یادێک لە ڕاپەڕینی باشوری کوردستان! بەشی هەشتەم، دوایین بەش! له‌ نووسینی : محه‌ممه‌د بایزیدی

Posted by
یادێک لە ڕاپەڕینی باشوری کوردستان!
بەشی هەشتەم، دوایین بەش!
ڕاپەڕینی باشوری کوردستان بوو بە هۆی دڵخۆشی گەلی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان. دواتر، بە هۆی هێرشی پێچەوانەی ئەرتەشی ئێراقەوە، کۆڕەوی میلیۆنی بەرەو بەشەکانی دیکەی کوردستانی لێکەوتەوە. بە هاناوەچوونی بێوێنەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و نوێبوونەوەی هەستی هاوپێوەندی، ئەو دوو بەشەی کوردستانی زیاتر لە جاران لەیەکتر نیزیک کردبۆوە.
دوژمنانی گەلی کورد هەموو کات لە هەوڵی لێک دوورکردنەوە و کەلێن خستنە ناو بەشەکانی کوردستاندا بوون. کۆماری ئیسلامیش وەک یەکێک لە دوژمنە سەرسەختەکانی گەلی کورد نەیدەویست لەوە زیاتر ئەو لێک نیزیکبوونەوەیە ببینێت. زۆر هەوڵیدا، بەڵام لە لێک دوورخستنەوەی ئەو دوو بەشەدا سەرکەوتوو نەبوو. ئەوجار دەستی بە هاندانی تاقمە چەکدارەکانی سەر بەخۆی کرد و بە بیانووی جۆراوجۆر هەوڵی تێکدانی سەقامگیری هەرێمی تازە دامەزراوی کوردستانیدا. لە لایەک، بە بیانووی بوونی بنکە و بارەگاکانی حیزب، سنورەکانی تۆپ و خۆمپارەباران دەکردن و لە لایەکی دیکەشەوە هەوڵیدەدا شەڕ لە نێوان حیزبەکانی باشوری کوردستاندا هەڵایسێنێ. لە شەڕەکانی ناوخۆیی باشوری کوردستاندا، شکان و ئاودیوبوونی هەریەکێک لەو هێزانە لە ناوچەیەک دەبووە دەستکەوتێکی گەورە بۆ کۆماری ئیسلامی. هێزی شکاو، گەرچی لە هەرێمی کوردستان نەدەما، بەڵام کە ئاودیوی سنور دەبوون، وەک پشتی جبهەی خۆیان، خۆیان دەگرتەوە و دووبارە هێرشیان دەهێنایەوە. وەک نمونە جارێک سنوری شاری “قەڵادزێ” لە ماوەی یەک ڕۆژدا دووجار دەستاودەست کرا.

لە بەرامبەر حاواندنەوەی ئەو هێزانەدا، کە دەربازی ئەودیوی سنور دەبوون، کۆماری ئیسلامیش داواکاری خۆی هەبوو. لە لایەک ئەو سنورانەی کە ئەو هێزانەی لێ جێگیر دەبوون، بۆ هێزی پێشمەرگەی ڕۆژهەڵات نائەمن دەبوون، جا چ بە هۆی وەبەرچاوگرتنی دۆخی ئەوان یان بە هۆی بوونی کەسانی سەر بە کۆماری ئیسلامی لە نێو ئەواندا. لە لایەکی دیکەشەوە بەشێک لەو هێزانە بە گشتی جێی متمانەی پێشمەرگەکانی حیزب نەبوون.

شەڕی براکوژی و شەڕی ناوخۆ!

مێژووی زۆر وڵات شەڕی ناوخۆی بە خۆوە دیوە. زۆربەی وڵاتان هەر دوای دامەزرانیان تووشی شەڕی ناوخۆ بوون. زۆر وڵاتیش لە پێناو سەربەخۆییدا خەباتی چەکداریان تێدا کراوە و هێزە چەکدارەکانی سەردەمی ڕزگاری دوای گەیشتن بە دەسەڵات، لە پێناو بەرژەوەندی وڵاتدا ڕێک کەوتوون و بە هەمووان هەوڵی پاراستنی دەستکەوتەکانیان داوە.
لە باشوری کوردستان دەکرێ بڵێین نمونەیەکی دیکەی شەڕی براکوژی تاقیکرایەوە. ئەوان هەم لە شاخ و هەم دوای ئازادبوونیش شەڕی یەکتریان کڕدووە. هەر لە ساڵی ۱۹۶۶ ەوە کە باڵی مەکتەبی سیاسی لە پارتی دێموکڕاتی کوردستان جیابوونەوە، وردە دوژمنایەتیەک لە نێوان ئەوان و پارتیدا دروست بوو و کەم تا زۆر ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ شەڕی یەکتریان کردبوو. دوای دامەزرانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیش ناکۆکیەکان قوڵتر بوونەوە و کارەساتێکی وەک کارەساتی هەکاری، ڕۆژی ۷/۷/۱۹۷۸ی لێکەوتەوە کە ژمارەیەکی زۆر کادری باڵای یەکێتی نیشتمانی وەک؛ “دوکتۆر خالید سەعید”، “عەلی عەسکەری” و “حوسێن بابە شێخ” و سەدان پێشمەرگەی هەردوو لا شەهێد بوون. بە دوای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی لە ئێران ئەو دوو هێزە لە دوو سەنگەری تەواو دژ بەیەکدا شەڕی یەکتریان دەکرد.

لە ماوەی خەباتی شاخدا زۆرجار شەر و تێکهەڵچوونی خوێناوی نەک تەنیا لە نێوان ئەو دوو هێزەدا، بەڵکو لە نێوان حیزبەکانی دیکەی باشوریشدا ڕوویدابوو. دوو بەرەی جیاواز لە یەکتریش لە شاخ دروست کرابوون. “بەرەی جود” و بەرەی “جوقد”. ئەو دوو بەرەیەش هەردووکیان لە ژێر کاریگەری پارتی و یەکێتیدا دروست کرابوون. دوای زنجیرەیەک نەهامەتی کە ڕێژیمی بەعس ساڵی ۱۹۸۸ بە سەر گەلی کورد لە باشوری کوردستانی هێنا، وەک شیمیابارانی هەڵەبجە و پڕۆسەی ئەنفال، لایەنەکان لە نێو بەرەی کوردستانیدا لە دەوری یەک کۆبوونەوە. بەرەی کوردستانی ڕۆژی ۲ی مای ۱۹۸۸ ڕاگەیاندرا. لە کاتی ڕاپەڕینی باشوری کوردستانیشدا، بەرەی کوردستانی نەقشی بەرچاوی هەبوو
بە دوای هەڵبژاردنی پاڕلمانی کوردستان و پێکهاتنی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هەموو کورد هیوادار و چاوەڕوان بوو کە ئەم ئەزمونەی کورد بەرەو سەرکەوتن بچێت، بەڵام ئەسڵی پێکهێنانی حکومەت لە سەر بناغەی ۵۰بە۵۰، نیشانیدا کە کێشەی ئەو دوو حیزبە پێش بینی سەرهەڵدانەوەی شەڕی براکوژی لێ دەکرێ. لەو لاوە وڵاتانی زاڵ بەسەر کوردستانیشدا بێکار دانەدەنیشتبوون و هەموو هەوڵەکانیان بۆ لە باربردنی ئەو ئەزمونە خستبۆ گەڕ.

ساڵی ۱۹۹۲ بە هۆی پێداگری تورکیا لەسەر دوورخستنەوەی پ.ک.ک. لە سنورەکانی خۆی، حکومەتی هەرێمی کوردستان ناچار بە تێپەڕاندنی بڕیارێک بۆ دوورخستنەوەی پ.ک.ک لە سنورەکان، لە پاڕلمانی کوردستان کرا. بە هۆی پابەند نەبوونی پ ک ک بە بڕیاری پاڕلمانی کوردستان لەمەڕ جێهێشتنی هەرێمی کوردستان، شەڕێکی خوێناوی لە نێوان پ ک ک لە لایەک و پارتی و یەکێتی لە لایەکی دیکەوە هاتە ئاراوە. بە دوای ئەو شەڕەدا بەشێک لە هێزەکانی پ ک ک گواسترانەوە بۆ لای “مێرگێ زەڵێ”، لە سنوری قاسمەڕەش لە ناوچەی سەردەشت.

ساڵێک دواتر، شەڕ لە نێوان بزووتنەوەی ئیسلامی و یەکێتی هاتە ئاراوە. ئەو شەڕە بە دەرکرانی بزووتنەوەی ئیسلامی لە هەرێمی کوردستان و چوونیان بۆ ناو ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆتایی هات. هەڕەشەکانی بزووتنەوەی ئیسلامی بە پشتیوانی کۆماری ئیسلامی لە سەر سنورەکان زیاتر ڵە جاران ئەو سنورانەی، بە تایبەت بۆ هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نائەمن کردبوو.

ساڵی ۱۹۹۴ شەڕی ناوخۆ لە نێوان پارتی و یەکێتی دەستی پێکرد کە تا ساڵی ۱۹۹۷ی کێشا و بە ئیمزاکردنی ڕێککەوتن نامەی واشینگتۆن کۆتایی پێهات. لە ئاکامی ئەو شەڕەدا هەرێمی کوردستان بە سەر دوو بەشدا دابەش بوو بوو و هاوکات لە سلێمانی و هەولێر دوو حکومەتی هەرێم هەبوو. بە داخەوە سەرەڕای تێپەڕبوونی چەند ساڵ بەسەر یەکگرتنەوەی حکومەتی هەرێمدا هێشتا ئاسەوارەکانی ئەو دابەشبوونە هەر ماون و دڵەڕاوکێی گەڕانەوە بەرەو ئەو سەردەمە هێشتا هەر لەسەر شان و ملی خەڵکی باشوری کوردستان قورسایی دەکات.

شەری براکوژی بوو بە هۆی کوژران و برینداربوونی ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە هەردوو لا. بە پێی هێندێک بەڵگە زیاتر لە ۴۰۰۰ پێشمەرگە شەهید و هەزارانیش بریندار بوون. بەشێکی زۆری ئەو پێشمەرگانە خاوەنی دەیان ساڵ پێشمەرگایەتی و دونیایەک ئەزموونی شەڕ بوون. ڕووداوەکانی دواتر نیشانیان دا کە کوردستان چەندە پێویستی بە هەر کام لەو پێشمەرگانە بووە و هەیە.
شەڕی براکوژی سەرەڕای ئاوارەبوونی ژمارەیەکی زۆر بنەماڵەی سەر بەو دوو حیزبە و بێ سەرو شوێن بوونی ژماڕەیەکی زۆر.

شەڕی براکوژی بوو بە هۆی واڵابوونی مەیدان بۆ تەراتێنی وڵاتانی زاڵ بە سەر کوردستانیشدا. ئەو شەڕە لە باشور هەل و مەرجێکی وەهای هێنایە کایەوە، کە ژمارەیەکی یەکجار زۆر کادر و پێشمەرگە و ئەندام و لایەنگری هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە شارەکانی باشوری کوردستان ترۆر کران. هیچکام لە ترۆریستەکانیش لە گوڵ کاڵتریان پێ نەگوترا. لەو نێوەدا ڕەحم تەنانەت بە پیر و پەککەوتە و کەمئەندامانیش نەکرا. کەسایەتێی مرۆڤی کورد لە باشور بە ڕادەیەک لە لایان ئێرانەوە خرایە ژێر پێ کە ڕێکخراوێکی چەند کەسی بە ڕواڵەت مارکسیستی لە پێناو پێدانی چەند فەردە ئارد و چەند تەنەکە ڕۆنێکدا بنکەی پێوەندییەکانی حیزبیان دەدایە لە شارەکانی وەک سلێمانی و ڕانیە و قەڵادزێ دەدایە بەر ئاوری ئارپیجی. لە پێناو وەرگرتنی وەرەقەیەک بۆ گەڕان لە ئێراندا نارنجۆکیان دەخستە بنکەی حیزبیەوە و پێشمەرگەیان شەهید و بریندار دەکرد.

هەر بە هۆی فشارەکانی کۆماری ئیسلامی و وەک دەرکەوتەکانی شەڕی ناوخۆ بۆ سەر حیزبی دێموکڕات ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران لە لایان یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە داخرا.

زستانی ۱۹۹۳ دوو کەس لە ئەندامانی حیزب بە ناوەکانی “مەجید سڵدوزی” و “مەلا ئەحمەد خزری”، لە کاتی گەڕانەوەیان بەرەو شوێنی نیشتەجێبوونیان لە “حامیەی ڕەواندز” لە لایان چەکدارانی حیزب اللە ی بە ناو شۆڕشگێڕی کوردەوە لە پرسگەی دیانان قۆڵبەست کران و تەسلیم بە کۆماری ئیسڵامی ئێران کرانەوە. ئەو دوو تێکۆشەرە دواتر لە زیندانی ورمێ ئێعدام کران.

شەوی ۶ی ڕێبەندانی ۱۳۷۳ی هەتاوی (۲۶ی ژانوییەی ۱۹۹۵) هێرشێکی بەربڵاو کرایە سەر مەڵبەندی شومال و ناوەندی سپی سەنگ و هێزەکانی ئاگری و قەندیل و کێلەشین و … لە باسرمە، ناحیەی حەریر. ئەو هێرشە بە هۆی خۆڕاگری پێشمەرگەکانی حیزبەوە تێکشکا. دوو پێشمەرگەی حیزب بریندار بوون و کەسێکیش لە هێرشبەران بە دیل گیرا.
ڕۆژی ۱۷/۳/۱۹۹۶ْ هێرشکرایە سەر بنکەکانی حیزب لە بەحرکە. لەو کردەوە ترۆریستیەدا ۴ پێشمەرگە شەهید بوون.

یەکێک لە دزێوترین دەرکەوتەکانی شەڕی براکوژی بۆ هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕێگەدان بە هاتن و هاوڕێیەتی کردنی هێرێکی گەورە و پۆشتە و پەرداخی سپای پاسداران- تەیار بە تۆپخانە و هەموو جۆرە چەکێک- بۆ سەر دەفتەری سیاسی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران لە ڕۆژی ۲۶/۷/ ۱۹۹۶ دا بوو. ئەو هێزە سەرەڕای تۆپبارانی بێ پسانەوەی بنکەکانی حیزب لە دەشتی کۆیە، پیلانی هێرشی زەمینیشیان داڕشتبوو، بەڵام بە هۆی هەڕەشەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیەوە سەری نەگرت و ناچار بە پاشەکشە کران. ئەو هێرشە بوو بە هۆی ئاوارەبوونی ژن و منداڵی دانیشتووی کەمپەکانی کۆیە و دێگەڵە بۆ بەر دەرکی UN لە هەولێر.
ڕۆژی ۱۹/۱۰/۱۹۹۶، ۷ پێشمەرگەی حیزب کە لە ناوخۆ دەگەڕانەوە، بە هەڵە ڕوو لە بنکەکانی بزووتنەوەی ئیسلامی لە سنوری هەڵەبجە دەکەن. ئەوان بە فێڵ و تەڵەکە چەکەکانیان لێوەردەگیرا و بە دوور لە هەموو پڕینسیبێکی ئینسانی، ڕادەستی کۆماری ئیسلامی کرانەوە. شەش کەس لەوان بە ناوەکانی؛ “ئەرشەد ڕەزایی”، “محەمەد عەزیز قادری”، “یۆنس محەمەد پوور”، “عەدنان قادری”، “موزەفەر کازمی” و “مارف سوهرابی”٫ دوای ئازار و ئەشکەنجەیەکی زۆر لە لایان کۆماری ئیسلامیەوە ئێعدام کران. کەسی حەوتەم توانی لە زیندا‌ن ڕابکات و چۆنییەتی بەڕێوەچوونی پیلانەکە ئاشکرا بکات.

ڕۆژی ۱۷/۹/۱۳۷۷( ۸/۱۲/۱۹۹۷) کاتێک ژمارەیەک کادری حیزب، بە مەبەستی بەشداریکردن لە دوایین پلۆنۆمی پێش کۆنگرەی حیزب، بەرەو دەفتەری سیاسی حیزب بەڕێوە بوون، زۆر بێ بەزەییانە لە پرسگەی کۆیە درانە بەر دەستڕێژ و شەهیدکران. ئەو کاروانە هەر ئەوڕۆژە لە ڕێگای دوکان-ڕانیە کەوتبوونە نێو کەمینی ترۆریستانی سەر بە سپای قودسی کۆماری ئیسلامی و بە داخەوە کاک “مەنسور فەتاحی” ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزب شەهید کرا بوو.

لە کاتی بەڕێوەچوونی هەر یەک لەو تاوانانەدا، کەسانێک بۆ هێزی پێشمەرگەی حیزب ناسراون. ئەو کەسانە بە ڕواڵەت کاتی خۆی لێپرسینەوەیان لە گەڵدا کراوە، بەڵام لە ڕاستیدا تەنیا بۆ بێدەنگ کردنی بیروڕای گشتی بووە. ئەوان هەروەک یەکێک لەوان دواتر گێڕاوییەتەوە تەنیا لەو شوێنە دوورخراونەتەوە و لە شوێنێکی دیکە درێژەی بە رپرسایەتی خۆیان داوە. ئێستا ئەو کەسانە زۆر ڕوو هەڵماڵاوانە دێنە پێش و هەوڵی هەڵکشان بەرەو لوتکەی دەسەڵات دەدەن. ئەوەی لە شێوەی هەڵس و کەوت لە گەڵ ئەو کەسانە دەرکەوتووە، پێشاندەری ئەو ڕاستیەیە کە بەشێک لەو هێرش و پەلامارانە بۆ سەر هێزەکانی حیزب، کەسانی بڕیار بەدەستی نێو ئەو هێزە سیاسیانەیان لە پشت بووە. هەر ئەوانیش پێشیان بە بەڕێوەچوونی لێکۆڵینەوە و دادگایەکی بێلایەن بۆ ترۆریستان کردووە.

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *