یادێک لە ڕاپەڕینی باشوری کوردستان! بەشی پێنجەم! له‌ نووسینی : محه‌ممه‌د بایزیدی

Posted by
یادێک لە ڕاپەڕینی باشوری کوردستان! بەشی پێنجەم! له‌ نووسینی : محه‌ممه‌د بایزیدی
ڕۆژ دوای ڕۆژ دەرد و ئازارەکانی ئەو ئاوارانەی لای ئێمە، زیاتر هەست پێدەکرا. ڕۆژەکانی سەرەتای کۆڕەو خەڵک زۆر برسی و شەکەت و ماندوو بوون. خەڵکێکی یەکجار زۆر لەو ناوەدا کۆببۆوە. ژمارەیەکی یەکجار کەم ماڵ لەو ناوەدا هەبوون کە لە سەر ماڵ و مڵکی خۆیان بوون. نە ئەو ماڵانە ئەوەندە توانای ماڵیان باش بوو تا بتوانن بە لانیکەم بەشێکی ئەو خەڵکە ڕابگەن، نە کەل و پەلیش ئەوەندە دەست دەکەوت تا بەشی هەموویان بکات. خەڵکی گوندە سنورییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش لە تۆانایاندا نەبوو خواردن و پێداویستی سەرەتایی بۆ ئەو هەموو خەڵکە دابین بکەن-ئەگەر هەشیانبایە ئەوە حکومەت ڕێگای پێ نەدەدان-. دیارە سەرەڕای خەڵکی گوندە سنورییەکان خەڵک لە قوڵایی ناوچەکانی دەورووبەری شاری سەردەشتیش ڕا، ئامادەی هاوکاری ئاوارەکان بوون، بەڵام حکومەت پێشگیری لە گەیشتنی ئەو یارمەتیانە دەکرد. هێشتا ئێران سنورەکانی بەڕووی ئەو خەڵکە دا نەکردبۆوە تا قورسایی ئەو هەموو ئاوارەیە لە سەر ئەو ناوچەیە کەم بێتەوە و پێڕاگەیشتن بە ئەوانەی لەوێ دەمان-هەرچەند هێشتا زۆر بوون- ساناتر بێت.
———
بە هۆی گەمارۆ ئابوورییەکانی ئەو کاتەی سەر ئێراق، خەڵک پێش ئاوارە بوونیشیان لە باری خواردنەوە زۆر لە تەنگانە دابوون. لە سەر سنورەکان بازاری کرین و فرۆشتنی ناسەقامگیر کرابوونەوە و ڕاستەوخۆ لە ژێر چاوەدێری بەرپرسانی پلەبەرزی ئێراقدا پێداویستی وەک ئارد و برینج و ڕۆن و هتد یان دەکڕی و دەیانگواستەوە بۆ ئێراق. بەڵام ئەو کەل و پەلانە زۆر گران دەکەوتن و لە توانای هەموو خێزانێکدا نەبوو بیانکڕێت. هەر بەو هۆیەوە ئەگەر ماڵێک توانا و دەرفەتی هێنانی شتومەکی پێویستیشی هەبایە، نەیبوو تا لە گەڵ خۆی بێنێ.

ئیمکاناتی ئێمەش وەک ژمارەیەکی کەمی پێشمەرگە لەو کاتەدا زۆر سنوردار بوو. بە هاتنی ئەو خەڵکە بۆ ئەوێ زۆر لەوەش سنوردارتر بۆوە.
دیارە خواردنی بنکەکانی پێشمەرگە زۆریش لەو خواردنە باشانە نین، بەڵام لەوەش کە هەبوو هێشتا خراپتریش بوو. چواردەوری بنکەکەی ئێمە ماڵی ئاوارە بوو. بەشێکیان هەر زۆر بێ دەرەتان بوون. زۆر بنەماڵە توانای دابینکردنی تەنانەت سەرەتاییترین کەل و پەلی ژیانێکی سادەشیان نەبوو. بە هەستکردن بە بەرپرسایەتی لە بەرامبەر ئەو خەڵکەدا و وەک هاودەردی دەربڕینێک لە گەڵ ئەوان، بە تایبەت منداڵانی دەورووبەری بنکەکەمان، ئاڵ و گۆڕمان تەنانەت لە جۆری خواردنی خۆشماندا پێک هێنا. خواردنی گۆشت ئەگەر هەشبوو، زۆز زۆر کەم کرابۆوە، برینج خواردن، زۆر لە کورتی دابوو، تا نەکا بۆنی گۆشت و برینج بە نێو ئەو خەڵکەدا بڵاو بێتەوە.

تا سنورەکان کرانەوە خەڵکی گوندە سنورییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە هەر شێوەیک بۆیان دەلوا، یارمەتیەکانی خۆیان دەگەیاندە ئەو خەڵکە لێ قەوماوە. بەڵام ئەو یارمەتیانە تەنیا بەشی ژمارەیەکی کەمی دەکرد. کاتێک ئێران سنورەکانی بە ڕووی ئاوارەکاندا کردنەوە و ڕێکخراوەکانی فریاکەوتنی نێودەوڵەتی دەستیان بە پێڕاگەیشتن کرد، هێدی هێدی وەزعە بەرەو باشتربوون دەچوو. بە گەشتێکی خێرا بە نێو ئاوارەکاندا دەزاندرا یارمەتی ڕێکخراوە خێرخوازییەکان تا کوێ گەیشتووە. نایڵۆنی شینی “یو ئێن” کە خەڵک بۆ دروستکردنی بەرنوایەک کەڵکیان لێوەرگرتبوو لە دوورەوە سنوری یارمەتیەکانی دیاری دەکرد.
لە پێشوازی ئەو خەڵکەدا تەنیا قورسایی کردنەوەی سنورەکان و وەرگرتن و پێڕاگەیشتنی نەخۆش و بریندار لە نەخۆشخانەکان لە سەر کۆماری ئێسلامی بوو، باقی دیکە لە سەرشانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو. خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژوویدا بوون، کە زۆر پێش کردنەوەی سنورەکانیش قۆڵیان لێ هەڵماڵیبوو تا وەک هەمیشە سەربەرزانە لێی دەرباز بن. بە کرانەوەی سنورەکان قورسایی بوونی ئەو هەموو خەڵکە لە سەر ژمارەیەک گوندی سنوری کەمتر بۆوە و ئاوارەکان بەرەو شاری سەردەشت و قوڵایی ڕۆژهەڵات شۆڕ بوونەوە.

دوای کرانەوەی سنور، خەڵکێکی زۆر خۆیان ئامادە کردبوو تا بەرەو ڕۆژهەڵات بڕۆن، بەڵام دەنگ و باسی بەرەکانی شەڕ و هاتنە سەرخەتی وڵاتانی ڕۆژئاوا و دەرچوونی بڕیارنامەی ۶۸۸ی شوڕای تەناهی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ۵ی ئاوڕیلی ۱۹۹۱، ۱۵ی خاکەلێوەی ۱۳۷۰ و دروستکردنی ناوچەی دژەفڕینی ۳۶ دەرەجە لە لایەک و تێک شکانی هێرشی ئەرتەشی ئێراق لە “کۆڕێ”-سەر ڕێگای هەولێر-شەقڵاوە، ڕۆژی ۱۱/۰۴/۱۹۹۱و” ئەزمەڕ” لە سەر ڕێگای سلێمانی-کارێزە، هیوایەک دیکە بۆ ڕەوینەوەی بەشێکی نەهامەتیەکان هاتە کایەوە و بەشێکی زۆر لەو ناوچەدا مانەوە.
سەرەڕای ئەوەی کە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک بەرەو ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕۆیشتبوون، هێشتا ئەو ناوە ئەوەندە قەڵەباڵغ بوو، کە هیچ جیاوازییەکی ئەوتۆ لە بارودۆخەکەدا بەدی نەدەکرا. لە نێو چواردیوارە ڕووخاوەکانی هەر کەلاوەیەکدا، لە بن هەرگابەردێکدا، لە هەر پەنا و پەسیوێکدا ماڵێک، لە ژێر پارچە نایلۆنێکدا حاوابۆوە. گەڕان بە نێو ئەو ماڵە ئاوارانەدا، تەنانەت تێپەڕین بەو ناوەدا دیمەنی هێندە دڵتەزێنی دەهێنایە بەرچاو کە تا ئەو کاتە وێنەی نەببوو.
——-
پاشەکشەی خێرای هێزەکانی بەرەی کوردستانی لە بەشێکی زۆری ناوچە ئازادکراوەکان و دەست بەسەرداگرتنەوەی شارەکان لە لایان ئەرتەشی ئێراقەوە، لە ئاکامدا ئاوارەبوونی ئەو خەڵکە، بە جۆرێک کەلێنی خستبووە نێوان خەڵک و پێشمەرگەوە کە بەشێک لە خەڵک بە ڕەادەیەک تووڕە بوون، تەنانەت چاوەڕوانی تەقەکردنیشیان لە بەرپرسانی بەرەی کوردستانی لێ دەکرا.

یەکێک لەو ڕۆژانە بوو، ئاگادار کراینەوە کە میوانێکی حیزب دێتە لاتان. ئەو بەرپرسێکی باڵای هێزەکانی کوردستانی باشورە. دەبێ زۆر بە نهێنی وەری بگرن و بیگەیەننە جێگای مەبەست. بۆ هێنانی ئەو کەسە و هاوڕێیانی ڕێگای “بەردقەڵشیو”، کە چۆل و دوور لە بوونی ژمارەیەکی زۆری ئاوارە بوو، هەڵبژێردرابوو. ئەو کاتە شەهید “محەمەد حەسەن پوور” ڕوحی شاد بێت، لە سکرتاریای حیزب کاری دەکرد و ئەوانی تا ئەوێ هێنابوو. چەند پێشمەرگەیەکی ئێمەش چوون لەوێ وەریانگرتن.

کاتێک گەیشتنە لای ئێمە ڕۆژ بەرەو ئاوابوون دەچوو. ئێمە زۆر بە باشی بە خێرمان هێنان و بردماننە ماڵی کاک مەلا “خدری مامکاوێ”، ڕوحی شاد. مەلا خدر ئەودەم وابزانم وازی لە پێشمەرگایەتی هێنابوو. لەو کاتەدا مەلا “ئەحمەد خاڵەیی” ش، ڕوحی شاد، لەوێ بوو. کاتی هاتنی ئەوان بە پێویستمان نەزانی زۆر پرسیار بکەین، ئەوانە کێن حیزب دەیەوێ وا بە نهێنی بیانگەیەنینە شوێنی مەبەست. ئەوانەش کە لەوێ بوون و بە قەولی خۆیان چەند جار لە نیزیکەوە دیتبوویان، پێیانوابوو ئەوە “مام جەلال”، سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە، ڕوحی شاد. بە حوکمی ئەوەی کە ناوبراو میوانی حیزب بووە و لە لای شەهید “دوکتۆر سەعید” ڕا هاتبوو، ئێمە ئەرکی پێسپێردراوی خۆمان ڕادەپەڕاند.

لە نێو قسەکاندا بۆم دەرکەوت، کە ئەوان زۆرتر وەک هاوڕێ بانگی یەکتر دەکەن. یەکێک لەوانیش نوێنەری حیزبی شیوعی لە لەندن بوو. بەڵام نێوی بەرپرسەکەمان تا دواتر بۆ ڕوون نەبۆوە. ئەویش مامۆستا “کەریم ئەحمەد” ئەندامی دەفتەری سیاسی حیزبی شیوعی، کۆمۆنیستی، ئێراق بوو. ساڵی۱۹۹۳ بەشی کوردستانی حیزبەکە جوێ بۆوە و وەک حیزبی شیوعی کوردستان دەستیان بە تێکۆشان کرد. ژنەکە ئێستاش نەمانزانی کێیە، بەڵام وێدەچوو ئەویش هەر بەرپرسێکی پایەبەرزی حیزبی شیوعی بێت.

ئەوان وادیار بوو، تووڕەیی خەڵکیان زۆر بە هەند وەرنەگرتبوو یان بەوجۆرە کە پێویستە ئاگاداری ئەو تووڕەییە نەبوون. هەر زوو دوای نانخواردن داوایان کرد کە بڕۆن. ئێمە کە لە نێو خەڵکەکەدا بووین، باش ئاگاداری ناڕەزایەتی خەڵکەکە لە بەرەی کوردستانی بووین، وەزعەکەمان بۆ شێیکردنەوە و پێشنیارمان پێکردن کە بە تاریکی بڕۆیین. ئەوانیش قەبوڵیان کرد. مامۆستا کەریم ئەحمەد دواتر بوو بە سکرتێری حیزبی شیوعی کوردستان.

ئەو شەوە کە ڕۆیشتین چەند پێشمەرگەیەک بووین. بۆ یەکەمجار بوو دووربینی شەو بە کار بێنین. کەسێک بە دیاری دابووی بە ئێمە و دواتریش دانەیەکی دیکەشمان کڕی. ئێمە ئەوانمان بە سڵامەتی گەیاندە ڵای دۆڵی “نۆکانێ” کە ئەودەم بنکەی زۆرێک لە هێزەکانی باشور لەوێ و”مێرگێ زەڵێ” و دۆڵ/خڕێ “ناوزەنگێ” بوو. لەوێ داوایان کرد بیانگەیەنینە بنکەی حیزبی شیوعی. ئەوان دواترسکرتاریای حیزبیان ئاگادار کردبۆوە کە بە سڵامەتی گەیشتوونەتە جێگای مەبەست. ئێمەش وەک پێشمەرگەکانی بنکەکە هەم لە لایان سکرتاریای حیزب و هەم لە لایان میوانەکانەوە سپاس کراین.

درێژەی هەێە…

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *