بەشی پەنجاو سێھەمی گەرانەوە(۵٣) له‌ نووسینی:عەلی سوورەچۆمی

Posted by
بەشی پەنجاو سێھەمی گەرانەوە(۵٣) له‌ نووسینی:عەلی سوورەچۆمی.
بەشی:٧ و کۆتایی.
…………………………………
شۆرشی گەلی کورد بۆ رزگاری دەکرێ رەھەندەکانی بێنینە بەرباس و بچینە ناو بەستێنە جۆراوجۆرەکانی.
دوای قۆناغێکی درێژ لە خەبات پێویستە شۆرشگێرەکان بە چاوێکی رەخنەگرانە بڕواننە رابردووی خۆیان.لە زانستی مێژووش دا زۆر جار تا مەودایەک درووست نەبێ لە نێوان رووداوەکان و زەمەن ناتوانی وەک پێویست داکۆکی لە حەقیقەتی رووداوەکان بکەی.بۆ شۆرشێکی رزگاریخوازانە کە چەکی ھەرە کاریگەری بە دەر لە کاراکتەرەکانی تێیدا کۆمەڵانی خەڵکن،کەواتە: خەڵکی کوردستان بزوێنەری ئەسڵی شۆرش و سەرچاوەی ھێزو تواناکاننی.
حیزبی دێموکرات و باڵی چەکدارەکەی دەکرێ مەوزووعی گرینگی زۆر لێکدانەوەو بابەتی کاریگەر بن.
ھیوادارم بتوانین پێ بە پێی رووداوەکان ئاورێک لەو ئەرکانە بدەینەوە،ھەوڵ دەدەین لە ھەر بەشێک دا خاڵە بە ھێزو لاوزەکان باس بکەین.
رووداوەکانی پێشوو:
دوای شەرێکی زۆر سەخت کە کەمتر وێنەی بیندرابوو گووردان“دەستی بە سەر داگیرا.شەرێک کە بە پێی مەزەندەی ئێمە بیست دەقیقە نیو سەعات کات کافی بوو بۆ یەکلایی کردنەوەی،کەچی:زیاتر لە دوو سەعاتی خایاند ئەوەش بۆ ھێزێکی پارتیزان کارێکی سەختە و بێزارکەر.زیاتر لەو بارەوە کە ھۆکارەکانی وەک:کات(زەمانی)مانەوە لە شوێنێکی دیاری کراو دەتوانێ مەترسیدار بێ،ئەو جۆرە شەرانە ھەم لە گەڵ کەمی تەقەمەنی رووبەرووت دەکەنەوە ھەم کە شەھیدو بریندارت ھەبێ جووڵەی پێشمەرگانەت کەم دەبێتەوە لە کاتی ئاوادا دووژمن باشتر دەتوانێ خاڵی گەمارۆدانی ناوچەکە جێبەجێ بکات.
جارێکی دیکە وردتر دەچینەوە سەر رووداوەکانی خۆمان.
……………………………
کە تەواو دوا سەنگەری دوژمن دەستی بەسەر داگیرا.پێشمەرگەکان یەکەم پەیامی سەرکەوتنیان راگەیاند،ئەویش:کاتێک پڕ بە گەروویان ھاورایان دەکرد و درووشمیان دەدا،ئێوارەیەک کە رەنگە کەس نەتوانێ دوا کاتەکانی بە ھیچ جۆرێک گووزارش بکات.تەنیا ئەو باوەشانە نەبێ کە پێشمەرگەکان بە چاوی پڕ لە فرمێسک“ەوە بە یەکتریان دادەکردن.
ئەو سەرکەوتنە بە نرخێکی گران نووسرایەوە، ئاخر: باشترین فەرماندەی ئێمە کوورە ھەژارێکی ناوچەکە کە زێدی لە دایک بوونی زۆر لەو شوێنەوە دوور نەبوو شەھید بوو ،ئەو ئێوارە سەنگەرەکەی بە خوێن سوور بوو،رەنگە لە روانگەی ھاوسەنگەرانی و خەڵکی ناوچەکەوە گرتنی چەند گووردان“ێک نەتوانێ سووکنایی ئازارەکانی ئەوان و خەساری لە دەست دانی فەرماندەکەیان بێت.
بەڵام:شۆرشێکی چەکداری بە دڵنیایی خوێن دەیگێرێ.لێرە ئیمکاناتی نابەرابەر زۆر جار رووداوەکان بە زیانی ئێمە دەشکێنێتەوە،تەنیا شتێک دەبێتە خاڵی وەرچەرخان فیداکاری و گیانبازی کەسانێکە کە دەمێکە بۆ سەرخستنی ئامانج“خۆیان یەک لایی کردۆتەوە.ئێستا ئەوان ناچارن شەرێکی نامنظم“بکەن چۆن لە باری تکنۆلۆژی و ئیمکاناتی شەرەوە ئەسڵەن بەراورد“ناکرێن،تواناکانت زۆر کەمترن و بچووک تری لە دووژمنەکەت،بۆیە لێرەدا شەرێک دەکەی بە کەمترین زیان بتوانی زۆرترین زەربە لە دووژمن بدەی،شەرێک کە بەرامبەرەکەت ناتوانێ بیکاتە خاڵی دیاری کراو تا تۆی تێدا بکاتە ئامانج،لێرەدا: پێچەوانەی ئەو خاڵەی سەرەوە ئەوە تۆی مەیدانی شەر بە سەر دوژمنەکەت دا فەرز دەکەی.
خاڵێکی دیکە:
ھێزی پێشمەرگە وردە لە دەست نیشان کردنی ئامانجەکانی دا لێرە بە ھەر کردەیەکی پێشمەرگانە چەند ھێمایەک دەردەکەوێ
یەکەم:ئەو ھێزانەی دوژمن کە بێبەزەییانە دەکەونە ئازارو ئەشکەنجەی خەڵک و لە ھیچ کردەوەیەکی نامرۆڤانە ناپڕینگێنەوە نابێ ستەمی ئەوان و زۆرداریەکەیان بێ وەڵام بێت.باشتر روونی بکەینەوە…لێرە لە دیاری کردنی ئامانجەکان دا دیققەتێکی زۆر کراوە کارێک کە تۆ نرخی بۆ دەدەی دەبێ پەیامە مووسبەتەکانی زوو بگەن.
لەوانە:ھەم لە باری سیاسی“ ھەم نیزامی“وە لە باری رووحییەوە کاریگەری لە سەر خەڵک بە لایەنی ئەرێنی بێ بۆ ھێزەکانی دوژمن لایەنی نەرێنی.
لێرە بەرە بەرە ھێزەکانی دوژمن لەوە تێدەگەن کە جیاوازییەک لە دەست نیشان کردنی خاڵەکان و ئامانجەکان دا ھەیە،واتە:ئەو ھێزانەی زیاتر تووندو تیژی دەنوێنن یا زیاتر دەبنە بەربەست لە بەردەم ھات و چۆی پێشمەرگە زیاتر دەبنە ئامانجی پلانەکانی ئەوان و زەربەی قوورس دەخۆن. بەڵێ لێرەش مەبەستەکان پێکراون،بۆ وێنە بە شاھیدی دەیان فەرماندەی مەیدانی زۆر جار ھێزەکانی دوژمن لە پایەگاو شوێنەکانی خۆیانەوە پەیامیان بە خەڵک داوە یا خەڵکیان راسپاردووە کە ئێمە کارمان پێیان نییە و با ئەوانیش لەو بارەوە مراعاتی“ئێمە بکەن.بەراستی ئەوە ببوو بە خاڵێکی باش ھەم بۆ ھێزی پێشمەرگە ھەم بۆ خەڵک کە توانیبوومان بەشێک لە ھێزەکانی دوژمن تا رادەیەک بێ تفاوت“بکەن.
……………………………
ئێوارەکەی دوای شەرەکە:
دوای ئەوە !ئەوەندەی من لە یادم مابێت بەشێک لە چەکە قوورسەکان کە نەدەتوانرا راگوێزرێن لە کار خران.بەشێکی دیکە لە چەکەکان کە چەکێکی زۆر بوو بە دەیان ژ٣“ێ و تیربار ژ٣“ێی تێدا بوون،ئەوانەی توانرا راگوێزرێن راگوێزران،بەشێکی دیکەی لە گەڵ کەل و پەلێکی زۆر ئامادە کران و ئاور دران،چڕە دووکەڵ ئاسمانی ناوچەکەی داپۆشی و مزگێنی سەرکەوتنێکی گەورەی راگەیاند.ھەر ئەو شوێنەی ببوو بە خاڵێکی مەترسیدار و کەس نەیدەوێرا چاوی لێ بکات،ھەر لەوێوەشەوە ئاور بارانی ناوچەکە دەکرا خۆی بوو بە سۆنگەو ناوەندی ئاگرێکی گەورەو بۆ ھەمیشە سڕایەوە.
تەرمی فەرماندەکەمان:
دوای کۆتایی ئەو شتانەو ھەڵگرتنی بەشێک لە چەکەکانی دیکە دەبوا پاشەکشە بکەین.کارێکی زەحمەت و پڕ لە رەنج …جەنازەی کاک عەلی باساوەیی“لە خوێن دا سوور ببوو دەبوا بەڵێنی شەرەف بنووسرێتەوە جا دواتر ئاوڕ لە فەرماندەکەمان بدەینەوە.
دوای ھەماھەنگی لە نێوان فەرماندەیی گشتی کاک کاوە بەھرامی“و کاک حەمە نارستی“شوێنی پاشەکشە بۆ ھەموو تیمەکان دیاری کرا کە دەبێ بەرەو کوێ بڕۆن پێویست بوو تا ئەو جێگایە جەنازەی شەھید عەلی بە کۆڵی“ ھاوسەنگەرانی دوور بخرێتەوە.
با لێرەدا ئەوە بڵێم:کاتی عەمەلیاتێک، یا کەمین“ی دووژمن و کاتێک دەکەوتینە سەر مەیدانی مین“لە ھەر یەکێک لەو رووداوانە دا ئەگەر شەھید یا برینداری قوورس ھەبا دەبوو دوور بخرێتەوە.
یەکێک لەو کێشە قوورسانەی تووشی دەبووین،ماندوو بی لە مەیدانی شەرێکی گەورە دا بووبی سەرەرای ئەوە ئێستا دەبێ شان بدەیە بەر ئەرکێک کە بۆ ئێمە ئەرکێکی ئەخلاقی گەورەیە.
بە ھەر حاڵ:تەرمی فەرماندە شەھیدەکەمان بە نێو لێرەوارو دەوەنەکان دا لە سەر پشت تا مەودایەکی زۆر ھێنا،کاتی ئاواش ھەموو کەس توانای ھەڵگرتنی جەنازەی نییە ھەر بۆیە ئەرکە قوورسەکە دەکەوێتە سەرشانی چەند کەسێک کە ھێزی جەستەیان زیاترەو لە رێگا دەتوانن تواناییەکی زۆر ببەخشن.
کاک عەلی گووللە بەر سەری کەوتبوو جێگایەکی حەساس „کە زۆر زوو ئینسان تێدا دەچێ زۆر جار گوێت لە تەنیا قسەیەکی وەک دوا وتە نابێ.ئەو کاتانە زۆر سەخت و پڕ ئازارن بۆ ئێمە.بە ھەر زەحمەتییەک و نارەحەتییەک بوو ھێنامان،ھەوا تاریک بووە ئەوانەی ھەڵمان دەگرت ھەموو گیانن سوور ببوو لە خوێن دا ئارەقە سەرتاپای گیانی داگرتبووین کەس نەبوو ماندوو نەبێ کەس لە دەست ئەرک راناکات ھەر ئەو رووحیەشە کە وا دەکات بەردەوام بی،جار جار دەکەوتین و ئەژنۆکان ھاوار دەکەن لە دەست ئێش و ئازار.
دوای بڕینی رێگایەکی سەخت توانین بگەینە شوێنی دیاری کراو بەرەبەرە تیمەکان گەیشتن و ھەموومان لە دۆڵێک دا کۆبووینەوە،ھێشتا تۆپ بارانی ناوچەکە بەردەوامە………………..
……بڕیاری کۆتایی….
١-فەرماندەیی بریاری دا ھێزەکە بگەرێتەوە بۆ بنکە سابیتەکانی لە سەر سنوور.
٢- تیمێک دەمێنێتەوە
قوورس ترین ئەرک ئێستا دەکەوێتە سەر شانی ئەوانەی دەمێننەوە کاری ئەوان زەحمەتە زۆر کەس نازانێ بۆ بەیانییەکەی چی روودەدات.
ئەوانەی ناوم بیرماون و مانەوە.
١خدر خانەیی وەک بەرپرسی نیزامی،٢ مەلاحوسێن زێوەیی وەک بەرپرسی سیاسی،٣سەید خدر رەبەتی ۴خالید پەردەدار ۵کەریم کۆدەڵەیی ۶عەلی شێلمان٧ ئەحمەد چووکەڵ.داوای لێبووردن کە ناوی ھەموویان نەھاتووە.
ئەو تیم“ە ھەر ئەو شەوە دوای پەیدا کردنی وەسیلەیەک بێ وەستان شەھیدەکە ھەڵدەگرن و دوور دەکەونەوە لەو شوێنە،ھەر ئەو شەوە دوای رێگا بڕینێکی زۆر خۆیان دەگەیەننە گووندێک بە یارمەتی چەند کەسێکی گووندەکە تەرمی شەھید عەلی دوای شووردن بە خاک دەسپێرن و دوا ماڵ ئاوایی لێدەکەن بە پەلە بەرەو شوێنێکی دوورتر وەرێدەکەون.
بۆ بەیانی تۆپ بارانی ناوچەکە دەست پێدەکات،ھێزێکی زۆری رێژیم ناوچەکە گەمارۆ دەدەن و لەو تیمە“نزیک دەبنەوە،ئەوان بریار دەدەن شوێنکە چۆڵ بکەن و ھەر بە رۆژ و بە کەڵک وەرگرتن لە سرووشتی“ناوچەکە بەرەو شوێنێکی دیکە وەرێدەکەون.
دوای چەندین رۆژ مانەوەو شوێنە گۆڕکێ کە ھێزێکی زۆری رێژیم کۆدەکرێتەوە بۆ زەربەلێدانیان بەڵام:ئەوان بە ھۆی جووڵەی درووست و ھەڵسەنگێنراو خۆیان لە ھەموو مەترسییەک دەپارێزن کە ئەوەش بە دڵنیایی بە زەحمەت و ماندوو بوونێکی یەکجار زۆر بەدی دێت.
…………..
ھێزەکەی دیکە کە بڕیاری گەرانەوەی دابوو گوورج و بێ دواکەوتن لە رێگای چەند پێشمەرگەیەکی شارەزای ناوچەکەوە دوای بڕینی خاڵە سنووریە مەترسیدارەکەو تێپەڕ کردنی مەیدانی مین“ی دوژمن خۆمان گەیاندەوە بنکەکانی خۆمان.
ھەر ئەو رۆژە دوای بڵاو بوونەوەی ھەواڵی شەھید بوونی کاک عەلی باساوەیی بە دەیان کەس لە خەڵکی ناوچەکە گەیشتنە بنکەی کومیتە شارستان و بنکەی ھێز لە کوونەمارێ“بۆ دەربڕینی ھاوخەمی و پەرۆشی خۆیان بۆ لە دەست دانی ئەو فەرماندە لێھاتووەی حیزب و گەڵ.
تێبینی:
چەند خاڵێک:
١.خاڵی لاوازی ئەو شەرە گەورە تیمی ھێرش بوو
ئەویش بە ھۆی کەمی نەفەرات و لە بەرچاو نەگرتنی فەرماندەی باش و ئازا بۆ کاتی پێویست.
ھەر دوای شەھید بوونی فەرماندەری تیمی ھێرش ئەوە بە تەواوی دەرکەوت و ئێمە تووشی پاشەکشەیەکی خراب بووین کە زەمانی زۆری برد تا خۆمان رێکخستەوە.
٢.بەشێکی زۆری ھێزەکانی رێژیم توانیان رابکەن لە رێگای بەشی رۆژئاوای گووردان“ ئەو بەشەی کە تیمی ھێرش نەیتوانی بیخاتە ژێر ئاگری خۆی لەوەش زیاتر ئاڵقەی گەمارۆ نەیتوانی بگاتە ئەو بەشەی گووردان“.ھێزەکانیان تا توانیان شەرێکی سەختیان کرد کاتێک کە زانییان ھیچ بەربەرەکانییەک دادیان نادات ھەوڵی راکردنیان دا ،شوێنک کە وەک پێویست چاوەدێری ئێمەی بە سەر دا نەبوو.
٣.ئەو ھێزەی ناو گووردان“پێشتر شەری پێشمەرگەیان کردبوو لەو بارەوە ئەزموونیان زۆر بوو بە جۆرێک سەرەتاکانی ھەر زۆر بێباکانە شەریان دەکرد.
٣.خاڵی بە ھێز بوونی تیمی رۆژھەڵات بوو کە توانی ئاورێکی سەخت بە سەر دوژمن دا ببارێنێ ئەوان نائومێد نەبوون و شەرێکی ئازایانەیان کرد ھەتا بوونی کاک حەمە نارستی لەو خاڵە زۆر یەکلاکەرەوە بوو.
………………
لە کۆتاییەکانی دا تیمی رۆژئاوا گەیشتنەوە لای ئێمە،کاک ئەحمەد کوورد نژاد“یادی بەخێر فەرماندەری لک“ بوو کە گەیشتە لای ئێمەو زانی کاک عەلی باساوەیی“شەھید بووە بە شێوەیەکی زۆر چاورەوان نەکراو حەماسی بوو فەرقی بە ھیچ نەدەکرد چاوەکانی سوور بوون زۆر بە زەحمەت توانیان ئارامی بکەنەوە.
وێنەکان:
ھەر دووک وێنەکە جێگای سەرنج“ن،یەکیان تیمێک پێشمەرگەی حیزب کە ھاورێیەکی برینداریان پێیە.
وێنەی دووھەم نەورۆزی ئەوساڵ
نەوەکانی دوای قۆناغێک لە خەبات ئێستاش کۆڵ نادەن و جامەدانە“دەکەنە رەمز و ئۆگرییەکی بێ وێنە بەو مێژووەو خەونی زرگاری………….
سڵاو بۆ رووحی کاک عەلی باساوەیی و ھەموو شەھیدانی رێگای رزگاری
…………………………………………..

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *