رێنوێنی چەند ھاورێیەکی دڵسۆز بەرە بەرە ئەزموونی نووسین و گێرانەوە زیاد دەکەین و ھیوادارم بتوانین بە شێوەیەکی باش بەشێک لەو مێژووە زیندوو بکەینەوە.
نایشارمەوە من پێشتر ھەرگیز دەستم بۆ قەڵەم نەبردووە
داوای لێبووردن لە ھەمووتان
ئەو بیرەوەرییە تەواو بێ بەرەو رووداوێکی دڵتەزێن دەچین رووداوێک کە دوای گێرانەوەی رەنگە زۆر جار دڵتەنگی داتانبگرێ بۆ چارەنووسی ئەوان.

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *