بەشی:سی و حەوتەمی گەرانەوە(٣٧) له نووسینی:عەلی سوورەچۆمی

Posted by

بەشی:سی و حەوتەمی گەرانەوە(٣٧) له نووسینی:عەلی سوورەچۆمی
لە بەشەکانی رابردوو دا باسی چەند لایەنێکی گرینگی ئەو ھێرشەو چۆنییەتی درووست بوونی شەرەکەمان کرد.لەو بەشەدا:ھەوڵ دەدەین چۆنییەتی یەکلاکردنەوەی شەرەکە باس بکەین.
باسی ئەوەمان کرد توانیومانە پێوەندی بێسمی”درووست بکەینەوە لە ھەموو شەرگەکان شێرانە سەنگەر لە دووژمن بگرین.ھێزەکانی ئێمە تا بڵێی کەم و بۆ شەرێکی ئاوا قوورس ناتوانن وەڵامدەر بن،ئەویش شەرێک کە وەک باس کرا بەو جۆرە چاوەروان نەکراو بوو.

ھێزەکانی جمھووری ئیسلامی“ سەرەرای ئەو ھێزە زۆرە،بە پشتیوانی تۆپخانەیەکی قوورس و بێ ئەمان خەریکی ئاور بارانی ناوچەکەن بەو شەوە تاریکە بریسکەی تەقینەوەکان،چڕە دووکەڵ و بۆنی بارووت ناوچەکەی داپۆشیوە.ئێران“ لە گەڵ عێراق“,ھەماھەنگی کردوە بۆ ئەو ھێرشە گەورە.بە پێی ریککەوتنی ھەر دووک وڵات،ھیچ تەرەفێک بۆی نییە،ھیچ جۆرە دەستدرێژییەک بکاتە سەر خاکی ئەوی دیکەیان،کەچی ئێراق“لێرە بێدەنگە!.پەلی فەرماندەیی بە شاھیدی ھەموو لک و ھێزەکانی پێشمەرگە ئەو شەوە حەماسە دەخووڵقێنێ.تیمێک“لە پێشمەرگە ئازاکانی لکی٣“ھەر وەک ئیشارەی پێکرا بە دەستی راستی ئێمەدا:کەوتوونە ناو شەرێکی قوورس لە گەڵ دووژمن،ئەو تیمە لە فەرماندەری پەل..ع..،فەرماندەی بە توانا کووری رۆژانی سەختی خەبات مەحمەدی مام ئاغا جێگری پەل،شێخە قەلەرەشی،دلێر شڵماشی، ھەروەھا چەند پێشمەرگەیەکی ئازا پێک ھاتووە کە من ناوەکانیانم لە یاد نەماوە.
چەکی قوورسی ئێمە دۆشکەیەکە،کە لە لکی٣“ھەڵکەوتووە،دەوری زۆر کاریگەری ھەیە.لە ناوەراستی شەرەکەدا ھانا بۆ ئاربی جی“ دەبەین.
…………………..
شەرە قوورسەکەی لای ئێمە.

دوای شکاندنی کۆگای تەقەمەنی خۆمان،چەند پێشمەرگەیەک کاریان ئامادە کردنی تەقەمەنی“یە،بۆ ھاورێکانیان،شەرەکە درێژ بۆتەوە سەرەرای فشارە پەیتاپەیتاکانی دوژمن سوورین لە سەر پاراستنی بنکەو بارەگاکانی خۆمان.ئاوری دووژمن وەستانی نییەو تەواوی بەرزاییەکانی کە بە سەر ئێمەدا دەڕوانن دوورو نزیک لە ژێر کۆنترۆڵیان دایە،کەواتە:ئەوە چ باوەرێکە،چ ئاخێزێکی شەرافەتمەندانەیە بە رووی دوژمن دا.ئێستا تەنیا تیمێک وەک ھیوا شک دەبەین و بتوانێ ئێمە لە ژێر بڵێسەی ئەو ئاگرە نەجات بدات،ئەو تیمەیە کە بە ھاواری ئێمەوە ھاتووە لە لکی٣“را.کاتێک لە گەڵ ھاورێیانی لک“قسەمان کرد،باسی:ئەوەیان کرد ئەوان تووشی شەرێکی قوورس بوون،کەواتە:ھەموو پێوەندییەک جارێ رادەگرین و بیر لە رێگایەک دەکەینەوە.زۆری پێ نەچوو ھێرشی چوارەم جار بەرەو ئێمە دەست پێکرایەوە،کاتێک مەنسوور“لە دەستی چەپ“بە نیگەرانی ھات و گووتی:کاکە گەیشتنە ئێرە!زۆر نیگەران بووین…ئەدی کوورەکان…خالید“میوانەکەمان چی بە سەر ھات ؟
وەڵامی داینەوە:دەمێکە دیار نەماوە!ئیدی بەو شەوە چی بە سەر ھات!ئێمە ھەر نەماندیتەوە!.رۆژی ئاوا سەخت فیداکاری ھەر لەوانە جوانە کە ئامادەن بۆ ئامانجێکی بەرز بە پێوە بمرن.کاتێک خۆمان گەیاندە دەستی چەپ ئاگری ئەوان جوان دیار بوو،تەواو لە ئێمە نزیک ببوونەوە،لێرە:باوەڕێک بە دووژمن دەڵێ:خەیاڵت خاوە ئەوانە لەو جۆرە کەسانە نین کەرامەت و عێززەتی کووردانەیان بشکێنی چۆن سەری بەرزیان نەوی دەکەن،ئەوان زۆر جار سەنگەرەکانیان بە خوێن سوور کردوە. راستییەکەی ئەوەیە:دەبێ لە گەڵ ھاتنی گزنگی بەیانی بە رووگەشی بڕوانینە سیمای یەکترو ئەو شەوەو بەربەرەکانییەکەی بۆ یەکتر بە شانازیەوە بگێرینەوە.بە ھەر حاڵ:زۆری نەمابوو بگەنە ماڵی کاک مەحمەد کەسرایی“با لێرەدا:ئەوەش بۆ ئاگاداری ئێوە بڵێین:(ئەو شەوە کاک ئاسۆ حەسەن زادە“کاک ئاکۆی برای لە گەڵ خووشکی نەسرین حەسەن زادە“میوانی کاک مەحمەد کەسرایی و مامۆستا گەلاوێژ بوون).بەڵێ:جارێکی دیکە بە ئیمانی پۆڵاینەوە بە نرکەی شێرانە تا شکستیان ھێنا شەرێکی قوورس و رووبەرووبوو بوونەوەی سەخت بەردەوام بوو.
لە سەعات چواری شەو نزیک دەبینەوە،ئەو شەرە بێوەستان درێژەی ھەیە،بە کوردی خەریکە ھیوا بڕاو دەبین.کێ دەتوانێ بێجگە لە بەربەرەکانی بیر لە ھیچ شتێکی دیکە بکاتەوە،با شەرەکەش نابەرامبەر بێ،بەڵام:ئەو مەیدانی شەرە بۆ چۆڵ کردن نابێ،لێرە یا سەربەرزانە مردن یا سەرکەوتن.کە دەڵێین:بۆ چۆڵ کردن نابێ،بەو مانایە ھەر جۆرە پاشەکشەیەک دەبێتە کارەسات،تۆ تەنیا تیمێک پێشمەرگە نیت بتوانی پاشەکشەیەکی تاکتیکی بکەی یا کاتێک مەیدانی شەر لە بەرژەوەندیت دا نەبوو بە جێیبێڵی. بەڵێ:لێرە ھێزە پەلاماردەرەکە ھەر ئەوەندە دەرفەتی ھەبێ جینایەت دەخووڵقێنێ.ئەو شەوە ژیانی دەیان بنەماڵە لە مەترسی تێدا چوون نزیک بۆتەوە(ئەوە بەدەر لە تەنیا رووداوێک کە دەبێتە ھۆی گۆرینی ھاوسەنگی شەرەکە بە سوودی ئێمە)کە لە کۆتایی دا باسی دەکەین.
—————-
شانسێکی دیکەی ئەو تیمە پێشمەرگەی پەلی فەرماندەیی“بوونی کۆگای تەقەمەنی“یە کە زۆر بە ھاسانی بە ھۆی نزیکی و بەردەست بوونی دەتوانرا کەڵکی لێوەربگیرێ.خۆ ئەگەر پێچەوانەی ئەوە با زۆر زەحمەت دەتوانرا چەندین سەعات بەربەرەکانی بکرێ.
———
لە کۆتایی ئەو نووسینە لە کۆمێنت دا رووداوێکی خۆش بخوێنەوە…..کە پێوەندی بە ھاویشتنی ئاربی چی“خۆمانەوە ھەیە!گەلێک خۆشەو با رووداوی خۆش ون نەبێ.
———
ترووسکەی ھیوا:
وەک ئیشارەی پێکرا،دوای ئەو شکستەی لە دوا ھێرش دا تووشی بوون ھەستن کرد ئاگری ئەوان سووک بووە،دیارە:سەرەرای ئاربی چی“یەک کە دەکرێ بڵێین زۆر کاریگەری ھەبوو لە سەر ھێزەکانی دووژمن،کە ئێمە بە باشترین شێوە بە کارن ھێنا.
ماوەتەوە بیری ئێوەی بخەینەوە: ئەو تیمەی لە لکی٣ێ را بە ھاواری ئیمەوە ھاتوون، شەرێکی قوورس یەخەی ئەوانیشی گرتووە.ئێستا ھەر کە ھەست کرا دووژمن خەریکە شکست دێنێ،یا لانیکەم ھیوای ئەوە ھەیە کە مەیدانی شەر لە سەر کومیتە شارستان دوور بخەینەوە،دەکەوینە بیری ھێرش بردن بۆ سەر سەنگەرەکانی دووژمن.لە کاتی شەر دا:لە ھەر جێگایەک ھەستت بە ئاڵقەی لاواز کرد،یا بەو باوەڕە گەیشتی توانیوتە بەرامبەرەکەت رابگری و حاڵەتی پێشتری لێوەربگرییەوە،پێویستە دەرفەت لە دەست نەدەی و رێگا نەدەی بەرامبەرەکەت بە خۆی دابێتەوە.ئێمە دەقیق ئەوەمان کرد.با ئەوەش بڵێم:ئێمە زۆر جار دیتوومانە پێشمەرگەیەکی ھەڵمەت بەر یا چەند پێشمەرگەیەکی کەم بوونە ھۆی سەرکەوتنێکی گەورە.
————–
بریاری ھێرش:
نزیکەی چوار یا پێنج کەس بە پەلە ھەر بەو رێگایەدا:کە بەرەو تیژە باسکەکە دەرۆیشت رێک بەرەو سەنگەرەکانی دوژمن وەرێکەوتین.ئێمە بە ھۆی ئەوەی کە رێگاکە کەمێک دابڕانی ھەبوو لە کاتی مەترسی یا ئاگری بەرامبەر دەمانتوانی لە رێگاکە دا سەنگەر بگرین و کەمێک پارێزراو بین.ئەوەی شیاوی باس بێ ھێشتا بۆ ئێمە روون نەبوو کە ئایا ھێزەکانی بەرامبەر لەو شوێنە ماون یا پاشەکشەیان کردوە،چەند نارنجۆکێک لە دەستی ئێمە دا بوو،بڕیار ئەوە بوو رێگا نەدەین دووژمن ھەست بکات تا دەگەینە پەنا سەنگەرەکانیان.کاتێک نزیک بووینەوە یەک دوو نارنجۆک و چەند رەگبارێکن لەو شوێنانەدا:کە پێشتر ئاوری ھێزەکانی دووژمن لەوێوە ئێمەی کردبۆ ئامانج،کەچی:ھیچ دژکردەوەیەک نەبینرا!بە پەلە بەرەو بەرزایی رۆیشتین لە رێگای بێسیم“پێوەندین بە تیمی لکی٣ێ وە کرد.ئەوانیش گەیشتبوونە بەرزاییەکەو ھێزەکانی دووژمن“یان،تێک شکاندبوون ئەوە بوو لەوێ یەکترمان گرتەوە.
بە ھاوار کردن و شیعار“دان بە دوای ھێزە تیکشاوەکەی دووژمن دا بە ماندوویەتی و ھەناسە سواری راندەکرد،ئەوە لە حاڵێک دا:تیمێکی دیکە لە لکی٣ێ را بە رەو ئێمە بەرێوەن تا وەک پاڵپشتی و ھێزێکی یارمەتیدەر بە ھێزەکانی ئێمەوە زیاد بن.ھێشتا ھەوا رووناک نەبووە ئێمە بەر پێی خۆمان نابینین بۆوەی بزانین چی روویداوە،یا دوژمن چی لە دوای خۆی جێھێشتووە!لەوەش زیاتر دووژمن چی بە سەر ھاتووە!.
بەرەو گووندی زێوکە“ھەر ئەو شوێنەی لە بەشەکانی رابردوو دا باسی لێکرا نزیک دەبینەوە.ئەو شوێنە کۆمەڵێک بنەماڵەی لێ دەژین کە وەک ئەندام و ھێزێکی پشتیوانی چەکی حیزب لە ماڵەکانیان ھەیە.
بەرەو رووناکی و بەیانییەکی جیاواز لە رۆژانی پێشوو دەچین،ھەست دەکرێ ھەوا رووناک دەبێ،ئێستا فەرماندەری لکی٣“ێ،بە تیمێک پێشمەرگەی ئازاوە گەیشتۆتە مەیدانی شەرو ھیواکانی سەرکەوتن پشکۆ“دەکەن.
لە کەڵبە شاخەکانی تەنیشت گووندەکە،ھێزەکانی دووژمن سەنگەریان گرت و لێرە بەدواوە شەرو لێکدانێکی سەخت دەستی پێکردەوە.
نەک ھەر ئەوە تۆپ بارانێک دەستی پێکردوە کە لە ھیچ مەیدانێکی شەردا بەو جۆرە نەبووە.ئەو شەرە ئیستا وا ھەست دەکەی کە شەری نێوان دوو وڵاتی بە ھێزە،وڵاتی شکست خواردوو لە شەر دا سووتماکێک درووست دەکات بۆ داپۆشینی شکستەکەی.
————
سووپاس بۆ ھاوکاری کاک لووقمان کەسرایی.
……………….
لە بەشی داھاتوودا:
دووژمن ئەو شەوە تووشی چی بووەـ!
لێرە بۆ شەرێکی سەخت دەکەن.!
لە گەرانەوە دا چیمان دیت و سەرنجی راکێشاین.!
لە ھەمووی ئەوانە زیاتر چی نامۆمان بینی!؟
لە بەشی داھاتوودا.
وێنەکە:
کەریم کۆدەڵەیی
عەلی سوورەچۆمی

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *