ئەوڕۆژانەی قەت لەبیرناچنەوە (بەشی ۴١) له‌ نووسینی : خدر پاکدامه‌ن

Posted by
ئەوڕۆژانەی قەت لەبیرناچنەوە (بەشی ۴١) له‌ نووسینی : خدر پاکدامه‌ن
بەتێپەڕبوونی زەمان جۆش و خڕۆشی خەبات تا دەهات زیاتر پەرەی دەستاند، دوو هێز لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە حاڵی بەربەرەکانیدا بوون؛ یەکیان هێزی پێشمەرگەی کوردستان کە بە چەک و ئیمکاناتێکی کەم و بەهاوکاری و پشتیوانیی خەڵکی کوردستان دیفاعیان لە مان و مەوجودیەتی گەلەکەیان دەکرد و، ئەوەی دیکەیان هێزی پۆشتە و پەرداخی دژی گەلیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بوو کە هێزێکی بێگانە بە خەڵکی کوردستان بوو.
هێزی دوژمن کە بەهێز و ئیمکاناتی زۆر دەیهەویست خۆی بە سەر نیشتمانی کورداندا فەرز بکات، ئێستا دوای چل ساڵ ئەو ئاواتەیان بەدی نەهاتووە و قەتیش نایەتە دی و جۆش و خرۆشی لاوانی کورد و هەستی نەتەوەیی زۆر لەو سەردەمە بەهێزترە. ئەوە هەر نەورۆزی ئەمساڵ بوو کە لە شار و گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کیژ و کوڕان بە جامانە و هەورییەوە سەلماندیان کە هێزی سەرکوتکەری ڕێژیم و رێژیمەکە لە تەواویەتی خۆیدا نەیتوانیوە ئیرادەی ئەم نەتەوە دەستەمۆ بکەن.
لە نووسینەوەی بیرەوەرییەکانی خۆمدا ساڵی ١٣۶٨ی هەتاوی بە هەموو خۆشی و ناخۆشیەکانیەوە بەجێ دەهێڵین و بەرەو ساڵێکی نوێ هەنگاو دەنێین. لە کۆتایی ساڵی ١٣۶٨دا گۆڕانکاری لە کومیتەی شارستانی سەردەشت و هێزی گیاڕەنگدا پێک هات. هەردوو بەرپرسی کۆمیتەی شارستان و فەرماندەری هێز گۆڕدران؛ کاک فەتاح عەبدولی و کاک حوسێن پەیرەوان ئەرکی دیکەیان پێ ئەسپێردرا و لە جێگەی ئەوان هاورێیان؛ کاک عەبدوڵڵا شەریفی، وەک بەرپرسی کۆمیتەی شارستان و کاک کاوە بەهرامی، وەک فەرماندەهێز دیاری کران. لەسەرەتای بەهاری ساڵی ١٣۶٩دا ئەوانیش وەک ساڵانی پێشوو سازماندەیی کاروباری حیزبی و پێشمەرگانەیان لەو هێزە دەست پێکرد. دوای تەوابوونی سازماندەیی هێز و کومیتەی شارستان کە کاک حەمە نارستی وەک جێگری هێز دەستبەکار بوو و دوای کۆتایی هاتنی هەموو کارەکان، لە مانگی جۆزەردانی ١٣۶٩دا هێزێکی تێکەڵاو لە سەرجەم هێز و کومیتەی شارستانی سەردەشت بەرەو ناوچە وەڕێ کەوتین. دوای دوو ڕۆژ مانەوەلە مەرزی گۆڕەشێر ئاودیوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووین. ماوەی چەند ڕۆژێک لە ناوچەی بوڵفەتی سەردەشت لە حاڵی گەشتێکی سیاسی _ نیزامیدا بووین، لە ماوەی ئەم چەند ڕۆژەدا سەردانی چەند گوندی ناوچەکەمان کرد. هەمووی ئەو کار و بارانەی حیزب کە دەبوو بیانکەین، بە پێی ئیمکان هەوڵیان بۆ دەدرا. خەڵکی ناوچەکەش بە باوەشێکی ئاوەڵەوە وەریان دەگرتین و هاوکار و پشتیوانمان بوون. هەروەک هەمیشە هێزە زەربەتەکانی کۆماری ئیسلامی بە دوای پێ و شوێنی ئێمەوە بوون و دیانهەویست زەربەمان لێ بدەن. بەڵام هەموو پیلانەکان بە وشیاری و ئازایەتیی هێزی پێشمەرگە و هاوکاری خەڵک پووچەڵ دەبوونەوە. دوای ماوەیەک گەشت و گەڕان لە ناوچەکە، ڕۆژێک بۆ مانەوە چوینە دۆڵی ڕەزانی پشتی واوان لە نیزیک ماڵی شاتمانی کە شوێنێکی گونجاوە بۆ مانەوەی پێشمەرگە و بە جەنگەڵێکی چڕ داپۆشراوە. ڕۆژەکە لەوێ ماینەوە شەوەکەش بۆ هیچ گوندێک نەچوین، دیار بوو شتێک لە گۆڕێدا بوو، شەوێ چەند کەسێک چوون لە گوندی شاتمان هێندێک شتیان هێنا و هاتنەوە، بەیانیەکەی کۆبوونەوەی فەرماندەرانی نیزامی بەبەشداریی سەرجەم بەرپرسان کە منیش لە گەڵ بووم بەڕێوەچوو. دوای باسێکی زۆر بڕیار درا کە سەر لە ئێوارەی ئەم ڕۆژە لە سەرجادەی پیرانشار _ سەردەشت لە تەنیشت گوندی واوان بچینە سەر جادە و عەمەلیاتێک لەسەر هێزەکانی دووژمن بەڕێوە بەرین. ئەو کاتەش بەهۆی زۆربوونی هێزێکی زۆری دووژمن لە ناوچەکە، ڕۆژانە ماشێنێکی زۆر لە هاتوو چۆدابوون. ئەو تیمەی دیاری کرا بۆ بەڕێوەبردنی ئەو عەمەلیاتە، باشم لە بیرە دەکەس بووین. مەسئولی ئەم تیمە فەرماند و تێکۆشەری ڕۆژەسەختەکانی خەبات کاک خالید نێووچوانی بوو لە گەڵ کۆمەڵێک لە تێکۆشەرانی ئەو سەردەمە وەک خالید پەردە، عومەر کانیبی، غەفور ڕیشی، خالید خۆی حسن خۆشکەلام خدربگ و چوار کەسی دیکە کە دواتر چوونەوە، وەڕێ کەوتین بۆ شوێنی دیاری کراوی خۆمان. بۆ ئەوەی لە هێزی دووژمن دیار نەبین، بە گەڵای داران خۆمان ئیستتار کرد، دیارە زۆرجا ئەوەمان بەکار هێناوە بۆ ئەوەی دووژمن هەست بە بوونمان نەکات. ناوچەکە کەمێک ئاوەدان بوو، بۆیە بە وریاییەوە هەنگاومان دەنا. لە نزیک شوێنێ دیاری کراوی خۆمان بووین بە دوو دەستە؛ چوار کەس بۆ لێدانی پایەگای تەنشت ماڵان کە زۆر لە شوێنی کەمینەکە نیزیک بوو، ئێمەش شەش کەس چوین بۆ سەرجادە. لەنیزیک جادە جەنگەڵەکە زۆر چڕ نەبوو، تەنیا لە تەنیشت جادە پۆلە دارێکی لێ بوو، دەبوایە ئێمە چووباین بۆ بن ئەم پۆلە دارە. سەرنجام خۆما گەیاندە ئەو شوێنە و و کەمینمان دانایەوە. لە ماڵان ڕا زۆر باش دیار بووین، بەڵام ڕەنگە کەم بە فکردابێ لەم شوێنە کەمین دانرابێتەوە چونکی مەودای نێوان پایەگاکە لە گەڵ ئێمە زۆر کەم بوو، بەڕاستی سەرەتا نەمدەزانی کە ئاوا نزیک بێ. لەوێ تەماسمان لە گەڵ تیمەکەی دیکە گرت کە لە شوێنکی زاڵ بەسەر پایەگاکەدا سەنگەریان گرتبوو، بۆ ئەوەی لە کاتی خۆدا بەئاگری چەکی خۆیان پایەگا ئاورباران بکەن و پشتیوانی لە تیمی سەرجادە بکەن.
دوای ماوەیەک مانەوە لەسەر جادە، ماشێنێکی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی کە هەڵگری پێچ کەس بوو کەوتە کەمینەوە؛ درایە بەر دەستڕێژی چەکی پێشمەرگەکان کە لە ماوەی چەند چرکەیەکدا بێ ئەوەی فریای هیچ بکەون هەر پێنچ کەسەکە کوژران و ماشێنەکە ئاگری تێبەردرا. گڕو و دووکەڵی سووتانی ماشێنەکە لە دوورەوە دەبینرا. بەداخەوە لەو تێکەڵچوونەدا کەسێکی شەخسی کە شۆفیری مینیبووس بوو، کوژرا. یا بەر گوللەی وێڵەکی کەوت.
جادەی نێوان پیرانشار – سەردەشت لە ماوەی ساڵەکانی شەست تا شەست وهەشت چەندین عەمەلیاتی جۆراوجۆری تێدا ئەنجام درا. ئەم جادەیە بۆ دووژمن یەکێک لە خەتەرناکترین جادەکای کوردستان بوو. لە خدراوێ تا دەگاتە سێڕای شاری سەردەست، چەندین ماشێنی هێزە سەرکوتکەرەکانی بەدەستی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لێ بوونە خەڵووز. هاوکات لە گەڵ هێرش بۆ سەر ئەم ماشێنە پایەگاکەش بەتووندی لەلایەن دەستەی پشتیوانەوە ئاگرباران دەکرا. لە نێو مۆڵگەکەش ژمارەیەک لە هێزەکانی کۆماری ئیسلامی کوژران و بریندار بوون. دوای سووتاندنی ئەم ماشێنە و زەربەلێدان لە پایەگا، بەرەو لای هێز گەڕاینەوە. لە کاتی گەڕانەوەی ئێمە دا لە چەند لاوە ناوچەکە تۆپ باران کرا، بەڵام ئێمە بێ زیان خۆمان گەیاندەوە لای هاوڕێیانی دیکەمان و درێژەمان بەگەشتی خۆمان لە ناوچەکە دا.
ئەوەندەی لەبیرم بێ، ئەوە یەکەمین عەمەلیاتمان بوو لە ساڵی ١٣۶٩ .
لە کۆتایدا سڵاو بۆ هەموو ئەم پێشمەرگە و فەرماندانەی لەو جەولەیەدا بەشداریان کرد وسڵاو بۆ گیانی پاکی هەموو ئەو کەسانەی کە لە ساڵانی دواییدا شەهید بوون، بەتایبەت شەهید خالید نێوچووانی، فەرماندەی ئێمە لەم عەمەلیاتەدا کە وەک لە بیرم بێ مانگێک دوای ئەم عەمەلیاتە شەهید بوو.

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *