بەشی پەنجاو شەشەمی گەرانەوە(۵۶) له‌ نووسینی:عەلی سوورەچۆمی

Posted by
بەشی پەنجاو شەشەمی گەرانەوە(۵۶) له‌ نووسینی:عەلی سوورەچۆمی
زنجیرەی سێ ٣
……………………
بۆ نووسینی بەشێک لە رووداوەکان ھێندێک جار ھەست دەکەم زۆر ئەستەمە لەبەر بی بە سانایی خۆتی لێ بدەی.
چاو لێدەکەم بەشێک لەو مێژووە زۆر تاڵە وەک ئەوە وایە لە جەستەت ئێسکێک شکابێ و دوای چەند ساڵ جێگای خۆی نەگرتبێتەوە!جا تۆ ناچار بی جارێکی دیکە سەردانی جەرڕاحێک“بکەی بۆوەی دووبارە بیشکێننەوە،دواتر سەر لە نوێ ھەلی بەستنەوە.
ئەو کاتە یەکسەر یەکەم برین و ئازار تەداحی“دەبێتەوە.
ئەو کارەساتەی ئێستا ئێمە باسی دەکەین زۆر قوورسە،لە لایەک کارەساتێکی گەورە، لە لایەکی دیکە دەبێ بوێرانە شان بخەینە ژێر باری مەسئوولیەتی خەم ساردییەک کە ھەموومان تێیدا شەریکین!
……………………..
جا لە گەڵم بن با بە بزانین چی رووی داوە بەو دەسترێژانە.
لە تاریکی دا لە پشت رێگا و بەر رێگا ھەتا بەشێک ھەر لە رێگاکە دا درێژ ببوون.لە پڕ کێی کوورە رایچڵکاندین!؟بێ ئەوەی ھیچ وەڵامێک لە ھیچ لایەک ھەبێ رەگبارەکان دابارین!لە ھەر دووک لاوە تەقە کرا بۆ ماوەی چەند دەقیقەیەک تەقە گەرم بوو.شتێک کە زوو بوو بە جێگای پرسیار؟ئەوە بوو:باشە ئەو ھێزە چەکدارە چۆن توانی ئاوا دەست بکاتەوە!ئەو جۆرە بەرگریە جێگای سەر سووڕمان بوو..!!رەئووف کۆڵەسە“یی کە پێشتر لە ھێزی زمزیران پێشمەرگە ببوو،وەک من بزانم ماوەیەک گەرابۆوە بۆ ناوخۆی وڵات،پاش ماوەیەک دووبارە ناچار دەبێ بێتەوە دەرێ و ببێتەوە پێشمەرگە ئەو جار لە ھێزی گیارەنگ،دواتر و دوای ئەو رووداوە کاک رەئووف“دووبارە گەرایەوە بۆ ھێزی زمزیران“بەداخەوە ھەر لەوێش شەھید بوو و چۆ ناو کاروانی شەھیدان.کاک رەئووف“زوو گووتی:ئەوانە ھێزی دوژمن نین یا تیمێک“پێشمەرگەی رێبەرایەتین!کە ئەو کاتیش حیزب دوو“بەش بوو!یا تیم“ی خۆمانن.
…………………..
لە یەکەم رەگبارەکان دا کارەسات رووی داوە!
…………………..
یەکێک لەوان بەجێماوە لە رێگاکە دا لە سەر چەنگ“ کەوتووە ھەر دەڵێی خەوتووە!لە تیم“ی ئێمە عەلی بۆکانی“بریندارە“گووللەیەک بەر لاقی کەوتووە!ئێمە دووسێ کەس زۆر لێی نزیک بووین تا ھەڵنەستا ھیچ رووی نەدا ،کە راست بۆوە ھاواری کرد بریندارم.
تەقە ھەر ھەبوو ئەوان پاشەکشەیان کردبوو،کە زانیبوویان سمائیل نیژاوەیی“ بە جێماوە بە پەلە بەرنامە دادەنێن.دۆلێک“ کە ئاو دایبڕیبوو کەوتۆتە خوار ئێمە، دەیانەوێ لەوێوە تەواوێک نزیک ببنەوەو دووبارە لە ھێزەکەی ئێمە بدەن.لەو ماوەدا وا بزانم کۆدەڵەیی“و کانیبی“دەگەنە سەر جەنازەکە.ئێمەش کە بەرەو پێشەوە چووین مەحمەد شاڵی ھاواری کرد ئەوە جەنازەیە!دوو کەس بەرەو مەحمەد شاڵی“ رۆیشتین،لەو کاتەدا:یەکەم جار رەئووف“درووشم“ی“دا:قاسملوو قاسملوو“رێگات درێژەی ھەیە!ئەوان بەوە زوو بۆیان روون دەبێتەوە چی رووی داوە!کاتێک پێشمەرگەکان ھاواریان کرد ئەوانیش بە ھەمان شێوە شیعار“یان دایەوە…بەوە شەڕ وەستا !کە گەیشتینە سەر جەنازەکە کە چاومان لێ کرد کۆڵەپشتییەکەی ئاڕمی حیزب“لە سەریەتی!ئەی ھاوار کێ باوەڕ دەکات ئەوە سمائیل نیژاوەیی“یە کادری دەرمانی خۆمان.
شتێک کە لێرە پێویستە باس بکرێ ئەوەیە:چەند سانیەیەکی دیکە ئەو درووشم“دانە دوا بکەوتبا کارەسات لەوە گەورەتر دەبوو!چۆن ئێمە بە خەیاڵی خۆمان دوژمن شکاوە!کۆببووینەوە زیاتر لە دەوری عەلی رەحیمی“.ئەوان ئێمە دەبینن عەلی باساوەیی“و کوورەکانی دیکە خەریک دەبن بە سەرو رەگبار لە ئێمە بدەن!ئەو درووشمانە“وا دەکەن زوو بزانن ئەوە تیمێک“ی دیکەی پێشمەرگەیە بە پەلە یەکتر تێدەگەیەنن دەست رادەگرن.ئەگەر ئەو چەند دەسترێژەی ئەوان ھاتبا سەری کارەسات لەوە گەورەتر دەبوو.
بە بانگ کردن بەرەو ئێمە ھاتن!تازە چی!؟ئەوە ئەو تیم“ەی خۆمانە کە مەڵبەندی دووی“کوردستانیان یاوەری کردوە.با ھەر بە کوورتی ئەوەش باس بکەین: ئەوان شەوەکەی لە گەرانەوەدا لە گووندی زێوە“لا دەدەن شەو ئاگادار دەکرێن ئەگەر بە فڵان شوێن دا دەڕۆن دەبێ زۆر وریا بن لە نزیک خێلە“و کانی خاتوون“کاروان کەوتۆتە کەمین“ی جاش و پاسدار، بەو پێیە بێ دەبێ لەو شوێنە زۆر وریا بن!جا چاو لەو رێکەوتە بکەن!ھەر ئەو ھەواڵە بە ئێمەش درابوو!بۆ چارەنووسی تاڵی ئیمەش ھەر دووک تیم“دەقیق لەو شوێنە بە یەک دەگەین!زۆر جار شەوانە لە رێگا دا تووشی کاروانچی یا خەڵک بووین و بە پارێزەوە ھەڵس و کەوت کراوە،ھەر ئێوارەکەی کە ھاتین لە ھەورازی خوار گووندی دیواڵان“تووشی کاروان بووین.کاروان لە ھەر جێگایەکی ناوچەکان پێشمەرگەیان تووش با دوای دڵنیا بوون کە ئەوە تیم“ێکی پێشمەرگەیە دڵ خۆشی دایدەگرتن، لەوە دڵنیا دەبوون ناوچەکە ئارامەو کاروان پارێزراو دەبێ،شەوانە زوو ھەستن بە بوونی ئەوان دەکردو خۆمان بەر رێگاو پشت رێگا دەکرد،خۆمان مەڵاس دەدا بۆوەی ئێمە نەبینن!ئەگەر ئێمەشیان دیتبا زۆر دەگمەن ھەبووە شوێنەکانی ئێمە لای دوژمن باس بکەن.
…………………….
خەمساردی و پێوەندی نەگرتن بەو تیم“ە…..
…………………….
ئاکامی ئەو خەم ساردییە جارێ یەک شەھید“ و بریندارێکە“.ئەوان بەرەو ئێمە ھاتن…لەحزەیەک کە ھەموومان ھێشتا تاساوین،فرمێسک لە چاوی پێشمەرگەکان دا قەتیس بووە ،عەلی بۆکانی“کە زانی سمائیل نیژاوەیی“ھاورێ و رەفیقی گیانی بە گیانی شەھید بووە ئازاری لاق“شکان و برینە کاریگەرەکەی خۆی لە بیر دەکات و بۆ ھاورێیەکەی بە کووڵ دەگری…..
کاکە ئەگەر ھەر ھێزێک بێ لە جێگای ئێمە بە ماندوویەتی و ھیلاکی تووشی ئەو خەسارە گەورە بێ دەبێ چی بکات!دەستی شکاوم،بە لێزمە گریان دەتوانێ ئەو برینەی جەستەی ماندووی ئێمە چارەسەر بکات!بە باوەرەوە نا..!دەی کاکە ئێمەش ئینسانین سەختی کارمان تێدەکات! تەنیا خۆ سەرزەنش کردن و لۆمە دەتوانێ ھیچ بۆ ئێمە بگێرێتەوە!نا تازە رێگاکە بە خوێن سوور بووە سمائیل“ھێشتا چاوەکانی دانەخستووە،عەلی“بە سەختی بریندارە.لێرە تەنیا دەبێ وەک لووتکەی گیارەنگ و لانک خۆراگر بی،بەرگەی ئازار بگری،رێگا نەدەین چرای کزی بناری چیا بکووژێتەوە،دەست بخەینە سەر برینە پڕ ئێش و ئازارەکە نەچەمێینەوە.ژیانی ئێمە،رێگای سەربەستی و رزگاری دەمێکە بە خوێن نەخشاوە پێویستە ھەر ئەم شەو بڕیاری خۆمان بدەین،بۆ بەیانی بیر لە ھێرشی دوژمن و زۆر رێگا چارەی دیکە بکرێتەوە.بۆ ھەموو ئەوانەی باس کرا کووڕی رۆژی تەنگانەت دەوێ،دەی کوورانی شاخ….باڵای چیا نابێ بکەوێ،لۆمە و رەخنە جارێ رابگرن تواناکان بکەنە یەک،فرمێسکەکان بسڕن.
دەبێ چی بکەین:
………………………….
ھەر چەند،چەند جارێک ئەو نووسینەم جێ ھێشت،بەڵام:بەو حاڵەش ھەوڵ دەدەم تەواوی ورەدکارییەکان باس بکەین.شەھید سمائیل“دەبێ بە کۆڵ دوور بخەینەوە،،عەلی بۆکانی“ھەر بەو جۆرە.ھەر دووک تیم“کەوتینەوە سەر یەک بە چاوی پڕی فرمێسک باوشن بە یەکتر دا کرد.
کاک عەلی بە پەلە برینەکەی بۆ بەسترا سێ ھاورێی خۆشەویستی کادری دەرمانی کاک ئەییووب سووری،سەیدخدر،خەلیل ئەسپەندار چارەسەری سەرەتایی بۆ برینەکەی دەکەن،کەس خەیاڵی بۆ ئەوە ناچێت عەلی“تووشی کارەساتێکی چاوەروان نەکراو بێ!خۆشی ورەی بەرزە و پەرۆشی و خەمی لە دەست دانی سمائیلی“لێ دەرچێ، دڵ خۆشی ئێمە دەداتەوە،دیارە:کاک عەلی“لاقی شکاوە بەو پێیە ئازاری یەکجار زۆرە.
…………………..
بریارە قوورسەکە:
ھەر دووکیان دەبێ بە درێژایی چەند سەعاتێک دوور بخرێنەوە،ئەویش بە شان و پیلی کوورە ماندووە و دڵ بریندارەکان.سمائیل نیژاوەیی“ بە کۆڵ ھەڵدەگرین ئەو شەھید بووە ئێستا تەنیا ھێزی جەستەیی زۆری دەوێ،کەچی:عەلی بۆکانی“بریندارە ئەو بە ھەموو تەکانێک ھاوار دەکات و کزە دەخاتە دڵی ئێمە،دەبێ بە وریایی جووڵەی پێ بکرێ.
…………………….
بە پەلە بە پێی رێنمایی فەرماندەکان:
دابەش بووین شانن خستە ژێر ئەرکی بە کۆمەڵ بەشێک شەھید سمائیل“کوورە لاوەکەی ھێزی گیارەنگ دەبێ ھەڵبگرن.تیمێک“ عەلی بۆکانی“ھەڵ بگرین.بڕیاری کۆتایی درا و وێکرایی وەرێکەوتین تا بە ھەر جۆرێک بووە بگەینە ئاوێک“و تینوەتی لە رادەبەدەر بشکێنین.رێگا دەستی پێ کرد تا سەرکەوتین و دووبارە شۆڕ بووینەوە بۆ ئەو شوێنەی ھەر ئەو شەوە لامان دا بوو،ئەو ماوە بە نۆبە شان بە شان ھێنانن،کەچی ئێستا بە دڵێکی پڕ لە ژانەوە دەگەینەوە ئەو شوێنە.ئەوانەی ئەو جۆرە رووداوانەیان بە سەر ھاتوون باش دەزانن کەسێک کە شەھید بوو بە ھۆی ئەوەی شل دەبێ زۆر لەوە زەحمەت ترو قوورسترە کە گیانی تووندە و زیندووە.ئارەقە ھەموو گیانی داگرتووین بۆنی خوێن و لیباسی خوێناوی ھەر دێت و زیاد دەبێ.کاتی ئاوا دەبێ ئەوانەی ھێزی جەستەیان زیاترە فیداکاری بکەن بەو حاڵەش ھاورێکانی دیکەش لە ھەڵگرتنی رەخت و تفەنگ و کۆڵەپشتی و تەواوی وەسایلی ھاورێکانی دیکەیان بە تەواوی ھاوکارن.دووربینی فیلم بەرداری“یەکەم دایە شەھید مەحمەد شاڵی“و وێرای چەند ھاورێیەکی دیکە ھەرچی ھێزی لە جەستەمان دا بوو ئەو شەوە دەیکەینە ئەو ئەرکە ئەخلاقییە کە دەمێکە بە لێنمان داوە.
کاک عەلی“بۆ ئاو ھاوار دەکات یەکە یەکە ناومان دێنێ،،،کاکە ئێمە دەزانین چەند تینووی ھەر وەک بەڵێنمان داوە جار جار دەوەستین ،لێوە ویشکەکانت بە یەک دوو قەترە ئاو تەڕ دەکەین بۆوەی نەبێتە مەترسی بۆ سەر گیانت
ئەگەر چارەنووس لەوە تاڵتر نەھێنێ کاکە تا ھێز لە جەستەمان دابێ رێگا نادەین تۆ نائومێد بی…….
…………………….
بە شەکەتی گەیشتینە شوێنێک لە دەشتی دیواڵان گۆرستانێک“بوو ،لەوێ دەبێ بیرێک لە شەھیدەکەمان بکەینەوە،دواتر چارەیەکی بریندارەکە بکەین.وردە وردە شەو درەنگ دەبێ ھێزی رۆیشتنی ئێمە لە کەمی داوە….
ئاسمان ھێشتا دەدرەوشێتەوە وەزینی چەند ھەناسەیەکی با پێدەشتەکە دەبڕێ و کاکۆڵی ھاورێ شەھیدەکەمان دەبزێوێ،لە دەست یاسای سرووشت و رووداوە تاڵەکانی بێدەنگ و کپ دانیشتووین.تەنیا ئاسمان و ئەستێرەکان…و نووری کزی چەند چرایەکی دوور دەبنە خەیاڵ و ئاوێتەی بیرو ھیواکانن دەبن.ئیدی لێرە کەس چاوەروانی کازیوەی بەیان ناکات کەس حەز بە زەردەپەڕە ناکات.لێرە مەودای نێوان مەرگ و ژیان چاو ترووکانێکە.لێرە خەندەکان زوو ویشک دەبن.
چاوەروانی بەشی داھاتوو بن.
تێبینی:
دەستی کاک عوومەر فەرخەپوور خۆش بێ بۆ ئامادە کردنی ئەو وێنەیە.

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *