بەشی سی و ھەشتەمی گەرانەوە(٣٨) له نووسینی:عەلی سوورەچۆمی

Posted by

لە دوا بەشی ئەو نووسینە دا ھاورێی یەک دەبین تا دوا زانیارییەکانی ئەو بەرگرییە قارەمانانەیە،بە یەکەوە بخوێنینەوە.رۆژانی بەرگری و ئومێد لێرەن،ھاورێم بن تا گەورەیی ئەو پیلانەو ھێرشە مەترسیدارە باس بکەین.دواجار پیلانی مەترسیداری ئەوان تووشی چ کێشەیەک بووە.
…………………
شەوەکەی دوای شکست و بەجێ ھێشتنی شوێنەکانیان ھیچ جۆرە بەرگرییەکیان نەکرد تا گەیشتنە تەنیشت ماڵەکانی گووندی زێوکە”.

راستی پێش گەیشتن بەو شوێنە ئێمە پێشبینی خۆمان کرد،کە بۆی ھەیە لێرە بەرگری بکەن،بە ھۆی ئەوەی کە پشتیان بە چیای جاسووسان“قایم دەبوو،لەوێوە بە ھۆی رووناک بوونی ھەوا باشتر مەیدانی شەریان لێدیار دەبوو،لەوەش زیاتر بە سەر ھێزەکانی ئێمە دا زاڵ دەبوون و بە جۆرێک لە ناوچەی ھێڵی“سوور“دەردەچوون،کە مەیدانی شەرەکە بوو.بۆ ئەو مەبەستە ئێمە بیکەیسی“یەک بە دوو کەسەوە لە پشت سەری خۆمان دامەزراند تا لە کاتی بەرگری ئەوان دا:بتوانێ وەک ئاوری پشتیوانی ئێمە بپارێزێ.ھەر وەک مەزەندە کرابوو راست لە نێو شاخەکان دا سەنگەریان لە ئێمە گرت،داوای ئاوری چەکی پشتیوانیمان کرد،کەچی ھیچ!ھاوارمان کرد سوودی نەبوو،بۆ بەدشانسی ئێمە گیر دەکات و ناتوانن بە کاری بێنن.لێرەرا بەرگری ئەوان دەستی پێکرد،داوان لە ھاورێیانمان کرد ھەرچی زووتر پێدەشتەکە ببڕن و خۆیان بگەیەننە ناو شاخەکان.ئێستا تیمێکی دیکە لە لکی٣“ێ را گەیشتوونە مەیدانی شەر،لە سێ لاوە ھێزەکانی دووژمن لە ژێر فشاری ئێمە دان.بەرەبەرە سەرکەوتین و توانین ناو گووندەکەو دەورووبەری بە زوویی کونترۆڵ بکەین.
…………………….
ھەوا رووناک بووە پێشمەرگەکان دەتوانن یەکتر بە چاوەوە بکەن.لە کاتی پێشرەوی و پاشەکشەی جاش و پاسدارەکان،لە پڕ پێشمەرگەیەک ھاواری کرد ئەوەتا لێرە کەلاکێکی“دوژمن بە جێماوە،تا ئەو جێگایەی لە یادم مابێ،ئەو پێشمەرگەیە شێخەقەلەرەشی“بوو.لێرەوە تێگەیشتین بەربەرەکانی و شەری ھێزەکانی دوژمن بۆ رزگار کردنی فەرماندەیەکی بە ناوبانگی ھێرشی ئەو شەوەیان بووە،کە بە سەختی بریندارەو دەیانەوێ رزگاری بکەن.(ھیچ شانسێک بۆ مانەوەی بریندارەکە نەمابوو).
………………
تیمەکەی لکی٣ێ“بە فەرماندەیی رەسوڵ عەزیزی“گەیشتوونە ناو ماڵەکانی زێوکە“بە گەیشتنی ئەوان چەند چەکدارێکی خۆمان کە چەکی حیزب“لایان بوو!تازە بە تازە لە دەنگ و ھاواری پێشمەرگەکان دێنە دەرێ و دەیانەوێ بە رواڵەت شەر بکەن.ئێمە لە خوارتر بووین کە لەوێ بوو بەکێشە و بگرەو بەردە!کاک رەسوڵ کە ئەو ناپاکییە دەبینێ خۆی پێناگیرێ و پەلاماریان دەدات و دەڵێ:ئەی تا ئێستا لە کوێ بوون!بە جۆرێک یەکێک لەو چەکدارانە بە زۆر لە دەستی رزگار کرا.راستی حەق بوو،خۆ ئەگەر ئەوان پێشتر پشتیان لە ھێزەکانی دوژمن گرتبا یا ھەر سووکە تەقەیەکیان کردبا دوژمن نەیدەتوانی ئەو مەترسی“یە گەورە درووست بکات .لێرە ئەگەر لە یادتان بێ لە بەشەکانی پێشوو دا باسی ئەو گووندە“و بوونی نزیکەی حەوت (کڵاشینکۆفی)خۆمان کرد لەوێ،ئێستا ئەو ھێزە بە لای ئەوان دا تێپەریوە!خۆ ئەگەر قەرار بێ لە کاتی ھاتنیان دا ئاگادار نەبووبن دەبێ دواتر دژ کردەوەیەک لە خۆیان نیشان بدەن.
ئەوە وای کرد بۆ ھەموومان ببێتە جێگای شک و گۆمان!ئێستا سەیر نییە لە ژێرەوە شتی دیکەش ھەبێ کە من ناتوانم لێرە پشتراستی بکەمەوە.
…………………
ئێستا فەرماندەیەکی پلە باڵای ئەوان بە چەک و رەختەوە،کە کڵاشینکۆفێکی“ جووت لاقی شەحبی پێیە لە گەڵ بێسیم“ێکی گرووھی،کەوتۆتە دەستی ئێمە.کاتێک بێسیم“کەیان ھێنا کراوە بوو،لە فەرماندەیی“گشتی را زۆر بە پەرۆشەوە ھەموویان پرسیار لە یەکتر و فەرماندەکانیان دەکەن بۆوەی بزانن چارەنووسی چی بە سەرھاتووە. زۆر زوو بۆمان روون بۆوە ئەوە فەرماندەیەکی ئەوانەو زۆر بۆی نیگەرانن! ئێمە تەنیا گوێن گرتبوو.تۆپ بارانێکی سەخت و کەم وێنە خەریکە ناوچەکە دەسووتێنێ،دەنگ و ھاشەی تەقینەوەکان سامناک و تا بڵێی (وحشتناک)بوو.دوای ئەوەی لە قسەکانیان را دەرکەوت چ شکستێکی گەورەیان تووش بووە…ویستمان قسە لە گەڵ فەرماندەیەکیان بکەین کە لێکدا لێکدا ھاواری دەکرد و بانگی(مسعود)ناوێکی دەکرد،تا ئەو جێگایەی لە بیرم مابێ!ناوێکی ئاوا بوو ئەوە بوو لە پڕ بە مێشکم داھات جوابی بدەینەوە…بە فارسی پێن گووت:(فرماندە شما زخمی است، پیش ماست!)ئەوەندە بەس بوو!دەستی کرد بە پارانەوەو پاراستنی یاساکانی شەر!
ھەر بە دوای ئەوە دا داوای کاک عەبدووڵا شەریفی”بەرپرسی کومیتە شارستانی کرد!ئیستا بۆ داوای فەرماندەری ھێزی نەکرد…رەنگە باش لە رێگای سیخوورە“کانیانەوە ئاگادار بوو بن کە ئەوە شەوە فەرماندەری ھێز“لە بنکەی ھێزو شوێنی ژیانی ئێمە نەبووە.داوای ئێمە ئەوە بوو:بە زووترین کات تۆپ بارانەکانیان رابگرن،ئەگەر دەیانەوێ سەبارەت بە کووژراو یا بریندارەکانیان قسە بکەن!راستی تەنیا یەک کەس بۆ ئەوان زۆر گرینگ بوو!کە بە خاتری ئاگادار بوون لە چارەنووسی ئەو ،ئامادە بوون مل بۆ ھەموو کارێک بدەن.ئەوەش تایبەتمەندی ھەموو ھێزێکی داگیرکەرە کە گیانی ئینسانەکانی بۆ گرینگ نییە،بەڵکوو:سەرخستنی مەرام و پیلانەکانیان گرینگە!پێمان گووت:ئێمە سەرگەرمی راو نانی ھێزە رووخاوەکەی ئێوەین،لێرە تەنیا باوەر دەتوانێ سەرکەوێ،ئیمان بە ئامانجێکی پیرۆز سەردەکەوێ نەک ھێزی زۆر و چەکی رووخێنەر،ئەو گووتی:ئەوە شەرە شکست ھەیە و سەرکەوتن!ئێوە مەحکووم بە شکستن!جمھووری ئیسلامی لە سەر ھەقە!
ئێمە بەڵێنمان پێدا بێسیمەکە“ببەین بۆ لای کاک عەبدووڵا شەریفی“بە مەرجێک ئەوان تۆپ بارانەکە رابگرن،ئەگینا گیانی بریندارەکەتان لە مەترسی دا دەبێ(ئەوە لە حاڵێک دا کووژرا بوو)بەڵام:وەک تاکتیکێک تۆپ بارانەکەیان پێ رابگرین.
چەندین جار داوای کرد قسە لە گەڵ بریندارەکەیان بکات،ئێمە سوور بووین پێویستە (تۆپ)بارانەکە رابگرن تا بتوانن لە گەڵ بەرپرسانی ئێمە قسە بکەن.دوا جار تۆپ بارانەکەیان راگرت!کە خەریک بوو ناوچەکەی دەکردە سووتماکێک.
لە بەرابەر دا ئێمەش بەڵێنی خۆمان بردە سەرو بە خەیاڵێکی ئاسوودە بەرەو کومیتەی شارستان وەرێکەوتین،ئەوە لە حاڵێک دا:ھێزێکی زۆری ئێمە بە سەرپەرستی کاک رەسووڵ عەزیزی و ژمارەیەکی زۆر پێشمەرگەو فەرماندەی ئازا لە مەیدانی شەردا ماون.
………………….
لە گەرانەوە دا:چی نامۆمان بینی:
سێ تا چوار کەسێک زیاتر نەبووین،ھەوا تەواو رووناک بووە،بەیانییەکی جاواز لە رۆژانی پێشووە،بۆنی بارووت و مەیدانی شەرێکی گەورە بە جێماوە.
چەند سەد میترێک ھاتبووینە خوار کە لە شاخەکانی پێش ئێمە چاومان بە زەنجیری بیکەیسی”بە جێماو ھەروەھا چەندین فەردە مین”ی نەفەری بە ھەڵەرژاوی کەوت!لەوەش زیاتر: سیم”و چاشنی”تەقاندن،تا ئێمە بەرەو خوارتر دەھاتین دووبارە کۆتایی نەدەھات دیمەنێک کە ئێمەی زۆر نیگەران کرد!بڵێی:ئەوە چی بێ!؟باشە بەرنامەی دوژمن چی بووە!ترس و خۆفێک دایگرتین و بە پارێزەوە دەھاتین.ئێستا زۆری نەماوە بگەینە رووبەرووی کومیتەی شارستان و بنکەی ھێز!کە ھاورێیەکمان بە سەر سووڕمانەوە گووتی:ئەو ھەموو “موو و پێستەی” لێرە!وا دیارە:ئەمشەو گوورگ“بزنی“ خواردوە لێرە!باشە…چۆن دەرفەتی ھێناوە!پێست و موو لە چەند شوێنێک ھەبوو،ئێمە بیرمان بۆ ھیچ شتێک نەچوو لەوە زیاتر.لە ژێر تیشکی ھەتاوێکی گەرم بەرەبەرە دادەکشێین دنیایەکی کزو مات ناوچەیەکی پڕ لە بێدەنگی و مات و ملوول،وەک ئەوە وایە لە مەیدانی شەرێکی گەورەدا ئاسەوارێک لە دوو ھێزی شەرکەر نەمابێ…ئێمەش ماندوو برسی و تینوەتی ھیلاکی کردبووین.با ئەوەش بڵێین:کەس نازانی ھۆکاری وەستانی ئەو تۆپ بارانە قوورسە چییە لە ئێمە زیاتر!
…………………
دوای جێ ھێشتنی ئەو چەند شتە نامۆیە دەگەینە کومیتەی شارستان و پێشوازییەکی گەرمن لێدەکرێ،بۆ فیداکارییەک کە لەو شەوەدا رووی دا بوو,سووپاس کراین.چەند شانازییەکی گەورە بوو بۆ ئیمە کاتێک کاک عەوڵا شەریفی و کاک نەبەز مستەفا پوورو دەیان کادر لەو شوێنە دەست خۆشیان لێکردین.(با بۆ مێژوو بڵێم:ھەرگیز باوەشی گەرمی مام”برایم بناوەیی”پەیرەوان”ی رەحمەتیم بیرناچێتەوە کە بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە پێشوازی لێکردین).
…………………..
دوای ئەوەی بەرپرسانی خۆمان تێگەیاندن کە فەرماندەیەکی باڵای ئەوان دەیەوێ قسەتان لە گەڵ بکات،سەرەتا کاک نەبەز مستەفا پوور”قسەی لە گەڵ کردن.ھەر زوو گووتی:تۆ عەبدووڵا شەریفی نیت!دوای باسێکی زۆر،ئەو جار کاک عەوڵا شەریفی”قسەی لە گەڵ کرد.لێرە بەدواوە بوو بە باسێکی سیاسی و باسی چەند شەرێکیش کرا،وەک:گرتنی گووردانی وەردێ و چەند شەرێکی دیکە،کە دەیھەویست بڵێ:ئێوە ئینسان کووژن!لەوێ دا بەرپرسانی ئێمە ھۆکاری گرتنی گووردانی“وەردێ“کە بوو بە ھۆی زەربەیەکی قوورس بۆ رژیم روون کردەوە،ناوەندێکی گەورەی سەرکووت و راوو رووت و تاڵان کردنی خەڵکی ناوچەکەو ئازارو شکەنجە.
دوای ئەوە ئەو فەرماندەیەی رژیم ھەرشەی گەورەی کرد کە کۆتاییتان پێدێنین!ئێمە لە گەڵ عێراق“رێککەوتووین،راستی ھەر واشی لێھات.دوای ئەو ھێرشەو زەربە قوورسە فشارەکان تەواو نەبوون،فەرماندەکانی رێژیم،فشارێکی زۆریان لە سەر بوو بۆ بردنەوەی کەلاکی دوو فەرماندەی بە ناوبانگیان کە یەکێک باسی کراو ئەوی دیکە(مھندس)ی کارووباری تەقەمەنی و درووست کردنی مەیدانی تەڵەیی بوو.
……………….
ئێستا ھێزەکانی رێژیم بە لووتی شکاوەوە دەم لە سەر پشت رادەکەن و توانیویانە خۆیان دەرباز بکەن.
کاتی گەرانەوەی تیمەکانی ئێمە،لە بەرامبەر کومیتەی شارستان“لە راستی دا شوێنی شەرەکە.پێشمەرگەکان بێسیم“یان کرد کە لێرە چەند پارچە گۆشتێکیان”دیوەتەوە کە لە ھی ئینسان دەچێ!زۆری پێنەچوو کەوتنە سەر ئاسەواری تەقینەوەیەکی گەورە!ئێستا دەردەکەوێ شەوی رابردوو (بۆمب)ێکی گەورە کە خەریکی دانانەوەی بوون لە دەستی خۆیان دا تەقیوەتەوە،کە بۆتە ھۆی تکە تکە بوونی ئەو فەرماندەیە.دەقیق نازانم ئەو رۆژە بوو یا رۆژێک دواتر کڵاشینکۆفێکی شکاو دۆزرایەوە،کە تەنیا بەشێکی لای لوولەکەی مابوو.(ئەوەی ئێمە پێمان وا بوو بزن“بوو بێت و گوورگ خواردوویەتی بوو بە کووژراوێک)تەنیا ماوە ئەوەش لە بیر نەکەین کڵاشینکۆفێکی“دیکەی جووت لاق لە پشتی زێوکە“دۆزرایەوە کە سەرجەم بوون بە سێ چەک.
—————
ئەوانەی ئەو بەشانەیان خوێندبنەوە باش دەزانن ئێمە بە وردی ھەڵسەنگاندن و خوێندنەوەن بۆ ئەو پیلانەی” دوژمن کرد.ئەوان مەبەستیان بوو مەیدانێکی گەورەی تەڵەیی“ درووست بکەن جا دواتر ھێرشەکەیان لە کاتی گوونجاو دا.
ئەگەر ئەو بۆمبە“لە دەستیان دا نەتەقیباوە پێدەچوو کارەسات رووبدات،ھەتا بۆی ھەبوو کومیتەی شارستان و بنکەی ھێز بگیرێن،ئەوەش دیارە لە خافڵگیر بوونی ئێمە دا.ئێستا رەنگە ئەو شەرە پێش وەختە بە سەریان دا سەپابێ،ھەر ئەوەش بوو شانس“ن ھێناو لە دۆزەخێکی گەورە نەجاتن بوو،چۆن بە ھێرشەکانی دوایی ئەوان روون بوو بە چ ھێزێکەوە ھاتوون و نایانەوێ بەو حاڵەش واز لە بەرنامەکەیان بێنن.
————-
فشارەکان بۆ دەرکردنی ئێمە:
دوای ئەوە خەڵکێکی زۆریان لە کەس و کاری پێشمەرگە لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان دەرکرد و بە زۆر ئەودیو سنووریان کردن تا ئەو کاتەی کوورەکانیان دەبەنەوە،چەندین پیرە پیاوی پەک کەوتەو بە ساڵدا چوو لە نێو ئەو کەسانە دابوون،کە رێژیم بەزەیی بە ئەوانیش دا نەھاتبۆوە ،لەوەش زیاتر رۆژانە شووراکانی ناوچەی سەردەشت“لە گەڵ خەڵکێکی زۆر بە تایبەتی دۆڵەتوو“و دەورووبەریان دەنارد تا ئەگەر تەنیا نیشانەیەکیش لە کووژراوەکانیان ھەبێ بە تایبەت ئەو دوو فەرماندە“یە بۆیان ببەنەوە،ئەوە بوو رۆژانە لەوێ خەڵک بە دوای ئێسک و پرووسک دادەگەران تا بۆیان ببنەوە!ئێستا رێژیم کێی لێ کووژراوە ئەوانە کێن کە رێژیم ئەوەندە بۆیان بە پەرۆشە بۆ ئێمە روون نەبوو.
————–
ماوە بڵێم:دوا جار ئەو شەرە بە دەرکردنی ئێمە لە ناوچەکە کۆتایی ھات و تەنیا ٢٤“سەعات مۆڵەت درا بۆ چۆڵکردنی ناوچەکە.
واتە:عێراق و ئێران بە رێککەوتنێک گەیشتن.
داستانی ناخۆش و خەم ھێنەری چۆڵ کردنی ناوچەکە لای منەو باش دەزانم چی رووی داو چیمان دوای خۆمان جێ ھێشت!
کە بۆ ئەوە دەبێ بنووسرێتەوە……
——————
نووسینەکە زیاتری ھەڵدەگرت ھیوادارم لێی رازی بن.بەو ھیوایەی رۆژێک بێت بتوانین ھەموو ئەو رۆژانە بگێرینەوە،تا ئێرە قەترەیەک لە دەریا.
تێبینی:
داوای لێبووردن لە ھەموو ئەو کەسانە دەکەم کە لەو ماوەدا بە ھۆی گێرانەوەی رووداوەکانی ئەو رۆژگارە لێم دڵمەند بووبن،جا بە ھەر ھۆکارێک بێت.
سەدان جار کرنۆش بۆ ئەو پێنووسانەی لە پشتی من وەستان و بە نووسینەکانیان سەرسام،ھیچ شەرمەزاریان بووم،چۆن ئەوان منیان بە جێگایەکی باش گەیاند.سووپاس بۆ ھەموو ئەو پێوەندییانەی منیان رێنوێنی کرد راستی ئێمە ھیچ ئەزموونێکی نووسینن نەبوو،ئەوە ئێوە بوون ئێمەتان تا ئێرە ھێناوە.نایشارمەوە ئێوە سەرمایەیەکی ئەوەندە گەورەو کاریگەرن دەتوانن خووڵقێنەری کاری گەورە بن.تەنیا ماوە بڵێم:زۆر کۆمێنت و پێوەندی تەلەفۆنی فرمێسکیان لە چاو ھێناوم.
ئەو کاتە ھەستم بە شانازی کرد کە زۆر پێشمەرگە و فەرماندەی رۆژانی سەختی خەبات دەست خۆشییان کرد.
بەش بە حاڵی خۆم نەمویستوە زووڵم لە کەس بکەم…ئەوە بە ھەموو ویژدانەوە دەڵێم،کە شتێک کرابێ یا ھی نەزانی بووە یا نەبوونی زانیاری.ئەو نووسینانە بێ کەم کۆری نین و وەک خۆم ھیچ جێگایەکیان لە مێژوودا بۆ قایل نیم.
بەڵام:دەکرێ زۆر رووداویان بۆ زیندوو کردبینەوە.
بۆ ئەو کەسانەی کە بەرێژەیەکی زۆر لە ناوخۆ پێوەندیان پێوە کردم سەری کرنۆش بۆ ھەست و سۆزی ئێوە،ئێستا دەزانم چ ھەست و گوورو تینێکی بە ھێز لەوێ ھەیە،چەند بە پەرۆشن بۆ گێرانەوەی مێژووی رۆڵەکانیان و حیزبە خۆشەویستەکەیان.
(ئامانج زیندوو کردنەوەی ئەو مێژووە بوو،نەک خۆ دەرخستن)
تا دەرەتانێکی دیکەو ئەزموونی زیاتر.
————–
دوو تێبینی:یەک لێرە یەک لە کۆمێنتی یەکەم.ئەوەی کۆمێنت بۆ بزەی ئێوەو ترسنۆکی کابرای…..
یەک:ئاسەوارێکی ئەو شەرە کوێر بوونی چاوی جاشێکی ناوچەکەیە،کە تا سەر وەک ئاسەوارێک بۆ شەرمەزاری و خەیانەتەکانی دەمێنێتەوە.جاشێک کە لە ئازارو ئەزییەتی خەڵکی ناوچەدا دەستی لە پاسدارەکان ستاندبوو..
——————————–
وێنەیەکی پڕ لە یادگاری بۆ ئێوە،دوای گەرانەوە لە عەمەلیاتێکی سەرکەوتووانە،لە ناوچەی ئالانی سەردەشت.
لە دەستی راستەوە
شەھید مەنسوور رەحیمی.
شەھید حەمە نارستی
شەھید عەلی زوورەیی کە ئەو رۆژە بە سووکی بریندار بوو.
کەریم کۆدەڵەیی
شەھید عەوڵا شەریفی(بەرپرسی کومیتە شارستانی سەردەشت)
عەوڵا شەخسەی(شەققاز)فەرماندەری لک.
عەلی سوورەچۆمی
سووپاس کاک ئاکار پەردەدار بۆ ئەو دیارییە جوانەت.
وێنەکە دەلالەتی زۆر شتە لەو رۆژگارەدا.
ئێمە سەرگەرمی گێرانەوەی عەمەلیاتێکی سەرکەوتووانەین.عەمەلیاتێک کە تەنیا بۆ تۆڵە کردنەوەی ئەو کاروانچییانە بوو کە بە دەستی پاسدارەکان تاڵان دەکران.
—————————
سووپاس بۆ ئێوە خۆشەویستان.

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *