بەشی سی و نۆھەمی گەرانەوە(٣٩) له نووسینی:عەلی سوورەچۆمی

Posted by

بەشی سی و نۆھەمی گەرانەوە(٣٩)
نووسینی:عەلی سوورەچۆمی.
بە شەش (٦) بار تەقەمەنی”یەوە دەچنە ناو پایەگایەکی رێژیم………شەرێکی قوورس
ئەو جاریش بارگەی سەفەرێکی دیکە لە کۆڵ،بۆوەی بەیەکەوە شۆر بینەوە بە ناخی رووداوەکانی مێژوو دا،ئەو جاریش دەبینە ھاودەم و ھاوسەفەری ئەوان،بەیەکەوە:زۆر جار دەچینە ژێر سێبەری شاخێک“یا لە پەنا گوێنی“و سێبەری تیروێ“یەک گوێ بۆ چیرۆکە راستەقینەکانی ئێرە دەگرین.تەنیا لێرە دەتوانن چیرۆکی نەبیستراوی ژیانی ئەو شۆرشگێرانە بزانن.

ناوچەوانی ئارەقاوی ئەوان، ھەناسەی تووندیان بەڵگەی رێگای دوورو شەوە تاریکەکانی ئەوانن.لە درێژەی ئەو سەفەرانە دا:زۆر رەمزی ئێرە دەکەینەوە.
…………….
ساڵی(١٣٦٧) دوای راگرتنی شەری ئێران و ئێراق“رێژیم ھێزەکانی خۆی لە بەرەکانی شەرە قوورسەکان لە گەڵ عێراق“بە درێژایی چەندین کیلۆمیتر کشاندبۆ دواوە.ھێزەکانی شەر بە درێژایی سنوورەکان بە شێوەی کاتی جێگیرکرابوون.کوردستان پڕ بوو لەو ھێزانەی رێژیم،ئەوەش ھێندەی دیکە دەبوو بە بەربەست لە بەر دەم چالاکی ھێزی پێشمەرگە دا.ئامانجێکی رێژیم لەو کارەی، میلیتاریزە“کردنی کوردستان و رێگری کردن بوو لە ھێزی پێشمەرگەی کوردستان.
بە ھۆی ئەوەی وەرزی ھاوین بوو زۆر بە ھاسانی دەیتوانی جێگاگۆرکێ بە ھێزەکانی بکات یا بە شێوەی کاتی لە ھەر جێگایەک مەبەستی بێت نیشتەجێیان بکات.
……………..
ھێزی گیارەنگ دوای شەری گەورەی(سێپەکان)و دانی چوار شەھید“ پێویست بوو لە رێگای گەڵاڵەیەکی گەورەی عەمەلیاتی“ وردو دەقیق دوو ئامانج بپێکی:
ئامانجی یەکەم:جارێکی دیکە ھێزی پێشمەرگە توانای لە بڕان نەھاتووی خۆی بە ھێزەکانی دووژمن ئیسپات بکاتەوە.
ئامانجی دووھەم:کەم کردنەوەی کاریگەری ئاسەوارە خرابەکانی ئەو شەرە گەورە لە سەر ھێزەکانی خۆمان و دڵنیا کردنەوەی خەڵکی ناوچەی سەردەشت بوو.
ھێزی پێشمەرگەو فەرماندەرانی نیزامی بۆ ئەو مەبەستە لە بیری دابین کردنی پێویستییەکانی شەرێکی لەو جۆرە بوون.
دوای عەمەلیاتی سەرکەوتووانەی دەست بە سەر داگرتنی پایەگاکانی گووندی(بووبانە)و بردنە سەری ئەو بەڵێنی“یە،ھێزی گیارەنگ پێویستی بە پێداویستییەکانی شەر بوو لە قووڵایی ناوچە.
تیمێک لە پێشمەرگە ئازاکانی ھێزی گیارەنگ بە فەرماندەیی کاک خدر میراوەیی“و مەحموود خاس“لە گەڵ چەند پێشمەرگەیەکی ئازای دوژمن تەزێن،مەئموورییەتی گەیاندنی شەش بار(تەقەمەنی)یان پێدەسپێردرێ.گەیاندنی ئەو تەقەمەنییە“لە دۆخی ئەو کاتدا:کارێکی ھاسان نییە.دەبێ بە ناو جەرگەی دەیان پایەگا“و کەمینی دوژمن دا سەرەرای مەیدانەکانی مین“تێپەر بی.تیمێکی کەمی چەند کەسی و چەند پێشمەرگەو فەرماندەیەکی شارەزای ناوچەکە،بۆوەی لە کاتی تەنگانەدا دەستەوەستان نەبن و براوەی ھەر رووداوو پێشھاتێک بن.
………………………..
پێداویستی ئەو مەئموورییەتە ئامادە دەکرێ و گوورج تیمێک“پێشمەرگەی رۆژانی سەخت و ھەڵۆکانی چیا بۆ بە جێگەیاندنی ئەو ئەرکە دەکەونە رێ.
ئەوانەی لەو تیمە وەک یاد کردنەوەیەک لە یادی ئێمە ماون.
١ مەحموود خاس
٢ خدر میراوەیی
٣ھەمزە گۆران
٤کەریـم کۆدەڵەیی
٥سەلیم ئاغا
٦م………
٧ح……..
٨عەلی سوورەچۆمی.
ئێوارەیەکی درەنگ رێگای سەخت و ھەورازی کووڕ دەگرنە بەرو لە رێگای چیای سادرەوە بەرەو قەندیلی“پاڵ پشت و پەنای شۆرشگێرانی کورد وەرێدەکەون.ھاوینێکی گەرم و رێگایەکی پڕ لە ھەڵدێر لە شەوێکی ئارام و لە ژێر مانگە شەوێکی کز دا دەبڕن .دوای ھیلاکی و ماندوو بوونێکی زۆر ئەو شەوە خۆیان گەیاندە سەری لووتکەی سادر“تا تینوەتی رێگا، دوای چاوەروانییەکی زۆر بە ئاوێکی ساردی کوێستانی بشکێنن.بەڵێ:ئەو کانییەی دەم رێگاکە کە زۆر جاری دیکە خۆیان کووتابوو تا ھەرچی زووتر بیگەنێ(کانی“یە کەنێرێ)ئەوانەی پێشمەرگەی ئەو رۆژگارە بووبن زۆر جار لەو کانیاوە“دوای ماندوو بوونێکی زۆر تینوەتییان شکاندوە،یا بە سروەی بای کوێستانی ئارەقەی رێگایان دەرکردووە.بۆ ئەوان مەئموورییەتێکی سەختەو تا رادەیەک جیاواز لە جارانی پێشوو،بۆ خۆ پاراستن و نەھێنی کاری ناتوانن وەک جارانی رابردوو خۆمان پەنا بدەن.کاروانی بارەکانی ئەوان کەم نییەو زۆر بە ھاسانی رەچاو دەکرێ.
پێداویستی ئەو سەفەرە لە بەرچاو گیراوە ،بە ھۆی باروودخی ناوچەکە بۆی ھەیە چەند رۆژێک نەتوانن خۆیان بگەیەننە قووڵایی ناوچەکە،بە ھۆی کەمین و رێگرییەکانی دوژمن.ھەر بۆیە خواردنی پێویست ھەڵگیراوە،شتێک کە پێم خۆشە لێرەدا بیری بخەمەوە سازگاری ئاوو ھەوای قەندیل ھۆکار بوون بۆ برسیەتی زیاتر،ھەر کاتێک دەگەیشتن بە قەندیل ھەستیان دەکرد کە خواردنەکانی ئەوان بەرگە ناگرن و زۆر زووتر لە کاتی خۆی برسیەتی فشاریان بۆ دێنێ.
………………….
بۆ شەوی دواتر خۆیان گەیاندە ئەو شوێنەی لە بەرنامە دا بوو بۆ مانەویان، لە پشت (دۆڵەکۆگێ)و خوار بازاری(گوێزێ)لە نزیک چەند رەشماڵێک”مانەوە،کە دوای ماندوو بوونێکی زۆر بوو بە پشوودانێکی باش و خزمەتێکی زۆر لە لایەن ئەو چەند ماڵە ھەوارەوە.ئێوارەکەی بە درەنگەوە وەرێکەوتن،رێگای ئەو شەوە مەودای زۆر نەبوو،ئەوان دەیان ھەویست لە دوا خاڵی سنووری خۆیان نزیک بکەنەوە،تا لە گەڵ ئێوارەی رۆژی دواتر،دوای شناسایی”کردن و لە ژێر چاوەدێری گرتنی ناوچەکەو دەست نیشان کردنی ھێزەکانی دوژمن رێگای دڕدانی شەو بە ناو جەرگەی ھێزەداگیرکەرەکانی دوژمن دا ببڕن.ئەوان خەڵکی ناوچەکەن راھاتوون بە کوێرە رێگاکان،قەدپاڵ و سروەی شەماڵی دڵرەفێن.ئەوان ئاشقی جوانییەکانی ئێرەن خۆشەویستی ئێرە ھێزیان پێدەدا،بۆنی بێژان“جاترە کێویلکە“ مەستی سەفەرێکی ئاشقانەیان دەکات و ھێز نییە بیانوەستێنێ.
………………………..
دوای پشوو دانی ئەو رۆژەو بە رواڵەت نیشاندانی خۆیان وەک کاروانچییانی ناوچەکە،ئێوارەکەی دوای دابەش کردنی ئەرک و بڕیارەکان بەرەو دوا خاڵی سنووری وەرێدەکەون.بە پێی بریار…بەرپرسان وا ساخ بوونەوە کە:ئەوان بە سەر دوو تیم دا دابەش بن،تیمی یەکەم بریتی بێ لە تیمی پێشرەو و کاک خدر” بۆ خۆی چاوەدێری بکات،تیمی دووھەم کاک مەحموود خاس”لە گەڵ چەند پێشمەرگەیەک بۆ خۆی چاوەدێری بێت،کە لە راستی دا بەرپرس بن لە نەجات دانی بارەکان“.بە پێی بریار دەبێ تیمی پێشرەو لە حاڵەتی ھەر جۆرە رووداوێکی نەخوازراو دا:تا کاتی رزگار کردنی بارەکانی تەقەمەنی سەنگەر لە دوژمن بگرێ و رێگا نەدات ھیچ جۆرە مەترسییەک یا ھەرەشەیەکی جیددی بۆ تیمی دواوە درووست بێ.
چەند پێشمەرگەیەکی کەم و ئەرکێکی قوورس لێرەوە دەست پێدەکات،بریار درا ئەو ئەرکە لەو پەری بەرپرسیارەتی و نەزمی پێشمەرگانەدا بەرێوە بچێ.وریا و لە سەر ھەست و چاو کراوە بن،بەڵێن:دووبارە کرایەوە بۆ بە جێگەیاندنی ئەو ئەرکە قوورسە وەک خۆی.
…………………….
ئێوارەکەی یەکەم تیم بۆ چاوەدێری ناوچەکەو جم و جۆڵی ھێزەکانی بەرامبەر بەرەو زینوێ(زەروێنێ)سەرکەوتن شوێنێکی مەترسیدارە، لەوێوە زاڵ دەبن بە سەر دەشتی جوان و دڵگیری(وەزنێ)دا.لێرە لە گەڵ یەکەم نیگاکان جوانییەکی بێ وێنە سەرنجت رادەکێشێ لەو دەروە”دا ھەناسەی چەند بایەک پێشوازیت لێدەکات چەند ھەنگاوێک ئەولا تر مەستی جوانییەکی سەرنجراکێش دەبی.
زۆر بە ئەسپایی بە دووربینەوە ‘دوو سێ کەس خۆیان دەخزێننە دیوی مۆڵگەکانی دوژمن و بە دووربین”چاو دەگێرن بۆ دیاری کردنی رێگاو ھێزەکانی رێژیم.ئەو کارە دەبێ بە وریاییەکی زۆر بکرێ.زۆری پێنەچوو توانییان ھێزەکانی دوژمن ببینن کە بەرەو کەمین و بەستنی رێگاکان بەرێوەن،ئەوە سەرەرای دەیان مۆڵگە لە سەر بەرزاییەکانی ناوچەکە و پێدەشتەکە.ئیدی ئەو شەوە ھیوا بڕاو دەبن و دەگەرێنەوە بۆ شوێنی خۆیان.
بەو پێیە دەرفەتێک نەبوو بۆ دەرباز بوون،ئەوە لە حاڵێک دا:بە ھۆی بوونی چەند”وەڵاخێکی“باری(چوارپێ)ناتوانن ھەموو رێگایەک ببڕن.
………………………..
بە ناچاری دوای دڵنیا بوون لەوەی ئومێدێک نییە بۆ ئەوەی سەفەری ئەو شەوە،دەگەرێنەوە بۆ شوێنی خۆیان و بە رەچاو کردنی وەزعی ناوچەکە دووبارە دوور لە چاوی خەڵک و رێبواران لە ژێر بنچکە گیاکان و سێبەری چەند کەڵبە شاخێک خۆیان مەڵاس دەدەنەوە.ھەتاوێکی گەرم و بێ ئەوەی سێبەرێکی وا ھەبێ لە ژێری دا ئارام بگرن.ژیانی سەختی دوو رۆژ لەو شوێنە خەریکە سەبری لە رادەبەدەری ئەوان لاواز دەکات،پرتەو بۆڵەو سەرکێشی جێگای بگرێتەوە.
…………….
لە سەریەک دوو رۆژی دیکە بەو شێوە بە نارەحەتی دەمێننەوە.
با بۆ کوورانی رۆژگارە ئەستەمەکان بیریان بخەینەوە…لێرە پارتیزانەکانی،وەک:مەحموود خاس،ھەمزەگۆران،خدر میراوەیی،سەلیم ئاغا کە چاو ساغ و شارەزای ناوچەکەن گیریان کردوە،تۆ بڵێی دوا جار لەو سەفەرە پەشیمان ببنەوەو ئیرادەی دوژمن سەرکەوێ،یا کوورانی چیاو لێرەواری چڕی ناوچەی سەردەشتی سەر سەوز.
چەند کەسێک نیگەران دەبن!داوا دەکەن بگەرێنەوە!دەلیلی ئەوان زیاتر لەوەوە سەرچاوەی دەگرت کە ئەو جووڵە بەو بارانەوە“ کە دەست و پێی ئەوانی بەستووە زۆر زەحمەتە بتوانێ سەر دەرکا.بەرپرسان سوور بوون لە سەر تەواو کردنی کارەکەو گەیشتن بە شوێنی مەبەست.
……………….
ئێستا دەگەنە رۆژی چوارەم و ھەمان رووداوەکانی رۆژانی پێشوو لە ئێوارەیەکی درەنگ دا دووبارە دەبنەوە.
ئەوە لە کاتێک دایە بڕیار دراوە ئەو ئێوارە ئێوارەی کۆتایی ھێنان بەو دۆخە ناخۆشە بێ.سەرگەرمی چاوەدێری ھێزەکانی دوژمن دەبن،لە پڕ لە خوار ئەوان کەسێک دەرکەوت کە لە پشت رێگاکەوە دەھات ئەو رێگایەی لە دیوی ئێران“ەوە بەرەو ئێراق دەھات،کە نزیک بۆوە کاک مەحموود خاس“ئەو کەسەی ناسی و بانگی کرد،دوای قسە کردن دیار بوو بە قاچاغی“و بە زەحمەتێکی زۆر ھاتبوو،دوای پرسیار کردن بە کاک مەحموود خاسی“گووت:دەبێ زۆر وریا بن لە دەست نیشان کردنی رێگاکان و گۆرینی مەسیر“،چەند شتێکی بەو فەرماندەیەی ئەوان گووت.
ئێوارەکەی چەند جارێک کاک مەحموود خاس“و کاک خدر“سەر دەبنە بن یەک و کاک ھەمزە گۆران“ و کاک سەلیم ئاغا“ بانگ دەکەن.کەمێک دوورتر لەوان چەند پێشمەرگەیەک چاویان لێ“یە بە پەنجە درێژ کردن شوێنەکانی دەرباز بوون و لادان لە کەمینەکانی دوژمن نیشان دەدەن.لەو لاتر ئەوانن کە تا رادەیەک ئەو کارە بە جۆرێک سەرکێشی و کەڵەگایەتی“دەزانن.بریاری رۆیشتن درا ،پێویستە لەو کەمینەی”دانراوەتەوە لابدن، لەوەش زیاتر ئەو شوێنانەی گرێمانەی ئەوە دەکرێ کەمینی”بۆ چووبێ.ئێستا کاتی بەرپرسیارەتی قەبووڵ کردنە،بەرپرسان:کوورینە رێگا دشوارە دەبێ مەسیر بگۆرین و ئاوێزانی شاخەکان بین،بەڵام:ھەر شتێکی لە ناکاو رووبدات وەک بڕیاری پێشوو تا تەقەمەنییەکە دوور دەخرێتەوە پاشەکشە نییە و سینگ لە سینگی دوژمن دەدەین،کاتی رۆیشتنە…بە درێژایی شەوەکە،بەیەکەوە لە گەڵ ئەوان دەبین.مانگ کەمێک نەوی بووە تا پێشمەرگەکان نسێیەکان ببینن…………..
………………
تێبینی:ئەو تیمە بە پێی خۆیان دەچنە ناو مۆڵگەی پاسدارەکانی تینوو بە خوێنی شۆرشگێران،چی روودەدات! بەیەکەوە دەبین،ونیان ناکەین بزانین لێرەش وەک بەڵێنیان دا:ئاوا دەتوانن رووبە رووی دوژمنەکەیان ببنەوەو لمبۆزی پیسی داگیرکەران بشکێنن.ئەوان لە جێگایەک تووش دەبن کە پێیان وا بووە لە ھەموو مەترسی“یەک دەرباز بوون.ئەو تیمە شەری پاراستنی حەسییەتی خۆیان دەکەن،شەرێکی سەخت و نا بەرامبەر.
ئەی چۆن شەری حەیسییەتی نییە!بۆ بەیانییەکەی رێبواران و خەڵکی ئەوێ حەسرەت بکێشن و داخ لە دڵ بن.قسەی ئێمە راستە
:بۆ بەیانییەکەی دوای ئەو شەرە،بە
ھۆی „خوێنێک“کە لە سەر رێگاکەو درووست کەمێک خوارتر لە دەروازەی پایەگا“رژاوە،دەبێتە ھۆی رشتنی چەند فرمێسکێک لە چاوی رێبوارانی ناوچەکە، خەڵک چاوەروانی ھەواڵە جەرگبڕەکە دەکەن،بزانن لەو شەوەدا چەند دڵۆپە خوێن لە جەستەی نیشتمان رژاوە.
چاوەروان دەبین.
…………………

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *