بەشی:سی و دووھەمی گەرانەوە(٣٢)نووسینی:عەلی سوورەچۆمی.

Posted by

بەشی:سی و دووھەمی گەرانەوە(٣٢)
نووسینی:عەلی سوورەچۆمی.
لە دوا بەشی ئەو زنجیرە نووسینەدا:بەیەک دەگەینەوە،جارێکی دیکە میوانی نەفەسی درێژو ئیرادەی لە شکان نەھاتوو دەبین.ھەنگاو ھەنگاو،شیو بە شیو،شاخ بە شاخ ،جێیان ناھێڵین،لە ھەورازەکان و شەوە تاریکەکان، لە ناو بەردەڵان و رەوەزە شاخەکان،نیگاو ھەستی ئێمە،دڵی پڕ لە ھیوای ئێمە،لە گەڵ دڵی ئەوان تووند دەبێ و لێدەدا.ئەوان تەنیا نین… سەدان و بگرە ھەزاران دڵی ئاشق،تێکەڵاوی ترپەی دڵی ئەوان دەبێ.ھەنگاوەکان بۆ ئەو خەونە کۆتاییان نایە،چاو لێبکەن جارێکی دیکە لە (ھەڵگوورد)وە، ئەو پەیامە مزگێنی ھەرمان دەدا.

لە (گردێنەو قەرەسەقەڵ و کۆسالان)شەڵاڵی خوێن دەبێ.
بێ ھیوا مەبن ئەوان چۆک بۆ سەختی و بەربەستییەکان دا نادەن،ناسرەون بە دەم ھیواوە رێگا دەبڕن.
ھەر وەک بۆم باس کردن..سێ کەس بڕیارمان دا:بۆ رزگار بوون جارێکی دیکە ھێز بە بەر خۆماندا بکەینەوە،بێ ھیوا نەبین و بێ وچان و تا دوا ھێزی جەستەمان رێگا ببڕین.ھەر وامان کرد.کوورینە:ئێوە بمێننەوە پەلە مەکەن!ئێوە ھەناسەیەک بدەن،چاوەروان بن تا ئێمە دەگەینە شوێنی دیاری کراو.»ھاورێیانی بەرپرس«بەوە گەشانەوە، کە زانیان ئێمە بە ھیواوە روو دەکەینە ھاورێکانمان و دەڵێین:ھاورێیان ئێمە رۆیشتین!چاوەرێی ھەواڵی خۆش بن.
بەڵێن بێ بەر لەوەی رووناکی دابێ دەگەینە شوێنی خۆمان.
ئەو ژانرو ئازارانە ھەر ھی ئاسۆس نین،ھی تەرەغەو ئاربەبای سەربەرزن،ھی زمزیران و کێلەشینە،ھی دەشتی شاروێران و بست بە بستی کوردستانە،ئەوان ئاوێزانی ئازارەکانی ئێوەن لە تەنیایی ئەو شەوەدا.
گوورج رۆیشتین…ھەستم دەکرد لە باری رووحییەوە“ بە ھێز دەبینەوە، لە باری ویژدانی“یەوە ئاسوودەتر،ھەستێکی بەرپرسیارەتی ھانی دەداین.چەند خۆشە بۆ رزگاری ھاورێکانت قووربانی بدەی،کۆدەکانی سەرکەوتنی ئەوان لێرە بدۆزنەوە.جار جار بەدەم ھەناسەی تووندەوە دەڕوانینە کاتژمێری دەستمان! دا:کاک عوومەر چاوێکی لێبکە بزانە سەعات چەندە؟خۆ ئەستێرەکان ھێشتا دیارن!بە باوەڕی ئێوە دەگەین؟ئا ئا کاکە… مووشکیلەکە ئەوەیە شوێنکەش شارەزا نین!بزانین دەقیق چەندن ماوە!تەنیا تا بە دەنگێک یا ھەستێک دەگەین دەبێ بڕۆین،ھاتین و نەوەستاین،ئای من چاوم کوێر بوون بۆ چۆڕە ئاوێک!لە بەر خۆم نا لە بەر ئازاری کوولییەم”بەڵکوو:کەمێک کەم بێتەوە،من ھەر خەیاڵی ئاوم دەکرد،وردە وردە ھەستم دەکرد رووناک دەبێ!تۆ بڵێی:بیانگەینێ!؟ لەو خەیاڵانە دا بووم لە ناکاو لە شاخەکانی سەر ئێمەوە دەنگێک ھات…وای چەند خۆش بوو..کاکە پێم وابێ نەجات”مان بوو..کاک برایم کەمێک دوای ئێمە بوو،کاک عوومەر پێش من بوو،ئەو کوورە بەراستی کووری رۆژی تەنگانەیە(ئاخ…لێرەدا ھەر ئەوەندە دەڵێم:بەراستی حەیف نییە ژیانی ئەو تێکۆشەرانە ئاوا بێ! ئێمە شەڕ خواز نین،دژی شەڕو خوێن رشتنین،بەڵام:عوومەر کانیبی“یەکان”ھەر رۆژی تەنگانە دەتزانی کێن) بەڵێ:بێمەوە سەر باسەکەی خۆم،گەیشتین…چاوم لێکرد لە پانتاییەک کە پشتەکەی شاخێکی گەورەیە لە بن شاخەکان دیارن،لە دوورەوە زانیان ئێمەش رێبواری رێگایەکی دوورین!سڵاومان لێکردن،لە گەڵ جواب دانەوە… بە پیرمانەوە ھاتن،کاکە گیان جارێ ئاو!ئۆخەیش..ئاویان لە (بیرەکان)ھەڵێنجا بوو،پاڵم دایەوە ئاگام لە ھاورێکانم نەما!ئەوە منم…تێر تێر تێر…خواردمەوە…یەکێک دەڵێ:کاکە” دوایی زگ ئێشە دەگری!نا بە قووربان زگ ئێشەم ھەر ھەبووە بە دریژایی رێگا.با لێرەدا:(ئەوە بیر ھەمووتان بخەمەوە،کێشەی ئێمە زیاتر کاتێکی دیاری کراو بوو،کە دەبوا لەو کاتەدا بە شوێنی خۆمان بگەین،ئەگینا دواتر دووبارە بێ نان دەماینەوە)،ھەر ئەوەش بوو بە درێژایی ئەو شەوە بە تەنگەتاوی خۆمان دەکووتین،کە زۆر کاریگەری ھەبوو لە سەر ھیلاک بوونی ئێمە.ئێستا شتێک کە دەبێ بە پەلە بکرێ ئاگادار کردنەوەی ھاورێکانمانە،ئەوە بوو:بە بێسیم“پێوەندیم پێوە کردن،ئەو ھەواڵەی ئەوان چاوەروانی بوون پێم راگەیاندن:کاکە ئێمە گەیشتین…نیگەران مەبن ھەموو ئازارەکانی ئێمە کۆتاییان ھات و بە سەر سەختییەکان دا سەرکەوتین.ئەوە ھەواڵێک بوو:کە ھەمووان پێی شاگەشکە بوون..ھەواڵە خۆشەکە…گەیشتن بە کاروانچییانی رەنج و ماندوویەتی و ھیلاکی!ئێوە دەزانن:ئەو کارەی ئێمە پێوەندی بەوانیشەوە ھەیە!ئاخر ئێمە بۆ گۆرینی ئەو رەنج و ژیانە پڕ لە کوێرەوەری“یە،ھاودەمی سەختی و ھیلاکی و قووربانین.
دوای ھەناسە دان و وچانێک من لەوێ مامەوە کاک عوومەرو کاک ئیبراھیم بە دەستی تا رادەیەک پڕەوە کە ھێندێک وردکە نانی“رەق و ئاو”بوو،بە دوای ھاورێکانمان دا گەرانەوە.کە دەگەنە ھاورێکانیان کات تەواو درەنگ بووە ،ھەتاو بەرەبەرە باڵی کێشاوە بە سەر چیای سەختی ئاسۆس دا.دوێنێ کە لە گەڵ کاک »نەبەز»قسەم کرد،گووتی:لە یەک کاتدا دووجار دەرگای رەحمەت بە سەر ئێمە دا کرایەوە…جارێکیان:نان و ئاو“مان پێگەیشت و جارێکی دیکەش دوو رەفیقی بە جیماومان دوای ئەوەی خەوی ھیلاکی بۆ ماوەیەک دایاندەگرێ،خەبەریان دەبێتەوە،نەفەری یەکەم کە خەبەری دەبێتەوە!ھەڵدەستێ و ملی رێگا دەگرێ!بە بێ ھیوایی دوا بەختی خۆی تاقی دەکاتەوە!لە رێگا بە سەر ھاورێی دووھەمی دادەکەوێ کە خەوی لێکەوتوە! ئەویش لە خەو ھەڵدەستێنێ و بە شەکەتی دێن.خۆت لە جێگای ئەوان دابنێ!تۆ بڵێی!؟تینوەتی چەندەی ئازار دابن!زۆر نابات دەگەنە ھاورێکانیان کە پشوویان داوەو چاوەروانی ئێمەن،ھەر لەو کاتەش دا:دەبێ کە ئەو دوو ھاورێیەش بە کەمێک نان و ئاوەوە دەگەنەوە لای ھاورێکانیان.ئێستا لە یەک کاتدا:ھیوا دەبارێ و خەم و ھیلاکی!جێگای خۆی دەدات بە شادی.دوای ئەو رووداوانە،ھەموویان وەرێدەکەون،ھاتن بۆ ئەو شوێنەی من بە ھیلاکی و بە ئازارەوە لێم پاڵدابۆوە!بۆ وا دەڵێم:لە بەر ئەوەی لەو جەولەی دا ھەر ئەو رۆژە (بەردی)گوورچیلەم دانا!.کە دواتر باسی دەکەم.باش!ئێستا بەرە بەرە ئاو لە بیرەکان رادەکێشین،ئاوێکی(لێڵ) کە تەواو رەنگی گۆراوە!نیشانەیە بۆ کەم بوونەوەی ئاوەکە.کەمێک (ترێ)رەش و وردکە“ نانی دیکەیان بۆ جێ ھێشتووین،ئەویش بە سەر ھەمووان دا:دابەش کرا.
دوای وچان و حەسانەوەیەکی باش کۆبووینەوە!ئەو جار چی بکەین؟لێرە بەو لاوە نابێ(رەبیعەکانی)ئێراق ئێمە ببینن!ناوچەکە چۆڵەوانی“یەو کەس ناتوانێ بە رۆژ دەرباز بێ!سەرەرای ئەوە ئیمە شارەزا نین!خۆ بتبینن و چەکدار بی!کەس نازانێ چی روودەدات…!
ئێمە دەبێ بگەینە(قەڵادزێ)زانیاریەکان دەڵێن:لە دەورووبەری شارەکەو رێگاکان(قوە طواری)ھەن!ئەگەر ناوەکەم وەک خۆی لە یاد مابێ!چۆن نەیانگووت(قوە خاصە)جا نازانم وایە یا ھەڵەم!من ئاوام بیر ماوە..!جیاوازی ئەو دووانەش نازانم چەندەو ئەرکیان چییە!گووترا:ھەر کەس بیگرن!بێ پرسیار یەکسەر رەوانەی(جبھەی)دەکەن.کەواتە:دەبێ ئەو مەترسیەو مەترسی رەبیعەکان“یش ببڕین.
باش!چی بکەین؟
من شەرمەزارم کە رووداوەکان ئاوا دەگێرمەوە…بۆوەی لە راستی لام نەدابێ!
گووتم:کاکە راستە من ئێستا نازانم لە کوێین!بەڵام:کاتی خۆی ساڵی(١٣٦٤)کە کاک (حەمە عەزیز)شەھید بوو،لە گەڵاڵەوە کە ھاتین دەبێ بەو ناوچەدا:دەرچووبین!ئەو کات ئێمە چەند کەسێک لە گەڵ شەھید کاک (رەسوڵ عەزیزی)کە دەکاتە:برای کاک حەمە عەزیز بە دڵی بریندارەوە لە گەڵاڵەوە ھاتین بە ئاسۆس دا،تا ئەو ھەواڵە تاڵە بۆ بنەماڵە ئاوارەکەیان ببەین کە ئەو کات لە (سندۆڵان)دەژیان،ئەگەر لێرەوە بڕۆم بکەومە دیوی قەڵادزە ناوچەکە دەناسمەوە…من چوومە گووندی(نوورەدین و سندۆڵان)من ئامادەم.
کاک عوومەر:کاکە بەیەکەوە دەچین.زۆر باشە ئێستا ساغ بووینەوە.ھاورێکانن بە تایبەت ھاورێیانی بەرپرس کاک نەبەزو کاک عەوڵاو کاک حوسێن زۆر خۆشحاڵ بوون.
بەرنامە دارشتن:
کاک نەبەز:کاکە ھیچ مەبەن رەخت و تفەنگ و کۆڵەپشتیەکانتان بۆ ئێمە بە جێ بھێڵن،زۆر باش..! سەرو»دەمانچە و بێسیم«لە گەڵ خۆتان ببەن!شاقەلان بەردەنەوەو بڕۆن.
ئاوا ساغ بووینەوە:ئێمە بە پەلە وەرێبکەوین و بڕۆین بۆ سەرچۆمی(زێی)بچووک.بە رۆژ بپەرینەوە لەو بەر خۆمان بگەیەنینە ئاوەدانی،جا ماڵ بێ یا کەسێک ئەگەر لەوێ ھەبێ،تا لە رێگای ئەوان خۆمان بگەیەنینە قەڵادزێ»بنکەی پێوەندیەکانی حیزب«دوا جار ئەوانیش بەر لەوەی تاریک بێ وەرێکەون و بێنە سەر چیای ئاسۆس لەو جێگایەی کە دیوی قەڵادزێ دیار بێ تا پێوەندی بەر قەرار بکەین لە رێگای بێسیمەوە“.جا ئەو شتانە کاتێک بەدی دێن ئێمە بێ کێشە بگەینە ئاوەدانی و لەوێوە ھەوڵەکانمان بۆ چوونە ناو شار دەست پێبکەین.ئەگەر ئێمەش بگیرێین ئەوە ھیچ ھیوایەک نامێنێ و دەبێ ھاورێکانمان لە بیری رێگا چارەیەکی دیکە دابن.
تۆ ئێستا لە ھەر جێگایەکی بیرێک لەو سەختیانە بکەوە…ئێمە دوو بە دوو خواحافیزی لە ھاوسەنگەرانمان دەکەین و دەڕۆین……..
تێبینی:بۆم تەواو نەبوو زۆر داوای لێبووردن دەکەم،بە ھۆی کارێک کە بۆم پێشھات،ھەر ویستم ئەو ھەفتەو لە کاتی خۆی دا لە خزمەت ئێوە دابم.پێچەوانەی سەرەتاکەی کە ئیشارەم پێ کردوە…!ئەو گەرانەوانە بە رووداوی سەرنج راکێشەوە بەردەوام دەبن.ھێشتا لە سەرتاین و ……….
چاوەروان بن….بۆ بەشی کۆتایی

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *