ئەو ڕۆژانەی قەت لەبیر ناچنەوە بەشی (۴۶) له‌ نووسینی : خدر پاکدامه‌ن

Posted by
ئەو ڕۆژانەی قەت لەبیر ناچنەوە بەشی (۴۶) له‌ نووسینی : خدر پاکدامه‌ن
بەدنیایەک ئاوات و ئارەزووی وەدینەهاتووەوە پێنووس هەڵدەگرم تا بەشێکی دیکە لە بیرەوەرییەکانی ڕۆژە سەختەکانی خەبات و بەرەنگاریی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ ئێوەی خۆشەویست بگێڕمەوە.


گێڕانەوەیەک کە لەگەڵ هەڤاڵەکانم سەردەمێکی سەخت و دژوارمان تێپەڕ کرد بەڵام پڕاوپڕ لە فیداکاری و ئەمەگناسی کە تا ئێستاش لە مێژووی خەبات و تێکۆشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا جێگە و پێگەی تایبەتیی خۆی هەیە و هەر دەمێنێ.
هەروەک لە بەشی پێشوودا باسم کرد، دوای گەشتێکی سیاسی و نیزامی لە ناوچەی بووڵفەتی سەردشت لەنێو ئەو خەڵکەی کە هەمیشە لە درێژەی خەبات و تێکۆشاندا یار و یاوەری هێزی پێشمەرگەی کوردستان بوون، بۆ مانەوە چووینە نزیک پایەگاکە. هەر ئەم ڕۆژە فەرماندەکان لە دەوری یەک کۆبووینەوە تا لە سەر چۆنیەتی گەڵاڵەی عەمەلیاتیی ئەمجارەمان قسە و باس بکرێ و بە مەبەستی دەستبەسەرداگرتنی ئەم مۆڵگەیە لەم کۆبوونەوەدا هەموو پێشمەرگەکان بەسەر سێ دەستەدا دابەش کران؛ دەستەی یەکەم کە وەک دەستەی هێرش دیاری کران، بەسەرپەرشتی کاک عەبدوڵڵای شەخسەی هاوڕێ لە گەڵ کۆمەڵێک لە پێشمەرگە تێکۆشەر و ئازاکان وەک دەستەی هێرش بۆ سەر مۆڵگە دیاری کران، دەستەی دووهەم بەسەرپەرستی کاک بەکرە مارەغانی بۆ لێدانی ئەو پایەگایەی کە لە پشتی ئەم پایەگایە هەڵکەوتبوو، دیاری کران و، دەستەی سێهەمیآکاک حەمە نارستی وەک فەرماندی گشتی عەمەلیات سەرپەرەستی دەکرد و منیش لە گەڵ ئەم دەستەیەدا بووم. هەرلە شوێنی مانەوە کە زاڵ بوو بەسەر مۆڵگەکەدا ماینەوە تا لەوێوە بە چەکی قەناسە و بی کەی سی لە پایەگاکە بدەین و تیمی هێرش لە ژێر ئاوری ئەم تیمەدا هێرشی خۆیان بۆ سەر مۆڵگە دەست پێ بکەن.
ڕۆژێ زۆر خەریک بووین تا توانرا مووهیماتەکە بدۆزینەوە کە لەم شوێنە پێشتر ژێر خاک کرابوو. تەنیا دوو کەس دەیانزانی لە کوێ حاشار دراوە. دوای دیتنەوەی مووهیماتەکە، شەوێ دەستەیەک لە پێشمەرگەکان چون بۆ گوندی گرژاڵ. کە هاتنەوە چوار لیتر بەنزینیان لەگەڵ خۆیان هێنابوو بۆ ئەوەی لە گوللە ئارپیجیەکانی بکەن بۆ ئەوەی پایەگاکە زوو ئاور بگرێ. ئەو ڕۆژە هەموو جموجۆڵی نێو مۆڵەگەکە لە شوێنی مانەوەڕا لە ژێر چاوەدێریدا
سەرئەنجام لە ئێوارەیەکی دەرەنگدا هەردوو تیمەکەی دیکە بەرەو شوێنی خۆیان وەڕێکەوتن. کاتێک هەر دوو تیم لە شوێنی خۆیان جێگیر بوون و چاوەڕێی دەستووری فەرماندەی عەمەلات بوون، لەلایەن کاک حەمە نارستییەوە بە بێسیم قسە لە گەڵ هەموو تیمەکان کرا. هەر دوو مۆڵگە بەتووندی کەوتنە بەر هێرشی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و بە خەستی ئاورباران کران. لە ماوەیەکی کورتدا دەستەی هێرش لە ژێر ئاوری چەکی دەستی دەستەکانی دیکەدا خۆی گەیاندە بن خاکریزەکانی پایەگا و لە دوای شەڕێکی کورت، مۆڵگە بە تەواوی داڕما و ئەفرادی نێو مۆڵگە کۆمەڵێکیان کوژران و ئەوانی دیکەش هەڵاتن. پێشمەرگەکان بەبێ زیان توانیان دەست بەسەر مۆڵگەکەدا بگرن. لە نێو مۆڵگەکەدا چەند پارچە چەکی جۆراوجۆر وەک دەستکەوت کەوتنە دەستی پێشمەرگەکان و لەنێو مۆڵگەکە پەدافەندێکی گەورە کە ئیمکانی ڕاگواستنی نەبوو لە گەڵ باقی شتەکانی دیکە ئاوریان تێبەردرا.
تیمەکەی دیکەش تا کۆتایی عەمەلیات ئاگریان بە سەر مۆڵگەی نێوان زەلێ و گرژاڵدا باراند.
دوای دەستبەسەرداگرتنی ئەم مۆڵگەیە، فەرماندەری عەمەلیات دەستووری پاشەکشەی دا. لە بەرەبەری ڕۆژئاوابووندا دوای ئەوەی هەموومان یەکمان گرتەوە و دوای ئەو عەمەلیاتە سەرکەوتوانەیە درێژمەمان بەگەشتی خۆمان دا. دوای دوورکەوتنەوەی ئێمە دووژمن ناوچەکەی بە خەستی تۆپباران کرد. بەڵام ئێمە بێ‌زیان بووین.
گرتنی ئەو مۆڵگەیە وەک زۆر عەمەلیاتی دیکە سەرکەوت و لە ناوچەکە دەنگی دایەوە و وەک عەمەلیاتێکی سەرکەوتوو چاوی لێ‌دەکرا.
بەم جۆرە جارێکی دیکە تێکۆشەرانی هێزی گیاڕەنگی سەردەشتی سەرسەوز، بە لێهاتوویی خۆیان توانیان عەمەلیاتێکی سەرکەوتووی دیکە لە سەر هێزی دووژمن بەڕێوە بەرن. جێی خۆیەتی لێرەوە جارێکی دیکە سڵاو بنێرین بۆ ئەم تێکۆشەرانەی کە لەو عەمەلیاتەدا بەشداربوون سڵاو بۆ گیانی پاکی ئەو کەسانەی لە ساڵەکانی دواییدا شەهید بوون.
وێنەکە وێنەی پێشمەرگەکانی هێزی گیاڕەنگە لەو سەردەمەدا

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *