ئەو ڕۆژانەی قەت لەبیر ناچنەوە (بەشی ۴٩) له‌ نووسینی : خدر پاکدامه‌ن

Posted by
مێژووی پڕکارەست و هەرگیز لەبیرنەکراوی تێکۆشەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەروا ئاسان لەبیر ناچێتەوە. لێرە ماڵئاوای لە ناوچەی سەردەشت دەکەم و بۆ ناوچەیەکی گرینگی دیکە گۆڕەپانی خەبات و تێکۆشانی پێشمەرگانە هەنگاو دەنێم.
بێ گوێدان بە فشار و ئاستەنگەکان تێکەڵ بە تێکۆشەرانی هێزی بەهێزی “پێشەوا” دەبم، ڕێگە سەخت و دژوارەکان دەبڕین تا لە گەڵ هاوڕێکانم بەرەو شوێنی کار و تێکۆشانی خۆمان بگەڕێینەوە.



هەروەک لە بەشی پێشوودا باسم کرد، لە هێزی گیاڕەنگ نەقڵی هێزی پێشەوا کرام. بە چوونم بۆ هێزی پێشەوا قۆناغێکی دیکە لە ژیانی پێشمەرگایەتم دەستی پێکرد. هەرچەند سەرەتا بۆ ماوەیەک نیگەرانی بە ڕوخسارمەوە دیار بوو، بەڵام لە ماوەیەکی کورتدا هەموو دڵەڕاوکێ و دوودڵییەک کۆتاییان پێهات. هەر زوو تێکەڵاوی هەموو پێشمەرگەکانی هێزی پێشەوا بووم. کاتێک کە چوومە “ئەستێرۆکان” هەوا ساردی کرد بوو هیچ پێشمەرگەیەک لە ناوچە(نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان) نەمابوو و هێزەکان گەڕابوونەوە بنکەی سابیت. هاوکات بوو لە گەڵ ئەوەی کە حکومەتی عیراق لە ژێر ئابڵۆقەی ئابووریی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیدا بوو، تا دەهات لاوازتر دەبوو. دەوروبەری هێزی پێشەوا لە ئەستێرۆکان هەموو پایەگای حکومەتی بەعسی عێراقی بوو، بەڵام بێ کەلوپەل و برسی بوون. وەزعیان تا بڵێی خراپ بوو. زۆرجار بۆ پاروە نانێک ڕوویان لە ئێمە دەکرد. هەرچەند ئێمەش لە عێراق دەژیان و فشارمان لە سەربوو، بەڵام ئێمە بەژیانی پێشمەرگایەتی ڕا هاتبووین. دەنا ئێمەش لە باری خورد و خۆراکەوە فشارمان لەسەر بوو. لەبیرمە قەندیان بەکڵۆ پێدەداین، نانیش بەسەهمیە بوو!! زۆرجار بەشی نەدەکرد. ئەوەی لە حیزبدا بە “ڕۆژی ڕەش” ناسرابوو تا کاتی ڕاپەڕینی باشووری کوردستان و ڕاماڵێنی دەسەڵاتی ڕێژیمی بەعس لە کوردستان لە ١٩٩١ لەنێو کەمپ و بارەگاکانی حیزبدا هەر لە جێگەی خۆیدا بوو. چوونکی ئەگەر حکومەتی عیراق لە کوردستان ئەو چارەنووسەی بە نسیب نەبا، ڕەنگە ئێمەش چارەنووسێکی باشمان نەبایە. بۆیە بەهۆی نیزیکبوونەوەی عیراق و ئێران لە یەکتری فشارمان لە سەربوو. بەڵام ئەم هەمووفشارانەی کە لە سەرمان بوو بەهیمەتی هەموومان توانرا ئەوبارە قورسەش لە سەرشانمان سووک بێ و لاپەڕەیەکی دیکە لە خەبات و تێکۆشان سەری هەڵداوە. جیا لە پشوودرێژی و ئیمان بە درێژەدانی خەبات هیچ ڕێگەیەکی دیکەمان لە ڕێ نەبوو.
لە هێزی پێشەوا و لە یەکێک لە پەلەکانی ئەو هێزە سازمان درام. ڕۆژانە لە ئەستێرۆکان(شوێنی نێشتەجێبوونی هێزی پێشەوا) خەریکە ڕاپەڕاندنی کاروباری حیزبی بووین. بێجگە لە کاری پێشمەرگانە لە بنکەکانی سابیتدا چەندین کلاسی سیاسی و کۆڕ و کۆبوونەوەیان بۆ پێشمەرگەکان پێک دەهێنا. بۆ ئەوەی پێشمەرگەکان هەم پلە زانیاری و تێگەیشتنیان بچێتە سەرێ و هەم تووشی بێکاری نەبن.
پایزی ١٣۶٩ لە هێزی پێشەوا بەشداریی کلاسێکم کرد لە سەر بەرنامە و ئەساسنامەی حیزب کە زیاتر لە دوو مانگی خایاند. لە کۆتاییدا من بە نەفەری سێهەم دەرچووم و لە لایەن کۆمیتەی شارستانەوە تەشویق کرام و تا ئێستاش ئەو ڕێزلێنانەم پاراستوە.
بە پێی ڕەوتی ڕووداوەکان تا دەهات وەشاندنی گورزی سەربازی لە حکومەتی ئەو کاتی عێراق لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی نیزیک دەبووینەوە. دەرکەوتنی ئاسۆیەکی ڕوون بۆ باشووری کوردستان بەدی دەکرا. سەرنجام زۆری نەکێشا لە ڕێکەوتی ۵ی ئازاری ١٩٩١ یەکەم چەغماغەی ڕاپەڕین لە شاری ڕانیە لێدرا و زۆری نەکێشا زۆربەی هەرە زۆری شار و ناوچەکانی باشووری کوردستانی گرتەوە. ئاسۆیەکی ڕوون بۆ کورد هاتە کایەوە. ئەرتەشی عێراق لە تەواوی باشووری کوردستان وەدەر نرا و ئاسەوارێک لە هێزی داگیرکەر نەما. بەم جۆرە بۆ ئێمە تێکۆشەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش ڕۆژێکی خۆش بوو، هیوا و ئومێد لە ڕوخساری تاک تاکماندا بەدی دەکرا.
دوای پاشەکشەی هێزەکانی عێراق لە تەوای کوردستان و چۆڵکردنی پایگاکان، ئێمەی پێشمەرگە لە بەشێکی زۆری ئەم پایگایانە جێگیر بووین. هەرچەند زۆرسارد بوو، بەڵام نەدەکرا ئەو شوێنانە بەجێ بهێڵێن. چونکی هەموو ئەو شوێنانە بە سەر بنکەی دەفتەری سیاسیی و سکرتاریای حیزب لە بۆڵێدا زاڵ بوو. دەبوو پارێزگاری لەو شوێنانە بکەین و ئاسایشی و ئەمنیەتی دەورووبەری خۆمان بپارێزین.
بەرەبەرە بەرەو وەرزی کار و تێکۆشان دەچووین، هێزی پێشەوا وەک هەموو هێزەکانی دیکە بە مەبەستی چوونەوە نێو خەڵک خۆی ئامادە دەکرد. ئەوەی لەبیرم بێ ئەوە یەکەم جاربوو کە لە کوردستانی ئازادکراوی باشوور و بێ هێزی داگیرکەر بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەگەڕاینەوە. ئەو ساڵە کاک مستەفا مەولوودی، بەرپرسی کۆمیتەی شارستانی مەهاباد بوو و، کاک عومەر باڵەکی فەرماندەری هێزی پێشەوا بوو.
لە وەزێکی دیکەی ئەم بیرەوەرییانەدا کە چەند بەش لەخۆ دەگرێ، کورتەیەک لە خەبات وتێکۆشانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ناوچەی مەهاباد دەخەمە بەر دیدی خوێنەرانی بەڕێز
…..ئەستێرۆکان دەستەیەک لە پێشمەرگە تێکۆشەرەکانی هێزی پێشەوا .

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *