بەشی:حەفتای گەرانەوە(٧٠) له نووسینی:عەلی سوورەچۆمی.

Posted by
ئەوەی بیر لە شکست نەکاتەوە ،ھەرگیز بە تەمای سەرکەوتن نەبێت…..
…………………………………
لە جووغرافیایەکی“سەختی ناوچەکەدا تووشی گرفتی گەورە ببووین.
من لەوە دڵنیام! جیاوازی بیرکردنەوە و ڕوانین بۆ چۆنییەتی رزگار بوون ئەرکی بەرپرسانی زۆر سەخت کرد بوو ،بەڵام:یەکێک لە بڕیارە درووستەکان ئەوە بوو ،جارێکی دیکە پشت بە خەڵکی خۆمان ببەستین.
بۆ نێو رووداوەکان…..
بزانین تیمەکان بە کوێ گەیشتوون.
من لێرەدا جارێکی دیکە دەچمە سەر بەشێک لە رووداوەکانی ئەو شەوە:….
…………………………
ئەوەی پێوەندی بە تیمی ئێمەوە ھەبوو دواجار توانین بگەینە جێگایەک کە لە شوێنی مانەوە نزیک بوو ،لە راستی دا ئەرکی ئێمە بە ھۆی گواستنەوەی بریندارەکە زۆر قوورس بوو.
دووھەم:تیمی یەکەم ،کە دەیتوانی وەک تیمی تەواوکەری پلانەکانی ئێمە کاریگەری ھەبێ توانیویەتی بگاتە گووند“و بە شێوەیەکی باش ئەرکەکان رایی بکات ،ھەر چەند پێشبینی کەمین تا رادەیەکی زۆر دەکرا ،بە جۆرێک چەند رووداوێک لە نزیک گوند ئەگەری بوونی ھێزەکانی دوژمن زیاد دەکات .با بۆتان باسی ڕێکەوتێکی سەیربکەم…! کە نزیک دەبنەوە بە درەنگی شەوەکە! ماڵێکی گووند چراکەیان دایسێ ،(داگیرساوە)نیشانەکانی ئەوەی ئەو ماڵە نەخەوتوون روون دەبێ! باشە دەبێ ھۆکەی چی بێ! جا ئەو گۆمانە کاتێک زیاتر دەبێ کە دەبینن ئەو ماڵە کەوتۆتە جێگایەکی حەساسی گووند!
شوێنەکە بەرز دەبێ و چەند ھێمایەکی دیکە دەبینن کە ئەوەیان بۆ پشت راست دەکاتەوە ،دەبێ شتێک ھەبێ! دوای چاوەروانییەکی زۆر وا ساغ دەبنەوە دوو کەس بەرەو ئەو شوێنە بە پارێزەوە بڕۆن ،ئەوان بە ھەر جۆرێک بووە دەگەنە ئەو شوێنە کە دەبینن دوو رووداوی سەیر لەوێ رووی داوە کە بە ھۆی باری ئەمنییەتی باسی ناکەم! یەکێک لەو دوو رووداوە بۆتە ھۆی ئەوە ئەو بنەماڵە بڕیار بدەن ئەو شەوە نەخەون! ئەو ماڵە باوەڕ ناکەن ئەوانە پێشمەرگە بن! پێشمەرگەکان ،بە زۆر وا دەکەن دەرگایان بۆ بکەنەوە!ھەر ئەوەش دەبێ کە پێیان دەڵێن:ئێوە چۆن گەیشتوونە ئێرە!لێرە دارو بەرد پڕ بووە لە ھێزەکانی رێژیم.
ئەوان کارەکانی خۆیان بە باشترین شێوە ڕادەپەرێنن ،بەر لە ھەموو شتێک ھێنانی نان و دواتر گەیاندنی چەند پەیامێک بە خەڵکێک بۆوەی لە بوونی ئێمە لە ناوچەکە بەو وەزعەی بۆمان پێش ھاتووە ئاگادار بن.
ئەو تیمە دوای ئەو دوو ئەرکە بە پەلە لە گووند دەردەچن و بەرەو شوێنی مانەوە دێن.
سێھەم:تیمی دووھەم ،بە سەرپەرشتی فەرماندەیی ھەماھەنگییەکانی وەک ئەوەی پلانی بۆی ھەبووە بە ئەنجام گەیاندووە.
ئەوە قۆناغی یەکەمی بەرنامەیەک بوو کە بە باوەڕ بە ئامانج یەکەم ھەنگاوەکانی بۆ ھاوێژران ،لێرە با ئەوە باس بکەین ،شەوەکەی تەنیا تیمێک شوێنی مانەوەی زۆر مەترسیدارە تیمەکەی ئێمە بوو کە ،گووتم:بە ھۆی ماندوویەتی و شەکەتی لە خاڵێکی داخراو دا ماینەوە.ئەھھا !با رووداوێک بگێرمەوە جا دوایی پێکەوە دەگەرێینەوە بۆ زانیارییە نوێیەکان.
بەیانییەکەی:
لە نێو بیشەڵێنێک دا مابووینەوە جێگاکە نووقتەیەکی مردوو“بوو لە باری نیزامییەوە ،تەواوی باسکەکان و چەند لووتکە شاخێک بە سەر ئێمەدا زاڵ بوون ،بەڵام:ھیچ چارەیەک نەبوو! بۆ بەیانی ھێزێکی زۆری دوژمن ھات بۆ کێوماڵ کردنی ناوچەکە! ئەوەش وای کرد ئەگەری ئاشکرا بوونی ئێمە زۆر بێ!دەی چارە ،چی بکەین! بە پەلە کەوتینە خۆ ،خەلیل گووتی:کاکە ئاوا بە جێم نەھێڵن!تکایە کڵاشینکۆفەکەم لە لا دا بنێن تا دوا ھەناسە شەڕ دەکەم!ئێمە دڵنیامان کردەوە لەوە کە تۆ تەنیا نابی و کووڕانی ئومێد پشتت بەرنادەن.
ھەموو ئامادەکارییەک کرا بۆ ئەگەری شەڕێک کە رووبدات ،کە بە خۆشییەوە ھیچ رووی نەدا ئەوە لە حاڵێک دا بوو ھێزەکانی دوژمن تەواو لە ئێمە نزیک ببوونەوە.
ئەو جار بزانین چی تازە ھەیە:
ئەو تیمەی کە نانێکی زۆری ھێنابوو بە ئێمەوە پەیوەست بوونەوە ،تیمی سێھەم کە لە شوێنی مانەوە بوون ئەوان ھەر لە شوێنی خۆیان بوون.
………………..
من لە بەر داھاتووی کاری پێشمەرگانەو ئەمنییەتی ئەو کارە ناچارم لە گووتنی بەشێک لە رووداوەکان خۆم بپارێزم! بەو حاڵەش ئەوەندەی دەرفەتم ھەبێ رووداوەکان باس دەکەم.
ئێستا بۆ دەرباز بوون لەو وەزعەی تووشی ھاتووین و بە تایبەت رزگار کردنی بریندارەکەمان ،دەبێ دەستمان بە خەڵکی ناوچەکە رابگات بە تایبەت باوەڕ پێ کراوانی خۆمان.جا ئەگەر بیرتان مابێ ئەرکی تیمی یەکەم تەنیا نان ھێنان نەبوو ،بەڵکوو:دەبوایە راسپاردەکانی فەرماندەیی بە شوێنی خۆی بگات. ئێستا لێرە ئەوە دووپات دەکەینەوە ،ھەر ھێزێک بییەوێ لە رادەی سەرکەوتنی دڵنیا بێت دەبێت بە خەڵکی خۆی پشت ئەستوور بێ و لە سەر رادەی ھاوکاری خەڵک حیساب بکات ،خەڵکێک کە ئامادە بن گیانیان بخەنە سەر لەپی دەستیان و پێشمەرگە ئاسا خەو لە چاویان حەرام بکەن بە دەستی بە تاڵەوە ملی رێگا مەترسیدارەکان بگرن ،ئەویش زۆر جار لە جێگایەک کە ھیچ پاساوێک نەبێ بۆ خۆ دەرباز کردن ئەگەر بکەونە دەستی دوژمن! دەی روونە جاری ئاوا دوژمن زوو مەشکووک دەبێ دەڵێ:فڵان کەس ئێوە چی دەکەن لێرە!
لەوە دەگەرێم حیزبی دێموکرات و ھێزی پێشمەرگە لە خەڵک جیا نین و ئەوان ئامادەن قووربانی بدەن.
بەڵام:بزانین ئێمە چیمان ویستوە لە خەڵکی خۆمان! پەیامەکە داوای کردوە ھەرچی زووتر نان و پێداویستی بۆ ئێمە بگاتە شاخ!
دوو:دەرمانی پێویست بە زووترین کات!
سێ:بە زووترین کات نەفەر بچێت بۆ کومیتەی شارستانی سەردەشت! ھەرچی زووتر دەفتەری سیاسی ئاگادار بکرێ لە شەرایتی سەختی ئێمە.
بەڵێ:لە شەوی تاریکی دواتر دا ھەموو ئەو راسپاردانە بە دڵ و گیان جێبەجێ کران.
دەرمان بە پێی پێویستی ئێمە ،نان و گەیاندنی پەیامەکان ھەتا باتری بۆ بێسیمەکان.
ئێستا باشتر روونی دەکەمەوە:
لە سەر دەرمانەکان لەو کاتە حەساسەدا زۆر مەترسیدار بوو بۆ ئەوان ،جا نەک ھەر ئەوە ، چەند کەسێک ئامادەکاریان کردبوو بریندارەکەشمان لێ وەربگرن و خۆیان بە ناوچەکان دا بیبەنەوە بۆ حیزب“
بەو جۆرە دەرمانەکان گەیشتن و ھەرچی پێویستی ئێمە بوو.
لێرە بەدواوە دەبێ چاوەروانی ئاکامی پەیامەکەمان بین ،بزانین کومیتەی شارستان چی کردووە.!
زۆر پێویست بوو بۆ ھێور بوونەوەی ناوچەکە و ھەتا ئەو خەڵکانەی یارمەتی ئێمەیان دەکرد ،ئەو ماوە بە ھیچ جۆرێک نیشانەیەک لە خۆمان دەرنەخەین کە دوژمن پێی وا بێ لە ناوچەکەدا ماوین.مانەوەی ئێمە بەو جۆرەو لە چاوەروانی دا بە بریندارەوە چەند رۆژێکی ئەوەندە سەخت و ناخۆش بوون کە لە گێرانەوە نایەن.
چەند جارێک نان و پێداویستی دیکە بۆ پێشمەرگەکان شەوانە دەیان ھێنا لە شوێنێکی دیاری کراو دایان دەنا و ئێمەش پێش ھەوا رووناک بوون دەچووین دەمان ھێنا بۆ لای خۆمان.
سەرنجێک :
تەنیا دەمھەوێ ئەوەش باس بکەم ،تەواوی ئەو دیمەنە ناخۆشانە بە دووربین فیلم“ی لێ ھەڵگیرایەوە!کە بەداخەوە ئێستا نەک لە ناو چوون ،بەڵکوو:خۆم باش ئاگادارم کە دەگەراینەوە بۆ بنکە سابیتەکان پاش ماوەیەک ئەگەر بۆنەیەک یا مراسم-ێک دەبوو داوای کاسێت“ی تازەمان دەکرد نەبوو! بە کوردی نەیاندەکڕی و دەبوایە ئەو رەنجە پاک بکرێتەوە دووبارە فیلمی نوێی لە سەری تۆمار بکرێ.بەشێکی زۆر لە فیلم“ەکان ھەر ئاوا لە ناو چوون…!
ئێستا سەر کێشی بە بڕیارێکی سەخت.
………..
دوای دوو رۆژ مانەوە لەو شوێنە ،بەرپرسان وا ساخ بوونەوە کە تیمێک لە پێشمەرگەکان بگەرێنەوە بەرەو قووڵایی ناوچە ،بە ھۆی ئەوەی کە ناوچەی سەردەشت بە تەواوی بە کەمین و ھێزێکی زۆر تەنرابوو بە ناچار دەبوا لە رێگای سنووری بانە“ەوە بڕۆن بۆ ئەو مەبەستە دەبوایە بەشێکی خاکی ئێراق ببڕی و پاشان واردی ناوچەی بانە“بن و جا دووبارە بپەڕنەوە بۆ ناوچەی سەردەشت.
بەشێکی زۆر لە پێشمەرگەکان پێیان خۆش بوو لە گەڵ ئەو تیمە بڕۆن.ئەوە بوو تیمێک ساخ کرایەوە کە کاک رەحمان شۆکە و بەشێک لە بەرپرسان و چەند پێشمەرگەیەکی ئازا بوون.
ئێوارەیەک بە درەنگەوە ئەوان جیا بوونەوە ،ئێمەش بە دڵتەنگی ماڵ ئاوایین لێ کردن ،بە نیگەرانی ماینەوە بۆوەی بزانین چارەنووسی بریندارەکەمان بە کوێ دەگات.
با کەمێک باسی خۆمان بکەم جا دوایی لە زانیارییەکانی ئەو تیمەی رۆیشتوون بێبەش و ناکەم.
دوای نزیکەی دوو رۆژ مانەوە لەو شوێنەی باسم کرد ،ئێوارەیەک بڕیارمان دا سەرکەوین بۆ شوێنێک کە ئاوێکی لێ بوو ھەروەھا بۆ حەسانەوەی خۆشمان زۆر باشتر بوو ،ئەوە بوو دەبوایە لە شوێنێکی زۆر سەخت بریندارەکە سەر بخەین کە شاخ و ھەڵدێرێکی زۆر چڕ بوو. ئێستاش نەمزانی چۆن توانین سەربکەوین ،کە بیری لێدەکەمەوە ،دەڵێم:ئێمە چ رێگایەکی سەخت و پڕ لە ئازارن دەپێوا! ئەوە چ ئیرادەیەک بوو دەیتوانی بەو جۆرە سەختییەکان ببڕێ.زۆر جار دەمگووت:ھێشتا بە بریندارەوە بەرەو دەڕەیەک دەڕۆین و کۆتایی بە چەند کەسێکی دیکەش دێت! یا لانی کەم بریندارەکە لە دەستمان بەر دەبێت و بۆ خۆی دەڕوات بەرەو ھەڵدێر ،ئاخر چاو لێبکە! نەفەرێک بریندارەکەی لە سەر کۆڵ بوو دەبوایە بە شاخە سەختەکان دا پەنجەکانی گیر بکات و ئەوەندەی دەرفەتیش ھەبێ دوو کەس لە تەنیشتەکان را دەستێکیان لە سەر لیباسەکانی بێت و جار جار پاڵی پێوە بنێن بۆوەی ھێزی ھەبێ بەرەبەرە سەر بکەوێ ،راستییەکەی ئەوەیە…! ئەوە ئێمەین لە دەست سەختییەکان ڕاناکەین و پاساو بۆ شانە خاڵی کردنەکانمان ناھێنینەوە ،بەڵێ:تەنیا بریندارێک بۆتە سوێندی مانەوە لە نیوان ژیان و مردن دا بۆ پێشمەرگەکان.

ئەوە گۆشەیەک بوو لە سەختییەکانی ژیانی پێشمەرگایەتی…..نا ئێمە کۆیلە نین! ئەوەتا بە ئارەقەو رەنجی خۆمان بێ ئەوەی کەس بخوازێ خەریکین گیان دەدەین! نا..ئەوە مێژووە بڕۆ بیخوێنەوە! بە باوەڕی من ھووشیار ترین مرۆڤەکان ئەوانەن کە بێ ھیچ چاوەروانییەک بۆ پاراستنی خاک و سەروەرییەکان خوێن دەدەن.
دەی خۆ کۆڵ نادەین تا دەگەین..
لە کۆتایی دا بڕۆن چیرۆکی شەھید بوونی مەحمەد شاڵی…و کۆمێنتەکەی کاک کەریم کۆدەڵەیی بخوێننەوە کە لە ژێر چیرۆکە تاڵەکە نووسیویەتی ئەو کەسەی بە نارنجۆکێک جەستەی خۆی شەقار کرد.
جا ئەو کات لە بیروباوەڕی ئێرە بۆ رزگاری تێدەگەن ………
……………………
لێرە تەواوی دەکەم
بۆ ھەفتەی دیکە تەواوی رووداوەکان دەبڕمەوە
جا دوایی کۆتایی بەو بیرەوەرییانە دەھێنم تا پاییزێ جا ئەگەر زوو دەرفەتم بوو ،ئەوە پاییزە زووێ! ئەگەر نەبوو ،درەنگ تر….
ئەوەی گرینگە من ھێشتا سەدان بیرەوەری ماوە بیگێرمەوە
من چاوی ھەموو ئەو کەسانە ماچ دەکەم لە پشتی ئێمە بوون بۆ ئەو ئەرکە پیرۆزە….
تێبینی:
وێنەیەکی جوانی پێشمەرگەکانی ھێزی گیارەنگ.وێنەکە کوونەمارێ“یە و ،پێدەچێ وەرێکەوتن بێ بەرەو ناوچە.
کە دەبێ سووپاسی تێکۆشەر کاک شێرکۆ شێخ نووری بکەم بۆ ئەو وێنە جوانەی.
٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *