بەشی:چل و یەکەمی گەرانەوە(٤١) له‌ نووسینی: عەلی سوورەچۆمی

Posted by

بەشی:چل و یەکەمی گەرانەوە(٤١) له‌ نووسینی: عەلی سوورەچۆمی
بەشی:٣
بەڵێ:ھەر وەک پێ بە پێی رووداوەکان ھاتین،دەقیق لە شوێنێک بە ناوی پردی (کاکااڵڵە)چووینە ناو ھێزێکی دوژمن کە ھەر ئەو ئێوارەیە گەیشبوونە ئەو شوێنە،لە کاتێک دا:ئێمە بە پێی زانیارییەکانی پێشتر و خەیاڵێکی ئاسوودە لەو شوێنەوە دەردەچووین.ئەو ھێزە زۆرەی پاسدارەکان”لەو شوێنە ھێشتا نەیانتوانیوە شوێنەکانی خۆیان سەنگەر بەندی بکەن،ئێوارەکەی بە دەزگایەکی(بۆردزێل)کەمێک شوێنەکەیان خاک ریز“کردووە،بینینی ئێمە لەو جێگایە بە چەند(وڵاخێک)وە وا دەکات پێیان وابێ ئەوانە کاروانچین!

………………….
سێ کەس یا زیاتر لەو شەوەدا پاسەوانی ئەو ھێزە دەبن و نەفەراتی دیکە لە خەو دا دەبن.ئێستا لە رووی ناچاری ئێمە دەست پێشخەری دەکەین و ئەو ھەڵەی „ئەوان بە سوودی خۆمان بە کار دێنین.
سێ“کەسەکە کە ھاتن لە چەند ھەنگاوی ئێمە کەوتنە بەر چەند رەگبارێک و کەسیان نەگەرایەوە،ھێشتا نەفەراتی ناو مۆڵگەکە نازانن ئەو چەند رەگبارە چۆن چۆنی رووی داوە!ئەو چەند پێشمەرگە لە کوورانی رۆژی تەنگانەن و لە کاتی پێویست دا دەزانن چۆن چۆنی دوژمنەکەیان دەسڕنەوە. تەقەیەکی زۆرمان نەکرد،بێ ئەوەی دەستەوەستان بین ،ھەموو شتێک وەک خۆی دەچێتە پێشێ.چوار“کەس لە گەڵ فەرماندەری شارەزاو لێھاتوو کاک مەحموود خاس“ دەکەونە خۆ“بۆ رزگار کردنی تەقەمەنییەکە،ئێستا ئەوان رێگای خۆیان دەگرن فەرماندەکەیان یەکێک لە شارەزاترین و چاوکراوەترینی کەسەکانە بۆ ئەو کارە.
……………………
شەری چوار کەسەکە:
ئەو چەند رەگبارە ھێشتا بۆ دووژمن روون نییە!پێدەچێ ئەوان وابزانن ئەو سێ٣ کەسەی ئەوان زۆر نابا بە دەستی پڕەوە دەگەرێنەوە! چاوەروانن دیاری ئەو چەند کاروانچییەیان بۆ ببنەوە ناو پایەگا،لاشەی بێ گیانی کوردانی“ بێکەس لەوێ بکەوێت !سەرمایەی ئەو شەوەیان بۆ ئەوان بێ.
شوێنی شەرەکە زۆر مەوقعییەتێکی خرابی ھەیە ,بە پانتایی چەندین کیلۆمیتر لە دەشتێک دا ھەڵکەوتووە،تۆ یا پێویستە بگەرێیەوە دواوە یا بە مەودایەکی زۆر لە ژێر ئاگری دووژمن دا بیت.ھێشتا لە پێشمەرگەکان زیاتر دووژمن نەیتوانیوە تەقە بکات،چۆن ھێزەکەی ناو مۆڵگەکە وا تێدەگەن ئەو چەند کەسەی خۆیانن تەقەیان کردووە.
ئەوە دەبێتە دەرفەتێکی باش بۆ پێشمەرگەکان تا بەرەو باسکێک“کە لە پشت سەری خۆیانەو دەکەوێتە لای راستی خۆیان پاشەکەشە بکەن،راستی ئەو شوێنە سەرەرای ئەوەی لە ھێزەکانی دوژمن نزیکە بە سەر مۆڵگەکەشیان دا دەڕوانێ.
………………………
بە ناچاری لەو شوێنە سەنگەرمان گرت،چۆن مەودایەکی زۆری دەویست تا تیمی“دووھەمی ئێمە دەیتوانی بگاتە شوێنێکی ئەمن.ئەوە بوو:دوای ماوەیەکی کوورت کە نەفەرەکانیان نەگەرانەوە،ھێزێکی دوژمن بەرەو شوێنی تەقەکە ھاتن،ھەر کە نزیک بوونەوە نەفەرەکانی خۆیان دیتن!کە لەوێ کەوتبوون ،ئیدی شەر“دەستی پێکرد! ئەوان کەوتنە بەر ئاگری تووندی چەکەکانی ئێمە ئەوانەی توانیان خۆیان رزگار بکەن بە شپرزەیی رایان کرد.لێرەوە شەرێکی تووند دەستی پێکرد،بە جۆرێک لێیان درا کە لەناو مۆڵگە“تازەکەیان بێ سەنگەر بەندی،ھاواریان“دەکرد.!ئەوەش نیشانە بوو بۆ زەربەیەکی قوورس بۆ ھێزەکانیان،ماوەیەکی باش دەرفەتی ھیچ جۆرە دەست کردنەوەیەکیان نەبوو.چوار پێشمەرگەی چیا بوونە ئاگر بۆ گیانی داگیرکەران.پاش ماوەیەک ئەوان وەخۆ ھاتنەوە بە جۆرێک شەر تووند بوو کە گووللە گردارەکانیان“وەک باران دەبارین،لەوەش زیاتر بە ھۆی ئاربیجی“یەکانی دوژمن پێش ئێمە بە تەواوی ئاگری گرت،ئەوە لە حاڵێک دابوو :کە ئێمە تەنیا لەو شوێنەوە دەمانتوانی بەرگری بکەین.پاش ماوەیەک ئاور بارانی چەکە قوورسەکانیش دەستی پێکرد،بریسکەی تەقینەوەکان لەو شەوەدا دەلالەتی شەرێکی قوورس بوو.
…..————–
شتێک کە ئێمەی خستۆتە نیگەرانی“یەوە،پچرانی پێوەندی ئێمە لە گەڵ تیمی“دووھەم بوو،ھەوڵێکی زۆرمان دا تا لە وەزعییەتی ئەوان ئاگادار بین،جا ئەو کات ئێمە شوێنی شەرەکە چۆڵ بکەین و دوور بکەوینەوە.
رێگا نەدراوە دوژمن پێشرەوی بکات.بەرگری کردن لە بەرابەر دوژمنی داگیرکەردا:لە باوەری نە گۆری ئێمە بە سەرکەوتنی گەلێک سەرچاوە دەگرێ.ئێمە دوژمنەکەی خۆمان باش دەناسین و لە شەرە قوورسەکان راھاتووین لە گەڵی،دەست پێشخەری دەکەین دەبێ زۆر زوو خوێنی رەشی خۆیان بە خاکەوە ببینن تا بە جۆرێک بترسێن توانای بەرنگاریان نەمێنێ.ـ
چەند جارێک لە گەڵ کۆدەڵەیی”قسە دەکەین دەمھەوێ قەناعەتی پێ بکەم بێت و بچین داوا لە میراوەیی“بکەین تا شوێنەکەمان چۆڵ بکەین.کەریم”کووری سەنگەر بوو…کاتی ئاوا زۆر بە زەحمەت دەتوانی باوەری پێ بێنی تا بکشێتە دواوە.سەبارەت بە کاک خدر“ترسی ئەو لە تەقەمەنییەکەیە“تا بزانێ ئەوان بە سەلامەتی دەرچوون،وا دیارە:ئەوان زۆر دوور کەوتوونەوە بە ھۆی شیوو دۆڵەکان و بەرزی کێوەکانی نزیک خۆمان تازە پێوەندی کردن جێبەجێ نابێ.
…………………….
ئێستا لەوە دڵنیا بووین کە پێوەندی ناگیرێ و تازە ئێمە لێکدابراوین!بریاری پاشەکشە دراو سەنگەرەکانی خۆمان چۆڵ کردن،کاتی پاشەکشە کەوتینە بەر رەھێڵەی چەکەکانی دوژمن و تۆپ بارانێکی قوورس،بۆ بەدشانسی ئێمەش بە ناو ”زەوییەک”دا رۆیشتین کە ئاوی تێگیرا بوو (شەواو کرابوو)ئەوەش ئێمەی زۆر ھیلاک کرد،ھەناسە سوار کەوشەکانمان پڕ ببوون لە قوور.
بە ھەر ھیلاکییەک بوو خۆمان رزگار کردو بەرەو قووڵایی ناوچە رۆیشتین،نیگەران ودڵگران لەوەی دەبێ ھاورێکانمان چییان بە سەر ھاتبێ!
…………………..
بە ماندوویەتی دوای ئەو شەرە قوورسە بۆ بەری بەیانی خۆمان گەیاندە شوێنی مانەوە،ھەر کەس لە دەوەنێک دا لێی خەوت.نیگەرانی باڵی بە سەر داکێشاوین لە گەڵ ئەوەی سەلامەتین و ھێشتا زیقەو ھاواری پاسدارەکان لە گوێماندا دەزرینگێتەوە.پێیەکانی ئێمە بۆنیان دێت و ھەموو گیانن قوور“دایپۆشیوە،بەڵام:دڵتەنگی لەوەی دەبێ ھاورێکانمان چییان بە سەر ھاتبێ بۆتە ھۆی پشوویەکی زۆر ناخۆش.“ئێمە بەیانی بە دەنگی فەرماندەکەمان“ وەخەبەر ھاتین کە گووتی:کوورینە ھاورێیانمان سەلامەتن و بە سەرکەوتووی گەیشتوونە شوێنێکی ئەمن.ئەوەش دیارە:دوای پێوەندی گرتن بە ھێزێکی زۆری خۆمانەوە کە لە گەڵ فەرماندەری ھێزە کاک حوسێن پەیرەوان لە کێوێکی”بەرامبەر ئێمە مابوونەوە.ئەو ھەواڵە ماندوویەتی و شەکەتی ئێمەی نەھێشت و بە خەندەی جوانەوە „کتری”یە رەشن خستە سەر ئاوری.
…………………..
ھەر وەک پێشتر باسمان کرد بۆ بەیانی رێبوارانی ناوچەکە بە ھۆی بینینی خوێن”لە شوێنی شەرەکە وا دەزانن پێشمەرگە شەھید بوون،کە ئەوە دەبێتە ھۆی پەرۆشی و ئازارێکی زۆر بۆ خەڵکەکە.ناسیاوێکم دوای چەند ساڵێک دەقیق ئەوەی بۆ گێرامەوە،لە لایەکی دیکە ئەوەشی گووت:کاتێک چاومان لە ھەڵس و کەوت و نێوچاوانی پاسدارەکان دەکرد!روون بوو کە زەربەیەکی قوورسیان خواردووە،ئەوان وەک گوورگی ھار پەلاماری خەڵکیان دەدا.
——————————————
تێبینی:
ئەو بیرەوەرییە دوو بەشی لە بەشەکانی ٣٩ و ٤٠ دا ھاتووە ئەوە بەشی سێھەمی بوو لێرە کۆتایی ھات.
تا بیرەوەرییەکی دیکە چاوتان ماچ دەکەم.
وێنەکە:جادەی پیرانشار سەردەشت و تاساندنی دووژمن.کاتی خۆی بە ڤیدیۆ ئەو عەملیاتە لە گەڵ بیرەوەرییەکەی بڵاو دەکەینەوە …….

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *