بەشی شیێست“و یەکەمی گەرانەوە(۶١) له‌ نووسینی: عەلی سوورەچۆمی

Posted by
لە بەشی پێشوو دا کەمتر ئاوڕم لە رەنجەکانی پێشمەرگەکان دایەوە،چەند جارێک رێگا ھەتەڵە کردن بەس بوو،بۆوەی ئازارێکی زۆر تووش بین.ناوچەکە بۆ خۆی شاخاوی و ئەستەمە.کاک سەید خدر“باسی بەشێک لەو سەختیانەی کرد لە کۆمێنت“دا.من بە ھۆی ئەوەی کۆڵەکەم“ھەم قوورس بوو ھەم حەساس“دەبوا زۆر وریای بەربوونەوە بم!ئەو جارانەی بەردەبوومەوە دەبوا وا بکەم دووربینی فیلم بەرداری“یەکە، زەربە نەخوات.
بەوەندە کۆتایی بە رووداوەکانی ئەو شەوە دەھێنم دیارە:کاک حەسەن خۆشکەلام“قەرارە شتێک لە سەر دوو
دیلەکە“بنووسێ.
………………….
لە سەر ناوچەکە
ھەر چەند دەزانم لێی نازانم،بەڵام:پێم باشە بۆ بەرچاو روونی باسی شێوەی ھەڵکەوتی ناوچەکە بکەم ھەر چەند بە کوورتی بێت.
ناوچەی ئالان“ھەڵکەوتی جووغرافییەکەی“بۆ کاری پارتیزان“ی و پێشمەرگانە“ گوونجاو نییە،ناوچەکە لە لای رۆژھەڵاتەوە بە رشتە شاخەکانی ھۆمل“زەردکە“و چەند زنجیرە شاخێکی دیکە دەور دراوە.لە داوێنی ناوچەکە چۆمی کەڵوێ“(زێی بچووک)ھەڵکەوتوە،واتە:لە دوو لاوە دەور دراوە،دێھاتی ناوچەکە دەکەونە نێوان ئەو دوو دیاردە سرووشتی “یەوە،مەڵبەندەکە پانتایی کەمە زیاتر بە شێوەی نەواری درێژ دەبێتەوە،ھێزی پێشمەرگە کەمتر دەتوانێ پشت بە(عمق)قووڵایی ببەستێ,ئەوەش کێشە بوو بۆ ھێزێکی پارتیزانی!ئێستا نەک ھەر ئەوە شوێنی گوونجاو بۆ خۆحەشاردان کەمە،چۆن ناوچەکە بە دەیان مۆڵگە تەنراوە،رەچاوی چۆنییەتی چاوەدێری کراوە.
ئەوەم ھەر وەک سەرەتا بوو.
………………………………..
وەفایەک……
شتێک کە نابێ بۆ ئێوەی خوێنەر لە بیری بکەم،خەڵکەکەیەتی.بە دەر لەو قۆناخە کە ئێمە تێیدا خەبات دەکەین،لە شۆرش و سەرھەڵدانەکانی مێژووش دا ناوەندێکی بە ھێزی شۆرشگێران بووە،بەو مانایە خەڵکەکەی خەڵکێکی تا بڵێی نیشتمان پەروەرە“لە ھەر جێگایەک ئێمە دەماینەوە تێکەڵاوی خەڵکەکەی دەبووین،لە راستی دا دوور لە چاوی خەڵک نەدەماینەوە.قەت نەبوو جارێک بە ھۆی راپۆرتێک“دەور“ بدرێین!یا دوژمن بتوانێ بە ھۆی ھاوکاری خەڵکەکەی ئێمە لە جێگایەک گیر بخات.
ئەوە مێژووە:بەشێک لە کادرو پێشمەرگەکان باش دەزانن چەند جارێک دوای گەمارۆی ناوچەکە و بوونی ئێمە لە شاخەکان،چ فیداکارییەک کرا لە لایەن خەڵکێکەوە بۆ گەیاندنی نان و پێداویستی بۆ ئێمە.با ئەوەش بڵێم:چەند کەسێک ھەر ئێمە دەزانین چ فیداکارییەکیان کرد،خۆزگە دەرفەت ھەبا یا ھۆکاری ئەمنییەتی“رێگای دابا ناون ھێنابان جا ئەوکات زۆر شت ھەیە لە سەر فیداکاری و لە خۆبردوویی ئەو جۆرە کەسانە کە شیاوی باس کردن بێ.زۆر جار بە نائومێدی دوای ئەوەی کە دێھاتەکان“بە شێوەی زنجیرەیی دەور دەدران! دەبوون بە کەمین“ی بەربڵاو،ئەوان کوونی دەرزی“یان دەدۆزییەوە تا فریای ئێمە بکەون،شەوە تاریکەکان ئەوان دەیانزانی ئێمە لە ناوچەکەین و لێمان قەوماوە،لە نێو ھاشەی چۆمەکەدا لە داوێنی شاخەکان دا بە کۆڵە“نانەوە دەھاتن و ھاواریان دەکرد تا ئێمە گوێمان لە دەنگیان بێ،ئەو کاتە کە لە بێ ھیوایی دا لێوەکانن ویشک دەبوون،ئەو جۆرە کەسانە بزەیان دەخستەوە سەر لێوی پێشمەرگەکان…کێ دەتوانێ ئەو دیمەنانە بیر بەرێتەوە،جوانییەکانی ئێرە جۆری پێوەندی خەڵک و پێشمەرگە فرمێسک دەخاتە چاوی ھەموو ئەوانەی نیشتمان و داتوویەکی ئارام خەونێک بێ بۆ ئەوان……?
شۆرشی ئێمە بۆ تووشی ئەو چارەنووسە بوو!رەنگە وەڵامێکی لۆژیکی ئەستەم بێت..!؟لە جوابی کۆمێنتی“ھاورێیەک دا گووتم:ئەو دیمەنانە،ئەو شێوە خەباتە رۆیشت ،لە سەر دەستی ھیچ نەسلێک“روو ناداتەوە!نە بەو مانایە توانایان نەبێ نا بەڵکوو:ئاڵووگۆرە جووغرافییەکان“و گۆڕانی جۆری پێوەندییەکان(ارتباطات)و زۆر ھۆکاری دیکە جۆرێکی دیکە لە خەبات فەرز دەکەن.
…………………………………
لێرەدا:کەمێک ئەولاتر دەڕۆم لە باسەکە!تکایە با لەنووسینەوەو تۆمار کردنی ئەو مێژووە دا تارادەیەک خۆمان بخەینە ئامێزی راستییەکان،من زۆر لەوە بچووک ترم بەرامبەر ھیچ رووداوێک ھەوڵی راستکردنەوە بدەم یا پێم وابێ ئەوە دەتوانم کارێک بکەم لە سەر رووداوەکان.راستە ئێمە بەشێک بووین لە رووداوەکان،بەڵام:لە پێگەیەک نەبووم تا لێرە ئەو ھەقە بە خۆم بدەم،من کوورە ھەژارێکی ئەو شۆرشە بووم،قەت پێم وانەبووە رۆژێک دێت بتوانم دێڕێک“لە سەر ئەو مێژووە بنووسم،ئێستا رەنگە ھەبن لە من نیگەران بن!! راستە من کەسێکی حاشیەی بووم دەیان ساڵ لە رووداوەکان دوور کەوتمەوە،بەوحاڵەش کەسێک نەبووم مێژووی خۆم لە بیر بکەم یا بۆ سانیەیەک پشتی تێبکەم.
من ئەوەم باش لە بیرە چ ھەژارییەکم“دیت ناتوانم بیگێرمەوە،ئاخر چی لەوەی ناخۆشتر چەندین شەوی رێگا بە کەوشی“دڕاوەوە ببڕی و تمەنێک“لە گیرفانت دا نەبێ تا جووتێک کەوشی پێ بکڕی.
من لە ھیچ جێگایەک رووم لە شەخس“نەکردوە ناشی کەم!شتەکان گشتی بوون لەو جێگایەی کەم و کۆڕی ھەبووە باسی دەکەین،ھەر لەو جەولەیە کە ئێستا باسی دەکەین ھەرچی ئازار بوو دیتمان خەڵک بە ھۆی ھەڵەی ئێمە کووژرا،خۆمان زۆری نەمابوو بە ھۆی بڕیاری ھەڵە تێدا بچین.
تەنیا دەمھەوێ بڵێم:بێ حەیب و ئیراد نەبووین پێویستە ئاوڕیان لێ بدینەوە سەرکەوتنەکان ئی ھەمووان بوون شکستەکان ھەر بەو جۆرە.
……………………………..
ھەوڵی گرتنی پایەگایەک:
دوای گەیشتن بە ناوچەکە بەر لەوەی دوژمن بۆ گەمارۆ دانی ناوچەکە دەست بە کۆکردنەوەی ھێز بکات پێویست بوو ئێمە دەست پێشخەر بین.بۆ ئەو مەبەستە گرتنی پایەگا“ی گووندی بناوێ“کرایە ئامانج.دوای کۆبوونەوەو دیاری کردنی ئامانجەکان،بە پێی قسەی چەند کەسێکی ناوچەکە دەرکەوت کە زیاتر چەکدارەکانی ناو مۆڵکەکە“کوردن و بە قەولی ئەو کات جاش سەرباز“بوون،ھەموو زانیارییەکان بەر دەست بوون وردەکاری ورد لە رێگای چەند کەس ھەر لە ناو پایەگا“بە بەرپرسانی نیزامی ئێمە گەیشتبوو.بەڵێ:کار گەیشتە جێگایەک کە گووترا: بە دەر لە فەرماندەو چەند کەسێکی دیکە کەس دەست ناکاتەوە!بە پێی ئەوە دەبوا مۆڵگەکە“زوو خۆی بە دەستەوە بدات.
یەکێک لە کادرەکانی حیزب ھەموو ئەو شتانەی پشت راست کردنەوە،دوا جار بۆ ئێمەش روون بۆوە کە چەند کەسێک پێوەندییان بە حیزبەوە“ ھەیە.
ئەوەی پێوەندی بە شناسای“یەوە ھەبێ لەو بارەوە ئێمە کەمترین زانیارین ھەبوو تەنیا شتێک ئێمە لێی ئاگادار بووین،بوونی پایەگا“کە بوو لەو شوێنە،لە سەر مەوقعییەتی،وەک:شێوەی ھەڵکەوتی،چۆنییەتی خاکریز“و سەنگەر بەندی،ھیچ زانیارییەکی ئەوتۆ نەبوو.
لەوەش زیاتر دەبوا لە شەو“دا گرتنی مۆڵگەکە بەرێوە بچێت!ئەوەش ھێندەی دیکە ئامانجی بۆ ئێمە دەبردە تاریکییەوە.
زۆر جار کە بیر لە بەشێک لە رووداوەکان دەکەینەوە ئێستا دەزانین کە ھەڵەی گەورە رووی داوە،پێم خۆشە ئیشارە بەو راستییە بکەم ئێمە وەک بەشێک لە بەرپرس و پێشمەرگەکان لە ئاستی خوارەوە زۆر کەم بیرن لەوە دەکردەوە بە پێی زانستە سەربازییەکان ھەوڵ بدەین خۆمان فێر بکەین،قەت بیر لەوە نەکرایەوە کە دەبێ ببین بە جوومگەی بە ھێزی روانینی سەربازی“چۆن بەشێک لە زانستەکان گشتی و نەگۆڕن،پێویستە ھەموو کەسێکی نیزامی کار بیزانێ،بۆ ئەوە باشە ئیشارە بەوە بکەم کە ئاستی خوێندەواری بەشی زۆری ئێمە لە ئاستێک نەبوو کە سەرنجی ئێمە راکێشێ،یا دەرفەتی ئەوە نەبوو، بەردەوام لە مەیدانی شەڕ دا بووین.من لێرەدا باسی زانستە گشتییەکان دەکەم،ئەگینا:لە تاکتیک و ئیستراتیژی“کار کردن دا زۆر زاڵ بووین بە سەر دوژمن دا.
………………..
دەچینەوە سەر باسەکەی خۆمان.
بە پێی ئەو چەند زانیارییانە کە بۆم باس کردن لە کەش و ھەوایەکی ئاوادا دوای رەچاو کردنی ھەموو پێداویستییەک و تەقسیمی کار،تیم“کان بەرەو شوێنی مەبەست دەکەوینە رێ،ماوە ئەوەش باس بکەم یەکێک لە کادرەکان شەوی پێشتر چووە لە نزیک پایەگا“ماوەتەوە بۆوەی دوا گۆرانکاری و زانیارییەکان لە نزیکەوە بزانێ.
سەر لە ئێوارەکەی دەبوا بگەینە دەورووبەری شوێنی ھەدەف“بە دوو تیم“کارەکە دەست پێدەکرا،تیمێک لە نێو گووندەکە را،تیم“ێکی دیکە لە لای رۆژئاوای مۆڵگەکە“کە زۆر نزیک دادەمەزران.من کە دووربینی فیلم بەرداریم“پێ بوو دەبوا لە گەڵ دوو کەس“لە شوێنێک کە ئاربی چی“لێ بوو لەوێوە دەست بکەم بە کاری خۆم.راستی من زۆر ھەوڵم دا کە فیلم ھەڵگرتنەوە بە شەو ھیچ سوودێکی نابێ و ئامانج دیاری ناکرێ،تەنیا ئەگەر دەنگی تەقەکان تۆمار بکرێ لەوە بە دەر سوودی نابێ،دەی بڕیار دراو دەبوا من کارەکەی خۆم بکەم.
وەرێکەوتن:………….

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *