بەشی:پەنجاو حەوتەمی گەرانەوە(۵٧) له‌ نووسینی:عەلی سوورەچۆمی

Posted by
بەشی: پەنجاو حەوتەمی گەرانەوە(۵٧) له‌ نووسینی:عەلی سوورەچۆمی
زنجیرەی ۴
زۆر دوور نەکەوتووینەوە… دەست دەکەینەوە بە گێرانەوەی رووداوەکان.
شەوێکی تاریک بوو لە نێو گۆرستانێکی خامۆش لە ژێر تەوژمی رووداوە تاڵەکە دا بووین،شەو راکشا بوو دەبوا مشوورێکی خۆمان بخۆین.بە ھەڵە دەستن چۆتە خوێنی یەکتر برینێکی بە ژان کە چاوەروانی ھیچ قەتماخەیەکی لێ ناکرێ.

یەکێکن لێرە کاروان تەرک دەکات،ئەو ئاواتی زۆر بوون کەچی رۆژگاری زاڵم و مەملەکەتی ژێر پۆستاڵی داگیرکەر خۆزگەکانی لە شەوێکی تاریک دا بە بەرچاوی مانگ و ئەستێرەکانەوە لوول دان،ئێستا کێ دەزانێ ئەگەر توانیبای دووا وتەی ماڵ ئاوایی بۆ ھاورێکانی بڵێ چی دەگووت……؟
…………
ماڵ ئاوایی:
پێشمەرگەکان یەک یەک بەرەو جەنازەی سمائیل“دەچن لە نێو خەمێکی قووڵ دا دوا ماڵ ئاوایی لێدەکەین.لێرە بە دواوە چەند کەسێک راسپێران لە گووندەکەی نزیک خۆمان کەسانێک ئاگادار بکرێن بۆوەی بە دوا خزمەکانی شەھید سمائیل“دابنێرن تا بەیانی یا ھەر ئەو شەوە خەمێکی لێ بخۆن و بە خاکی بسپێرن.ئێمە وردە وردە ئەو شوێنە واتە:گۆرستانی گووڵە زەردان“بە جێدەھێڵێن بەر لەوە چەند پێشمەرگەیەک توانیویانە دوو دار“گیر بخەن بۆوەی لە رێگای چەند جامەدانەو پشتێندێکەوە“کە ئی قەدی پێشمەرگەکانە بە کاریان بێنین بۆ ھەڵگرتنی بریندارەکەمان.ھەرچی لە بەر دەست بوو خستمانە نێوان دوو دارە“کە تا جێگاکەی نەرم بێت بەو جۆرە ئەو دار مەیتانەن“ئامادە کردن،لە رێگا تووشی زەحمەتی زۆر ھاتین رێگاکە تەنگەبەر بوو،ناچار بە دوو کەس دەخرایە سەر شان دوای ھیلاک بوونی ئەو دوو کەسە دوو کەسی ئامادە کە شان بە شانی ئەوان دەرۆیشتن وەریان دەگرت.کاک عەلی“ئازارێکی زۆری ھەبوو لە رێگا ھاواری دەکرد.ئێمە زۆر ماندوو بووین لە دەست ئازاری شان و مل،ھیلاک بوونێکی بێ ئەمان بەرە بەرە خەریک بوو تواناکانن تەواو دەبوون.بەراستی ئەو شەوە چەند کەسێک کە لە پەنجەی دەست تێپەڕ نەدەبوون شانیان دایە بەر ئەرکێک کە تارادەیەکی زۆر مەعاڵ بوو.
لە رێگا نێوە نێوە رادەوەستاین چەند قەترە ئاوێک بە گەرووی ھاورێی بریندارن دادەکرا.ھەموو ھەوڵێکی ئێرە بۆ نەجاتی کاک عەلی بۆکانی“بوو،کەچی:بێ ئاگا لەوەی ئەو شەوە یەکێک لە تاڵترین شەوەکانی ئەو پێشمەرگانە دەبێ و ھەڵەکانی ئێرە ھەر یەک و دوو نین..!
………….
ھەڵەیەکی دیکە….
چوار“کادری دەرمانی لە ھێزی گیارەنگ“:
یەک ئەو شەوە شەھید بووە،سێ کادری دەرمانی“ھاورێیەتی ئەو ھێزە“ گەورەی ئێمە دەکەن،ئەوان لە نزیکەوە چاوەدێری بریندارەکە دەکەن.شتێک کە بیرم ناچێتەوە لە رێگا کە لە سەر شانی ئێمە بوو بۆنی خوێن ھەر دەھات و زیاد دەبوو!ئێمە چەند کەسێک کە لێی دوور نەدەکەوتینەوە،خۆشکەلام،کانیبی،کۆدەڵەیی،ئەییووب،خەلیل،حوسێن.راستی ھاورێیانی دیکەم بیر نەماون.
بەو جۆرە بە شەکەتی و نیوە گیانی خۆمان گەیاندە ئەو جێگایە کە رۆژی پێشتر لێی مابووینەوە،جێگایەک کە بە خەیاڵی کەس دا نەدەھات ئێمە جارێکی دیکە بە وەزعێکی ئاوا خراب ناچار بین لێی بمێنینەوە.ئەو جارەش شەو تەواو درەنگ بووە،رێگایەکی کەم مەودا بە درێژایی شەوێک،بە ھۆی شەھید و بریندار“بە ئازارێکی زۆر تا بڕیمان،ئازاری رووحی،ئازاری جەستەیی،و ئازاری ویژدانی.کە گەیشتینە شوێنی مانەوە زۆر ھیلاک ببووین
چەند رەفیقێک ھەر نەخەوتن لە نزیکەوە چاوەدێری بریندارەکەیان دەکردو دڵ خۆشیان دەداوە،کە ھەوا تەواو رووناک بوو جارێکی دیکە لە دەوری یەک کۆبووینەوە،لە لایەک باسی کارەساتی شەوی رابردوو بکەین لە لایەکی دیکە بریندارەکە تەداوی“بکرێ.ئەوە بوو کاتێک تەواو ھەوا رووناک بوو دەرکەوت بریندارەکەمان ھیچ رەنگی پێوە نەماوە تەواو رەنگی زەرد بووە،ئەو حاڵەتە یەکەم زەنگی مەترسی بوو بۆ ئێمە لەوەش زیاتر جێگای پرسیار بوو؟باشە بۆچی بە برینێک یا لاق شکانێک“ئاوا تێک چووە !
کاتی دەرمان کردن دەرکەوت کە کاک عەلی دوو برینی لە سەر لاقی“بووە یەکیان شەوەکەی بەستراوە یەکێکیان نەبەستراوە بە درێژایی رێگا تا جووڵەی پێ کراوە خوێنی لە بەر رۆیشتوە!ئەوەش بە ھۆی تاریکی شەوەکە بووە.ئیدی لێرەوە دەرکەوت ھیچ خوێن لە جەستەی دا نەماوە،پێویستی بە خوێن ھەیە.
لای نیوەرۆ وەزع لەوە ناخۆشتر دەبوو چەند جارێک گووتی:من شەھید دەبم!ئەو قسەیە زۆر جێگای داخ بوو بۆ ئێمە.عەلی“زۆر خۆشەویست بوو نەمان دەویست بە ھیچ جۆرێک لە دەستی بدەین لە لایەکی دیکە کەس و کاری ئێمە بووین.
رەنگە لێرە زەحمەت بێ باسی ئەوە بکەین دەبێ لە شاخەکانی کوردستان و لە شەری کوردستان دا بۆ رزگاری لەو پەری بێ ئیمکاناتی دا چەند پێشمەرگە شەھید بووبن،بەڵام:لەوە دا شکم نییە کە ژمارەیەکی یەکجار زۆر بەو جۆرە نەتوانراوە لە مەترسی مەرگ دوور بخرێنەوە.لێرە کاک عەلی“بۆوەی شەھید نەبێ پێویستی بە چەند کیسەیەکی خوێن“ھەیە،کەچی لەو شاخە ھیچ شتێک دەست ناکەوێ.
………………
لای ئێوارە بەر لە جیا بوونەوە:
ئێوارە کە داھات دەبوا تیمێک“عەلی رەحیمی“ئەو دیو سنوور بکەن تا ھەرچی زووتر بگاتە نەخۆشخانە“ئەو تیم“ە ھەر ئەو پێشمەرگانە بوون کە عەلی باساوەیی“بەرپرسیان بوو و مەڵبەندی٢ی کوردستانیان لە رێگای ناوچەکانی سەردەشتەوە“ ھاورێیەتی کردبوو وەک شارەزا“.
لە تیم“ی ئێمە کاک ئەییووب سووری وەک کادری دەرمانی لە گەڵیان دەگەرایەوە بە ھۆی ئەوەی کە سمائیل کادری دەرمانی شەھید ببوو.
زۆر جار ھێندێک پێشھات روو دەدات یا ھێندێک نیشانە کە کاتی کێرانەوەیان بە ھۆی دەگمەنی یا نامۆ بوون ترس داتدەگرێ لە باس کردنیان!بە شاھیدی تەواوی ئەو پێشمەرگانەی لەوێ بوون ئێوارەکەی شتێکی نامۆ“رووی دا.ئەویش ئەوە بوو:
چەند جارێک لە ژێر ئەو دارەی کە عەلی بۆکانی جێگاکەی بۆ چاک کراوبوو،چوێلەکەیەک“دەھاتە پێش ئەو شوێنە کە بەرامبەر ئەو دارێکی چووکە بوو،دەھات لە سەر دارەکە دەنیشت،وای لێ ھات بە جریوە جریو“خەریک بوو بێزارن دەکات!باش نازانم کئ بوو چەند جارێک دارەکەی راوەشاند و دووری دەخستەوە کەچی دووبارە دەھاتەوە!تا وای لێ ھات کاک عەلی گووتی: من شەھید دەبم! چاو لێبکەن ئەوە نیشانەیەکی خرابە،ئیدی ئێمە زیاتر نارەحەت بووین زۆر دڵنەوایی کرا کە کاکە ھیچ روو نادات ورەت بەرز بێ و خۆراگر بە.
ئەوەی بۆ ئەو تیم“ە رێک خرابوو پەیدا کردنی وەڵاخێک“بوو تا پێی بگوازرێتەوە،دیارە:ھیچ چارەیەکی دیکە نەبوو دەبوا جێگای بۆ ئامادە بکرێ و لە سەری درێژ بکرێ ھێزی خۆ گرتنی نەمابوو.ئێوارە ھێزەکەی ئێمە کە بڕیار بوو درێژە بە گەشتی خۆمان بدەین،وردە وردە کات نزیک دەبۆوە تا جیا بینەوە لێرە دەبوا ئێمە دوا ماڵ ئاوایی لە ھاورێیان بکەین.کاتی جیا بوونەوە کاک عەلی بۆکانی“بە ناوھێنان ناوی ھێناین داوای کرد لێی نزیک بین !جوان جوان چاوی بڕییە یەکە یەکەی ئێمە گووتی:ئەوە دوا جارە براکانم ناتان بینمەوە،نیشانەکانی کەوتنی بۆکانی“دیار بوون بە تەواوی ویشک ببوو،ھیچ کام لەو قسانەی لەوێ کران نەیانتوانی وەڵام بن بۆ رەواندنەوەی مەترسی،چەند ساتێکی تاڵ بوو تۆ ئەگەر نەتەوێ باوەڕ بە رووداوێک بکەی تا زووتر لێی دوور بکەویەوە باشتر….
من ھەر چەند دەکەم ناتوانم بە وشە ئەو کاتە وێنا بکەم کە دوا ماڵئاوایین کرد ،گریان لە ئەوکی ھەمووان دابوو کەس ناتوانێ دەری ببڕێ تۆ بڵێی:بۆکانی“ئێمە شەھید بێ !ئاخر دوێنێ ھەر لەو شوێنە نووقمی خەندەو ھیوا بوو،ھیوا بە رزگاری و ھیوا بە داھاتوو کە رۆژێک دێت کەس و کارەکەی بە سەر بەرزی ئامێزی پێدا دەکەن.
ئێمە رۆیشتین ئەوان ھەر بەو جۆرە دەبێ ملی رێگا بگرن،کە دوور کەوتینەوە کەس نەبوو ھیوای ھەبێ بەوەی کە عەلی شەھید نابێ.
……………………
ھەواڵە دڵتەزێنەکە:
ئێمە لە رێگا سەختەکەی دەڕە“کە دابووین زۆر دوور نەکەوتبووینەوە ترسێک لەوەی چی روودەدات جار جار بێسیم“کەم دەکردەوە لە پڕ !عەلی باساوەیی“ھاتە سەر ھێڵ و بە دەنگێکی پڕ لە خەم گووتی:عەلی بۆکانی“بەداخەوە شەھید بوو،ھەواڵێک کە ئەژنۆی شکاندین ھێندەی دیکە داخی خستە سەر دڵی برینداری ئێمە تاوێک وەستاین لە رێگای پێوەندییەکانەوە لە ھەموو شتێک دڵنیا بووینەوە.
تەنیا خۆراگری دەتوانێ ببێتە ھۆی درێژەی ئەو رێگا پڕ خوێنە،بەڵێ:لاوەکانی وەک عەلی رەحیمی و سمائیل نیژاوەیی بۆی شەھید دەبن
ئێستاش کە ئێستایە ئەو رێگایە پڕ خوێنەو کاروان ناوەستێ.
ھەر ئێوارەکەی زوو کاک ئەییووب سووری گووتی:بەو جۆرە عەلی شەھید دەبێ برینەکانی گەورەن و جووڵەی زۆر دەکات بە سواری بەرگە ناگرێ،ھەر واش بوو.
لە نێو وێنجە“یەک سەری لە سەر رانی کاک ئەییووب“دەبێ ناوی بەشی زۆری کوورەکان دەھێنێ و دوا ماڵئاوایی دەکات.
ھەر لەوێ دەیشۆن و بە بەرگی پیرۆزی پێشمەرگایەتی“یەوە دەبێتە میوانی چەند شەھیدێکی دیکە لە گووندی ئاشەدینە“
دوا کارەساتی کەمتەرخەمی ئێمە بەو جۆرە کۆتایی ھات،لە باری رووحی و رەوانییەوە زۆر لە سەر ئێمە کاریگەری ھەبوو.ھەر ئەو شەوە بە دڵی داخ دارەوە رێگامان پێوا،لە رێگا چەندین جار تیم“ی پێشڕەو لە پڕ دەرەوییەوە !ئەوەش دەلالەت بوو بۆ شکانی ئێمە لە باری رووحییەوە.دوا جار لە نزیک چیای تاژەندەر“…………تا دەرفەتێکی دیکە………
دەستی کاک عوومەر فەرخەپوور(کانیەرەشی)خۆش بێت بۆ ئامادە کردنی وێنەکە………………………………………………………………

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *