تەوارەکانی وڵاتی من! له‌ نووسینی : محه‌ممه‌د بایزیدی به‌شه‌کانی ١ و ٢و٣

Posted by
تەوارەکانی وڵاتی من!
بەشی یەکەم!
دوای شەوێکی پاییزی دوور و درێژ، بەڵام خەوێکی پچر پچڕ، پێشمەرگەکان لە خەو هەستابوون.هەر زوو لە گەڵ پێشمەرگەکان لەخەو هەڵدەستا. بەیانیان زوو هەڵدەستا و نوێژی دەکرد و دەنووستەوە. ئەو بەیانیە چاوەڕێ بوو هەواڵی چوون یان نەچوونی بۆ لای کوڕ و کچەکانی پێ بدەن.

زۆر بە کەیف نەدەهاتە بەر چاو….
دەتگوت دڵی خەبەری داوە، هەواڵەکە بە دڵی خۆی نابێ. زۆر ئەزمونی بە درێژایی ژیانی وەسەریەک نابوو.
پێشمەرگەکان وایان پێیانوابوو هی بێ خەوی بێت…ئاخر مرۆڤ کە چاوەڕوانی شتێک دەکات…
خەوی ئاڵۆز دەبێت… تەنیا بۆخۆی دەیزانی چ خەمێکی قورسی لە دڵدایە.
—-
هەر کە هەواڵەکەیان پێ ڕاگەیاند، لە جێی خۆی ڕەق ڕاوەستا… نەیدەویست بیشارێتەوە چەندە بە بیستنی ئەو هەواڵە خەمین بووە. توانای بیرکردنەوەی نەمابوو…واق و وڕ چاوی لە میچی خانوە قوڕینەکەی بنکەی پێشمەرگەکانەوە بڕیبوو…نە قسەی دەکرد و نە جوڵەیەکیشی لێ دیترا…چاوەکانی وردە وردە پڕبوون ڵە ئاو و دڵۆپەی چەند فرمێسکێک بە ڕوومەتە هەڵقرچاوەکانیدا سەرەو ژێر بوونە… فرمێسکەکانی دەرفەتیان نەدەدایێ بە چاوی ڕوونەوە ئاوڕێک لە دەورووبەری خۆی بداتەوە… توانای جوڵاندنی دەستەکانیشی نەبوو فرمێسکەکانی بستڕێ… فرمێسکەکانی لە دڵۆپەی تاک و تەراوە بوونە لوزەوێکی نەپساوە…و..بە ڕێچکە باریکەی دڵۆپە تاک و تەراکاندا جۆگەیەکی باریکیان دروست کردبوو…

—–
ئاخر دەمێک بوو کوڕ و کچەکانی نەدیبوون. ئەو ساڵە بڕیاری دابوو دوای کوێرەوەری وەرزی هاوین و کۆکردنەوەی خەلە و خەرمان هەر چۆنێک بێت سەردانێکیان بکات. ئەوانیش چاو لەڕێ بوون بە دیداری شاد بنەوە. هەرلە سەرەتای پێگەیشتنی بەروبوومەوە دەستی بە پاشەکەوت کردن کردبوو…دەیویست لە هەر شتەی، شتێکیان بۆ بەرێ. وای دانابوو هەر تا لە سنوری ئێران تێپەڕ دەبێ زەحمەتە…لەوێ زۆری پرسیار لێدەکەن ئەوانە بۆ کوێ و بۆ کێ دەبات…هەر زوو شکیان بۆ دەچوو ئەوە بۆ لای پێشمەرگە دەچی….

دەمێک بوو ڕێگای هاتووچۆی بنکەکانی پێشمەرگە گیرابوون. نەیاندەهێشت هیچکەس لە لای ئەولا ڕا هاتووچۆی لای بنکەکان و بە پێچەوانەوە بکات. چار نەبوو هەر دەبووایە بە نێو ئەوانیشدا خۆی بگەیێنێتە لای کوڕ و کچەکانی. چەند ڕۆژێک بوو لە لای پێشمەرگەکان مابۆوە…تەواو خوویان بە یەکەوە گرتبوو. ئاخر پێشمەرگەکانیش هەیانبوو دەمێک بوو دایکی خۆیان نەدیبوو…وەک دایکی خۆیان ڕێزیان دەگرت…هەر دەیگوت “ڕۆڵە…ئێوە هەموو عەولادی خۆمن..لە لای ئێوە هەست بە ئارامی دەکەم. نازانم چۆن چاکەی ئەو ماوەتان بدەمەوە…؟”

هەموو جارێ کە ئەو قسانەی بە دەمدا دەهات…دەچۆ نێو بیرکردنەوەیەکی قوڵەوە…چاوەکانی تەمیان بەسەر دەکشا …تۆزێک لە باسەکە دووردەکەوتەوە…تا پێشمەرگەیەک بە قسەیەکی خۆش هەودای خەیاڵاتی دەپساند ودووبارە دەیگەڕاندەوە سەر باسەکە، بڕێکی پێدەچوو. هەموو جارێ دڵخۆشیان دەدایەوە کە؛ “پوورێ ئیشاڵڵا بە دیداری کوڕ وکچەکانت شاد دەبیەوە.” هەموو جارێ بە سپاسێک و ڕۆڵە: “خوا لە زاریو بڕوانی، وڵامی پێشمەرگەکانی دەدایەوە.”

هەموو جارێ کە ئەو باسە دەهاتە گۆڕێ هەناسەیەکی قوڵی هەڵدەکێشا و چاوێکی بەملا و لادا دەگێڕا. دەتگوت دڵی خەبەری داوە کە ڕێگە نادرێ بڕوات بۆ لای کوڕوکچەکانی.

هەموو کاتەکەیان بە گێڕانەوەی بەسەرهاتی خۆش و ناخۆش لە ناوچە تێپەڕ دەبوو. نە تەلەویزیۆن هەبوو نە هیچ شتێک. ئەوەی هەبوو کتێب و ڕادیۆ بوون. کتێب بە شەو لە نێو قەرەباڵغی بنکەکە و چرا دیوارکۆ،لامپا، یان فانۆس دا نەدەخوێندرایەوە. بەشێکی زۆری شۆقی چراکەش دیوارە قوڕ و بەردینە سواخ نەکراوەکەی بنکەکە وەک حەزیا قوتی دەدا. میچی ژووری بنکەکە بە نایلۆنێکی گوڵگوڵی تەنک-کە ئەو دەمانە باو بوو-داپۆشرابوو، تا تۆز و خۆڵ و دڵۆپە نەیەنە خوارەوە. نایلۆنە بڕێک دەبریقایەوە. تۆزێک لە بابەت دزینی ڕووناکیەکە لە دیوارەکان بە ڕوحمتر بوو.

زۆری بەسەرهاتی خۆش پێ بوون. زۆر خۆشیشی دەگێڕانەوە. نەخوێندەوار بوو بەڵام دەتگوت بۆ گێڕانەوەی بەسەرهاتەکان دەورەی تایبەتی دیوە. بۆ پێشمەرگەکان خۆشتر بوو ئەو ماوەیەکی درێژتر بمێنێتەوە هاوکات هیواشیان دەخواست بە زووترین کات بە دیداری ڕۆڵەکانی شاد بێتەوە.
——
بۆ زۆربەیان ناسراو بوو…ژنێکی بە ورە و چاونەترس بوو…ئەو ڕۆژە دەتگوت ئەو نیە و کەسێکی دیکە لە قالبی وێدا خۆی دەنوێنێ. دڵی دایکە ئیدی…مرۆڤە وورەبەرزەکانیشبە چۆکدا دێنێ… زۆر دڵیان دایەوە…ئێمە دەزانین ئەوان ساغ و سڵامەتن و هیچ کێشەیەکیان نیە…بەڵام ئەوە ڕێگا نادەن بچی بۆ لایان. نایەڵن هیچ شتێکیش بۆ ئێمە بێت. هیچ کەسمان ناتوانێ هاتووچۆ بکات… دەڵێن دەبێ ئەو ناوچەیە چۆڵ بکەن.

“جا خۆ ڕۆڵە دەزانم خەتای “حیبزی” نیە، یاڕەببی ئەو حوکمەتەش و ئێمەش هەر دووک بڕووخێن. بۆ بۆخۆیان دایکیان نیە نایەڵن ئەمن بچم بۆ لای منداڵەکانم؟!!!” دەستەکانی بە نیشانەی توک و دوعا بەرەو ئاسمان بەرز کردنەوە، “خوایە ئەوێ زوڵمێ قەبوڵ نەکەی٫ ئۆ…ە، ئاو و هەناسێ ئەو دایک و بابانە و گری”.٭

بە هەناسە ساردی، دەستی بە پێچانەوەی بڕێک لە کەل و پەلەکانی کرد…بڕێکیشی کە ویشک بوو، یان وازوو خرا نەدەبوو، لە لای چەند پێشمەرگەی ناسیاو دانا، تا ئەگەر دەرفەت بوو، بۆی بنێرن بۆ کوڕ و کچەکانی. بڕێکیشی بۆ پێشمەرگەکان هەر لەوێ جێهێشت. شەوان و ڕۆژانی پێشتر زۆریان قسەی شۆخی لە گەڵ دەکرد، بەڵام ئێستا کاتی نەبوو… هەموویان لە دەورووبەری کۆببوونەوە و هاودەردیان لە گەڵ دەکرد.
کاتە ئەستەمەکە بۆ هەردووک لایان نیزیک دەبۆوە…دەبووایە باوەڕ بەوە بکات، تازە ئەو ساڵ ناتوانێ کوڕ وکچەکانی ببینێت.

یەک یەک پێشمەرگەکانی لە ئامێز گرت و بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە ملی ڕێگای گرت…تا لەو باسکۆلەی نیزیک بنکەکانیش ئاوابوو هەر ئاوڕی دەدایەوە و دەستی بە نیشانەی ماڵئاوایی بەرز دەکردوە…

٭زۆر لە پیرەکان بە حیزب دەڵێن حیبز.
________________________________
تەوارەکانی وڵاتی من!

بەشی دووهەم

دڵەڕاوکەی دایکی پێشمەرگەیەک!

لەسەر خۆ دوو سێ جار خۆی لە نێو جێ و بانەکانیدا ئەمدیو ئەودیو کرد…زۆری لە خۆی دەکرد تۆزێک خەوی لێبکەوێتەوە. چاوەکانی زۆر ماندوو بوون…سورسور هەڵگەڕابوون. لە دڵی خۆیدا دەیگوت؛ “چم…نا..نا .خەوە و زڕاوە…تازە بە تەما مەبە خەو بتباتەوە…هاکا کاتی نانی بەیانی هات…ئەوە تۆ نی…ئاوا بە درەنگەوە هەروا لەنێو جێدا بی. هەموو ڕۆژێ ئاوا زوو هەستاوی…و خۆت بە کاروباری ماڵەوە خەریک کردووە…ئەوڕۆ نە تەقە و خرم و هوڕی قاپ و قاجاغ، نە تێکە و لێکەی ناو جێشتخانە نابیسترێن. تۆ بڵێی ئەوە ڕاست بێت؟!!!”

بە بێوازی لە جێگاوبانەکەی هاتە دەر…دووسێ جار چاوەکانی هەڵگڵۆفین…هێندەی دیکە سوور هەڵگەڕان…دەتگوت نەخۆشییەکی نامۆ ڕووی لە چاوەکانی کردووە…سپیێنەی چاوەکانی ڕەنگی بەرەو سووری چووبوو…لێکدا لێدا باوێشکی دەدان….ئا ..ئا..ئا..ئای خوایە…هەموو جارێ لە گەڵ باوێشکەکانی بە زاری دا دەهات. شانسی هەبوو…وەرزی کار و کاسبی نەبوو، وەدرەنگ بکەون. هەر منداڵەکانی قوتابخانە بوون، دەبووایە شتێکیان بە معیدەوە بێت تا برسی نەبن. ئەوانیش بڕێک گەورەبوون و دەیانتوانی شتێک بخۆن…

هەستیان پێکردبوو… هەر کە پێشمەرگەکان دەهاتنەوە، ئەوە حاڵی بوو. تا نەیدەبیست گەڕاونەوە…نانێکی ئاسودەی بە گەروودا نەدەچۆ خوار…ئەوجارە حاڵی زۆر شپڕێو بوو…زۆر دەترسان شتێکی بیستبێ و ئەوانی دیکە ئاگادار نەبن. دایکە…ئی دی ی ی..دڵی خەبەری دابێ.. لەسەر سفرەکە دانیشتبوو…وەک پەیکەرێک.. بێ جوڵە ئەسپی خەیاڵاتی تاودابوو…چاوەکانی لە سیلەی پەنجەرە دارینە دوو دەرییە ڕەنگ کاڵبۆوەکە ڕا لە سەر پۆلە دەوەنە ڕووتاوەکانی ئەوبەر ماڵان قەتیس مابوون…دەتگوت ڕاوچیەکی شارەزایە لە دوورەوە نێچیرێکی دیوە نایەوێ لێی بزر بێت…هەر لەو شوێنە بوو هاوینی ڕابردوو چاوی بە جگەرگۆشەکەی کەوتبوو. هاتەوە بیری چۆن فاتمە چاو زەق خستبوویە ژێر چاوەدێرییەوە…بۆ هەرجێی دەچوو دەتگوت سێبەری خۆیەتی…لەوێ قوت دەبۆوە…بە زمان لوسی دەیویست پێی ئاشکرا بکات…داخوا نەهاتۆتەوە…هەر هەستێک لە وڵاتی بێت ئەوە فاتمێ ئارا و قارای لێ هەڵدەگیرێ…هەموو جارێ نیو گەز سەر لە دەربیجەی٭ پەنجەرەکەیان دێنیتە دەر و چاوەدێری ماڵمان دەکات. نیوە شەویش بێت…هەر کە چراکەمان تۆزێک خۆشکرد پێی وایە پێشمەرگە هاتوونەوە. لە کانی و ئاوانیش هەروا گوێ هەڵدەخا، داخوا کێ باسی پێشمەرگان دەکات…؟

تۆزێکی دەست بۆ نان و پێخۆرە فەقیرانەکەیان برد…ویستی هەر چەند کەمیش بێت، شتێک بخوات…دڵی گیرابوو… ئیشتیای لە هیچ نەبوو…هەمووان بە وردی لە ژێر چاوەدێرییان گرتبوو…تاو نا تاوێ بۆڵەیەکی لێدەهات…بێ وەی هەست پێبکات وڕێنەی دەکرد…ئاخر مێشکی ماندوو بوو، هۆشی بە سەر قسەکانییەوە نەبوو…نەیدەزانی چۆنی دەربڕێ…نەیدەویست ڕقی بێ خەوییەکەی بەسەر منداڵەکانیدا هەڵڕێژێ…خۆ ئەوان هیچ تاوانێکیان نییە. ئەوە ڕۆژگارە…ئەو بە تەنیا نیە…چەند دایکێکی دیکە هەر لە نێو دێیدا وەک خۆی بە ناسۆری دووری ڕۆڵەکانیانەوە دەتلێنەوە.

خۆی پێ نەگیرا،… هێندەیان چاو لێکرد…نەیتوانی چیدی تاقەت بێنی…لە جێگای خۆی هەستا…ڕۆیی…تاو نا تاوێ لەبەر خۆیەوە گورگ ئاوڕێکی دەدایەوە…هەر کە ئەو ئاوڕی دەداوە…هەموویان سەریان دادەخست…ئەننەهو هیچ نەبووە. تێمابوو…بۆیان باس بکات یان نا…؟! هەناسەیەکی قوڵی هەڵکێشا…تۆزێک سییەکانی هەوای تازەیان پێگەیشت…تۆزێک ڕاما…چاوێکی بە دەوری خۆیدا گێڕا…هەوای نێو سییەکانی بەتاڵ کردەوە…ئای ی ی دونیا…
ساغ بۆوە چیدی لە دڵەڕاوکێدا ڕایان نەگرێ…

“ئەمشەو هەروا لەسەر هەست بووم…دەنگی سەگە بەرەڵاکانم گوێ لێبوو…زۆر دەوەڕین…ئاخر پێشمەرگەکان دەیانگێڕایەوە…ئەو سەگە بەرهەڵدایانە وەدوامان دەکەون…هەر دەوەڕن…وەدوای پێ و شوێنی ئێمە دەکەون… ڕێگاکانمان ئاشکرا دەکەن. پایگاکانی سەر ڕێمان پێدەزانن…هیچیشمان پێ ناکرێ!!! ڕەنگە بە هۆی وانەوە پایگاکانی دیکەش ئاگادار ببنەوە و…دوو سێ جارم گوێ لە دەنگێکی سەیر بوو… وەک لێدانی پەنجەرەی دەچوو…زۆرم پێ وەک لە پەنجەرەدانی پێشمەرگەکان دەچوو. ئاگات لێبووە چۆن لە شوشەی پەنجەرەکەی دەدەن؟؟؟نایانەوێ جیرانەکان پێ بزانن!!! دەنگی وام دەهاتە بەر گوێ…گوێم هەڵدەخست…ئەگەر ئەوان بن دووبارەی دەکەنەوە…لێدانەکە بێدەنگ دەبوو…چاوم لە بیرە خەوەوە دەچوو…دەستی پێدەکردەوە…نا ئەمجارە حەتمەن ئەوانن…خۆم بێ هەست دەکرد…بێدەنگ دەبۆوە. چەند جار دووبارە بۆوە…هیچ خەبەرێک لە پێشمەرگەکان نەبوو. دوایی دڵخۆشی خۆمم دایەوە…نا..نا..ئەگەر ئەوان بێن زۆرجار سەگەکانی نێو ئاواییش دەوەڕن…هیچ دەنگیان نەبوو”.

هەناسەیەکی قوڵی هەڵکێشا و درێژەی دا؛ “بەو سارد و سەرمایەی بۆ هەر شوێنێک بچن شوێنیان دیارە…خۆ ئەگەر لە نێو دێیەکاندا بن هەر باشترە. لە دەرێ ئاوریشیان بۆ ناکرێتەوە…لە سەرمان ڕەق دەبنەوە…کوڵی گریان هێدی هێدی خەریک بوو تۆنی دەنگی دەگۆڕی…سەری داخستبوو تا؟چاوە پڕ ڵە فرمێسەکانی نەبینن…هەر کە باسی نانخواردن کرا…بە بیانووی برسیم نیە… دووبارە خۆی لەوانی دیکە جوێ کردەوە و چۆ ژوورەکەی ئەودیو…خۆی بە شتی دیکەوە سەرقاڵ کرد…بیروهۆشی هەر لای پێشمەرگەکان بوو…
بیری کەوتەوە…هەموو جارێ کە پێشمەڕگەکان دەهاتنەوە ناوچە…کەس و کاری پێشمەرگەکانیش دەکەوتنە بەر تانە و توانجی هێندێک کەس…”بە خوای کوڕەکانی ئێوە بە خۆڕایی لاوەتی خۆیان لە کیس خۆ دەدەن…خوا دەزانێ ئێستا بەو سارد و سەرمایەی لە چ ئەشکەوتێکدا و لە نێو کۆخی چ موچەو مەزرایەکدا بەدەوری ئاورێکی کزەوە خۆیان گرموولە کردووە. لە ترسی هێرش ناوێرن بە ڕۆژیش ئاوری وەکەن”.

هەر کە پێشمەرگەکان دێنەوە دەبێ بە درێژایی ڕۆژێ چاوت لەو لا و لا بێت، کەنگێ جاش و پاسدار بە نێو دێی وەردەبن…یەکڕاست بەرەو ماڵه پێشمەرگەکان دەچن…یەک یەک و دوو دوو و بە ترس و لەرزەوە دەست بە لەدەرگادان دەکەن…نەکا کوڕەکانیان لە ژوورێدا خۆیان شاردبێتەوە…بە پیاوەکەت و کوڕەکان بڵێ بێنە پشتی ئاوایی…

دیسان هەڕەشە و گوڕەشە…”دەبێ هاوکاریمان بکەن…ئەگەر دژی شۆڕشەکان هاتنەوە ئاگادارمان بکەن…پێیان بڵێن بێنەوە…دەوڵەت لە گەڵیان بە ڕوحم دەبێت…با بێنەوە ژیانی ئاسایی خۆیان بکەن…” جاشەکان لەبەر خۆیانەوە ئاواتیان دەخواست، پێشمەرگە هەر لە وڵاتی بن…نانی وانیش هەر سایەی بوونی پێشمەرگەوەیە.

لە بەر خۆیەوە دەیگوت؛ “دەڵێی ئەوانەی هاتوونەوە زۆریان حاڵ خۆشە…خەڵک بە جۆرێکی دیکە لێیان دەڕوانن… هێندێکیان هەر بوونە چاو و گوێی دەوڵەتێ…بۆ هەموو جێگایەک لە پێشەوەی عەجەمەکاندان…دەک داوەشێن…”.

٭دەربیجە شوشەیەکی پەنجەرە دارینەکان کە بە جیا دەکرایەوە.

درێژە هەیە….
_____________________________________
تەوارەکانی وڵاتی من!

بەشی سێهەم!

نیوەی یەکەم:

هەر کە هەواڵی هێرشە بەربڵاوەکە لە نێو شاردا بڵاوبۆوە، ترس و دڵەڕاوکێی کەس و کاری پێشمەرگەکان زۆر زیاتر لە جاران کاریگەری بە سەر ڕوخساری ماندوویانەوە بە دیار کەوت….هەناسەکان لە سیەکاندا قەتیس مانەوە و دوعا و پاڕانەوەی دایکان بۆ سڵامەتی پێشمەرگە و ماڵ و منداڵێ ئەوێ دەستی پێکرد. سرت و خورتی نێو شەقام و کۆڵانەکان بوو بە باسی هێرشەکە…جاش و جاسوسەکان هەر باسی ژمارەیەکی زۆر کوژراو و برینداری پێشمەرگەیان دەکرد…!!! بۆ خۆشیان دەیانزانی درۆ دەکەن…چی بکەن؟..وایان تێگەیەندرابوو…نەیاندەزانی هەڵس و کەوتیان لە نێو شاردا شتێکی باس لە شتێکی تر دەکات….نەیاندەزانی خەڵک باش دەستی ئەوانی خوێندۆتەوە…! شەوق و زەوقی سەرکەوتن بە ڕوخساری هێزەکانی حکومەتەوە نەدەبیندرا…دەبێ ڕاستیەکە شتێکی دیکە بێ؟!!

لەو لاوە کەس و کاری پێشمەرگە بە ترس و لەرزەوە لەم لا تۆزێک و لەو لا بڕێک شتیان بەرگوێ دەکەوت… باسی شەهید و برینداری نەدەکرا… بەڵکو باسی تێکشکانی سەرشۆڕانەی هێرشەکە و کوژرانی چەند فەرماندەی زۆر گرینگ دەکرا. هێدی هێدی چەند چەکدارێک؛ بە ڕواڵەت پیاوی حکومەت بە هۆی کەسانی جێگای متمانەی خۆیانەوە هەواڵی دروستی هێرشەکەیان دایە دەرەوە. هێشتا بەیانی زوو بوو وهەواڵی هێرشەکە لە لای حیزب ڕا بڵاو نەببۆوە. هەمووان چاوەڕوانی ئەو کاتە بوون… کاتێک هەواڵی هێرشەکە و تێکشکانی لە لای حیزب ڕا، بە نێو خەڵکدا بڵاو بۆوە ئیدی شک و گومانێک نەما کە پێشمەرگەکان هەموویان سەلامەتن. دڵسۆزان و کەس وکاری پێشمەرگە بە زمانی
هێما و ئیشارە دڵخۆشی خۆیان بۆ یەکتر دەردەبڕی. زۆرجارهەواڵی هێرشکردنە ،سەر ئەو بنکانە بڵاوکرابووە، بەڵام هیچکات بەو بەربڵاوییە نەبووە…ئەوانەی ئاگاداری شەوی هێرشەکە بوون و دیمەنەکانی بەربڵاوی هێرشەکەیان دیبوو، پێیان وابوو تازە هەموو شتێک تەواو بووە، دەبێ چاوەڕوانی بژاردنی ژمارەی شەهیدەکان و ئەسپەردەکردنیان بن. بەڵام هەڵەی هێرشبەران و خۆڕاگری پێشمەرگە، هەر زوو ئاکامی شەڕەکەی گۆڕی. هەر چی دەی بیست بە سەرسوڕمانەوە باسی لە قارەمانەتی پێشمەرگە دەکرد.

—–
خاوەن ئەزمونەکان وایان لێکدایەوە….ئێستا کە ئەو هێرشە تێکشکاوە…ڕەنگە کەسو کاری هەموو پێشمەرگەکان بە تاوانبار بزانرێن!!! جێی سەرسوڕمانیش نەبوو…ئەوە پێشەی خۆیان بوو. بەڵام لەبەر خۆیانەوە دەیانگوت “نا…ئەمجارە هەروا بە سانایی لێمان ناگەڕێن”.

——-
هەواڵێک لە نێو شاردا بڵاو بۆتەوە…هەرچی کەسوکاری پێشمەرگەیە، بانگیان کردوون؟!!! زۆر بە لایانەوە سەیر نەبوو….هەموو جارێ…هەر کە پێشمەرگە چالاکی هەبوو…ئەوانیش ئەمە حاڵیان بوو. هەموو جارێ دوای بڕێک هەڕەشە و گوڕەشە دەهاتنەوە…شەکەت و ماندوو لە سوچێکی ژوورەکەیاندا خۆیان مات دەکرد…تاوێ حەسرەتی ڕۆژگار و تاوێ دڵگیر بوون لە ڕۆڵەکانیان…بۆ نایێن وەک کوڕی خەڵکی دانیشن و ئەو دەردی سەرییەش لە کۆڵ ئێمە بکەنەوە…نا…نا…خۆ کوڕی فڵانەو فیسارە هەر لێرەبوون….ئەی ئەوان بۆ گیران؟؟؟ ئێی دونیا…کوڕە لاوان چۆن ئەو وەزعەیان پێ قەبوڵ دەکرێ؟….ئەو ڕۆژە و ڕەنگە ڕۆژانی دواتریش کاریگەرییەکانی ئەو بانگ کردنە بە سەر ڕووخساریانەوە دیار بایە… نەکا دۆژدامانیان ببێتە جێی پرسیار بۆ ئەم و ئەو…بیانوویەکیش بۆ لاتاو هاویشتنی چەقەڵ و گورگەکانی بڵاوبۆوە بە نێو بازاڕدا….؟!!!
عادەتیان بوو هەموو جارێ بانگیان دەکردن….جارێ ئەم حاجی لە پێشدا جارێ ئەو حاجی لە پێشدا…هەر کامیان بانگ کرابایە…پرسیارەکانی بۆ ئەوی دی دەگێڕایەوە، تا بڕێک زانیاری هەبێ چ دەپرسن!!! ئەمجارە زۆر هەوڵیدا هیچی دەست نەکەوت…دەیزانی بانگ کراوە…بەڵام هیچ هەواڵێکی نەبوو…

ئێوارە بوو…هەواڵ هات…حاجی و چەند کەسێکی دیکەیان لە دەروازەی سنوری قاسمەڕەش دیوە…؟! تا ئەوێ بە ماشێنی خۆیان بردوویانن و لەوێ ئاودیوی سنوریان کردوون؟!!! تەمێکی قورس بە سەرچاوەکانیدا کشا. ڕۆژ پێش کاتی خۆی سێبەری بە سەر دورووبەریدا کێشا…شەو هەر لە سەر هەست بوو، نەکا لە دەرگا بدەن…شەوەکەی بێ دەرگا کوتان تەواو بوو…ڕۆژ بۆوە….بەڵام خۆ خەو لە چاوەکانی زڕابوو…بڕیاری دابوو لە دەرەوە کێشەیان لە گەڵ نەکات…دەیگوت شەقی عەجەمان بۆ من زۆر لە کوشتن ناخۆشترە….نامەوێ لەبەر چاوی جاشەکان شەقم تێهەڵدرێ…لە ژوورێ بە کەیفی خۆم جوابەجەنگیان دەکەم…بە ڕوویاندا دەچمەوە…با لێم دەن…بەڵام لە دەرەوە نا…هێشتا ترسەکە نەڕەویبۆوە، هاکا زەنگی دەرگاکە لێی دا…چ حاڵێک نەبوو…نە نانێکی ئەوتۆێ خوارد، نە دەشیزانی بۆ لەسەر سفرەکە دانیشتووە!!!

تاو و بان گەرم ببوون کە دەنگی ماشێنێک لە نیزیک ماڵ هاتە بەر گوێ….تۆرمزێکی خێرا و دابەزینی چەند پاسدارێک و کوتانی دەرگا…هەمووی لە ماوەی چەند چرکەیەکدا…
هەر کە دەرگا کرایەوە… بە قامکی دەست گوتیان تۆ و ئەو و ئەو دەبێ لە گەڵمان بێن… هەروا لە گەڵ خۆیان بردیانن…تیتۆڵێکی زیادیشیان نەهێشت لە گەڵ خۆیان بەرن….ئەمە ژنە، ئەویان پیاوە…نەیخوارد….ماشێن زۆر تیژ بە نێو شاردا تێپەڕی…تا بەر دەرگای ئیدارەی ئیتلاعات ڕاینەگرت… خێرا ئەوانی دابەزاند…یاساوڵەکانی بەردەرگا هەر زوو بە پاڵەپەستۆ بە رەو ژوورەوە ڕەپێچەکیان دان. ماشێنەکە گەڕایەوە…چوو کاروانی دیکە بێنێ….
کە چوونە ژوور…چ ببینن…ژوورەکان بە کەسوکاری پێشمەرگە ئاخندرابوون…دایک و باب…خوشک و برا….
زۆریان ڕەنگی دموچاویان پەڕیبوو…و…مات و کەساس چاوەڕوان بوون بزانن چ بڕیارێکیان لەسەر دەدرێ…بیریان هاتەوە…دوێنێ ئێوارە هەواڵی شاربەدەرکردنی چەند کەسێکیان بیستبوو…لە نێو خەڵکەکەدا باسەکە گەرم بوو…بە بەشێکیان ڕاگەیاندرابوو…دەبێ کوڕ وکچەکانتان بێننەوە….یان بۆخۆتان بچنە لای ئەوان و نەگەڕێنەوە…نەیانهێشتبوو هیچ لە گەڵ خۆیان بێنن…بارودۆخی ژنەکان زۆر خراپ بوو…

ئەوە یەکەمجار نەبوو بانگ دەکران…بەڵام یەکەمجار بوو ئەو هەموو دایک و بابە بە سەریەکەوە. کەمتر یەکتریان دەناسی…هەر دایکە و بە جۆرێک هەستەکانی خۆی دەردەبڕی. زۆریشیان مات و مەلول و بێ دەنگ دانیشتبوون….لە بیری منداڵەکانیان دابوون…ئاخر قەت نەبوو ئەو منداڵانە ئاوا لە ناکاو جێ بهێڵن..بیری کوڕ و کچەکانیان دەکرد…ئێستا ئەوان لە چ حاڵێکدا بن…دەڵێن لەوێ ڕایان دەگوێزن…چ بکەین؟!!! چۆن بیانبینینەوە….ئەوە چ وەزعێکە تووشی بووین. چاوەکانیان پڕ دەبوون لە فرمێسک…لێکدا لێکدا پیشوویان دەخواردنەوە…بە بیانووی هەڵکێشانی هەناسەی قوڵەوە سییەکانیان پڕ دەکرد و زۆر لەسەر خۆ هەناسەکەیان دەدایەوە دەرێ…ئەوانەی تۆزێک بە غیرەت بوون…بە دزییەوە ژنەکانی دیکەیان لە ژێرچاوەدێری گرتبوون…هەوڵیان دەدا دڵیان بدەنەوە دان بە جەرگی خۆیان دابگرن…”تەنگانان بەریان کورتە.” تاو نا تاوێ چەند دەستێک بەرەو ئاسمان بەرز دەبوونەوە…”دەی خوایە ڕوحمێکی بەو خەڵکەی بکەی…عەولادی ئەو زەمانەی کوا بە قسەی دایک و بابان دەکا.” زۆریان لەبەر خۆیانەوە دوعایان بۆ ساغ و سڵامەتی پێشمەرگە و ژن و منداڵەکان دەکرد

لە ناکاو دەرگای ژوورەکەیان کرایەوە. هەموویان لە جێی خۆیان بێ هەست بوون و چاوەڕوان مان…تا بزان چییان بۆ تێچاندوون….لە سەروسیمای ڕا دیاربوو هیچی چاکی پێ نیە. زۆر خێرا دەستی پێکرد…”ئێوە دەنێرین…بۆ لای کوڕوکچەکانتان”…تۆزێک ڕاوەستا…چاوێکی بەسەریاندا گێڕا، بزانێ چ دژکردەوەیەکیان دەبێ….”دەبێ بیانهێننەوە، ئەگەر نەیانهێننەوە لە کیستان دەچن. ئەوان لەوێ لادەبرێن…تازە قەت نایان بیننەوە. بڕۆن تا دەرفەتیان لەبەردەم ماوە، با بێنەوە….کۆماری ئیسلامی لە گەڵیان بە ڕوحم دەبێت…ئەگەر ئەوان نەهاتنەوە….تۆزێک ڕاوەستا…دەیەویست خۆی بە پەرۆش بۆ دایک و بابەکانیان بنوێنێ…دواتر بیری کەوتەوە ئەو دەبێ بڕیاری دەوڵەتیان پێ ڕابگەیەنێ….ئەگەر نەهاتنەوە ئێوەشششش مەیەنەوە…!!! ئێرە جێگای ئێوەی دژی شۆڕشیی تێدا نابێتەوە”.

ئاخ هەڵکێشان و دەست لە ئەژنۆدانی ژنان دەستی پێکرد…خەیاڵەکان عەوداڵی دیتنەوەی منداڵەکان و کوڕ وکچەکانی نیشتەجێی شار بوون…دەیانزانی ئەوانیش هەر چاوەڕوانی ساتی گەڕانەوەی لانیکەم دایکیانن…کەس ڕێگا چارەیەکی شک نەدەبرد….ئەوان ساغ ببوونەوە…قسەی کەسیش نەیدەخوارد…کەس نەیدەزانی چیان بە سەردێ…خۆ ئەگەر وەک دەڵێن پێشمەرگەکانیش لەوێ لابەرن، ئەوە هەر کارەسات دەبێت…ئێمە تا ئەوان لەوێ بن کارمان باشترە. هەر خەمی ماڵێمان دەبێ…ئەویش جار جارە خەبەرمان بۆ دێت. خۆ ئەگەر ئەوان لەوێ نەمێنن…لە برسانیش دەمرین…ئەوان لەوێ نەمێنن…ناشهێڵن کەسی دیکەی لێ بێت…

زۆریان داواکرد با هەر پیاوەکان بچن…ژنەکان بگەڕێنەوە ماڵەوە، بەڵام کەس گوێی بیستنی نەبوو…ئەوە بڕیاری سپا و ئیتلاعات بوو…کێ دەیتوانی هەڵیوەشێنێتەوە؟!!!
چەند ماشێنیان هێنان و لەبەر دەرگای ئیدارەی ڕایانگرتن…چەند کەس بەیەکەوە بانگ دەکران و سواری ماشێنێکێان دەکردن…ژنەکان بە یەکەوە. پیاوەکان بە یەکەوە….گریان و ڕۆڕۆی ژنەکان دەستی پێکردبوو…هەر ئاخ و داخی دایکە خەمبارەکان و پەکو پەکوی باوک و بڕاکان بوو دەهاتە بەرگوێ…پاسدارەکانی نێو خەڵکەکە دەست لەسەر بەلاپیتکەی چەکەکانیان، زۆر بە خوێن ساردییەوە جار جارە چاوێکیان بە نێو خەڵکەکەدا دەگێڕا، نەکا کەسێک بە تەمای پەلاماردانێان بێت….بییەوێ بەمجۆرە خۆی لە کۆڵ ئەو بارودۆخە نالەبارە بکاتەوە.

ماشێنەکان پڕ بوون و وەڕێ کەوتن…لە قۆرت و پێچەکانی جادە چەوڕێژ کراوەکەی سەردەشت-قاسمەڕەشدا دیار بوو چەند ماشێنی دیکەش پڕ لە خەڵک بەدوایاندا دێن. نەیاندەتوانی پێش خۆیان ببینن. کە گەیشتنە بازگەی قاسمەڕەش هەموویان دابەراندن و بەرەو ئەودیوی بازگەکە و ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە ڕێنوێنیان کردن….بۆ دواجار وەبیرێان هێنانەوە….”تا کوڕ و کچەکانتان نەهێننەوە…نـــــــــــــەیـــــــــــــــــەنەوە.” خەڵکێکی زۆر بە چاوی ئەبڵەق و جەستەیەکی پەیکەرئاسا لەمبەر و ئەوبەری جادەکە ڕاوەستابوون… سەیری ئەوانیان دەکریان دەکرد. تاق و لۆقە لە نێو دایک و بابەکاندا بۆ کاروانچی و خاوەن بارەکان ناسێاو بوون…هەر بە زمانی هێما و ئیشارە لە باروودۆخەکەیان تێدەگەیاندن….ئەوان بوون هەواڵی سنورداشکردنی دایک و بابی پێشمەرگەکانیان دەگەیاندەوە بنەماڵەکانی ئەوان.کە گەیشتنە ئەودیوی بازگەکە…
هەموو لا بۆ دواجار ئاوڕێکیان لە بازگەکە و دەورووبەری دایەوە…کز و داماو بەرەو چارەنووسێکی نادیار وەڕێ کەوتن. خاوەن ئەزمونەکان… زۆریان کۆڵ پێوە هەڵنەدەگرت… بەو بۆنەوە چاویان بە جگەرگۆشەکانیان دەکەوێتەوە….ئەگەر وەک لە ئیتلاعات پێیان گوتبوون لەوێ دەریان دەکەن…دیار نەبوو چەندی دیکەی پێدەچێ تا جارێکی دیکە بە دیداری یەکتر شاد دەبوونەوە. یەکەمجار بوو بە هۆی چوونیان بۆ لای پێشمەرگە و ماڵ و منداڵیان نەدەکەوتنە بەر بێ حورمەتی پێکردنی بازگەی قاسمەڕەش و ئیدارەی ئیتلاعات و…یەکەمجاریش دەبوو هیچ جاسوسێک پوڵی بە ئاشکراکردنی بە یەک شادبوونەوەی کوڕ/کچ ودایک و بابەکان وەرنەدەگرت.
دەورانێکی خۆش دوای چەند ساڵێک و چەند دیدارێکی پڕ لە ترس و لەرز، یەکەم جار بوو ئامێزی دایک و باب و جگەرگۆشەکانیان بە ئاشکرا بەڕووی یەکتردا دەکرایەوە. کێ لە خۆشی یەکتر دیتنەوە بیری لە ڕۆژە تاڵەکانی دوای ئەم خۆشیانە دەکردەوە؟!!!

٭چەقەڵ و گورگ ناوێکە خەڵک بە جاش و جاسوسەکانی دەڵێن.

درێژەی هەیە….

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *