ئەو ڕۆژانەی قەت لەبیر ناچنەوە (بەشی ۵٠) له‌ نووسینی : خدر پاکدامه‌ن

Posted by
حیزبی دێموکراتی کوردستان لە مێژووی درووست بوونیەوە تا ئێستا لە خەبات و تێکۆشانی خۆیدا بە دەیان کەند و کۆسپی هاتۆنە ڕێ. بەڵام بە هیممەتی هەموو تێکۆشەرەکانی لە ڕێبەرانیەوە بگرە تا سادەترین پێشمەرگەکانی، هەموویان بە پێی توانا بۆ لادانی هەموو کەند و کۆسپەکان، بۆ خزمەت بە گەل و نیشتمان و هەوڵدان بۆ مانەوەی ئەم حیزبە تێکۆشاون و خەباتیان کردوە. هەمیشە بەچاوی هیوا هومێدەوە لە دواڕۆژی ئەم حیزبەیان ڕوانیوە.
هەروەک لە بەشی پێشوودا باسم کرد بەدوای ئازادبوونی تەواوی باشووری کوردستان لە هێزی داگیرکەر، دەرفەتێکی گونجاو بۆ کورد هاتە کایەوە کە ئێمەشی دڵخۆش کرد و زۆربەی ئەو نیگەرانیانەی کە باڵیان بەسەر بزووتنەوەی سیاسیی کورددا کێشابوو، نەمان و هەلومەرجێکی دیکە لە ناوچەکە درووست بوو کەبە قازانجی کورد بەگشتی دەچۆە پێشێ.
لە بناری قەندیل فەسڵ تا دەهات بەرەو خۆشی دەچوو، جم‌وجۆڵ لەنێو کادر و پێشمەرگەکاندا بەدی دەکرا. لە هێزی پێشەواش جم‌وجۆڵی گەڕانەوە بۆ شوێنی کار و تێکۆشانی خۆمان لە ناوچەی مەهاباد، لانکەی حیزبی دێموکرات و کۆماری کوردستان بە تەواو هەستی پێ دەکرا. سەرنجام ١٣٧٠/٣/١٢ زۆربەی هەرە زۆری کادر و پێشمەرگەکانی هێزی پێشەوا و کۆمیتەی شارستانی مەهاباد بە فەرماندەری هێز و بەرپرسی کومیتەی شارستانەوە، ئامادی گەڕانەوە بووین. بەرە بەرە پێشمەرگەکان لە دەوری ئەو ماشێنانەی کە بۆ گواستنەوەمان تا سنوور ئامادەکرابوون، کۆ دەبوونەوە و ماڵئاوایان لە هاوڕێیانی دیکە دەکرد. لە کاتی بەڕێکردنی ئێمەدا زۆربەی بنەماڵەی کادر و پێشمەرگەکان بە مەبەستی ماڵئاوایی لە خۆشەویستانیان لە دەوری ماشێنەکان وەستا بوون، لە ڕووخساریاندا بەدەیان هەستی خۆش و ناخۆش بەدی دەکرا. بڵیی چی لەوە ناخۆشتر بێ کاتێک کە پێشمەرگەیەک منداڵ و خێزانەکەی لە باوەش دەگرێ و نازانێ داخوا جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە کە بتوانێ بیانبینێتەوە و لە باوەشیان بگرێ!!.
بەم جۆرە هەموومان سواربوون و کاروانی ماشێنەکان بەرەو خوارێ شۆڕ بۆوە. لە پرسگەی خوارێی بنکەکانی ئێمە کاروانی ماشێنەکانی هێزی “بەیان”یش تێکەڵ بە کاروانی ئێمە بوو. هەموومان بەرەو شاری سلێمانی وەڕێ کەوتین. بۆ یەکەمجار بوو ئێمە بەم جۆرە بە ئازادی، بە گۆرانی و چەپڵەڕێزان بە نێو شار و ناوچە ئازادکراوەکانی باشووری کوردستاندا بەرەو ڕۆژهەڵاتی کوردستان تێدەپەڕێن پڕبوو لە هەستی نیشتمانپەروەی و کوردایەتی. تووشی هەر سەیتەرە(پرسگە) دەبووین، بە ڕێزەوە وەریان دەگرتین ڕاگرتن و گێڕانەوە لە گۆڕێدا نەبوو. ئەوەی بەدی دەکرا هەست و سۆزێکی کوردانە بوو.
دوای بڕینی چەند سەعات ڕێگە بڕین بە ماشێن، هەموومان لە سنووری چۆمانی بانە دابەزین. کاتێک لەوێ دابەزین چەند پێشمەرگەیەکی هێزی “ئاربابا”ی بانە لەوێ بوون. دیاربوو وەک چاوساغی ناوچەکە دیاریکرابوون کە لە گەڵ ئێمە بن.
دوای پشوویەکی کورت وا بڕیار درا کە هەردوو هێزەکە لە چۆمانی بەری باشوور وەمێنن، بەڵام بۆ جاودێریی جموجۆڵی هێزی دوژمن و تاقیکردنەوەی رێگا، تیمێک ڕۆژی پێشتر بچنە چیا “گاکڕ” لە بەشی ڕۆژهەڵات. ئەم تیمە کە منیشی لەگەڵدا بووم ئێوارێ بەرەو ڕۆژهەڵات وەڕێ کەوت. لەو تیمە ئەم چەند کەسەم لەبیرە؛ کاک حوسێن دۆڵەزنی، کاک جەماڵ دەروێشی و شەهید عەلی قۆیتاسی. ئێمە لە هێز جیابووینەوە و هەورازی گاکڕمان گرتە بەر. هەرئەوانەی کە بۆجارێکش هەورازە سەخت و دژوارەکەی گاکڕیان دیبێ، دەزانن چەند ناخۆش و تاقەتپڕووکێنە. لە نیوەشەوێکی درەنگدا لە چیای گاکڕ سەرکەوتین. هەرکە سەرکەوتین لە نزیک چیاکە لە دۆڵێک ماینەوە. ڕۆژەکەی تەواوی دەوروبەری خۆمان لە ژێر چاوەدێری گرتبوو. ئێوارەکەی سەرکەوتینەوە بۆ سەر ڕێگاکە و چاوەڕوانی هاتنی هێزەکانمان دەکرد. ئەوانیش لە درەنگانێکی شەودا گەیشتنە لای ئێمە. هەموومان بەیەکەوە بەرەو شوێنی مانەوە وەڕێ کەوتین.
ڕێکەوتی١٣٧٠/٣/١۴ لە زنجیرە چیای گاکڕ لە دوو جێگا ماینەوە. هێزی بەیان کەمێک لەسەرەوی ئێمە مابوونەوە، ئێمەش لە خوار ئەوانەوە بووین. بەم جۆرە هەردوو هێزی “پێشەوا” و “بەیان” بە هاوکاریی و چاوساغیی پێشمەرگەکانی هێزی “ئاربابا” بەرەو شوێنی کار و تێکۆشانی سیاسی و پێشمەرگانەی خۆمان وەرێکەوتین.
ئێمە هەمیشە خۆمان دەپاراست لەوەی لە یەکەم رۆژەکانی چوونەوەماندا لە گەڵ دووژمن دەرگیر بین. بەڵام زۆرجاریش ئەوە لە ئیرادەی ئێمە بەدەر دەبوو و تووشی شەڕی دەبووین. ئەو ڕۆژەش هەروا هەڵکەوت، چەند کەسێک لە هێزەکانی دووژمن لەو دەوروبەرە خەریکی جمووجۆڵ بوون و بەرەو پێشمەرگەکانی هێزی بەیان دەهاتن لە دوای نیوەڕۆدا لە گەڵ پێشمەرگەکانی هێزی بەیان دەرگیر دەبن لە سەرەوەی ئێمە تەقە دەستی پێکرد. زۆری نەکێشا تەقە نەما و دیدبانەکانی هێزی بەیان لە هێزی دووژمن دێنەدەست و چەند کەسێکیان لێ دەکووژن و ئەوانی دیکە ڕا دەکەن و چەند پارچە چەک دەکەوێتە دەستی پێشمەرگەکانی هێزی بەیانئێوارەی هەمان ڕۆژ دووژمن بەسەختی ناوچەکەی تۆپباران کرد. دوای ئەم تێکهەڵچوونە هەردوو هێزی بەیان و پێشەوا بەرەو ناوچەی کار و تێکۆشانی خۆمان درێژەمان بە گەشتی خۆمان دا.
درێژەی هەیە….
وێنەکە دەستەیەک لە تێکۆشەرانی هێزی پێشەوا

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *