بەشی شێست و پێنجەمی گەرانەوە(۶۵) له‌ نووسینی نووسینی:عەلی سوورەچۆمی.

Posted by
رێگا چارەکان سەخت و داخراون،دەبوا بە ھەر جۆرێک بووە بڕیارێک لە بارەی داھاتووی خۆمانەوە بدەین.ئێمە نیشانەکانی رووداوە ناخۆشەکانن بە پێی شەرایتی ناوچەکە دەدیت.
بەڵێ:یەکەم کۆبوونەوە کرا بەشی زۆری پێشمەرگەکان تێی دا بەشدار بوون،بۆوەی لە بڕیارێکی گشتی دا مەسیری خۆمان دیاری بکەین،لەوەش زیاتر لە گەڵ پێشھاتی چاوەروان نەکراو کەس گلەیی ئەوە نەکات کە بەشێک نەبووە لە بڕیارەکان و ئەو دەیتوانی بیر لە رێگایەکی سەلاح تر بکاتەوە…..
لە کۆبوونەوەکە دا بڕیار درا سێ“کەس بنێردرێن بۆ ناو خاکی ئێراق“بۆ چەند داواکارییەک….
یەک لەوانە:رێگامان بدەن پێوەندییەکانی حیزب لە شاری سلێمانی لە وەزعی خۆمان ئاگادار بکەینەوە
دووھەم:ئەگەر رازی بن لەوێوە ناوچەکە چۆڵ بکەین بە پێی حەساس بوونی عێراق بە بوونی ئێمە لە سەر سنوورەکان بەو باوەرە گەیشتبووین دەیانەوێ بە بێدەنگی ناوچەکە چۆڵ بکەین.
سێھەم:ئەگەر ھیچ لەوانەیان نەکرد لانی کەم بۆ نان ھاوکاریمان بکەن و لە ھەرەشەی برسییەتی دەرباز بین.
خاڵی چوارەم: بەڵێ ھەبوو کەس نەیوێرا باسی بکات!واتە:تەقەمەنی وەک فیشەک کە بە تەواوی کەم ببوو.
دەی بەو جۆرە:
بۆ ئەو مەبەستە سی“کەس دیاری کران بەو شێوە
کاک رەحمان شۆکە“کە فەرماندەری لک“بوو.
کاک عەوڵا بناوەیی“کادرو شارەزای ناوچە
خالید دوولکەیی“سەر پەل و شارەزای ناوچە
دوای قسەو باس و ساغ بوونەوە ئەوان رۆیشتن و ئێمە چاوەروان ماینەوە بۆوەی بزانین ئاکامی ئەو کارەمان دەبێ بە چی.لێرە سەرنجێک بخوێننەوەو دەگەرێمەوە
…………………………………………………………
.جارێکی دیکە ئەو راستییە لێرە بیر ھەموو لایەک دەخەمەوە کە ھێزەکانی حیزبی دێموکرات“لە سەر سنوورەکان بە ھیچ جۆرێک یادەوەری خۆشیان لەو جۆرە رووداوانە نییە،ئەوە نەک ھەر ئێستا کە ساڵی ١٣۶٨“ەو شەڕ راگیراوە لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا،بەڵکوو:لە کاتی شەر“دا ھەر بەو جۆرە بوو،لە ھەر جێگایەک کە دەکەوتینە نێوان ئاگری ئەو دوو ھێزە شەرکەرەوە ئەگەر بۆ پاراستنی گیانی خۆمان لە ھەر نووقتەیەک کە پەنامان بۆ عێراق“دەبرد تووشی نارەحەتی و گیران و سووکایەتی دەبووین.چەند جارێک تیم“کانی ئێمە لە چەند شوێنێک گیرابوون و زیندانی کرابوون.ساڵی ١٣۶۵“ئێمە تیم“ێکی ۴٠“کەسی کە ناچار بووین خۆمان تەحویلی عێراق دا لە گەناوێ“ھەموومان راپێچ کراین و دوای لێدان و سووکایەتی زیندانی کراین،زیاتر لە چل“کەس لە پشتی(ایفا)یەک کراین تا فیرقەی“چوار قوورنە“تا گەیشتن بەو شوێنە مەرگ“مان بە چاوی خۆمان دیت،دواتریش بە گەرمای تەمووز“خراینە زیندان“کە ژێر لەوح“بوون،لەوحەکان“نەوی بوون نەماندەتوانی سەر بەرز بکەین،پێشمەرگەکان و بە تایبەت شەھید کاک رەسوڵ عەزیزی تووشی شەری کردین زۆری نەما بمانکووژن،کەس نەیدەزانی ئێمە گیراوین تا چەند کوردێک و جاشێک“مان لەوێ بینین و دواتر پیاوەتی ئەوان بوو بە ھۆی رزگار بوونمان.
درێژەو لێرە ھەمووی ناگێرمەوە…جارێکی دیکە تیم“ێک لێی قەوما بوو،ئەوان لە گووندی باوزێ“کە ئەو سەردەمە چۆڵ بوو بە ھۆی دیتنەوەی مێش“و راکێشانی ھەنگوین خۆیان لە مردن رزگارکردبوو!دواتر خۆیان تەسلیم“بە عێراق“دەکەن.داستانەکەی دوورە لە مەرگ گەرانەوە،ئەوان لە کەرکووک“سۆراخ کران و بیندرانەوە
جا مەبەستم ئەوە بوو پێوەندی حیزبی دێموکرات ئاوا بوو لە بەر ئەوەی سەربەخۆ بووین و ئامادە نەبووین داخوازەکانی ئێراق“قەبووڵ بکەین.سەرەتاکانی شەر و ئەو کاتە کە ھێزەکانی عێراق“بە تەواوی باڵا دەست و چوونە ناو خاکی ئێران“ەوە چەندین جار پێشنیار بە حیزبی دێموکرات دەدەن کە ئەوان ئامادەن ھەموو کوردستان یا بەشی زۆر بە پاڵپشتی حیزبی دێموکرات ئازاد بکەن و دواتر حیزب خۆی شارەکان ئیدارە بکات!ئەو پێشنیارە بە تووندی رەد“کرایەوە!حیزبی دێموکرات دەڵێ:شەری ئێمە لە شەری ماڵوێرانکەری ئێوە جیاوازە شەری ئێمە شەرێکی ماف خوازانەیە،ئەو جۆرە سیاسەتە ئێراقی“زۆر ھەراسان و توورە کردبوو.دیارە:ھاوکاریش ھەبووە کەس ناڵێ نەبوو،بەڵام:لە سەر حیسابی کورد و ھێزە کووردیەکان نەبووە،لەوەش زیاتر زۆر خزمەتی کوردی باشوور“کراوە بە پێی دەرفەت.جا لە ھەر جێگایەک بە ئیجازە“نەبا کە دەردە سەری زۆر بوو و دەبوا(عدم تعرض)وەرگیرێ ئەگینا ئەوە چارەنووس بوو کە باسم کرد….
باسەکەی خۆمان…
کاک حوسێن پەیرەوان“وەک فەرماندەری گشتی بە تەواوی لە پێوەندی دا بوو لە گەڵیان،ئێمەش چاوەروان بۆوەی بزانین چی روودەدات.
لێرەدا شتێک کە بەرەبەرە خەریکە زاڵ دەبێ و دەبێتە نائومێدی برسییەتی بوو!لە سەر ئەو بەشە پێم باشە ئەو چەند سەرنجە بنووسم!ھەر ئینسانێک تا لە جێگایەک برسییەتی“تاقی نەکاتەوە نازانێ چۆنە!برسییەتی کاتی ئاوا دەبێتە دوژمن و ھەرەشە دەکات،ھەر کاتێک تۆ لەوە دڵنیا بوویی دەستت بە ھیچ جێگایەک ناگات بەرەبەرە ھێزی پێیەکانت دەوەستێ و فەزای ترس گەمارۆت دەدا و رووحی“یە بە تەواوی دادەبەزێ!
با جارێ لەوە گەرێم و بزانین چی روودەدات:
کاتێک نزیک دەبنەوە ئەو سێ“کەسە!وا ساغ دەبنەوە دوو“کەس بڕۆن بۆ ناو رەبیعە“ی عەسکەرەکان و خۆیان بناسێنن،بۆ ئەو کارە!کاک عەوڵا و کاک خالید دەچنە پێشەوەو خۆ بە دەستەوە دەدەن دەڵێن:ئێمە(معارزەی)ئێرانین و پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات.
کاک رەحمان دوور لە ئەوان دادەنیشێ و خۆی مات دەکات بۆوەی بزانێ چی روودەدات!ئەوە دەبێ ھەر دووکیان بێ سەروو شوێن دەبن!نە پێوەندی بێسیم“ی دەمێنێ نە ھیچ ئاسەوارێک زۆر چاوەروانی دەکات بێ سوود دەبێ،ئەوە بوو پێوەندی بە کاک حوسێن پەیرەوان کرد:کە وەزع“ئاوایە.بە ناچاری کاک رەحمان گەرایەوە.لێرەدا دیارە:دوو کەس کە شارەزای باشی ناوچەکەش بوون لە دەستمان چوون و نەگەرانەوە..!
کەواتە:بۆ وەزعی خۆمان ناردنی ئەو دوو“کەسە ھەڵە“ بوو!چۆن ئەوان تا رادەیەکی زۆر دەست و پێی ئێمە بوون لە ناوچەکەدا.
باش…دەی بزانین باروودۆخی ناوچەکە چۆنە!
راستی ئەوەیە کە ھیچ لە باری سەپاو نەگۆڕاوە،وردە وردە برسییەتی زاڵ دەبێ و دەبێ لە بیری چارەسەر دا بین.نامھەوێ لێرەدا ئیغراق“بکەم!باش نازانم کێ نانە رەقێکی پێ ماوەو دەستی پێوە گرتووە!رەنگە نەوێرێ ئاشکرای بکات،ئەوە بۆی ھەیە.
وەک خۆم تا ئێوارەکەی چاکم لە بیرە نزیکەی لەتێک“نان“م پێ بوو،رەنگە باش بیرم نەمابێ وەزعی ڕەفیقەکانم چۆن بوو!بەڵام:خۆم وردە وردە ھێزم لە دەست دەدا،من جارێکی دیکەش لەو ناوچە برسییەتیم تاقی کردبۆوە.باش ئەوە چارەنووسی نزیکەی چل“کەس یا چل و پێنج“کەسە.باس کردنی ئەو رۆژانە ئەوەندە ئاسان نییە!کە باسی مێژووی دێموکرات و پێشمەرگە ئازاکانی دەکەین باسی کێوی ورەو بەخشینێکی گەورە دەکەین.لێرە لە نێو خۆڵ و خاشاک دا بە داوێنی شاخەکان دا زۆر جار لە ژێر تیشکی ھەتاوێکی گەرم دا بە تینووەتی دەخەوین،لێرە دوای سەرکەوتنە گەورەکان و ئەوانەی گەورەترین فیداکاری دەکەن لە سەر ھیچ سەکۆیەک پێشوازیان لێ ناکرێ و پێیان ناخەنە سەر ھیچ فەرشێکی سوور!!!ھەمووتان دێڕ بە دێڕ لە گەڵم بن بۆوەی بزانین چی روو دەدات.
پێم وابێ ئەو شەوەش ھەر لەو شوێنە ماینەوە.بۆ بەیانی دوای نیوەرۆ کۆبوونەوەیەک کرا،بەرپرسان وا ساغ بوونەوە کە تەواوی ھێزەکە“بە لێواری رووباری زێی“بچووک دا بڕۆین بۆ ئەو شوێنەی کە ئەو دوو کەسە“خۆیان لێ رادەستی عێراق“کردبوو.راستی لە دیار نەمانی ئەو دوو“کەسە زۆر نیگەران بووین،ئێوارەکەی تا رادەیەکی زۆر بە نائومێدی کەوتینە رێگا،دەبوا چەند جارێک ئەم بەرەو ئەوبەر بکەین بە ھۆی ئەوەی تووشی شوێنی سەخت دەھاتین.بەو جۆرە بەرەو چارەنووسێکی نادیار رۆیشتین،لە سەر رووبارەکە چەند گۆمێکی“قووڵ ھەبوو وا ساغ بووینەوە نارنجۆک“بخەینە ناوی بۆوەی لانی کەم چەند ماسییەک“بگرین بۆ خواردن،بەراستی برسییەتی فشاری ھێنابوو زۆر.دیارە تێبینی!!ئەوە دەکرا بە ھۆی قووڵی“دەنگی تەقینەوەی نارنجۆکەکان“دەرناچێ و بە ھیچ شوێنێک ناگات.ئەوە بوو بەو جۆرە چەند نارنجۆکێک“ن خستە ناو گۆمەکان،کە ئەویش سوودێکی نەبوو!یا لە بەر پەلە پەلی ھیچ نەکرا.بەو شێوەیە دوای چەند جارێک پەرینەوە لە رووبارەکە دەگەیشتینە ئاخر خاڵ“کە لەوێوە واردی خاکی عێراق“دەبووین،بەشێک لە رەفیقان و بەرپرسان پەریبوونەوە،بەر لەوەی بگەینە سەر شوێنی پەرینەوە لە حاڵێک دا بەشێک پەریبوونەوە،ھێزێکی دوژمن“لە بنارەکەی پشت سەری ئێمەوە دیار بوون بە پەلە بەرەو ئێمە دێن.چۆن ئێمەیان بینیوە روون نییە!ئایا بە ھۆی دەنگی تەقینەوەکان بووە یا بە ھۆی رووناکی!!یا ئەوەکە ھەر چاوەدێری ناوچەکەیان کردوەو ئێمەیان رەچاو کردووە.چاومان لێ کرد دەرفەتی پەرینەوە تەواو کەم بۆتەوە.زۆرمان ھاوار کرد سوودی نەبوو،ئەوانەی کەوتبووینە دواوە:خۆشکەلام،کانەبی،خەلیل ئەسپەندار،رەحمان شۆکە،کۆدەڵەیی،نازانم کێی دیکە بوو!لە گەڵ شەش“دیلەکە.
کەوتینە گەمارۆیەکی تووندی ھێزەکانی ئێران و ئێراق“ەوە.ئیدی ئێوارەیەک پڕ لە کارەسات……….
چاوەروان بن بۆ بەشەکانی دیکە
…………………………………………………………..
وێنەیەکی ناوچەکە

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *