بەشی پەنجاو ھەشتەمی (۵٨) له‌ نووسینی:عەلی سوورەچۆمی

Posted by
بەشی پەنجاو ھەشتەمی (۵٨) له‌ نووسینی:عەلی سوورەچۆمی
زنجیرەی ۵
ناوەستین بەردەوام دەبین لە گێرانەوەی رووداوەکان.
لە چەند بەشی رابردوو دا رووداوی تاڵی لە دەست دانی دوو ھاورێی ئازیزم بۆ گێرانەوە،چیرۆکی خەمێک کە دوای دەیان ساڵ ئێستاش کاریگەری ماوە.کاروانی ئێمە ھەڵگری ژانێک بوو کە دەبوا بۆ ماوەیەکی درێژ شاخ بە شاخ و شیو بە شیو بە ملەی چیا دا بیھێنین.ئاخ خوایە گیان خۆت شاھید بووی چی رووی دا.

دوو شەوە بەرگی ئێمە خوێناوی“یە.کەس نازانێ ئەو ژانە چۆن کۆتایی دێت،نە سروەی ھەناسەکانی بای دەم کوێستان و نە ھاژەی گەڵاکان بە دەم باوە ئەو چێژەی جاران نین.
زۆر ئارەزووم دەکرد بەرپرسێکی“خاوەن بڕیار بام تا ئەو ئێوارە بڕیاری کۆتایی سەفەرم دابا.
ئێستا کە ئەوە ناکرێ با درێژە بدەین بە رێگایەک کە رووداوە تاڵەکانی ھێشتا ماون و زۆر درێژ دەبنەوە.ئەگەر دەرقەت بێم لە رێگای نووسینەوە ھەموو ئاسۆ تاریکەکان نیشان دەدەین،کەس نازانێ بە دڵی زام“ھەڵگرتوو، برسییەتی و ماندوویەتی،چۆن چۆکی شل کردین.
ئاخر جارێ ھەر ئەوەندە دەڵێم:لە نێوان دوو دەوڵەت“ گەمارۆ بدرێی ھێزی ھەر دووکیان بە سەر سەرتەوە بێ پاسدار“لێنگی ئەو بەرو ئەوبەر بکات و چوێلەکە“کووژی نیشانەت لێ بگرێ!تۆش برسی بی رووبار“ێک رێگات لێ بگرێ و بکەویە ناو خاکی وەڵاتێکی دیکە!ھێزی وڵاتەکەی دیکەش بە سەر سەرتەوە بێ!ھەرەشە بکات و بڵێ:تەقە بکەی لە ناو خاکی من را ھەمووتان دەکووژین!ئێستا کە ئەو رووداوە باس دەکەم پەنجەکانم دەلەرزن.
دەیگەینێ جا ئەو کات دەزانن !!!
با لە کۆتایی ئەو پئشەکییە دا بە نوێنەرایەتی ھەمووتان داوای لێبووردن لە بنەماڵەی ھەر دووک شەھیدەکە بکەین،ھەر لێرەوەش بەڵێنی شەرەف بدەین کە ئێمە وەفادارین بە بەڵێنی خۆمان و تا مردن لە بیریان ناکەین.
…………………………………..
دوای رووداوەکە ئێمە درێژەن بە رێگای پڕ لە ھەورازی خۆمان دا.شتێک کە قەت بیرم ناچێتەوە ئەوە بوو:باش دەمانزانی ئەو رووداوە چ ئاسەوارێکی خرابی لە سەر ورە“ی ئێمە داناوە.شەوەکەی تیم“ێک دیاری کرا وەک تیم“ی پێشڕەو ھاورێیەکمان لە پێشەوە بوو کە خەڵکی ناوچەکە بوو.ھەر لەوێوە تا گەیشتینە نزیک چیای تاژەندەر“کە ئەو رێگایە ھەمووی ئازار بوو،چۆن شوێنی رووداوەکانی شەوی پێشتر بوو:شوێنی تەقەکە،شوێنی شەھیدەکان،کەچی:ئەوان!واتە:تیم“ی پێشڕەو چەند جارێک راسان“ھەتەڵە بردن و بەر رێگا و پشت رێگا ئەوە چی“یە!رەنگە کەمین بێ یا شتێک بینراوە!راستتان دەوێ لە باری رووحی“یەوە تووشی جۆرێک شکان ببووین.
وەک ئێستام لە بیرە)لە نزیک چیای تاژەندەر“کەمێک تووشی کێشە بووین!بەشێک گووتمان:ئەگەر ناتوانین با بگەرێینەوە!ئەگەر وا نییە با شێرانە قۆڵی لێ ھەڵماڵین.ئەوە بوو فەرماندەری ھێز کاک حوسێن پەیرەوان“بە پەلە لە گەڵ بەرپرسان چەند بریار“ێک:،بڕیار درا تیم“ی پێشڕەو یەک دوو کەس گۆڕان و یەکێک لەوانەی پێش کەوت کاک حوسێن فەقێ عەلی بوو، کاک حوسێن بە شاھیدی کوورەکان لە رێگا نە سەر بەرز دەکاتەوە نە بۆشی گرینگە!وا بزانم پێشمەرگەی بە ورە کاک عوومەر کانیبی“ش لە گەڵ بوو ،دەی خودا وەت حەسێنێ.
………………………..
بە چیای تاژەندر“و دەشتی باساوێ“دا شۆڕبووینەوە خۆمان گەیاندە نزیک کۆربناو“لەوێوە دەشتی کەپران“و لە جادە پەرینەوە ھەڵۆ ئاسا دڵی شەو دەبڕین و ھەنگاوەکان تووند دەھاوێژین بۆوەی ھەرچی زووتر خۆمان بگەیەنینە شوێنی دیاری کراو کە بۆ مانەوە لە نەزەر گیراوە.راستی ئێستا گەیشتووینە ناوچەی ھۆمل“ئێرە حەساس ترە بە بەراورد بە ناوچەی بڵفەت“ئەوەشی لێ زیاد بکەین کەوتووینە نزیک شاری سەردەشت“دەبێ وریا بین،پێویستە پێشھاتی رێگا لە بەر چاو بگرین ئەگەر شتێک رووی دا ئەوەندە کات بە دەستەوە بێ جێگایەک بۆ مانەوە دیاری بکرێ.ئێستا کەم کەم خۆمان گەیاندۆتە ناوچەیەک کە لە باری ئیستراتیژی“شەوە بۆ دوژمن زۆر ھەستیارە بە دەیان مۆڵگە“و گووردان“دەورە دراوە نەوارێکی ئەمنییەتی بە شێوەیەک لە ھەر کاتێک پێویست بکات لە ئەگەری ھەر رووداوێک لە ماوەیەکی زەمەنی زۆر کەم دا بە دەیان و ھەزاران ھێزی دوژمن دەتوانن ناوچەکە گەمارۆ بدەن.
…………………..
باوەرێک
زۆر جار بە جیا لەوەی کە دەبێ مرۆڤ تواناکانی چەند بن
بەو باوەڕە دەگەم ئینسان دەکرێ بۆ ھەموو شەرایت“ێک ئامادە بکرێ،پەرە بە تواناکانی بدرێ بێ سنوور بەرز بکرێنەوە،رووداوی زۆر دەگمەن لێرە رووی داوە لە فیداکاری خۆراگری بێ سنوور.
لە گەڵ ئەوەی ئێمە ھێشتا دەرفەتی ئەوەن نەبووە خوێندنەوەی درووست و زانستیانە بۆ بەشێک لە رووداوەکان بکەین.خۆشم نازانم چ ئەشقێکە لێرە ئاوا پاڵ بەو پێشمەرگانەوە دەنێ،زۆر شت ماوە ئێمە لە بارەی ئەو سەردەمەوە بیزانین،ئاخر کاکە ئەگەر بە شێوەی رێژە“یش بێ،زۆر جار بە حووکمی سەختییەکانی ژیان یا چڕی ھۆکارەکانی ژیان و تایبەتمەندییەکانی،جیاوازی زۆرە لە نێوان لاوێکی شاری و لاوێکی دێھاتی دا،دەکرێ لاوە دێھاتییەکە شاخ و کێوی بڕیبێ شوانی و گاوانی کردبێ لە گەڵ بەشێک لە سەختییەکان راھاتبێ،کەچی:نەوجەوانێکی شاری زۆر جار ھیچ لەوانەی نەدیتوە بستێک لە کەس و کاری دوور نەکەوتۆتەوە شەوێکی تاریکی تاقی نەکردۆتەوە،بەوحاڵەش لێرە چاوەروانییەکان وەک یەکن دەبێ رێگای دوور ببڕێ نابێ گلەیی بکات لە بێ ئیمکاناتی و برسییەتی نابێ و نابێ و ….
ئێمە ھیچ شتێک لەو جیاوازییە نازانین ھەر کەسێک تۆزێک کەمی بێنێ دەکەوێتە بەر لۆمە و تیروو توانج
باشە ئەوە ئەشق و باوەڕ نەبێ چی دەتوانێ ئاوا تاوت بدات.زۆر باوک و دایک کە ھاتوون بۆ سەردانی کوورەکانیان شتی زۆر سەیریان دەگێراوە،لەوەی کوورەکەیان ھێشتا زۆر منداڵە شەوێک لە دایکی دوور نەبووە،بە تەنیا ھیچ سەفەرێکی نەکردووە.کاتێک لە لایەن بەرپرس و رەفیقەکانی کوورەکەیەوە باسی کوورەکەی بۆ دەکرا سەری سووڕە دەما،جا ئەوە زۆر جار بۆ کوورە دێھاتییەکی ناز دیتووش درووست بوو،کەواتە:کەس ناتوانێ رازی ئەو ھەموو فیداکارییەی پێشمەرگە لاوەکان وا بە ھاسانی باس بکات.
………………………….
مانگی خەرمانانە“خەڵکی ناوچەکە سەر گەرمی خەلە و خەرمانن،بۆ جووتیار و وەرزێران،وەرزی کۆکردنەوەی رەنجی سال و پەلە کردنە،خەڵکی ناوچەکە پشوو نادەن بەردەوام ترسێک لەو کاتانادا دایاندەگرێ لەوەی نەکا رووداوێک ببێتە ھۆی رەنج بە خەسار“یان،زۆر جار ئاگری شەرێک“بۆتە ھۆی سووتانی رەنجی ساڵێک“یان.کەس بەزەیی بە رەنجی ئەوان دا نایە.زۆر جار کە شەوانە بە ناوچەکە دا تێدەپەڕی لە دوورەوە چرایەکی کز دەبینی کە شوێنەکە ئاوەدانی نییە،بەڵام:نیشانەیە بۆ خەڵکێک لە سەر خەرمان،ئەوە وا دەکات بە وریاییەوە تێپەڕ بی تا کەس ھەست بە بوونی رێبوارانی ناوچەکە نەکات.
ئێمە لە جۆخینەکان“لادەدەین لە کاتی بوونی مەڕو شوانەکان بە بێدەنگی ئارام ئارام دوور دەکەوینەوە.ئەو شەوە یەک دوو رووداوی ئاوان تێپەڕاندن ئەوە سەرەرای ئەوەی بە نزیک دوو گووند“دا دەرچووین و رێگامان نەدا کەس ھەست بە بوونی کاروانی غەریبان بکات.
شەو تەواو شۆڕ بۆتەوە زۆری نەماوە رەنگی شەوە زەنگ بگۆڕێ لە کاتێکی ئاوا دا ماندوو و ھیلاک دڵ بریندار لەوەی دوو ھاوسەنگەری خۆمان لە دەست داوە گەیشتینە شوێنی مانەوە.با ئەوەش بڵێم:کاتی ئاوا بێدەنگی زیاترە پێشمەرگەکان خەم دایاندەگرێ و بێدەنگی باڵ دەکێشێ.
شەوەکەی ئاگادار کراین کە بۆ بەیانی رێگا بە ھیچ جۆرە جووڵەیەک نادرێ ھەر پێویستییەک ھەبوو دەبێ سەرتا بەرپرس و شارەزای شوێنەکە ئاگادار بکرێ،چەند کیلۆمیترێکی کەم لە شاری“سەردەشت دوورین شوێنی مانەوە شوێنکی پڕ مەترسی“یە.
ھەر کەس لە بن دەون و ژێر دارەکان لێی خەوت
بە ھۆی ئەوەی خەڵکی ناوچەکەم بە تەواوی ھەست دەکەم وردە وردە بیرەوەرییەکانی رابردوو بۆم زیندوو دەبنەوە،دڵم تەنگەو بە زەحمەت خەوم لێدەکەوێ.
………………………..
شەوەکەی دوای دیاری کردنی پاسەوانەکان“لێی خەوتین من کە بە خەبەر بووم سەرەتا سرتەی“چەند ھاورێیەکم گوێ لێ دەبوو جارێک ھەستم کرد دوو سێ کەس قسە دەکەن!بۆ بەیانی زانیم کاک حوسێن پەیرەوان حوسێن فەقێ عەلی و رەحمانە شۆکە بوون وا دیار بوو کاک حوسێن بە بێدەنگی چۆتەوە سەردانی ماڵی خۆیان کە لەو نزیکانە بوو گووندەکەیان.
باش:بەیانی لە گەرمای ھەتاوەکە وەخەبەر ھاتم کە چاوم کردنەوە چەند کەسێک لە ژێر سێنەری دارەکە دانیشتبوون و بە دەنگێکی نزم قسەیان دەکرد.
…………………………….
دوو شتی دیکە و تەواوی دەکەین
لە سەر نەزم و پابەند بوون زۆر جار تووشی کێشە دەبین!بەرپرسان بەردەوام داوا دەکەن ھەمووان پابەند بن تا بە ھۆی ھەڵەی کەسێکەوە شوێنی مانەوەمان ئاشکرا نەبێ.جا زۆر جار سەرەرای ھەموو ئەوانە خەڵکێک زۆر لەوە زووتر ھەستیان بە بوونی ئێمە کردوە کە ئێمە ھەر پێن نەزانیوە!بۆ نموونە زیاتر لای ئێواران خۆمان نیشانی خەڵک دەدا کاتێک خەڵکەکە دەھاتن یا ئێمەیان دەدیت دەردەکەوت کە زۆر لەوە زووتر ئێمەیان دیتوە……..
راستی لە بەرچاو گرتنی ئەو گرینگییە کاتێک زیاتر رەچاو دەکرا کە شوێنەکە مەترسی دار بایە لە جێگای ئاوا ھەموو پێشمەرگەکان دەیانزانی کە ھەڵەیەک بۆی ھەیە بە نرخێکی گران تەواو بێ.
دەی لە دەوری یەک کۆببووینەوە ھێشتا کاتی مەترسی بوو کەس دڵنیا نەبوو ئەو رۆژە چۆن تێدەپەرێ!
سەعات دەورووبەری یازدەی پێشنیوەڕۆ بوو لە پڕ گووتیان:دوو چەکدار!بەرەو ئێرە دێن زوو دەرکەوت پاسدارن
بە پەلە وەخۆ کەوتین زۆری پێنەچوو شەڕەکە رووی داا
!!!………………
وێنەکە: نزیک شوێنی مانەوە ئێوارەیەکی غەریب.
چاوەروان بن.

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *