بەشی:شێست و نۆھەمی گەرانەوە(۶٩) له نووسینی:عەلی سوورەچۆمی

Posted by
لەوبەر رووبار پشوویەک بدەین.
شەوێکی ئاماڵ تاریک بوو ،ئەستێرەکان دەدرەوشانەوە ،سروەی کزەبایەکی گەرم دەنگی شەپۆلەکانی بە گوێ دادەداین ،رووبارەکە زۆر ئارام تێدەپەڕی ،پێشمەرگەکان ھێشتا بە باڵی ھیوا دەفڕن و لە بیری چارەیەک دان.ئەوان بۆوەی ئەو کاروانە نەوەستێ دەیانەوێ تارمایی نەھێڵن و رێگای ژووان ون نەکەن…..
………………………………….
لە لێواری رووبار جارێکی دیکە بەرپرسەکان دەبوایە دوا پلان و بەرنامە بۆ دوور کەوتنەوە لەو شوێنە دابنێن ،ئەوەش بەوە دەکرا لێبڕاو بین بۆ ڕاپەراندنی ھەر ئەرکێک بە ھەر تیم و تاکێک بیسپێرن ،کات کاتی ئەوە بوو تریفەی مانگ بین بۆ تاریکی شەو.
ئەوە بەڵێنییەک-بوو دووپات کرایەوە ،بەو جۆرە
تیمێک ئامادەبێ خۆی بە گووندێکی نزیک لە ناوچەکەدا بکات .جا ئێستا وردەکارییەکی زۆر ھەیە کە وردە وردە بەیەکەوە بەردەوام دەبین بۆوەی بزانین چۆن بووە.لێرە تەنیا خاڵێک جەختی لێدەکەینەوە ئەوەیە کە ھەموو سەرکەوتنێک بەستراوەتەوە بە سەرکەوتنی تیمێک کە دەبێ لە باشترین کوورەکان پێک بێت ،بۆوەی بتوانن لە حاڵەتی ھەر جۆرە کەمین و بەربەستێک لە کاتی چوون بۆ گووند بیبڕن و چۆک بە دوژمن دا بدەن! ئەوە شتێک بوو کە دەبوو بە خاڵی یەکلاکەرەوەی کێشەکانی ئێمە.لە سەر ئەو تیمە ،ناکۆکی زۆر بوو! ئەگەر چەند کەسێکی دیار ھەبوون چووبان بۆ نێو گووند ئەوە دەبوایە رەفیقانی دیکە بریندارەکە ببەن بۆ شوێنی دیاری کراو کە ئەوە لە توانای چەند کەسێکی دیاری کراودا نەبێ نەبوو! چەند کەس لە ئەوان ئامادە بوون بۆ نێو گووند ،دوا جار دەرکەوت ئەوەش ناکرێ! ئەی کێ بریندارەکە بێنێ!تا وای لێ ھات شەھید ھەمزە گۆران“ توورە بوو ،گووتی:ھەر کەس لەوانە بێتە گووند تازە نابێ برینداری پێ ھەڵبگرن!
دواجار ھاوسەنگی درووست کرا ،ئەوانەی بە توانا بوون بەشێکیان دیاری کران وێرای چەند ھاورێیەکی دیکە بۆ نێو گووند.لەوانە-شەھید مەحمەد شاڵی ،کەریم کۆدەڵەیی ،عوومەرکانیبی ،شەھید ھەمزە گۆران و وابزانم حوسێن فەقێ عەلی و چەند کەسێکی دیکە.
بەداخەوە ناوی ھەموویانم بیرنەماوە! ئەوەندە دەزانم تیمێکی زۆر باش و لەوانەی پێشمەرگەی ئومێد بوون و فێر نەبوون رۆژە تەنگانەکان ھەنگاوێک لە بەر دوژمن رابکەن.چاکم لە بیرە شاڵی“کە رۆیشت گووتی:یا لەوێ جەنازەم بە جێدەمێنێ یا ھەر کەمینێک ھەبێ تێکی دەشکێنین.ھەموومان شاڵیمان دەناسی کووری ئومێد بوو…..
مادام وایە بۆ رێز گرتن لە خەبات و ئازارەکانی شاڵی“
(بەڵێن بێ دوای ئەو نووسینە ھەر ئەو ھەفتەیە چیرۆکی شەھید بوونی مەحمەد شاڵی“باس بکەین ،بۆوەی بزانن چەند تاڵ و ناخ ھەژێنە….
بۆ شەھید ھەمزە گۆران دەمێکە بەڵێنیم داوە ،دەیخەمە چواچێوەی یەکێک لە گەرانەوەکان کە ھێشتا ماوە بیگەینێ.
…………………………………………
بەو جۆرە ئەو تیمە ،وەرێکەوتن.دوای رۆیشتنیان بە حووکمی ئەوەی ھەموو ناوچەکە ئاخنرا بوو لە ھێزێکی زۆر ،زۆر نیگەران بووین ،لەوەش دڵنیا بووین ئەوان ھەموو کارێک دەکەن بۆوەی ھاورێکانیان لە برسییەتی رزگار بکەن و چەند ئەرکێکی دیکە وەک خۆی ئەنجام بدەن کە داھاتووی ئێمەی لە ناوچەکە پێوە بەسترابۆوە.
تیمی دووھەم:ئەو تیمەی کە دەبێ بریندارەکە بە رێگایەکی سەختی ناوچەکەدا بگەیەنێتە ئەو جێگایەی بۆ مانەوە دیاری کراوە.لەوانەی بیرم ماون! خۆشکەلام ،رەحمان شۆکە ،م د ،سەید خدر ،پەردەدار ،عەلی سوورەچۆمی و چەند کەسێکی دیکە بوون…..
تیمی سێھەم:بە سەرپەرستی فەرماندەیی گشتی بە زوویی بگەنە شوێنێک کە بۆ مانەوە دیاری کراوە ،لەوێوە بە پەلە پێوەندی بگرێ بە تیمەکان و لە حاڵەتی روودانی رووداوی نەخوازراو بتوانن ببنە ھێزی پاڵپشت و یارمەتیدەر بۆ تیمەکان ،فەرماندەری گشتی ئەو شەوە بە وتەکانی ئومێدی بۆ گەراندینەوە-
شەوی گەرانەوەی ئومێد بوو ترووسکایی بەرەبەرە بە ھۆی ئیرادەی لە شکان نەھاتووی کوورانی رۆژی تەنگانە خۆی دەردەخست ،کاتی ئەوە بوو جارێکی دیکە نیشانی بدەین لەو مەیدانەش دا بە چۆک دانایەین.
بەو شێوەیە ھەنگاوەکان دەستی پێ کرد ھەر چەند بە رواڵەت ھەموو شتێک مەحاڵ دەھاتە بەرچاو ،بەڵام: ئێمە کاتێک ئازار بەربینگ-ن پێ دەگرێ تا کەشکەڵانی ئاسمان دەچین ئێمە بە پەڕتاڵێک لە کۆڵوانە-سووتاوەکانی دایکانی جەرگ سووتاو گۆش کراوین….
……………………………
بەر لەوەی بکەوینە رێگا! خەلیل“ھاواری کرد کە لەوە زیاتر بخرێمە سەر کۆڵ بە ھۆی خوێن ریزی شەھید دەبم، قسەکەی ئەو راست بوو ـدەی چی بکەین؟ یەک دوو“کەس سەرکەوتن بۆ بنارەکە ،تا دوو دار-بێنن و وەک دارە مەیت بۆ راگواستنی بریندارەکە بە شان کەڵکی لێ وەربگرین ،ئەو کارەش دوای زەحمەتییەکی زۆر بە ئەنجام گەیشت.ئەو جار دەبێ چەند پشتێندێک و جامەدانەی ملی خۆمان بە شێوەیەکی باش بۆی بە کار بێنین بۆوەی بریندارەکە ،بێ ئەوەی تووشی ئازار بێت بیخەینە سەر شان.
……………………………….
پەراوێزێکی بچووک:
کە تەواو ئەرکەکان دابەش کران بەر لەوە زۆرم پێ خۆش بوو لە گەڵ تیمی نێو گووند بڕۆم بۆوەی دەستم بە نان رابگات! ئەوە بوو گووتیان:دەبێ لە گەڵ بریندارەکە بمێننەوە ،راستی ھێزی جەستەم باش بوو! ئەو شەوە وا نەبوو!
ئەو شەوە ،برسییەتی بڕستی لێ بڕیبووم!ترسی ئەوەم زۆر بوو لە پێ بکەوم.پێش رۆیشتن ھانام بۆ کاک رەحمان شۆکە“برد کە شووکر خۆی شاھیدە ،گووتم:کاکە! ھێزم لە دەست داوە ،دیارە(ئەوەش بڵێم:کاک رەحمان ھەموو کات و لە رۆژە ناخۆشەکانی ژیانم دا ھەر پشتیوان بووە بۆ ئێمە).
تکایە ببوورن کە ئەوەم باس کرد….
ھات گووتی:کاکە سەموونێکم پێیە!وەرە….
ھەر کۆڵەپشتی ھێنایە خوار و دایە دەستم!ئەوە خۆشترین کات بوو بۆ من،،،بە پەلە دای ھاتمێ! خوایە گیان ئەو شاخە چی بوو! وەک لیسە,بەردەکان رەق بوو! بە پەلە چووم بۆ سەر لێواری رووبار بەبەردێک شکاندم و خستمە-نێو ئاوکە ،وردە وردە خووسا بە ئاوەکە ،جا دواتر توانیم بیخوم ،شتێک کە ھیوای بۆ گەراندمەوە زۆری پێ نەچوو ھێزو گووڕم بۆ گەرایەوە…
ئەو جار درێژەی باسەکان:
دوو قسەی کوورت لە سەر خەڵکی ناوچەکە:
بە باوەری من لێرە:دەست و پێوەندی دوژمن“زۆر کەمە تا جێگایەک کە دوژمن ھیچ لە بارەی جم و جۆڵی ئێمەوە نازانێ!ئەگەر وا نەبا شێوەی جووڵەی ئێمە لە رووی ناچاری بوو،نەک ئەوەی جووڵەیەکی پێشمەرگانە و پارتیزانی ،من ئەو خاڵەم تەنیا بۆ ئەوە بوو ،بڵێم:ئازارەکانی ھێزی پێشمەرگە و ھەتا خەسارە زۆرەکانی تەنیا زیاتر لە سەر دەستی کوردە خائینەکان و ئەوانەیە ،کە بوونە دار دەستی دووژمن.
لە سەر ئەو پاراگرافە قسەی زۆر ھەیە بە جۆرێک لە ناوچەیەک جیاوازی ھەبوو لە نێوان گووندەکان دا بۆ خەڵکی باش و خەڵک-ی خراب.
ھێزی پێشمەرگە چەند گووند و شوێن ھەبوو کە لێی دەمایەوە دوژمن سەرگەردان و سەری لێ دەشێوا..! بە حووکمی ئەوەی لە ھەر جێگایەک دەست و پێوەندەکانی لە خەڵکی ناوچە شک نەدەبرد بە دەست بە تاڵی دەمایەوە! ئەوەش لە بیر نەکەین ئەو سەردەم ئەو جۆرە کەسانە کەم بوون.
باش:
ئێمەش کەوتینە رێگا ،رێگایەکی دوور پڕ لە سەختی و ھیلاکی ،ئێستا سێ تیم لە شەوێکی ناھەموارو دوای بینینی ئازارێکی زۆر ھەوڵەکانیان بۆ رزگار بوون چۆتە قۆناخێکی دیکەوە.
ئێمە بێ وەستان و دوو ،دوو ،یەک لە پێشەوە یەک لە پشتەوە خەریکی گەیاندنی بریندارەکەین بە شوێنێکی دیاری کراو ،ماندوویەتی شەکەتی کردبووین.ئەو ماوە ئەوبەر و ئەوبەر کردن لە رووبار ھیلاکی کردین ،بە شێوەیەک چەند جارێک گیر بوون لە رێگای ھەڵدێرو چەند کەڵبە شاخێک وای کرد مەرگی خۆمان بە ئاوات بخوازین بەوحاڵەش:فێر نەبووین پشت لە زامەکانی خۆمان بکەین.بۆ لای کازیوەی بەیانی ئەژنۆکان شل و پێیەکان ئاوسابوون ،بە ھۆی ئەوەی گەیشتین بە چەند ھەڵدێرێکی ناخۆش. با قسەیەک بگێرمەوە:بە شاھیدی چەند ھاوسەنگەرێکی خۆشەویست چەند ساڵ دواتر کە لەو ناوچەدا دەماینەوە کاتێک چەند کەسێکی شارەزای ناوچەکە بەشدار بوون کە پەنجەمان بۆ شوێنەکان درێژ دەکرد کە لێرەوە بە کۆڵ بریندارمان بە شەو ھێناوە!سەریان سووڕمابوو!
باش! ئاخرەکەی رووناکی داھات و نەمانتوانی شاخێکی ئەستەم ببڕین و لە جێگایەک بە ناچاری ماینەوە ،خاڵێک بۆ مانەوە کە جۆرێک ناچاری و حاڵەتی سەپاو بوو…
لێی درێژ بووین لەوێ چی دەبێ با ببێ! جێگایەک نەک شوێنی شەڕو دەرباز بوون نەبوو ،بەڵکوو:ئاشکرا بوون بەس بوو بۆوەی تووشی کارەسات بین.
لای بەیانی من ئێشکگر بووم
،کاک خەلیل“ وەزعی زۆر خراب بوو نێوە نێوە دەیناڵاند و داوای ئاوی دەکرد! بە ئێمە گووترا بوو! نابێ ئاوی پێ بدرێ! جار جار دەبێ لێوەکانی تەڕ بکرێن و تەنیا چەند قەترەیەک ئاو! بە پێی ئەزموونی خۆشمان ھەر وابوو! دوای من کە پەردەدار“ئێشکگر دەبێ ،ھەر بەو جۆرە داوای ئاو دەکات ئەویش قوم قوومەکەی دێنێ تا قەناعەت دەکات ئاوی دەداتێ! خەلیل“دەڵێ:ئۆخەی! سوورەچۆمی تۆ بخەوە..! پێویستییەکان بەرەو تەواو بوون،بوون! ئەو دەرمانانەی دەیانتوانی بۆ ئەو کاریگەریان ھەبێ،(دیارە:لێرە نابێ ھەوڵ و زەحمەتەکانی کاک سەید خدر“لە بیر بکرێن)وەک کادری دەرمانی.
ھەوا تەواو رووناک بوو ئەوەندە شەکەت بووین کەس نەیتوانی لە شوێنی خۆی جووڵە بکات ،ئەوە لە حاڵێکدا قەرار بوو بەیانی زیاتر ھەڵکشێین و لانی کەم وا بکەین کە کاتی ھاتنی ھێزی دوژمن کەمتر ئەگەری ئاشکرا بوونمان ھەبێ.با پێش خەوتنەوە ئەو دیمەنەش بگێرمەوە…. کە چاوم گێرا بە ھاورێکانم دا گریانم ھات بۆ حاڵێک“کە ئێمە تێی دا بووین،چەند کەسێک ھەتا چەک و رەخت و کۆڵەپشتیان“دا نەنابوو لە تەنیشتیان کەوتبوو یا ھەر ئاوا درێژ ببوون.بە بێدەنگی دووربینی فیلم“بەرداریەکەم ھێنا و ناخۆشترین دیمەنەکانم زووم“کردن………
٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠
وێنەکە:ناوچە کاتی تینووەتی

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *