بەشی پەنجاو پێنجەمی گەرانەوە(۵۵) له‌ نووسینی:عەلی سوورەچۆمی

Posted by
بەشی پەنجاو پێنجەمی گەرانەوە(۵۵) له‌ نووسینی:عەلی سوورەچۆمی
درێژەی بەشی یەکەم:
……………………………..
ژیانی ئێمەو تەمەنی لاوی“مان پڕ بوو لە کەندو لەندو گەوە.چیرۆکە تاڵەکانی ئێرە تەنیا بۆ نەوەکانی دوای خۆمانە……………. شوێنی مانەوە…عەلی“بۆکانی و چەند ھاورێیەکی دیکە زووتر ھەستا بوون عەلی“جار جار لە بن لێوانەوە نارە نارێکی دەکرد،ئەگەر شوێنەکە ئاوا حەساس نەبایە ھەستت دەکرد مەیلی سروودێکی شۆرشگێرانە خەریکە تاوی دەدات.
دوایی چەند جارێک ناوی سمائیلی“دەھێنا!رووی لە کوورەکان دەکرد،دەیگووت:نەکا یەک بگرینەوە!بە ھەر جۆرێک بێ باوەریان پێدەھێنم سمائیل“بگەرێتەوە! بۆوەی لەو سەفەرە بەیەکەوە بین.
سمائیل نیژاوەیی کێ بوو:
سمائیل:کوورێکی جوان چاکی باڵابەرزە بوو چاوێکی شین و جوان دایم لێو بەخەندە تا بڵێی ئارام و لە سەرەخۆ چەند ساڵێک بوو پێشمەرگە بوو بەردەوام دەیخوێندەوە توانی بووی دەورەی دەرمانی“ تەواو بکات وەک کادری دەرمانی بە عەلاقەیەکی زۆرەوە خەریکی راپەراندنی ئەرکی خۆی بوو،سمائیل لای ھەموومان خۆشەویست بوو ئەو مەێموورییەتەش وەک کادری دەرمانی لە گەڵ ئەو تیم“ە بوو کە چاو ساغی مەڵبەندی دوو“ بوون.تا بڵێی چووست و چالاک و لە سەر پێ بوو.
عەلی رەفیقی زۆر بوون،بەڵام:سمائیل نیژاوەیی“جیاواز بوو، سمائیل نیژاوە“ییش ماوەیەک لای کۆمەڵە“دەبێ ھەر دووکیان لەناو ریزەکانی کۆمەڵە“ ببوون،ئەو پێشینە و یادگارییەکانی ئەوێ ئەوانی دەخستەوە بیری رابڕدوو.
……………….
رۆژێکی گەرمە شوێنەکەمان بەرۆژ بوو»دوو«لووتکە شاخی ناوچەکە بە سەر ئێمە دا دەڕوانن (لانک“و گیارەنگ“.
زۆربەی پێشمەرگەکان بست بە بستی ئێرە شارەزان و زۆر شەوو نیوە شەویان لێرەوە شەق کردوون،زۆر جار لەو دەورووبەرانە ماوینەوە.ژیانێکی سەخت کە ھیچ نیشانەیەکی ئاسوودەیی تێدا نییە!بە درێژایی رۆژ تینووەتی و برسییەتی ھەرەشە دەکات ،بە درێژایی رۆژەکەش دەبێ چەند جارێک جێگا بگوازیەوە تا کەمێک خۆت لە دەستی گەرمای بێزارکەر پەنا دابێ.پیاو بۆوەی دوای ھیلاک بوون باش بحەسێیتەوە،لانی کەم پێویستە پێیەکانت“جوان بشۆی لێرە بە بۆنی ناخۆشەوە دەبێ بخەوی،کەمتر وا ھەیە دەستت بە ئاو“ێک را بگات.ئێمە زیاتر جەوانین و لە ژێر تەوژمی خەیاڵ و زۆر جار بیر کردنەوەی نا(واقع)ی داین!ئەگینا،کتێب“خوێندنەوە و یادداشت“کردنی رۆژانە دەیتوانی ببێتە گەورەترین سوود بە ئەوکات و ئێستامان.ئەوەمان نەکرد با لێی گەرێین ئێستا پەنجەی پەشیمانی دەگەزین!دەی جا بە دەر لەوەش لێرە یاسایەک ھەیە کە ھەمووان وەک نەریتێک چاوی لێدەکەن.تۆ چاو لێبکە!!لێرە دوو ھەنگاو دوور بکەویەوە دەبێ وریا بی و بزانی کە کارێک نەکەی ببیە مەترسی بۆ سەر گیانی ھاورێکانت،لێرە کەس بۆی نییە دەنگی بەرز بکاتەوە،نابێ جووڵەی زۆر بکەی تا لە دوورەوە رەچاو نەکرێی!جا بۆیە کەس نییە ئەوانە نەزانێ.
…………………..
کۆبوونەوەی فەرماندەکان:
بەرنامە دانان بۆ چۆنییەتی دەرباز کردنی رێگایەکی دوور:بەشێک لە کاری بەرپرسان و کەسانێکە کە شارەزای ناوچەکەن.ئەوە بوو:فەرماندەری ھێز،حوسێن پەیرەوان،فەرماندەری لک رەحمان شۆکە،جێگری لک خدر میراوەیی،حوسێن فەقێ عەلی،خالید دوولکەیی،بەرپرسانی دیکە و خوارتر وەک:ھەمزە گۆران،عەلی بۆکانی،خالید دوولکەیی،کەریم کۆدەڵەیی،عەلی سوورەچۆمی(ھیوادارم ناوەکانی دیکەم بیر بخەنەوە).
دوای تەواو بوونی کۆبوونەوەکە و باسێکی زۆر لە سەر مەسیرەکان و شێوەی ئارایش“ی خۆمان بڕیار درا بەر لە ھەوا تاریک بوون وەرێکەوین.
نابێ ئەوە لە بیر بکەین رێگایەکی دوور دەبێ بە درێژایی شەوەکە ببڕین.جاری ئاوا کاتێک بۆت دەردەکەوێ رێگاکەت دوورە بە جۆرێک ترس خۆی دەردەخا!ترس لە دووری و سەختی رێگاکە،ئەوەش وا دەکات ھەست بە ماندوویەتی بکەی،کەچی:لێرە ھیچ نیشانەیەک لە نائومێدی نابینی لە باوەر بە ئامانج زیاتر.
…………………
خاڵێک:
بە درێژایی رێگاو شوێنی مانەوەی ئەو رۆژەمان بەرپرسان ھەوڵ دەدەن پێوەندی بەو تیم“ە وە بکەن کە لە ناوچە دان،ھیچ نیشانەیەک لە بوونی ئەوان دەست ناکەوێ پێوەندی درووست نابێ!.
…………………………..
بڕیارەکانی کۆبوونەوەکە:……
یەکێک لە بڕیارەکانی کۆبوونەوە لە لایەن فەرماندەکانەوە گۆرینی فەرێکانس“ی بێسیم“کان بوو.
ھۆکاری پشتی ئەو کارە زیاتر دەلایلی ئەمنییەتی ھەیە!دوژمن بەردەوام ھەوڵ دەدا بۆ شکاندنی کۆدەکانی ئێمە بۆوەی لەو رێگاویەوە زانیاری لە سەر شوێن و بەرنامەکانی ئێمە دەست بکەوێ تا بتوانێ زەربەی خۆی بوەشێنێ.ئەوە بوو بەر لەوەی بکەوینە رێگا تەواوی رەمزەکان“گۆڕان.ھەموو شتێک لە بەرچاو گیراوە،،تیم“ی پێشڕەو لە کەسانی شارەزای ناوچەکە ئامادەکراوە،ئەویش بە دوو قۆناغ“بە ھۆی ئەوەی کە جۆرێک ساغ بووینەوە بە درێژایی شەوەکە رێگا ببڕین و خۆمان بگەیەنینە ناوچەی ھۆمل“بەو پێیە ھەر بە دەرچوون لە ناوچەکانی بڵفەت“و گەیشتن بە ناوچەی ھۆمل“تیم“ی دووھەم ئەرکی پێشڕەو بوون وەردەگرێ.
نەھێنی“شەو دیاری کرا چەند جارێک بێسیم“کان تاقی کرانەوە.بە ورەیەکی بەرزەوە لە نێو لێرەوار بەرە بەرە دێینە دەرێ،بە مەودایەک کە ئێمە بەردەوام لە بەرچاوی دەگرین دەکەوینە رێگا،ئەو مەودایە بۆ کاتی کەمین و شەڕی لە ناکاو زۆر پێویستە!!باشتر روونی بکەینەوە..
ئەو کارە بۆوەیە کەمترین زەربە بخۆی لە کاتی شەڕ دا ،لەوەش زیاتر تیمەکان ببن بە پشتیوانی یەکتر و زوو وەدەست بێن،زۆر جار کە تیم“ی پێشڕەو یا چەند کەسێکی ئێمە دەبنە ئامانجی ھێرشێکی لە ناکاو رەنگە چەند کەسی پێشەوە نەتوانن وەک پێویست دژ کردەوە نیشان بدەن،یا ھەیە جاری ئاوا لە یەکەم دەست رێژەکان دا شەھید یا بریندار ھەیە،تیم“ی پشت ئەوان دەبێ زۆر زوو بتوانێ ببێتە چەترێکی پارێزگاری بۆ ھاورێکانی،زۆر جار دەبێ وا بکات بتوانێ فریای ھاورێکانی بکەوی یا ببێتە ھۆی نەجاتی ھاورێکانی…….
…………………………
ماوە ئەوەش بڵێین:
دوو شت زۆر یارمەتیدەرە،یەکەم:شارەزای“ناوچەکان وەک ھۆکارێکی (جغرافیای)وا ھەیە ئێمە رێگاکان دەگۆڕین ئەگەر پێویستی کرد،دووھەم:زانیاریەکانی کە بە ھۆی خەڵکەکەمانەوە لە سەر ئاڵووگۆرەکان لە ناوچەکان دا وەری دەگرین وەک:ھێزەکانی دوژمن و شێوەی جم و جۆڵەکانیان و جێگاکانی کەمین“ی ئەوان.زۆر کات مەگەر لە ژێر نەھێنی کاریەکی زۆر تووندی دوژمن دابێ،ئەگینا:لە رێگای کەسانی خۆمانەوە زۆر زوو شوێنە مەترسیدارەکانن بۆ دەست نیشان دەکرێن.
…………………………
وەرێکەوتن:
ئێستا ھەموو شتێک بە وردی لە بەرچاوگیراوە کەواتە:ھەر وەک گووتمان:بەرەبەرە راست دەبینەوە خۆمان تووندو تۆڵ دەکەین نابێ ھیچ نیشانەیەکی شل و شەوێقی یا لاوازیت پێوە دیار بێ،پێویستە لە چاوەکانت دا ئومێد دیار بێ وەک:ھێمایەک بۆ ورە.
ھاتینە دەرێ بەشێک لە شوێنەکانی خۆش کرابوون بۆ حەسانەوەی باش و خەوتن تێک دران!ئێمە ھەرگیز نیازی ئەوەن نییە بەو زووانە بگەرێینەوە بۆ ئەو شوێنە.کەوتینە رێگا…ھەوا زۆر گەرم بوو کەوتبووینە نێوان دەڕەیەک“دۆڵێک کە درێژ دەبۆوە تا نزیک گووندی دیواڵان“.دوای ھیلاک بوونێکی زۆر ئەو دۆڵەمان بڕی و دەگەیشتینە نزیک گووند“چراکانی ماڵەکان بەرەبەرە پێ کرابوون گووندێکی ئارام و لە سەر بەرزایی مەیلی لادان و حەزی پشوودان زۆر بوو!کەچی:روونە ئەوە ھەرگیز لە بەرنامە دا نییە.وردە وردە تێپەڕین و بەرەو دەشتی دیواڵان بووینەوە لێرەوە ھەوایەکی فێنک و شنەی بایەکی کوێستانی ئارامت دەکاتەوە ئەو شوێنە کوێستانەو ھاوینان پێچەوانەی دەورووبەری گووندەکە،شوێنی سەرچاوەو کشت و کاڵ و سەوزاییەکی زۆرە.ماوەیەک رێگامان بڕی و گەیشتینە ئاوێک کە دەنگی دەھات و لە دوورەوە ئێمەی گەشاندەوە لەوێ پشوویەکی باشمان دا و تینوویەتین شکاند.لەو شوێنەوە کە دەڕۆین بەرامبەر خۆمان و رێک لە سەر رێگاکەمان تەپۆلکەیەک ھەیە کە ئەومان بڕی بە تەواوی پشت دەکەینە چیاکانی لانک“و گیارەنگ“جا کە سەرکەوتین نۆبە دەگاتە چیای بەرزی تاژەندەر“کە بە سەر بەشێکی زۆری ناوچەکە دادەڕوانی.بەو جۆرە وەرێکەوتین بە بێدەنگی ھەستاین و وەک پێشوو سەفی درێژی ئێمە دەستی پێ کردوە.
زانیارییەک:
……………………
بەر لەوەی دووبارە بکەوینەوە رێگا ئاگادار کراین لەوەی زۆرمان نەماوە بۆ مەسیرێک“کە بە پێی ھەواڵ جار جار کەمین“ی جاش و پاسدارەکانی بۆ دێت!دەبێ لەو شوێنە زۆر وریا بین.کە سەرکەوتین و شۆڕ بووینەوە وردە وردە شوێنی مەترسی نزیک دەبۆوە،شوێنێک بوو بە ناوی نێوان خێلە“و کانی خاتوون“خوار گردە قووڵە“.تەواو شۆڕ بووینەوە گەلێک ماندوو بووین ئەوە بوو:بڕیار درا لەوشوێنە وچانێک بدەین تا تیم“ی پێشڕەو کەمێک رێگاکە تاقی دەکەنەوە ھەر لەو شوێنە !کە کەمێک تەلان بوو کوورەکان بە پەلە لە دەورووبەری رێگاکە لێی درێژ بوون!..تەنیا شتێک دەبێ لێرە ئیشارەیەکی پێ بکەم !بوونی دوو دڵییەک بوو!لە نێوان بەرپرسەکانی ئێمە لە سەر ئەوەی کە دەتوانین بگەینە مەسیری دیاری کراو یا نە،ئەو ھۆکارە کەمێک ئێمەی دواخست!ھەرچی ئێمە بووین پێشمەرگەکان ھیوادار بووین کە لە دووری رێگا کەم بێتەوە!چاوەروانی دوا بڕیاری کۆتایی بووین. مانگ وابزانم ئاوا ببوو یا شتێکی کەمی مابوو لە ھێندێک شوێن، بەڵام:ھێشتا تاریکییەکە وا نەبوو دەورووبەری خۆت نەبینی،وا دیار بوو تیمەکەی ئێمە تا ئەولاتر چوو بوون رێگاکەیان تاقی کردبۆوەو گەرابوونەوە!ئێستا ئەوانیش پشوویەک دەدەن و ئێمە دڵنیاتر بووین!بیری ئێمە تازە بۆ ھیچ شتێک ناچێ!ئەگەر دوژمن بێت ئێمە نابینێ تا بە سەرمان دا نەکەوێ!چۆن لە دەورووبەری رێگاکە درێژ بووین……..
مەحمەد شاڵی“ کوورە خوێن گەرمەکەی ھێزی گیارەنگ،لە ھەمان کات دا باوەڕو ورە لە تەنیشت من بوو ئاربی چی“پێ بوو کەمێک ئەولاتر وا بزانم مستەفا“بوو،بۆ ئەو لاتر عەلی بۆکانی“و چەند کەسێکی دیکە بوون کەوتبووینە خوار رێگاکە،من دووربینەکەم“دانابوو چۆن نەمدەتوانی پاڵی پێوە بدەمەوە،چاوم بڕیبوونە ئاسمان و جار جار چاوم لە سەر یەک دادەنان ترسی رێگای دوور بە تەواوی خەیاڵی داگیرکردبووم.جارجار پێلووی چاوەکانم دادەخران
لە پڕ و دوور لە چاوەروانی ئێمە چەند رەگبارێک“بە جۆرێک رایپەڕاندین کە دەست و پێی خۆمان ون کردن
چەند رێگایەکی سەخت“ن گرتووە….بە پەلە و پەشۆکاوی خۆمان گەیاندە شوێنێک لە نزیک خۆمان کە ئاو دابڕێک بوو.تەقە گەرم بوو!ئیدی خەندەو بزەی شاخ و بناری چیا نەما!دارە نەمام“کراوەکان لە پڕ بوونە دەستە چیلەی ئاگرێکی تووڕە،،،چیا بەو ھەیبەتەوە حەز دەکات تەم دایپۆشێ
……….
بەداخەوە دووبارە شەھید و بریندارمان ھەیە….??
………………..
چاوەروان بن.
تێبینی:
قووربانی ھەست و سۆزی ئەو رەفیقانە بم بە دڵسۆزییەوە ھاوکاریم دەکەن و ھەوڵ دەدەن ژیانی شۆرش و خەباتی پڕ ئازار بنووسرێتەوە.
……………………….

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *