بەشی سی و پێنجەمی گەرانەوە(٣٥) له‌ نووسینی عەلی سوورەچۆمی

Posted by

بەشی:سی و پێنجەمی گەرانەوە(٣٥)
نووسینی:عەلی سوورەچۆمی.
(٢)
جارێکی دیکە دووبارەی دەکەینەوە،ھێرشی گەورەی داگیرکەران وەک تۆڵە کردنەوەیەک وایە لە بڕی شکستەکانیان لە سەرتاسەری کوردستان.
ئێستا ئەگەر وەک بەرنامەی بۆ دارێژراوە جێبەجێ بێ،دەبێ شاھیدی رووداوێکی تاڵ بین!کە رەنگە مەزەندەی ئەوەی دەبوو بە چی کەمێک دشوار بێ.ھەنگاو ھەنگاو ھاودەمی یەک دەبین،تا بەرە بەرە دەچینە ناو قووڵایی رووداوەکە.

دوو ھێز دەمێکە لێرە رووبەرووی یەک دەبنەوە،ھێزێک کە دەیھەوێ وەک قەڵا بەرامبەر ستەم و داگیرکاری بوەستێ و سەرەرای ھەموو سەختییەک کۆڵ نادا.
ھێزی دووھەم ھێزی تاریکی و لە راستی دا وێرانی و سڕینەوە،کە ئێستا ئیدی لەوەدا شک نەماوە چ مەترسییەکە بۆ سەر گەلی ئێمەو باقی گەلانی دیکە.
ئیدامەی رووداوەکان:
………………………….
کاتێک فشارەکان روو بە زیاد بوونن،زۆر سرووشتی“یە تۆش لە بیری پاراستنی خۆت دابی.ئێستا بۆ ئەو مەبەستە لە بیری چەترێکی ئەمنییەتی داین،ئەگەر دووژمن بتوانێ لە نێو سەدان و ھەزاران کەسی ناوچەیەک چەند سیخوورێک بۆ خۆی بە رێگای جۆراوجۆر دا پەیدا بکات،سرووشتی“یە لە بەرابەر دا پێگەی تۆ سەدان قات پتەوترو بە ھێزتر بێ لە ھی دووژمنێک کە خەڵک ماھییەتی ناسیوە،خۆ ئەگەر وا نەبێ ئەو دوو ھێزە لە باری ئیمکاناتی شەڕو ھێزی ئینسانی“یەوە زۆر نابەرابەرن.
………………..
مەوقعییەتی ھێزەکانی بەرامبەر:
خاڵێک کە لێرە نابێ لە بیر بکرێ،بوونی ھێزەکانی جمھووری ئیسلامی“یە،ھەر لە رەشتە چیای قەندیل“بە دەیان کیلۆمیتر تا دەگاتە،دەراوی»دۆڵەتوو«کە بەو جۆرە پشتێندەیەکی ئەمنییەتی بۆ خۆی درووست کردوە.ئێستا لە درێژەی ئەو وەزعەی کە باسی دەکەین،بە ئاراستەی ئێمە چیای بەرزی(جاسووسان)ھەیە کە ئەوان لەوێوە بە سەر ناوچەکە دا زاڵن(بڕوانە وێنەکان).ئەو ھێزە زۆرەی دوژمن زیاتر بە پشتیوانی ئەو مەوقعییەتە ھێرشی خۆیان دەست پێ کردووە،ئەوە لە حاڵێک دا پشتی شەڕگەیان ھەیە.ئەوەی شایانی باس بێ،شەوەکەی ئەوان کە ھاتوون راستەوخۆ گووندی(زێوکەیان)تێپەڕاندووە!لەوەش زیاتر کاتی پاشەکشە بە ھەمان شێوە پێویستە لەوێوە بگەرێنەوە!.
با بۆ بەرچاو روونی ئێوەی خوێنەر ئەوەش بڵێین:لە درێژەی ھەوڵەکانی ھێزی گیارەنگ بۆ پاراستنی ناوچەکە،نزیکەی(٧)ئەسلەحەی حیزب لە گووندەکە ھەیە،لە گەڵ ئەوەی لە چەند شوێنێکی دیکەش ئەوە دووبارە بۆتەوە،ئەو کارە تارادەیەک بە نەھێنی بەرێوە دەچێت.با ئەو بەشە بۆ کۆتایی رووداوەکان لێگەڕێین!بزانین چی روو دەدات.
…………………….
ئێستا چەند زانیارییەکی دیکە:
بەیانی رۆژی ٢٩/٦/.دوای لە خەو ھەستان،یەک یەک و دوو دوو بەرەو ساڵۆنی گشتی دەچین،تا لە سەر سفرەیەکی پێشمەرگانە لە دەوری یەک کۆبینەوە،لە گەڵ چەند پاروە پەنیرێک چایەکی بە تام و چێژی دەستی کاک قەوتی“چایچی بخۆینەوە.سەرگەرمی قسەی خۆش بووین کە بێسیمی“کاک کاوە بەھرامی“م بۆ ھات.دوای ئەحواڵ پرسین،گووتی:سەفەرێکی دەفتەری سیاسی بۆ پێش ھاتووە،پێویستە ئێوە وریاو لە سەر ھەست بن،ئەوەشی باس کرد کە بۆ شەوەکەی دەگەرێتەوە.بە درێژایی رۆژ بە وریایی چاوەروانی گەرانەوەی فەرماندەری ھێزەکەمان بووین.لە کومیتەی شارستان بە رۆژ نیگابانمان ھەبوو تارادەیەکی زۆر ئەمنییەتی شوێنەکە لە بەرچاو گیرابوو.
رۆژەکەی چەند جارێک ھەستم دەکرد بە ھۆی کەمی ھێزەکانی ئێمە ئەو جمو جۆڵ و گەرمییەی رۆژانی پێشوو بەدیناکرێ.زۆر جار بەر لەوەی رووداوێک رووبدات بە جۆرێک نیشانەکانی ناراستەوخۆ بە مێشکی بەشێک لە ئێمە دا دێن!بە درێژایی ئەو رۆژە ھەستم دەکرد ئەرکی ئێمە قوورس تر دێتە بەرچاو.بە ھەر حاڵ،تا ئێرە:ھەموو شتێک ئاسایی دەگووزەرێ.دەمەو ئێوارە کاک کاوە“بێسیمی“کرد،وا دیارە:لە دوا خاڵی گەرانەوە بەرەو سوونێ دابەزیوە،شوێنێک ھەیە بە نێوی(گۆجاڕ)کە لەوێوە تا گەیشتن بە شوێنەکانی خۆمان دەبێ بە پێ بکەویە رێگا.سەرەتا پێم وا بوو:داوای چەند پێشمەرگەیەک دەکات تا ھاورێیەتی بکەن بۆ گەرانەوە!کەچی:دوای قسە کردن باسی ئەوەی کرد:کە ناتوانێ بگەرێتەوە،تەنیا بۆ ئەوە ھاتووە تا ئەو شوێنە! ئێمە ئاگادار بکاتەوە،دوای قسە کردن تێی گەیاندەم ئەرکی خۆمان چۆن بەرێوە دەبەین،دوا قسەکانی لە سەر کەمینی“شەوانە بوو،گووتی:تیمی شەوانە مەنێرن بە جێگای ئەوە ئێوە راستەوخۆ نیگابانێک“زیاد دەکەن.شەوانی رابردوو بەردەوام کەمین“لە شوێنی دیاری کراو دادەنرایەوە،ناراستەوخۆ تێی گەیاندین کە پێویست ناکات.لە کومیتەی شارستان دووکەس وەک نیگابان“دیاری دەکران.یەک لەو دوو کەسە رووبەرووی کومیتەی شارستان ئەو رێگایەی راستەوخۆ لە مەسیری ئێران“وە دەھات،لەو شوێنە سەنگەرێک لێدرابوو کە تەواوی رێگاکانی لە ژێر چاوەدێری دابوو.نیگابانی“دووھەم لە سەربانی زیندان“و بەر دەم پەلی فەرماندەیی.ئەو شەوە راستەوخۆ نەفەرێک زیاد کرا،شوێنی وەستانی بەر دەرگای کومیتەی شارستان دیاری کرا،دەقیق کاک کاوە شوێنەکەشی بۆ دەست نیشان کردین.بە ھەر حاڵ،بە دڵنیایی فەرماندەری ھێز لە گەڵ کاک رەسوڵ عەزیزی“قسەی کردوە،ئەوە وەک بەشی نیزامی“.لەوە بترازێین من ھیچ ئاگادارییەکی دیکەم نییە،بۆ وێنە:لە گەڵ کاک عەبدووڵا شەریفی“یا ھەیئەتی ئیجرایی چۆن قسە کراوە.کەس لە گەڵ ئێمە لە کومیتەی شارستان قسەی نەکرد.راستی لای ئێمە ھەموو شتێک وەک خۆی لەبەر چاو گیراوە.
با لەو گێرانەوەدا:شتێکی دیکە لە بیر نەکەین و ئێوەش بیرتان بکەوێتەوە،لە بەشی رابردوودا باسی لکی٣“کرا،کەواتە:ئاگاداری شێوەی ھەڵکەوتەی ئێمەن،لە کاتی پێویست دا:لکی٣“دەتوانێ وەک ھێزێکی پشتیوان بۆ ئێمە دەوری ھەبێ.لەوێ دۆشکەیەک“ھەیە کە سەنگەرێکی باشی بۆ لێدراوە،ئەو دۆشکەیە“بەشێکی دەستی چەپی کومیتەی شارستان و رێگای بێدەلان“ی لە ژێر چاوەدێری دایە.ئێستا ھێزەکانی پەلاماردەر ئەوەشیان رەچاو کردوە!زیاتر قوورسایی خۆیان خستۆتە دەستی راست و پەلی فەرماندەیی کە دەبێ لە ھەموو حاڵەتێک دا زۆرترین کردوە نیشان بدات.
…………………
بە پێی»نیشانەکان«
چەند خوێندنەوەیەک بۆ(ترح)بەرنامەی دوژمن.
————-
یەکەم:ئەو ھێزە بێ ھیچ بەربەست و پێشھاتێک دەگاتە شوێنێک کە نەدەبوو ھەرگیز پێی بگات،ئێستاش من سەرم سووڕما!لەو ھەموو زانیاری”یە وردو دەقیقەی ئەوان کە پشتیان پێ بەستووە!کەواتە:قۆناخی یەکەم وەک خۆی چۆتە پێشێ.
دووھەم:بە سەدان و دەکرێ بڵێین:نزیک ھەزار“مینی نەفەری و چەندین بۆمبی“گەورەیان ھێناوە،بە دەیان زنجیری »بی کەیسی«.
سێھەم:چەند(مھندس)ی شارەزای کاری(تخریب)یان پێیە.
مەبەستیانە مەیدانێکی گەورەی تەڵەیی“درووست بکەن.ھێشتاش روون نەبۆوە ھێزەکانی بەشداری ئەو شەڕە قوورسە ژمارەیان چەند کەس بووە!لەوەش زیاتر ئەو ھەموو(ئیمکانات)ە، چۆن گەیشتۆتە ئەو شوێنە.!بێگۆمان یا لە رێگای چەند سیخوورێک بووە!کە پێشتر کراوە،یا ئەو ھێزە ئەوەندە زۆر بووە کە توانای ھێنانی ئەو ھەمووە کەرەسەی شەڕی ھەبووە.
چوارەم:دوای تەواو کردنی کارەکانیان باشترین کات بۆ پەلامار کاتێکە،کە چەند پێشمەرگەیەکی کەم دوای ھەستان لە خەو بێ چەک لە ساڵۆنی نان خواردن لە دەوری سفرەیەک دادەنیشن،کەس چەکی پێ نابێ…لە کاتی رووداوی نەخوازراودا:تا گەیشتن بە مقەڕەکەیان مەودایەکی ھەیە ھیچ کەس ناتوانێ خۆی بگەیەنێتە ئەو شوێنە و دەکووژرێ.ھەوا رووناکە لە نزیکەوە ھەموو ئامانجێک دیارە.
پێنجەم:ئەگەر گەیشتنە ناو کومیتەی شارستان ئەوە ئامانج تەواو بەدیھاتووە،کە نەگەیشتن،مەیدانێکی گەورەی تەڵەیی ھەیە بە سەر ھەر ھێزێک دا دەتەقێنرێتەوە کە ھێرش بکات،ئەوە جگە لە دەیان ھێزی ئامادە لە پشتی شەڕگە،ھێزی پێشمەرگە دوو جار زەربە دەخوات،چۆن ھەر ھێزێک بکەوێتە سەر ئەو مەیدانە کاری تەواوە.
——-
دڵنیام ئێستا دوای ئەو بەرچاو روونییانە،دەزانن شەڕێکی ئاوا دەبێ چەند قوورس بێ…
ئێوارەیەکی پڕە لە غووربەت،ئاسۆ بەرەو ئاوابوونە،زەردەی خۆر بەرەبەرە ھەڵدەکشێ،چەتری رەشی شەوێکی تاریک بەڕێوەیە.چەند چرایەکی کز ھێمان بۆ ژیانێکی سەخت،پێشمەرگەکان لە بناری شاخ چاوەروانی رۆژێکی نوێ دەکەن.کەس نازانێ ئەو شەوە چی روودەدات!شەوی تاریک میوانی ئەوان نابێ،لە جەنگەی خەوێکی شیرین دا,دەنگی تەقینەوەو رەگباری دەیان کڵاشینکۆف بی کەیسی“و ئار بی جی“تاریکی شەو دەتارێنێ.
وەرن لێرە دەفتەری یادەوەرییەکانی ئەوان چاو لێ بکەن،وەرن شانازی بە خۆتانەوە بکەن،ببینن چۆن بەر بەو ھێرشە گەورە دەگرن،ھاشە و چڕە دووکەڵ،بۆنی بارووت ناوچەکەی داگرتووە…رەگبارەکانی دوژمن وەک باران دەبارێ.
دەبێ لە کاتی ئاوا دا چی بکەن! دوا بڕیاری ئەوان چی دەبێ
چاوەروانی شەرێکی قوورس بن لە نێوان ھێزەکانی پەلاماردەرو چەند پێشمەرگەیەکی کەمی پەلی فەرماندەیی“ و تیمێک لە لکی٣“لە بەشی داھاتوو دا.
—————————
سووپاس بۆ کاک حوسێن مەلا زوورار بۆ وێنەکانی
پڕ بە دڵ سووپاس کاک حەسەن خۆشکەلام گیان،بۆ ھاوکارییەکانی ئێوە بەردەوام و بە درێژایی ئەو گێرانەوانە.
سووپاس بۆ ھاوکاری کاک لووقمان کەسرایی لەو بەشەش دا.
سووپاس کاک مەحمەدی پوورە گوڵێ بۆ وێنەکانت.
تێبینی:
وێنەی ناوچەکە،شوێنی ئێمە،چیای جاسووسان،ھێمای سوور بۆ ھێزەکانی دوژمن،ھێمای سەوز ھێزەکانی پێشمەرگە.

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *