ئەو ڕۆژانەی قەت لەبیر ناچنەوە (بەشی ۴٨) له‌ نووسینی : خدر پاکدامه‌ن

Posted by
هەروەک لە بەشی پێشوودا باسم کرد بەدوای ئەو هێرشە بەربڵاوەی کرایە سەر کومیتەی شارستانی سەردەشت و هێزی گیاڕەنگ و بە هیمەتی و ئازایەتیی ڕۆڵەکانی گەل لە گەڵ شکست بەرەوڕوو بوو، هەوڵە دژەیگەلییەکانی ڕێژیم بە مەبەستی چۆڵکردنی ئەو ناوچەیە تادەهات زیاتر دەبوو. لە سەردەمەدا عێراق و ئێران زیاتر لێک نیزیک دەبوونەوە، چاوەڕوان دەکرا ئاستەنگەکان زیاتر بن.

بۆیە لەلایەن حکومەتی ئەو کاتی عێراقەوە چەند جارێک ئاگادار کراینەوە کە دەبێ ناوچەکە چۆڵ بکەین!!.

حیزب زۆری هەوڵدا تا ئەم دەروازەیە لە سنوور کە لە چۆنیەتی لە گەڵ هاتوچۆی هێزی پێشمەرگە بۆ نێوخۆی وڵات و پێوەندی لە گەڵ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا شوێنێکی ئیستراتژیک بوو، بپارێزێ. بەڵام هەوڵەکان بێ‌ئاکام بوو.
ڕۆژێک لە ڕۆژەکانی پاییزی ١٣۶٩ی هەتاوی بێ ئەوەی کەس ئاگاداربێ، بە دەیان ماشێنی بارهەڵگری گەورە و چووک کە هەموو شۆفرەکانیان خەڵکی باشووری کوردستان بوون، بەرەو سوونێ بەڕێکران. ٢۴ کاتژمێریان مەجال پێ داین کە ناوچەکە چۆل بکەین و پێیان ڕاگەیاندین کە ئەگەر ناوچەکە چۆڵ نەکەین، بە هەموو جۆرە چەکێک لێمان دەن.!! بۆیە بەناچار بە گواستنەوەی مقەڕ و ماڵەکانمان کراین. لە کاتی بارکردندا چەندین جار بە تۆپی دوورهاوێژ دەوروبەری ئێمە کەوتنەبەر هێرشی حکومەتی عێراق. مەبەست لەم کارە تەنیا بۆ ئەوەی بوو کە هەرچی زووتر ئەو شوێنە چۆل بکەین. بەڕاستی ڕۆژێکی ناخۆش بوو، لەماوەی ٢۴ کاتژمێردا ناوچەکە بەتەواوی چۆڵ کرا و هەموومان بۆ بناری قەندیل گوازراینەوە.
وەزعێکی زۆر خراپمان هەبوو هەرماڵەوە لە جێگایەک بوو، وەرزی سار و سەرما بوو، دەبوو هەم بۆ مەقەڕەکان و هەم بۆ ماڵەکان جێگە درووست بکەین. شوێنی ئێمە (هێزی زمزیران)، گوندی “بۆکریسکان” بوو. لە کاتی ڕاگواستنمان لە سوونێوە بۆ بناری قەندیل، کۆمەلە خەڵکێکی دیکە لە دەوروبەری سوونێ بوون، خەریکی کار و کاسبی بوون و وەزعیان لەوپەڕی خراپیدا بوو. چەند کەسێک لە ناچاری خۆیان تەسلیم کردەوە کۆمەڵێکیش بەدزی مانەوە.
لە پاییزێکی دەرنگوەختدا لە گوندی بۆکریسکانی بناری قەندیل دەستبەکار بووین؛ دەبوو هەم شوێنی حەوانەوە بۆ خۆمان وەک پێشمەرگە سەڵتەکان درووست بکەین، هەم هاوکاریی بنەماڵەکان بکەین و هەم ساڵۆنی ئاشپەزخانە ساز بکەین. بۆیە پێشمەرگەکان هەموویان خەریکی کارکردن بوون. فشارێکی زۆرمان لە سەر بوو، بەڵام بەهیممەت و ئیرادەی پێشمەرگەکان، کارەکان باش دەچوونە پێشێ. ئێمە سەر بە لکی سێ بووین، چەند ڕۆژ پێش ڕاگواستنمان لە سوونێ، سەرپەلەکەمان بریندار بوو، بۆیە ئەرکی ئەو پەلە کەوتە سەرشانی من. بۆ ئەوەی بە هاوکاریی کوڕەکانی دیکە بتوانین ئەرکەکانمان بە باشی جێبەجێ بکەین، ڕۆژانە کار و ئەرکەکانمان دابەش دەکرد. هەموومان بەشداریی کارەکانمان دەکرد، بێ ئەوەی هیچ چاوەڕوانییەکمان هەبێ دڵسۆزانە کاری خۆمان دەکرد. سەرەڕای هەموو فشارەکان دوای نیشتەجێبوونمان لە بۆکریسکان، سەرەڕای ئەو هەموو کارە زۆرەی کە ڕۆژانە دەبوو کردبامان بەڵام گەڕانەوە بۆ سوونێ جارێکی دیکە لە دەستەی چووکەچووکدا هەر لە ئارادا بوو، بەڵام بە نەهێنی و تەواو پارتیزانی.
دەستەیەک لە پێشمەرگە و کادرەکانی کۆمیتەی شارستان بە شێوەیەکی نەهێنی جارێکی دیکە گەڕانەوە سوونێ و لە ناوچەکە مانەوە تا کاتی ڕاپەڕینی باشووری کوردستان. بەڵام مانەوەیەکی سەخت و تەواو پارتیزانی کە بەهاوکاریی چەند کەسێکی دڵسۆز و نیشتمانپەروە ئەو تیمە لە ناچەکە خەریکی ڕاپەڕاندنی ئەرکی حیزبی بوون.
ناکرێ باسی سوونێ و کونەمار بکەی بەڵام باسی بنەماڵە تێکۆشەر و نیشتمانپەروەرەکەی حاجی خدری بەرقسڵ نەکەی کە بەڕاستی هەمیشە پشت و پەنای ئێمە بوون. لە ناوچەکە وەک هەمیشە هاوکار و پشتیوانمان بوون، بەدەستەوەبوو و خەمخۆری ئێمە بوون. دەتوانم بڵێم مانەوی ئەو تیمە لە پێشمەرگەکانی بەشێکی بە هیمەت و پشتیوانیی ئەم بنەماڵە بەڕێزە بوو.
دوای گەڕانەوەی ئەو تیمەش بۆ ناوچەکە ئێمەش لە بناری قەندیل خەریکی کار و تێکۆشانی خۆمان بووین، رۆژانە دابەشکاریی ئەرکەکانمان دەکرد و هەر کەسەو ئەرکی پێئەسپێردراوی خۆی ڕادەپەڕاند. ڕۆژێکیان وەک ڕۆژەکانی دیکە دوای دابەشکردنی کارەکان من لەگەڵ چەند پێشمەرگەیەک خەریکی درووستکردنی شوێنێک بووین بۆ ئەو ئێسترانەی پێمان بوون؛ ئەو کات هەر پەلەو ئێسترێکی هەبوو کە بار و شت و مەکی قورسمان لێ بار دەکردن. کاکا ڕەسووڵی عەزیزی- ڕووحی شاد بێ – ئەو کات فەرماندەی لکی سێ بوو. هات و پێی وتم؛ کاک کاوە بەهرامی – کە فەرماندە هێزمان بوو- دەڵێ کەسێک بنێرێ بۆ ئەوەی لە ماڵی ئێمە کار بکات. منیش گووتم وەڵڵا جارێ کەسمان بەدەستەوە نیەو هەموو خەریکی کارن. زۆری نەبرد کاک کاوە هات و زۆر بە ناشیرنی قسەی لە گەڵ کردین، منیش گووتم کاک کاوە! ئێمەش ئەوە خەریکی کارین و خۆت دەبینی کە کەسمان بێکار بە دەستەوە نیە. خۆلاسە لێمان بوو بە کێشە. کاک کاوە ڕۆیشت و ئێمەش سەرقاڵی کارکردن بووین،دوای چەند دەقەیەک نامەیەکیان بۆ هێنام و پێیان ڕاگەیاندم کە نەقڵ کراوی!!!. منیش چوومەوە بۆ مەقەڕ و خۆم پێچایەوە و وەسایلەکانم هەڵگرت و دەستم دایە چەکەکەم کە بڕۆم، کەچی پێیان راگەیاندنم کە کاک کاوە دەڵێ؛ “چەکی پێ نادەم، بۆیە نابێ چەکەکەی بەرێ”!! منیش گووتم من نەقڵ کراوم بۆ لە حیزب دەر نەکراوم، چۆن دەبێ چەکی خۆم نەبەم؟! گووتیان؛ نابێ. بەهەرحاڵ بە دڵشکاوی و نیگەرانییەوە بەرەو بۆلێ وەڕێ کەوتم. کە چووم بۆ سیاسی –نیزامی، نامەکەیان چاو لێکرد، گووتیان پێشنیاریان کردوە کە لە حیزب دەربکرێی!!. منیش گووتم باشە بۆ دەربکرێم؟! من لە گەڵ کاک کاوە تەنیا بەرخوردێکم هەبووە، خۆ خەیانەتم نەکردوە. کاک شاهۆ حوسێنی گوتی؛ ئێمە بڕیاری هێز قەبووڵ دەکەین. منیش گووتم باشە گوێ لە منیش بگرن بزانن کێشەکە لە سەر چیە. گوتی بەیانی وەرەوە. منیش هەر شەوەکەی لە گەڵ کاک برایم زێوەیی – یاد و ناوی بەخێر بێت – باسم کرد کە ئەو کات لە سیاسی – نیزامی کاری دەکرد. شەهید برایم لە گەڵ کاک جەعفەری حامیدی باسی کردبوو. بە فشاری کاک جەعفەری حامید و شەهید برایم زێوەی لە بڕیارێکی پڕاوپڕ لە غەدر و ناحەقی ڕزگارم بوو.
لەو ماوەیەدا کە کاک کاوە بەهرامی فەرماندەی هێزی گیاڕەنگ بوو، بە هۆی مودیرییەتی خراپ و توندڕەوانەی بەڕێزیانەوە، دەیان تێکۆشەری باشی ئەو هێزە بەدڵشکاوی ناچارکران لە حیزب بڕۆن. بە شێوەیەک کە دواتر کۆمیسیۆنی سیاسی- نیزامی هاتە سەر ئەو باوەڕەی کە سنوورێک بۆ ئەم فشارهێنان و خراپ مودیرییەتکردنەی کاک کاوە دابنێن.
دوای ئەوەی کە بڕیاری دەرکردنەکەم گۆڕدرا، من نەقڵی هێزی پێشەوا کرام و چووم بۆ “ئەستێڕۆکان”. ئەو کات کاک مستەفا مەولوودی، بەرپرسی کۆمیتەی شارستانی مەهاباد بوو و کاک عومەری باڵەکی فەرماندەری هێز بوو. تاماوم چاکە و موحیبەتی ئەو دوو هاوڕێیەم لەبیر ناکەم.
بە چوونم بۆ هێزی پێشەوا، بۆ ماوەیەک بیرەوەرییەکانم لە سەردەشت کۆتایی دێن. ئەو جار ڕوو دەکەمە ناوچەی مەهاباد، لانکەی دێرینی شۆڕش و کوردایەتیی خەبات و تێکۆشانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان.
لە بەشەکانی دیکەی ئەم گۆشە لە بیرەوەرییەکانمدا لە ساڵی ١٣٧٠ی هەتاوییەوە دەست پی دەکەم…..
ئەم وێنەیە دوای سی ساڵ تێپەڕین بە سەر ئەم ڕۆژەی کە خەریک بوو بەناهەق لە حیزب دەرم کەن ئێستا ش هەوەک جاران بەگووڕو تین لە ڕێبازی دێموکرات دا لە سەر پێ ماوم

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *