یادێک لە ڕاپەڕینی باشوری کوردستان! بەشی حەوتەم! له‌ نووسینی : محه‌ممه‌د بایزیدی

Posted by
یادێک لە ڕاپەڕینی باشوری کوردستان!
بەشی حەوتەم!
دەرکەوتەکانی ڕاپەڕین بۆ گەلی کورد بە گشتی و بۆ حیزبی دێموکڕات و هێزەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی!
ڕاپەڕینی باشوری کوردستان بە نوختە گۆڕانێکی گرینگ لە مێژووی گەلی کورد بە تایبە باشوری کوردستاندا دێتە ئەژمار.



یەکەم خاڵی گرینگی ئەو ڕاپەڕینە: نیشاندانی ویستی گەل بۆ ڕزگاری لە ژێر چەپۆکی دیکتاتۆری سەرەڕای تووندترین و دڕندانەترین داپڵۆسینەکانیش. ئەو ڕاپەڕینە نیشانیدا کە هەرکات زوڵم و زۆر دەگاتە ئەوپەڕی خۆی، بەڵام دەسەڵات چیتر ناتوانێ بە شێوەی پێشوو زەبر و رەنگ بنوێنێ ئەوا خەڵک هەوڵی خۆ ڕزگارکردن دەدەن.

-دووهەم خاڵی گرینگ: هەڵوەشانەوە یان ڕاوەستاندنی پڕۆسەی قڕکردنی کورد بوو. شاڵاوی لە نێوبردنی کورد هەر لە سەڕەتای دروستبوونی دەوڵەتی ئێراقەوە دەستی پێکردبوو. هەر ئەو دەسەڵاتدارانەی کە لە سەردەمی ئیمپڕاتۆڕی عوسمانیدا دەستیان لە چەوساندنەوەی کورددا هەبوو بوو، جمگە سەرەکییەکانی دەسەڵاتی وڵاتی پێکەوە لکێندراوی ئێراقیان گرتە دەست. دیسان سیاسەتی لەنێوبردنی کورد لە ژێر نێوێکی دیکەدا، بەڵام بە هەمان شێواز و مێتود و بە پشتیوانی قەییومی تازەی ئێراق- ئینگلیسەکان- درێژەی پێدرا.

لەدوای کودەتای۱۴ی تەموزی ۱۹۵۸ (۲۴ی ۱۳۳۷ی هەتاوی) و ڕوخانی سیستەمی پاشایەتی لە ئێراق، دەرفتێکی زێڕین بۆ کورد و وڵاتی ئێراق هاتە کایەوە تا گەلی کورد دوای ئازار و چەرمەری چەند بزووتنەوەیەکی چەکداری بە ئازادی بژین. بەڵام هەستی مەزنیخوازی عەڕەبی وردە وردە زیاتر باڵی بە سەر شێوەی بەڕێوەبەری ئێراقدا کێشا. بە هاتنی بەعسیەکان بۆ نێو جومگەکانی دسەڵات کە لە سەر بناخەی ناسێونالیزمی عەڕەبی دامەزرابوو و بە دروشمی “وحدە، حریە، اشتراکیە” هاتبوونە مەیدانەوە، شۆوینیزمی عەڕەبی تۆختر بۆوە و سەرکوت و چەوساندنەوەی گەلانی دیکەی ئێراقیش زیاتر بوو. ئەوان لە سەرەتادا بۆ قایمکردنی پێگەی خۆیان شێوازی نەرمتریان گرتە بەر. تەنانەت کار گەیشتە جێگایەک کە داوای وتووێژیان کرد و لە ئاکامدا بەیاننامەی ۱۱ی ئازاری ۱۹۷۰ لێکەوتەوە. ڕووداوەکانی دواتر نیشانیان دا کە حکومەتی بەعسیەکانیش چی وای بۆ چارەسەری ئاشتیانەی کێشەی کورد لە باشوری کوردستان پێ نیە و ئیمزاکردنی ئەو ڕێکەوتن نامەیەش هەر بۆ کات کڕین بووە.
دوای چەند جوڵانەوەی یەک لە دوای یەک لە لایان کوردەوە، وەک شۆرشی بارزان، شۆڕشی ئەیلولی ۱۹۶۱ . شەڕەکانی دوای نسکۆی ۱۹۷۵ هتد، قین و بوغزی دەسەڵاتدارانی ناوەند بەرامبەر بە کورد تا دەهات زیاتر دەبوو. ئەنفالی کوردە فەیلیەکان ساڵی ۱۹۸۰، بارزانیەکان ساڵی ۱۹۸۳، شیمیابارانی هەڵەبجە ۱۶/۳ی ۱۹۸۸، ئەنفالی ۱۸۲۰۰۰ کەس لە ساڵی ۱۹۸۸، خاپورکردنی زیاتر لە ۴۵۰۰ گوندی کوردستان، هەموویان بەشێک لە پیلانێکی بەربڵاوتری بەعس بۆ لە نێو بردنی کوردبوون.

بە پێی زۆر بۆچوون، ڕێژیمی بەعس بە تەمابووە قۆناغەکانی دیکەی ئەنفالیش، بریتی لە ڕاگواستنی چەند شار و ناوچەیەکی دیکە جێبەجێ بکات، بەڵام گەورەترین هەڵەی مێژووی خۆی بە هێرشکردن بۆ سەر کوەیت بوو وهێرشی هاوپەیمانی نێو دەوڵەتی بۆ سەر ئێراق بوو بە هۆی لە نێوچوونی خۆی لانیکەم لە کوردستاندا.

لە دوای ڕاپەڕین حکومەت هەوڵیدا بۆ جارێکی دیکەش بگەڕێتەوە کوردستان، لانیکەم شارەکان کۆنتڕۆڵ بکاتەوە، بەڵام دوای ماوەیەک بۆی دەرکەوت ئەو کاتانە بە سەرچوون بتوانێ بە زوڵم و زۆر کوردستان بەڕێوە بەرێت. پاش تێکشکانی گفتوگۆکانی نێوان حکومەتی ئێراق و بەرەی کوردستانی، ئێراق هەموو دام و دەزگا ئیدارییەکانی خۆی لە هەر سێ پارێزگای دهۆک، هەولێر و سلێمانی بەشێک لە گەرمیان کێشانەوە. ئەو ناوچانە دەکەوتنە نێو مەداری ۳۶ دەرەجە کە بە پێی بڕیاری ۶۸۸ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان هێڵی دژەفڕین بۆ فڕۆکە و هێلیکۆپتێرەکانی ئێراق بوو. بۆشایی ئیداری دوای ئەو کارەی بەعس بەرەی کوردستانی خستە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژوویی بۆ بەڕێوەبردنی ئەو ناوچانە. بە هۆی ئەو کارەی ڕێژیمی بەعس، خەڵکێکی زۆری موچەخۆر لە لایان ڕێژیمەوە بێ موچەکران. داوایان لێدەکرا کە بچنە شوێنەکانی ژێر دەسەڵاتی بەعس، بەڵام ژمارەیەکی زۆر مامۆستای قوتابخانە و زانکۆ و دوکتۆر و پەرستار و کارمەندی ئیدارەکان حازر بوون بێ بەرامبەر خزمەت بکەن بەڵام مل بۆ داخوازی بەعس شل نەکەن.

یەکەم هەڵبژاردنی ئازاد لە مێژووی ئێراقدا
-خاڵی سێهەم: ڕۆژی ۱۹/۵/۱۹۹۲ یەکەم هەڵبژاردنی تەواو ئازادی پاڕلمانی لە کەشێکی پڕ ڵە چاوەڕوانیدا بەڕێوە چوو. گەلی کورد لە هەموو شوێنێکی کوردستان و دونیادا بە تاسە و هیواوە چاویان لەو ئەزمونەی گەلی کوردستان دەکرد.
سەرەڕای ترس لە دروست بوونی کێشە لە نێوان دوو حیزبی سەرەکی لە کوردستانی باشور، بەڵام لە سەر پێکهێنانی حکومەتێک بۆ بەڕێوەبردنی ئەو ناوچانە ڕێک کەوتن.

کرانەوەی سنورەکان.

بۆ حیزبی دێموکڕات وەک یەکێک لە حیزبە سەرەکییەکانی سەر گۆڕەپانی خەبات سەرەڕای ئەوەی کە گەلی کورد لە بەشێکی کوردستانی دابەشکراودا بەرەو وەدەستهێنانی بەشێک لە مافەکانی دەچوو، ببووە هۆی کرانەوەی ناوچە سنورییەکانیش، کە ئەوە حیزبی لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان نیزیکتر دەکردەوە و پێشمەرگە زۆر هاسانتر دەیتوانی لە گەڵ خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە پێوەندی دابێت.

بەڵام کرانەوەی سنورەکان و لاچوونی بەربەستی حکومەتی ئێراق لەو لاوە دەستی کۆماری ئیسلامیشی بۆ وەشاندنی زەبر لە بنکە و بارەگاکانی حیزب ئاواڵەتر کردبۆوە. ڕێژیم هەر لە سەرەتاوە دەستی بە ترۆری ئەو کوردانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد کە هاوکاری حیزبی بەعسیان کردبوو. کۆماری ئیسلامی ئیسلامی هەستی بە بۆشایی دەسەڵات لەو ناوچانەدا دەکرد. خەڵکێکی زۆر کە پێشتر کاریان بۆ دام و دەزگا ئەمنیەکانی ڕێژیم وەک؛ موخابرات و استخبارات و ئەمنی عام کردبوو بۆ دەزگا سیخوڕییەکانی کۆماری ئیسلامی کەسانی پەروەردە کراو بوون، تا بە دانی پارەیەکی کەم بە قازانجی خۆیان بە کاریان بێنن و دەستیان پێ بە جاسوسیان پێ لە سەر هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەن. لە ماوەی چەند ساڵەی پێش ڕاپەڕینیش دا دەزگا ئیتلاعاتیەکانی ئێران توانیبوویان کەسانی خۆیان لە نێو هێزەکانی باشور و ئاوارەکاندا پەروەردە بکەن و ئێستا بە مەیلی خۆیان بە کاریان دێنان.

کۆماری ئێسلامی هەر لە ڕێگای ئەو کەسانەوە هەوڵەکانی بۆ هاندانی خەڵکی ئەو گوندە سنوریانەی کە بنکەکانی حیزبی لێ جێگیر بوو خستە گەڕ. کار گەییشتە جێگایەک کە هەر بە هۆی چەند کەس لەو بەکرێگیراوانەوە ڕێگاوبانی هاتووچۆی کادر و پێشمەرگە و ژن و منداڵ بکەنە شوێنی زەربە لێدان لە حیزب.

ڕۆژی ۲۷/۵/۱۹۹۱ مینێک لە ژێر ماشێنی هێزی کێلەشیندا تەقیەوە. بە هۆی تەقینەوەی ئەو مینە ڕانندەی ماشێنەکە بە ناوی” ستار جەلالی” شەهید بوو و دوو کەسی دیکەش بە ناوەکانی حەمەدەمین مەعروفی و خدر ئەڵماسی بریندار بوون.

ڕۆژی ۷ی خەزەڵوەری ۱۳۷۰، بەرامبەر بە ۲۹/۱۰/۱۹۹۱لە کردەوەیەکی ترۆریستیدا لە سەر ڕێگای ئێندزێ-بۆڵێ لە بناری قەندیل ماشێنێکی بۆمب ڕێژکراویان بە پاسێکی، هەڵگری کادر و پێشمەرگە و ژن و منداڵی پێشمەرگەدا تەقاندەوە. بە هۆی ئەو کردەوە ترۆریستیە سێ کەس لە سەرنشینەکانی بە ناوەکانی “مەلا ڕەسوڵ گەردی”، “حەسۆ عەلیپوور” و “جەلیل مامایی” شەهید بوون و ژمارەیەکی زۆریش بریندار بوون.

ڕۆژی ‌۲۱ی خەزەڵوەری ۱۳۷۲ی هەتاوی ماشێنێکی هەڵگری ژمارەیەک پێشمەرگەی حیزب لە ڕێگای نێوان دەربەنیخان-ناوتاق کەوتە سەر منێکی چێندراو. لە ئاکامی تەقینەوەی ئەو مینەدا بە داخەوە شاڕوخ مرادی فەرماندەری هێزی زاگروسی حیزبی دێموکڕاتی کوردسانی ئێران، ئەنوەر ئیبڕاهیمی فەرماندەری لک لە هێزی زاگروس، سەلاح مرادی کادری حیزب، ڕەشید ڕۆستمی و تاهیر
مەنوچێهری کادری دەرمانی شەهید بوون. (هەڵفڕین لە زاگرۆسەوە، شاهۆ ئیبڕاهیمی)


دوای ئەو کردەوە تروۆریستیانەش چەندین پیلانی لەو چەشنە پوچەڵ کرانەوە. بە داخەوە ژمارەیەک لەو پیلانانە سەریانگرت و چەندین کادر و پێشمەرگەی حیزب شەهید بوون.

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *