لە پەراوێزی گەرانەوەدا:بەشی(٨)نووسینی:عەلی سوورەچۆمی.

Posted by

لە پەراوێزی گەرانەوەدا:بەشی(٨)
نووسینی:عەلی سوورەچۆمی.
سێ“شەھید:????????????
شەھیدان:حەسەن مطفقی ئەدیب (چاپەز).ساڵح مەحمەد پەنا”(قەلەرەشی).قادر میراوەیی.
ئەو چیرۆکە دەکرێ بڵێین:یەکێک لە چیرۆکە تاڵەکانی ژیانی پێشمەرگایەتی ئێمەیە.

رووداوەکە ئەوەندە خەمناک و کارەساتێکی دڵتەزێنە،کە باس کردنی بۆ خۆی ئازارێکە.جارێکی دیکە باوەش بۆ خەمێکی گەورە دەکەینەوە،بە دەم رەستەو وشەکانەوە،ئاوڕ لە فرمێسکەکانمان دەدەینەوە،ئەو فرمێسکانەی قەت ویشک نابنەوە،بە دەر لە فرمێسکەکانی ھاوسەنگەرانیان،کەس ناتوانێ فرمێسک و شینی گرانی…براژنە فاطم”خووشکی شەھید ساڵح”،کە دەبێتە دووھەم برای شەھیدی”،براژنە ئەستی“خووشکی شەھید حەسەن چاپەز”،وە بنەماڵە تێکۆشەرەکەی لە بیر بکات،کەسیش ناتوانێ گریانی دایکم”لە بیربەرێتەوە،کە گووتی:با منیش وەک دایکێک شیوەنی قادر میراوەیی” بکەم،چۆن ئەو دایکی یا خووشکی لێرە نییە.
من ئێستا ئێوە دەگێرمەوە بۆ ئەو رۆژەی ئەوان وەرێدەکەون تا ھەواڵە دڵتەزێنەکە دەگاتە کەمپی(دێگەڵە)
ئەو مێژووەی ئێوە شانازی پێوە دەکەن،بەڵێ:بە خوێنی لاوان و کچانی وڵاتێکی داگیرکراو نووسراوەتەوە.
ئێمە لە سێ تێکۆشەری رێگای ئازادی بە جارێک ھیچمان دەست ناکەوێتەوە.چەند پارچە پشتێندێکی بە خوێن نەخشاو“و ئەو چەند دڵۆپە خوێنە نەبێ کە بە سەر جل و بەرگی ھاورێکانیانەوە،وەک:سامناکی رووداوەکە بە جێماوە….
با سەفەرە تاڵەکە دەست پێبکەین.
مانگی ٨ی ساڵی ١٣٧٤”تیمێک لە پێشمەرگەکانی ھێزی گیارەنگ لە گەڵ تیمێکی ھێزی پێشەوا بەرەو ناوچەی سەردەشت وەرێدەکەون،مەبەستیانە:ھێزەکانی پێشەوا یارمەتی بدەن تا لە مەیدانەکانی مین” و کەمین”لە ناوچەی سەردەشت دەرباز بن.ئەو مەئموورییەتە بە ھاورێیان:حەسەن چاپەز،ساڵح مەحمەد پەنا(سەرپەل)قادر میراوەیی،عووسمان زەردەکانی،سەلیم ئاغا،ھ…ب..دەسپێردرێ.
بەر لە وەرێکەوتن داوایان لێدەکرێ »مینێکی تانک شکێن« لە کومیتەی »ئەمنییەت«وەرگرن تا بۆ کارێکی تایبەت بە کاری بێنن.چاو ساخی ئەو ھێزە کاک حەسەن چاپەز دەبێ.چۆن ئەو بست بە بستی ناوچەکە شارەزا بوو.ئەوان وەرێدەکەون…لە رێگا دوای بڕینی رێگایەکی سەخت کە زۆر شەکەت و ھیلاک دەبن،چەندین جار رەفیقەکانیان لە ھێزی پێشەوا داوایان لێدەکەن لە جێگایەک(مین)کە بشارنەوە.کاکینە:ئێوە دەزانن وەزنی ئەو مین“ە، نزیکەی دە“کلیۆ دەبێ،تکایە وا مەکەن ئەوەندە خۆتان مەخەنە ھیلاکی“یەوە!ئێوە خەڵکی ناوچەکەن و دەتوانن لە داھاتوو دا:ئەگەر رێتان لێرە کەوتەوە بیبەن بۆ شوێنی مەبەست.ئەوان رازی نابن بەو کارە!بارانێکی بە خووڕ دەبارێ ھەموو گیانی پێشمەرگەکان ئاوی لێدەچۆڕێتەوە،ماندوویەتی رێگا و ئارەقە و ئاوی باران دەبێتە ھەڵمێک و بەرە بەرە لە گەڵ ھەناسە تووندەکانیان تێکەڵاوی یەک دەبن.کەس نازانی کۆتای ئەو کارە پڕ لە رەنج“ە،دەبێتە چ کارەساتێکی لە بیر نەکراو.
ئەوان پێ بە پێ و قۆناغ بە قۆناغ بەو کارەیان لە مەرگی خۆیان نزیک دەبنەوە!ئارەقەی نێو چاوانی ئەوان ویشک نابێتەوە،بە درێژایی رێگا ھەناسە سوارن.ئاشقانی کاروانی خۆر،ئەویندارانی خەونی رزگاری بە ئەوینەوە شەوێکی درێژ دەبڕن.لێرە با بەیەکەوە:بیرێک لەو باوەڕ مەزنە بکەینەوە،ئەوان ئاشق“ن ئاشقی نیشتمانی جوان،ھەگبەی سەفەرێکی درێژ بە کۆڵیانەوە..ناوەستن ناخەون،پشوو نادەن،تا رۆژێک دێ بەڵێنی شەرەف بەدی دێ،ئەو کات یا وەک:پاڵەوانانی نیشتمان بۆ خەونی رزگاری دەگەرێنەوە،تا لە شەقامی شار گووڵ باران دەکرێن،یا بە وەفاداری ئەو خەونە دەبەنە ژێر خاک و رۆژێک دێت:ھەر لە گۆرەپانی شار دەبنە سەمبوول بۆ مان و سەرکەوتنی ئێمە،ئەو کات ھەر بە دەستی دایکی شەھید یا خووشکی یا باوکی پشت چەماوە،پەردە لە سەر مۆمێنت و ھەیکەلی پڕ لە شەرەفیان لادەدرێ.
ئێستا پێنووسی دەستم!دەبێ ئەو وشانە بنەخشێنێ کە بارتەقای تراژیدیەکە بە ئازارن.لە رێگای گێرانەوەی ئەو مێژووە،بە نەوەی نوێ و لاوانی وڵاتی پڕ ئازارم بڵێم:چاولێبکەن،لێرە چی رووی داوە،ئێمە چەند جار بۆ خەونی رزگاری لە خوێنی خۆمان دا:سوور ھەڵگەراین.ئەو مێژووە بخوێنەوە،جا تەزووی جەسارەت و باوەڕی مەزنی دێموکرات دووبارە ھەموو گیانت دادەگرێ.
……………………
سێ پێشمەرگەکە کێ بوون:
١-ساڵح مەحمەد پەنا:تێکۆشەری دێموکرات و پێشمەرگەی خاوەن باوەڕ،دووھەمین شەھیدی بنەماڵە تێکۆشەرەکەیەتی،ئەو نەوەی ئەمەر پاشای قەلەرەشێ“یە،کەمتر کەسێک ھەیە شۆرشگێر بێ و مێژووی ئەو بنەماڵە نەزانێ،کاتی خۆی باوکی رەحمەتیشی خاڵە حەمە”پێشمەرگە بوو،بە یەکەوە لە بنکەیەکی پێشمەرگانە بووین،لەوەش زیاتر »حوسێنی«کووری ھەر بۆ ئەو ئامانجە ساڵی(١٣٦٥)شەھید بوو،من و خاڵە حەمە و چەند پێشمەرگەیەک لە خوار گووندی(کۆڕبناو)چاوەروانی گەرانەوەی تیمی ھجووم بووین،کە ھەواڵ ھات بە داخەوە حوسێن شەھید بووە،قەت ئەو شەوە خەمناکەم بیر ناچێتەوە،لە کاتێک دا:خاڵە حەمە“پیری ناوسەنگەر فرمێسک لە چاوەکانی دا قەتیس ببوون،لە سەر جەنازەی کوورە جوانەکەی وەستا بوو،بە ئێمەی دەگووت:نائومێد مەبن..ورە بەر مەدەن،ئەوە لە کاتێک دا ھەستم دەکرد ھەموو گیانی دەلەرزێ و خەمی گرانی لە دەست دانی حوسێن“بۆتە ئازارێکی ئەوەندە گەورە کە جەرگی پارچە کردوە.بە درێژایی ئەو شەوە بە سواری وڵاخەکەوە”دەستێکی لە سەر سینگی حوسێن“ە.دوای ئەو رووداوە کاریگەرە ساڵح“دێت بۆ پێشمەرگایەتی تا چەکی حوسێن“نەکەوێتە سەر ئەرز،ئەویش شەھید دەبێ،ئێستاش برایەکی میراتگری ئەو رێبازە“یە،کاک سمائیل قەلەرەشی خۆشەویستی ھەموومان،کە ھیوادارم بووکی ئازادی لە باوەش بگرێ.ئازایەتی چاونەترسی کاک ساڵح لە گووتن نایە،چەند جارێک لە نزیکەوە ھاورێی کاتی دشواری یەک بووین،ھەموو ئەو فیداکارییانە وادەکەن،کاک ساڵح بەرەبەرە بەرپرسایەتی وەربگرێ و خۆی بۆ ئەرکی قوورس تر ئامادە بکات.
٢-حەسەن چاپەز:پێشمەرگەی خاوەن باوەر، ئازاو چاو نەترس ھەڵۆی چیاکانی سەردەشت و بەبری لێرەوارەکان،حەسەن ئاربی چی“ناوێک کە دووژمن سامی لێدەکرد،ئەو ترسی نەدەناسی بست بە بستی ناوچە شارەزا بوو،لە ھەر جێگایەک ئەو ھاورێی تیمێک با چاو ساغ و رێنیشاندەر بوو،ھەمووان پشتیان پێدەبەست.بنەماڵەی کاک حەسەن“یش،ھاودەمی ئازارەکانی ئێمەن و یارمەتی دەرو فریادرەسی پێشمەرگەکان.کاک حەسەن“ ئاربی چی“زەنێکی بە ناوبانگ و دووژمن تۆقێن بوو.ئەو بە قسە خۆشەکانی ھەر حەزت دەکرد ھاورێی سەفەرت بێ.
٣-قادر میراوەیی: پێشمەرگەی ئازا کادری دەرمانی و بێسیم“چی،ماوەیەک لە ھێزی ئاربەبا بوو دواتر گەرایەوە بۆ ھێزی گیارەنگ.کاک قادر خاوەن بەھرە قسە خۆش و دەم بە پێکەنین،ئەو بەردەوام بە بەشداری کردنی لە کارە ھوونەریەکان دا:وەک شانۆو رازاندنەوەی کۆرە ھوونەریەکانمان ببوو بە خۆشەویستی ھەموومان.پێشمەرگەیەک خاوەن باوەڕو تا بڵێی ئازاو تێکۆشەر.
……………………………
درێژەی سەفەرەکە:
ئەو تیمە تا نزیک گووندی کوونەمشکێ“واتە دەورووبەری گووندی ئاڵوەتان“رێنوێن و پێشرەوی پێشمەرگەکانی ھێزی( پێشەوا) دەبن،شەوەکەی کە ئەوان جیا دەبنەوە زۆر ھەوڵ دەدەن تا زیاتر ھاوکاریان بن و تا خوار جادەی پیرانشار سەردەشت“ھاورێیەتیان بکەن!چۆن ئەوان ناوچەکە زۆر شارەزا نابن،بەڵام:ئەو چەند پێشمەرگەی ھێزی گیارەنگ سوور دەبن لە سەر ئەوەی کە مەئمووریەتی دیکەشیان ھەیە و دەبێ بە جێی بگەیەنن.ئەو شەوە لەوێ خوا حافیزی لە یەکتر دەکەن.
ئەو تیمەی ھێزی گیارەنگ ئەو شەوە بە پەلە دەڕۆن تا مینەکە“دابنێنەوە،بە ھۆی ئەوەی ھیچ شتێکی ئەوتۆیان پێنابێ،دوا جار بە چەقوو”خەریکی ھەڵکەندنی شوێنی مینەکە“دەبن!زۆر خۆیان ھیلاک دەکەن،کەچی ناتوانن جێگای تەواوی بۆ ھەڵکەنن!ئەوە دەبێ ئەو شەوە پەشیمان دەبنەوە.ئێستا بیرێک لەو دوو رێکەوتە جێگای سەر سوورمانە بکەنەوە!ئیسراری ھاورێکانیان لە رێگا و ئەو شەوە کە دوای ھیلاکییەکی زۆر بۆیان ناچێتە دڵی خاکەوە!تۆ بڵێی:مەھامێک پەیامێک لە پشتی ئەو رووداوانە نەبێ!قەرارە چی ناخۆش رووبدات !ئاکامی ئەو ھەمووە سوور بوون و پاشگەز نەبوونەوە!بۆ تەواو کردنی ئەو کارە دەبێ چیبێ!خوایە گیان…ھۆشیان بێنەوە بەر ئەگەر قەرارە ئاکامی ئەو کارە دەبێتە کارەسات بۆمان!دە ھێزی ئێلاھی خۆت بە کار بێنە،بەڵکوو:پاشگەز ببنەوە.
دوای ئەوە دوو شەوی دیکەش ھەر لەو ناوچەو لە کۆخێک“دەمێننەوە بەردەوام باران دەبارێ.دوای ئەوە دەچن لە نزیک تیپی“ئاڵۆەتان دەمێننەوە.رۆژی ١٤/٨/١٣٧٤بریار دەدەن شەوەکەی کارەکەیان تەواو بکەن.کاک حەسەن دەڵێ:دەیکەم بە (تەڵەیی)ھاورێکانی دەڵێن:نابێ کاری ئاوا بکەی!ئەوە دەبێ پەشیمان دەبێتەوە!دەچن بۆ یەکێک لە گووندەکان و کەرەسەی ئەرز ھەڵکەندن“بۆ ئەو کارە پەیدا دەکەن،ئەو جار یەکسەر بێ پشوودان بۆ شوێنی دیاری کراو.کە دەگەنە ئەو شوێنە کاک حەسەن“دەڵێ:سێ کەستان چاوەدێر بن و سێ کەسیش کارەکە تەواو دەکەین.عووسمان کەمێک لەوان نزیکتر دەبێ.چەند جارێک سەردانیان دەکات و دەڵێ:کاکە زۆرتان پێ چوو!کاک حەسەن دەڵێ:بڕۆوە شوێنی خۆت با ئەگەر شتێک رووی دا ھەر ئەو سێ کەسە شەھید بین!
(دەقیق وشەیەک کە چەند دەقیقەیەک پێشتر بە زاری کاک حەسەن داھاتووە).
دوو کەسەکەی دیکەش دوورتر لەوان نیگابان دەبن!دووبارە کاک عووسمان سەردانیان دەکاتەوە..کە کاک حەسەن دەڵێ:چیم پێ گووتی؟زوو بڕۆوە جێگای خۆت!چەند ھەنگاوێک لەوان دوور دەکەوێتەوە….لە پڕ ئاگرێک و دەنگی تەقینەوەیەکی گەورە ناوچەکە دادەگرێ،ئەو تەختی ئەرزەکە دەبێ!کە راست دەبێتەوە لە گەڵ دوو ھاورێکەی دیکە دەچنە شوێنەکە،بۆوەی بزانن چی رووی داوە…نە دەنگێک و نە ھاوارێک نابیسرێ زۆر دەگەرێن لەو شوێنە،تەنیا چەند پارچە پەڕۆیەک“جل و بەرگی سووتاو کە ھێشتا بۆنی سووتانی لێدێت لە گەڵ چەند قایشێک و پارچەی پشتێند زیاتر ھیچیان دەست ناکەوێ.ئاخ چەند تاڵە ئەو دیمەنە کێ دەرقەتی چاو لێکردنی دێت،ئاخر دەنگێک،ھاورێ گیان…سکاڵایەک،وەسییەتێک
ئەو شەوە تاریکە لە ئێمە بۆ بێ ئەستێرە بوو،کوانێن ھاورێیانم دەستە ساردەکانتان،ھەناسە گەرمەکانی ئێوە بۆ کوێ چوون…بەڵێ:کارەسات روو دەدات ھەر ئەو مین”ی چەندین رۆژە ئەوان شاخ بە شاخ و دەوەن بە دەوەن دەیگێرن دەبێتە ھۆی شەھید بوونی ئەو سێ تێکۆشەرە.لێرەدا:جارێکی دیکە چاو لەو باوەڕە مەزنە بکەن!ئەوان بەڵێنییان داوە ئەگەر بە قیمەتی گیانیشیان بێ دەبێ بیبەنە سەر.عووسمان لە چەند شوێنێکەوە بە سووکی بریندار دەبێ و ھەست پێناکات.
تا دواجار دوای گەرانێکی زۆر ھیچیان دەست ناکەوێ،بە نائومێدی و دڵ برینداری لەو خەمە گەورەدا دێن تا شوێنەکە بە جێ بێڵن.چەند ئازاری ئاوان تاقی کردنەوە،چەند ھاورێی شەھیدن بێ کفن و ماڵ ئاوایی بەرێ کردوون.کات درەنگەو تازە دوای کارەسات و تراژیدی ھیچ ناکرێ،ئەو سێ کەسەی رزگاریان بووە یەکسەر دێن بۆ دۆڵەکۆگێ“کەس خەوی ناچێتە چاوان،چی جواب بدەنەوە!
بەیانی کە ھەوا رووناک دەبێ دەبینن ھەموو گیانیان شەڵاڵی خوێن بووە.رۆژەکەی یەکسەر دێن تا بگەرێنەوە بۆ(قەڵادزێ) لە رێگا ماشێنیان دەست ناکەوێ،ئەوە دەبێ بە پێ دەکەونە رێ،لە ناو خۆشیان ناکۆک دەبن لە سەر ئەوەی کە بە ماڵی باوکی کاک حەسەن چاپەز“بڵێن:یا نە!ماڵی باوکی ئەو کات لە (دووبێ)دەبێ سەر رێگاکەی خۆیان.دوا ساغ بوونەوەیان ئەوەدەبێ:کە باسی ھیچ نەکەن تا دەگەنە مقەڕی پێوەندیەکانی حیزب.کەچی لە رێگا تووشی مام عەلی“باوکی کاک حەسەن“دەبن..کە لە سەر رێگاکە چاوەروانی ماشێن دەکات،دەیەوێ بچێت بۆ قەڵادزێ،دەڵێ:ئەدی کوا حەسەنی کووڕم؟
چاوێک لە یەکتر دەکەن…دەڵێن:چوونە گووندی(بووبانێ)بۆ ماڵی مامی!مام عەلی“چاوێکیان لێدەکات و یەکسەر دەڵێ:
حەسەنی کووڕم شەھید بووە.ئەوان ئیعتراف“ناکەن.بەیەکەوە سواری ماشێن“دەبن تا (شیوەرز)لەوێ مام عەلی دادەبەزێ!لە سەفەری چوون بۆ شار پەشیمان دەبێتەوە!دووبارە دەڵێ:حەسەن شەھید بووە…بێشک دڵی خەبەری داوە!بەڵام:نایەوێ زۆر ئیسرار بکات و گووێی لە ھەواڵە جەرگ بڕەکە بێت.
ئەوان دێن بۆ قەڵادز“ێ.لەوێ لە مقەری پێوەندییەکان“ کاک ئەبووبەکر مارەغانی ھاوسەری براژنە ئەستی بە مەئموورییەت لەوێ دەبێ،ھەواڵەکە باس دەکەن و رووداوی کاریگەرو چۆنییەتی شەھید بوونەکەیان دەگێرنەوە.دوای بیستنی ھەواڵەکە کاک ئەبووبەکر بەرەو دێگەڵە وەرێدەکەوێ،بە ھۆی دەرنگی کات بۆ تاریک داھاتنی ھەوا دەگاتەوە(دێگەڵە)
……………………………………….
لە (دێگەڵە)چی رووی دا:
من لە ماڵەوە بووم تازە نان و چایین خواردبوو،لە پڕ مەنیج“خۆی بە ماڵ دا کرد زۆر بە پەشۆکاوی گووتی:عەلی…خەبەرێکی تاڵ!چی بووە؟
سێ پێشمەرگە شەھید بوون…..ئێستا باسی کرد شەھیدەکان کێن.
ئای کە تاڵ بوو…ئێستا دوو لەو شەھیدانە خووشکیان لێرەن.براژنە فاطم“خووشکی شەھید ساڵح“،براژنە ئەستی“خووشکی شەھید حەسەن چاپەز.
زۆر بە پەلە ھەواڵە دڵتەزێنەکە دەنگی دایەوە.پێشمەرگەکان مات و مەلوول بۆ لە دەست دانی سێ“ھاوسەنگەری دڵسۆز سێ“ھاورێی رۆژو شەوان،ئێستا ئیدی نایان بینینەوە،نە پیاسەی ئێواران و نە خەندەی پڕ لە ھیوایان،لێرەوە ئەوان ون دەبن لە بەرچاو،بەڵام:لە دڵی ئێمە دا دەبن و ئەرکی ھاوسەنگەرانیان قوورستر دەبێ.
کە ھاتمە دەر بینیم لە بەر دەرگای ماڵی براژنە ئەستی“و براژنە فاطم“رەفیقان کۆبوونەوە،بە پەلە بەرەو ماڵی ئەوان رۆیشتم ھەر دووک ماڵ جیران“بوون.سەرەتا چووبوون بۆ ماڵی کاک ئەبووبەکر،مامۆستا مەلا ئەحمەد،کاک رەحمان مەحموودی“کاک عەلی مام حوسێنی و چەند کەسێکی دیکە.یەکێک لە ناخۆشترین دیمەنەکانی دوایی شەھید بوونی ھاورێیانمان ئەوە بوو:کە ئەگەر قەرار با ژن و منداڵی“ یا کەسێکی نزیکی لەوێ با بچی و ھەواڵەكەی پێ رابگەیەنی.ئێمە زۆر جار ناچار بووین ئەو ھەواڵە جەرگ بڕانە بگوازینەوە،چەند سانیە دواتر شاھیدی فرمێسکی بە لێزمە بین.من خۆم ئەو دیمەنەم تاقی کردبۆوە بۆ شەھید بوونی باوکم.براژنە فاطم“خووشکی شەھید ساڵح کارەساتی بۆ دووبارە دەبۆوە،ماڵی مام عەزیز دووجار،ئێدی ئەو چیرۆکە تاڵە درێژ دەبۆوە.
میوانەکان نۆرماڵ نین!لەو کاتەدا:ئەدی کاک ئەبووبەکر بۆ گەراوەتەوە!نیشانەکان دیارن!
دوای سڵاو و دانیشتن مامۆستا بە پێشەکییەک دەیەوێ بڵێ:کاک حەسەن بریندارە…نا زۆر زوو دەردەکەوێ کاک حەسەن شەھید بووە….دەنگی گریان ھەموو ,قەڵا“و جیرانان رادەپەڕێنێ.براژنە فاطم“بە پەلە دەگاتە ئەوێ تا دڵ خۆشی براژنە ئەستی بداتەوە!پێی بڵێ:من برایەکم شەھید بوو ھیچم پێ نەکرا.دەقیق ھەر وا دەڵێ:کاتێک ئەو قسانەی کردن ھەموومان چەند جار تاساین!چاوێک لە یەکتر دەکەین!ئەو کاتەیە کەس قسە ناکات و ھەمووان گوێ بۆ ناڵەو ھاواری براژنە ئەستی“دەگرین.ئێستا ئەو کاتەیە ھەستێکی ناخۆشی و خەم و حەسرەت کڵپە دەکات،ئەی چەند ئێوارەیەکی لێورێژە لە فرمێسک.ئێستا زۆر نابات و دەبێ براژنە فاطم“شینی خۆی دەست پێبکات.چۆن برینی ئەو دووبارە دەبێتەوە،کێ خەیاڵ دەکات کۆستەکە زۆر لەوە گەورەتر بێ.دوای ماوەیەک بە پچڕ پچڕ و ئەو قسانەی زۆر زوو دەردەکەوێ ناوەرۆکیان شتێکی دیکەیە دەست پێدەکات…براژن گیان…کاک ساڵح“یش بریندارە….ئەوەندە بەسە تا ئێمە بۆ ماوەیەک بێدەنگ بین و ھاوارو سکاڵای براژنە فاطم“لە دەست چارەنووس بگاتە ئاسمان….شینگێری ئەو جارە درێژ دەبێتەوە…دایکم بە کووڵ لە گەڵیان دەگری کە دەزانێ قادر میراوەییش“شەھید بووە،ھاوار دەکات و دەڵێ:ئەو جار نۆبەی منە،با بە جێگای دایکی قادر یا خووشکی قادری جوانەمەرگ شینگێری بکەم.
کە رۆژی رزگاری ھات بیرتان نەچێتەوە،ئەو دایکانەی لە دوورەوە دوایی چاورەوانییەکی زۆر سیمای جگەرگۆشەکانیان نەدیتەوە،پڕ ئازارترین دایکانی دنیان.
…………………………………………………..
تێبینی:سووپاس بۆ ھاورێی خۆشەویستم کاک عووسمان زەردەکانی و زانیارییەکانی
کە خۆی بە شداری ئەو رووداوە دڵتەزێنە
بووە.
گڵکۆکە:گڵکۆی شەھید حەسەن چاپەزە.
لە گەڵ وێنەی شەھیدەکان.

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *