ئەوڕۆژانەی قەت لەبیرناچنەوە (بەشی ۴٣) له‌ نووسینی : خدر پاکدامه‌ن

Posted by

ئەوڕۆژانەی قەت لەبیرناچنەوە (بەشی ۴٣) له‌ نووسینی : خدر پاکدامه‌ن

ئێوارەیە، لە داوێنکی چیای جاسووسان ڕێبوارانی ڕێگەی ئازادی، تێکۆشەرانی هێزی گیاڕەنگ لە هەموو بنکەکان لە جم و جۆڵ دان, خەریکی خۆئامادەکردنن تالە کاتی خۆی دا هەموومان بەیەکەوە ڕێگە سەخت و دژوارەکان بگرینە بەر بۆ جێبەجێکردنی عەمەلیاتێکی گەورە و بەرچاو لە سەر هێزەکانی دووژمن کە لەو کات و ساتەدا یەک لە عەمەلیاتە گەورەکانی تێکۆشەرانی هێزی گیاڕەنگ بوو کە بە بۆنەی ۲۵ی گەلاوێژ، ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئەنجام درا.


دوای کۆبوونەوی هەموو ئەو هێزەی کە بۆ ئەنجامدانی ئەو عەمەلیاتە دیاری کرابوون بەرەو سنووری نێوان باشوور و ڕۆژهەڵات وەڕێ کەوتین. ڕۆژی یەکەم لە پشتی ماڵی گۆڕەشێر ماینەوە بۆ ئەوەی لە ڕۆژی دووهەمدا شوێنی حەرەکەتی ڕۆژی دواتر بخەینە ژێر چاودێرییەوە تا بە بێ‌زیان لەو سنوورە دەرباز بین کە بە تەواوی مەیلی میلیتاریزە کرابوو.
ئێوارێ هەر زوو چەند کەس لە پێشمەرگە بەڵەدەکان کە منیش لە گەڵیاندا بووم بەرەو سنوور وەڕێ کەوتین. هێزەکە هێزێکی کەم نەبوو، دەربازبوونی کارێکی ئاسان نەبوو. بەڵام بەئیرادەی تێکۆشەرانی هەڵسووڕ هەموو ئەم کەند و کۆسپانەی کە لە سەر ڕێگای ئێمەدا بوون کە بریتی بوون لە پایەگا، میدانی مین، دووژمنی شاراوە و تێلدڕوو کە لە زۆربەی سنوورەکان بوونیان هەبوو. سەرنجام بەزەحمەتێکی زۆر هەموو هێزەکە ئاودیوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووین. دوای ئەوەی لە مەرز پەڕینەوە بۆ مانەوی ڕۆژی دوایی چوینە نزیک گوندی ئاشادینە. لەوێ ماینەوە ئێوارەکەی بەرەو شوێنی دیاریکراوی خۆمان وەڕێ کەوتین.
ڕۆژی٢٠ی گەلاوێژی ١٣۶٩ی هەتاوی لە نزیک گوردان لە شوێنێکی نادیار ماینەوە. هەر لەوێ فەرماندەکان کۆبوونەوە و تەواوی کارەکان جێبەجێ کران و هەموو پێشمەرگەکان بە چەند دەستە دابەش کران. دیارە پێشتر هەموو ئەم شتانەی کە بۆ بەڕێوەبردنی ئەم عەمەلیاتە پێویست بوون، لەوێ ئامادەکرابوون. ئەوەی لەبیرم بێ هەموو پێشمەرگەکان بە شەش دەستە دابەش کرا.؛ دەستەی یەکەم بە فەرماندیی کاک عەلی باساوەیی لە گەڵ کۆمەڵێک لە پێشمەرگە هەرە ئازاکانی دیکە، وەک تیمی هێرش بۆ دەستبەسەرداگرتنی گوردان دیاری کران. دوو دەستە بۆ دوو تەپۆلکەی زاڵ بەسەر پایەگادا وەک دەستەی پشتیوان دیاری کران تا لە ژێر ئاوری ئەم دوو دەستەدا هێرش بۆ سەرگوردان دەست پێ بکات. دەستەیەکی دیکە بۆسەر جادەی سەردەشت بۆ قاسمەڕەش دیاری کران تا ئەگەر هێزێکی دووژمن بەهاواری گوردانەوە بێ بکەونە کەمینی ئەم دەستە لە پێشمەرگەکان. بەرپرسی ئەم دەستە، خدر خانەی و منیش لەخزمەتیدا بووم. کە لەوێ بووین بە دوو دەستە. دەستەی چوارەم بۆ لێدانی پایەگای پێش ماڵی کانیەزەرد دیاری کران. دەستەی شەشەم لە گەڵ فەرماندەری هێز لە شوێنێکی زاڵ بەسەر ناوچەکەدا مانەوە تا لەوێوە تەواوی شوێنی شەڕەکە لە ژێرچاوەدێری بگرن. لە هەموو تیمەکاندا کۆمەڵێک لە پێشمەرگە و فەرماندەی بەتوانای ئەو کات بەشدار بوون کە ئەزموونی زۆریان بوو لە هەموو شێوەکانی شەڕ کە نامهەوێ ناوی کەس باس بکەم لەبەر ئەوەی غەدر لە کەس نەکەم.
دوای ئەم دابەشکارییە شەوەکەش لەوێ ماینەوە و لە شوێنی خۆمان چاوەڕوانی کاتی دیاریکراومان دەکرد. پێشمەرگەکان لە نێو ئەم دارستانەدا هەرکامەیان بەشتێکەوە خەریک بوون، ئێمە کە لکی سێ بووین هەموومان لە گۆشەیەکدا بووین. لای سەعاتی ١٠ی بەیانی زۆرم خەو دەهات، لەسەر پشت بۆی خەوتم؛ جاروبار سەرەڕای هەموو ناخۆشییەکان کاتێک لە دەوری یەک کۆ دەبووینەوە شۆخی و گاڵتەمان لە گەڵ یەکتر دەکرد. عەلی باساوەی کە فەرماندەی لکی سێ بوو لە گەڵ من و یەک دوو نەفەری دیکە زۆری شۆخی دەکرد، زۆر ڕەفیق بووین کاتێک من لە خەودا بووم لەتە تەپاڵەیەکی خستبووە سەرزارم، منیش بێ ئەوەی هەست پێ بکەم بە هەناسەکێشانم تەواوی لەتە تەپاڵەم تەڕ کردبوو. لەپڕ کە وەخەبەر هاتم شتێک لەسەر زارم دانراوە بۆنی زۆر ناخۆشی دەهات، زانیم کاری عەلی باساوەی بووە لە گەڵ وەخەبەرهاتنی من هەموو پێشمەرگەکان ئەو چەند پێشمەرگەی لە لامان بوون پێدەکەنین. منیش یەکسەر پەلاماری کاک عەلیم دا و لە دەستم هەڵات. گەڕامەوە وکتریەکەم خستە سەرئاگر بۆ سازکردنی چای کاتێک چای ئامادە بوو عەلی باساوەی هات بۆ لام، منیش گووتم چات پێ نادەم. دوای چاخواردنەوە دیتم عەلی دۆشدامابوو، خەیاڵێکی قووڵ هەڵیگرتبوو وێ دەچوو لە دڵی خۆی دا بیر لە شتێک بکاتەوە، بە ئارامی لە ژێرسێبەری دارێک دانیشتبوو، منیش چووم بۆلای و لێم پرسی بۆ ئاوا لە فکردای؟! یەکسەر گووتی دەزانی بیر لە چی دەکەمەوە، دەستی نایە سەرنێوچوانی گووتی بیر لەوەی دەکەمەوە دەڵێم پێم خۆشە دوای شەهید “خالید نێوچوانی” لەم عەمەلیاتەدا گوللەیەک لە نێوچاوانم بدرێ و شەهید بم و نەمێنم. خالید نێوچوانی هاورێی نزیک و گیان‌بەگیانیی عەلی بوو . بەداخەوە هەر لە وعەمەلیاتەدا عەلی ئارەزووەکەی هاتە دی و دەکرێ بڵێم گوللەیەک ڕاست لە نێوچاوانی دراو بۆ هەمێشە ماڵاوایی لە هاوسەنگەرانی کرد و بە هاورێ خۆشەویست و بەوەفاکەی خۆی شاد بوویەوە. ڕووحی شەهید خالید و شەهید عەلی شاد بێ.
لە بەشی دواییدا چۆنیەتی شەڕی قارەمانانەی تێکۆشەرانی هێزی گیاڕەگ لە نێو گوردان باس دەکەم کە دەکرێ وەک سەخترین شەڕی دەستەویەخە چاوی لێبکرێ لە گەڵ هێزی کۆماندۆی سپاس پاسداران کە بەهیممەتی کۆمەڵێک لە تێکۆشەرانی دێموکرات ئەنجام درا. ئەو شەڕە لەلایەن حسن کتابی کە یەک لە وێنەگرە بەتواناکانی حیزب بوو لەو سەردەمە دا فیلمبەرداری کرا کە تا ئێستاش ڕۆڵی بوێرانەی پێشمەرگە بێ سەروشوێنکراوەکەی حیزبی دێموکرات وێردی سەرزمانی هەموو ئەو کەسانەیە کە لەگەڵیدا بوون . ڕووحی شاد بێ
وێنەی یەکەم دەستەیەک لە پێشمەرگەکانی هێزی گیاڕەنگ
وێنەی دووهەم نەفەری یەکەم عەلی گەڵەوەی نەفەری دووهەم عەلی باساوەی سێهەم کەس

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *