بەشی:حەفتاو یەکی گەرانەوە(٧١) له نووسینی:عەلی سوورەچۆمی.

Posted by
بۆ دوا زانیارییەکان بە یەک دەگەینەوە.
ئەو سەفەرە زۆر درێژ بۆوە! بە چەند ھۆکارێک نەمتوانی وەک ئەوەی دەمھەوێ ئەو چەند بەشەی دوایی بگێڕمەوە.
رێگای ئێمە لە بەرابەر رووداوە سەختەکان و دۆخی ئاڵۆزی ناوچە ون نابێ ،لێرە ھەموو ھەوڵێک دەدەین بۆوەی زاڵ بین بە سەر پێشھاتەکانی ناوچەکەدا. پێشمەرگایەتی پڕە لە سەختی و ناھەمواری ھەر لە رووداوی ناخۆش بگرە تا شەھید بوون و بریندار بوون.
وەک پێشتر بۆم باس کردن ئەو تیمە رۆیشتن و ماڵ ئاواییان لە ئێمە کرد.
ئەو کات ئەوان رۆیشتن بۆ ئێمە ناخۆش بوو، ئەو ھەستە بۆ ھەر یەک لە ئێمە دەھات کە،بەڵێ: خەریکە بەشێک لە ھێزەکەمان لە دەست دەدەین! ئەوەش ئیحساسێکی ناخۆش بوو.
ئەمن وردە وردە چەند شتێک روون دەکەمەوە…
ئێستا لە سەر حاڵی خۆمان…
ئەو تیمە مابووینەوە لە گەڵ بریندارەکە، پێویست بوو لەو شوێنە چاوەروان بمێنینەوە تا بزانین ئاکامی پەیامەکانی ئێمە دەبن بە چی؟لەوانە:
ئایا پێوەندییەکانی حیزب توانیویەتی ھەوڵەکانی بۆ پێوەندی گرتن بە ئێمەوە بە ئاکام بگات! بۆوەی ،بریندارەکە لە رێگای عێراق“ەوە لە ناوچە گەمارۆ دراوەکە دەربچێت و بگاتە نەخۆشخانەیەک بۆ چارەسەری. بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە پێویست بە زەمان بوو ،دەبوایە چاوەروان بمێنینەوە. مانەوە لە ناوچەیەکی ئاوا سەخت و ئاستەم و پڕ لە مەترسی دا ھەم بۆ ئێمە و ھەم بۆ بریندارەکە شتێکی ناخۆش بوو!
بەو جۆرە چاوەروان ماینەوە! ئەوە لە حاڵێک دا ،زەروورەتی ھەرچی زووتر گەیشتنی بریندارەکە بە نەخۆشخانە زیاتر دەبوو ،ئازار زیادی دەکرد ،بۆنی برینەکە وردە وردە بڵاو دەبۆوە!
نە دەرمانەکان دەیانتوانی وەڵامدەر بن نە تواناکانی ئەوێ! چۆن ئەو برینە پێویستی بە عەمەلیات-و بڕینەوەی پێی“بریندارەکە بوو.
کوورینە…!دیوارە راستەقینەکانی ئێرە زۆر پتەون ،پێشمەرگە وەک ھێزێکی لۆژیک و عەقڵانی تێچووەکانی ئێرە دەزانێ،بەڵام:ئەو بۆ گەیشتن بە ئامانج ئیستراتیژیەتێکی روونی ھەیە لێرە دوژمن لەبەرابەر ھەر زیانێکی ئێمە دەیان قات زیاتر تێچوو دەدات ،ھەر بۆیە ئێوارەکانی دڵەڕاوکێن و بەیانییەکانی چاوەروانییەکی دوورو درێژ،بەڵام:خەبات بۆ رزگاری سوێندی پێشمەرگەیە ،بۆوەی نەیشکێنێ دەبێ شەوگاری درێژ بێ خەو بێت و ھەرچی ئاسوودەیی بێت لێی حەرام بێ.
………..
ھاتمەوە
تا ئەو شوێنەی رووداوەکان کەس نازانێ ئاکامی کۆتایی ھەوڵەکان بە کوێ دەگات!ھەر بۆیەشە تیمێک وەرێکەوتوون بۆوەی ھەرچی زووتر ناوچەکە تێپەڕێنن و بگەنەوە بنکەو بارەگاکانی خۆمان.
ئێمەش ھەر لە بیری چارەسەری داین….
با شتێکی دیکە بڵێم: لە سەر بێسیمەکانی حیزب..! بێسیمەکانی(ئیکۆم)دەیانتوانی باشترین دەور ببینن لە کاری تیمەکان دا ،ئەو دواییانە حیزب دەزگا بێسیمەکانی باشتر کردبوون ھەر چەند وەڵام دەر نەبوون.
زۆر جار بەربەستێکی سرووشتی وەک: شاخ ،کێوەکان ،بەس بوو بۆوەی تووشی کێشەی پێوەندی گرتن بین. بێسیمەکان تەنیا بۆ ئەو جێگایانە بووردی“زۆر باشیان ھەبوو کە زیاتر لە دید“دابان ئەو کات دووری و نزیکی دەوری نەدەبینی.لێرە مەبەستم دەزگا بچووکەکان بوو کە ھەر پەلێکی پێشمەرگە یەک دانەی پێ بوو. لە سەر دەزگا راکاڵەکان“
بێسیمی-راکاڵ“کە ئەو جۆرە دەزگایانە کەم بوون و گواستنەوەشیان زەحمەت بوو ،ھەر چەند ھێزی پێشمەرگە ئەو کارەی دەکرد.جارێکی دیکەش ئیشارەم پێ کرد یەکێک لە ھەڵە گەورەکانێ ئێمە ئەوە بوو کە بێسیمی راکاڵ“ن پێ نەبوو.
لە سەر بێسیم و کاریگەری لە داھاتوودا دەنووسم و شتی خۆش ھەیە….
ئەو جار ….
………………………………..
بەڵێ:ھەر لە کاتی رۆیشتنی ئەو تیمە ڕا زیاتر بێسیمەکان دەکرانەوە ،یەکەم:بۆوەی بزانین ئەو تیمە لە ناوچەکە دەرچوون!
دووھەم:بە ئومێدی ئەوەی نەکا تیمی خۆمان لە رێگای پێوەندییەکانی حیزب توانیبێتی ئیجازە وەربگرێ و واردی ناوچەکە بوو بن.
………………………………
با بزانین ئەو تیمەی جیا بوونەوە….
ئەوان کە دەڕۆن شەوی یەکەم بە مەزەندەی ئەوەی کەمین ھەبووە!(زۆر دڵنیا نیم)ھێشتا لە شوێنێک ماونەوە کە لە ئێمە نزیکە ،لەوێوە دەیانەوێ بە خاکی ئێراق دا بڕۆنە ناوچەی بانە و لەوێوە جارێکی دیکە دوای بڕینی مەودایەکی زۆر دەوری ناوچەکە بدەنەوەو خۆیان بگەیەننەوە ناوچەی سەردەشت.
ئەوەندەی لە بیرم ماوەو کاک عوومەر کانیبی“بۆی باس کردم.
لە شوێنی مانەوە را کە دەیانەوێ بە پێی ئەو بەرنامە بکەونە رێگا لە پڕ عەسکەرەکانی عێراق دەیانبینن و پێشیان پێدەگرن!ئەوان ھاوار دەکەن و دەڵێن:ئێمە ،جەماعەتی حیزبی دێموکراتین لای عەسکەرەکانی عێراق ئەوە تێگەیشتنی کەم بوو ئەوان دەیانگووت:جەماعەتی قاسملوو! ھۆکەی روون بوو لە سیستمێکی دیکتاتۆری دا شەخسەکان دەکەونە پێش سیستم و ناوی حیزب و دەزگاکان!
دەی کێشە درووست دەبێ و بانگی چەند کەسێکیان دەکەن بچنە پێشەوە !کە دەچن ھەر لە دوورەوە دەڵێن:ئێوە رەفیقانی ئەو جەماعەتەن کە لێرەن! واتە ئێرە چەکداری دیکەی لێن! پێشمەرگەکان بە لایانەوە سەیر دەبێ! باشە چەکداری چی و دەبێ کێ بن!
دوای قسە کردن و بانگ کردن دەردەکەوێ ئەوانە تیمێکن کە لە رێگای پێوەندییەکان لە شاری سلێمانی“یەوە ھاتوون. ئەوە ھەواڵێکی خۆش دەبێ بۆ ئەوان ،ئەوانیش لەوێ دەمێننەوە تا پێوەندی بەو تیمەی ئێمەوە کرا.
کاتێک بێسیم کرایەوەو پێوەندی گیرا دەرکەوت کە تیمێک پێک ھاتوو:لە ،نەبەز مستەفا پوور،مەحمەد بایزیدی،رەحمان مەحموودی،مەحمەد ئەراک، عەوڵا ئەلیاسی(وەک کادری دەرمانی)بە ماشێنێکی حیزب کە بە کاک مووعتەسەم نوورانی دەبێ دوای وەرگرتنی مۆڵەت دێن بەرەو ئەو ناوچەی ئێمە لێی ماوینەوە.
ئەو ھەواڵە مووژدەیەکی گەورە بوو بۆ ئێمە ،بە ھۆی ئەوەی کە شەرایتی بریندارەکە زۆر خراب بوو. دیارە نایشارمەوە ئێمەش دڵمان خۆش بوو بەوەی کە ھەموومان لەو رێگایەوە دەگەرێینەوە.
بە پەلە و ھیواوە کەوتینە خۆ بۆوەی ئێوارەکەی بکەوینە رێگا و شەوەکەی خۆمان بگەیەنینە نزیک ئەو شوێنەی کە قەرارە لەوێوە بە بریندارەوە لە ناوچەکە دوور بکەوینەوە.
ئێمە جارێکی دیکە بە بریندارەوە ملی رێگایەکی سەخت و شاخاوین گرت تا بە رەوەزە شاخەکان دا سەربکەوین و بێ پسانەوە بەردەوام بین. بۆ رەنج و ژانی ئێرە کەس ناتوانێ بە چەند پەیڤ و وشەیەک باوەڕ بە خۆی بێنێ کە توانیویەتی شتێک بۆ مێژووی ئازارەکانی ئەوان بکات ،ئەو پێشمەرگانەی لێرە بەرگەی سەختی دەگرن(پارادۆکس)ی بەیەکەو بوون و چەمکی ھاوسەنگی باوەرێکن ،ئەوان دەزانن چۆن پێیەکانیان گیر بکەن و قەدی شاخەکان ببڕن.
لە رێگا جار جار وچانن دەدا ،سەرەرای گەرمی و ماندوویەتی بۆنی برینەکە بێزاری کردبووین. بریندارەکە جار جار سەر بەرز دەکاتەوەو لێوە ویشکەکانی دەپشکوون ئەوەش دەلالەتی ھیوایەکە کە شکی دەبات بۆ نەجاتی گیانی خۆی.
لێرەش سەربەرزانە بە ھیممەتی پێشمەرگەکان و بە تایبەت ئەو چەند کەسەی توانای باشیان ھەبوو گەیشتینە جێگایەک کە دیاری کرابوو.چاک ھیلاک و بڕست لێ بڕاو ببووین ئارەقە ھەموو گیانی سەر ئاو خستبووین ،دڵی ئێمە بەوە خۆش بوو کە ئاکامی ئەو ھەموو ھەوڵ و ھیوایەی ئێمە خەریکە جارێکی دیکە باوەڕی راستەقینەی ئێمەی بە خەبات سەرەرای سەختییەکان دەسەلماندەوە ،چۆن راستییەکەی ئەوە بوو دابەش بوونێکی دوور لە چاوەروانی لە نێوانمان درووست ببوو.
………………………….
رووداوەکان درێژ دەبنەوە
………………………….
لێرە جارێکی دیکە داوای لێبووردن دەکەم بە ھۆی ئەوەی لەو بەشەدا ناچارم تەواوی بکەم و ھێشتا وردەکاری زۆر ماوە.
ئێستا شتێکی دیکەتان بۆ دەگێرمەوە! بزانین ئەو (تیمە)چۆن ھاتوون و چۆن پێوەندی بەیەکەوە گیراوە.
باش وەرن وردە وردە!
بەڵێ: بەوجۆرە ئەو دوو تیمە یەکتریان دیتۆتەوە کاک مەحمەد بایزیدی“یەکەم جار بە بێسیم قسەیان لە گەڵ دەکات.
ئەھھا ! جا ئێستا بزانین ئەوان ئاگاداری چین!؟
سەیرە…!
ئەو تیمەی کە ھاتووە نازانێ لێرە بریندار ھەیە؟
…………
ئەو تیمە کە ھاتوون لە سوونێ“ڕا ئەو پێنج کەسە بوون کە ناوم ھێنان.
راستییەکەی بەرپرسی کومیتەی شارستان کاک (فەتاح عەبدوولی) بەو چەند کەسەی نەگووتوە لەوێ بریندار ھەیە! ھەتا بەرپرسەکان ئاگادار نابن..!ھۆیەکەی چی بووە روون نییە! ئەوان کە ھاتوون….تەقەمەنی وەک فیشەک و ھەتا مین“یان ھێناون لە گەڵ درەمان ،ئارد ،سێڵە“و زۆر پێداویستی دیکە بۆ مانەوە لە ناوچەکەدا لە کاتی زەروورەتی دا !
لەوێ ھەر رۆژەکەی ھێندێک شت رووی دابوو کە ناچمە سەری! بە ھەر حاڵ ئەوان چاوەروان دەمێننەوە تا ئێمە گەیشتینە لای ئەوان.
کە گەیشتین ھەر بەیانی زوو لە بیری رەوانە کردنی بریندار و خۆشمان دا بووین! دیارە ھێندێک زۆر بە پەلە بوون نەجاتیان بێ! دەی کە ویستیان بریندارەکە ببەن رێگای ئەویشیان نەدا چ بگات بە ئێمە..
زۆر ناخۆش بوو لەوێ ماینەوە بە ناچاری ،جارێکی دیکە کاک مووعتەسەم“دەگەرێتەوە بۆ سلێمانی بۆوەی ئیجازە وەربگرن بۆ بریندارەکە! لە راستی دا رێگای ئێمە روون بوو گەرانەوە بە ناوچە دا ،بڕیارێک کە دەبێ ئازایانە خۆی بۆ یەکلا بکەینەوە.
ئێمە ئێوارەکەی بڕیاڕی گەرانەوەن دا.
ئەو پێنج“کەسە لە گەڵ دوو کەسی ئێمە بە ناوەکانی جەلیل و کەریم شەھرنیا ،مانەوە.
ئێستا ئەوان و بریندارەکە.
ئەوان تەقەمەنی و شتەکان دەشارنەوە.
جا لێرەدا من ناچمە سەر وردەکارییەکانی ئەو تیمە! ئەوان ناچار دەبن سێ شەو بمێننەوە ھەتا وای بە سەر دێت تیمێک دەچن بۆ گوند! کە لەوێ بە پشتیوانی و ئومێدی خەڵکەکە زۆر دڵ خۆش دەبن. ئەوانیش تووشی کێشەی زۆر دەبن
ئەو بەشە بۆ ئەوان لێدەگەرێم و داوا دەکەم شتێکی لە سەر بنووسن.
چارەنووسی ئێمە بە کوورتی…
ئەو دوو تیمە بە یەکەوە بە ناوچەدا دەگەرێینەوە، بە پێی ئەو بەرنامەی کە لە سەری ساغ بووینەوە دەبێ جارێکی دیکە خاکی عێراق ببڕین و بەرەو ناوچەی بانە بڕۆین! بۆ ئەو جووڵە پێشمەرگانەیە بەشی عێراق زۆر مەترسیدار بوو بە ھۆی مەیدانی مین“.تیمێک وەک پێشڕەو دیاری کراو گوورج ئێوارەکەی وەرێکەوتین ،ئەوە دوا چارە بوو! لێرە ھیچ رێگایەکی دیکە نەبوو!
ھێزی پێشمەرگە ھێزێکی چالاک و شارەزا بە ناوچەکانە ئیرادە دەتوانێ بە ئامانجت بگەیەنێ.
پۆلێک پێشمەرگەی ئازا لێبڕاو بوون کە بە باشترین شێوە دەتوانن ئەو حەرەکەتە زیکزاکی“و پارتیزانییە سەر بخەن. ھەر واش بوو لە گەڵ تاریکی شەوەکە بووینە ھاواڵ و ھەناسە درێژەکان دڕیان بە سەختییەکان دەدا.
ئەوە بوو دوای بڕینی ناوچەی بانە“ بە دوو شەو خۆمان گەیاندە پەنا شاری سەردەشت“لە شوێنی رۆژی یەکەم گۆشتێکی“باشمان خوارد دوای ماوەیەکی زۆر نانە رەق و زۆر جار بێ نان مانەوە.لەوێوە کە گەیشتینە نزیک شاری سەردەشت“وەک ریسکێک و سەر لە دوژمن شێواندن! لەوێش بە ھۆی خەڵکێکی دڵسۆزو پێشمەرگە پەروەر نان و کەبابێکی باش لە سەردەشتەوە پەنا دەستی خۆمان ھات و جێگاتان خاڵی…………
چەند تێبینییەک:
یەکەم: تکایە لە روون کردنەوەکان دا بۆ ھەڵوێستەکان بە ناو ئیشارە بە کەس نەکرێ.
دووھەم:ناوی ھەموو شوێنەکانی مانەوە ھەن و دەیانزانین تەنیا بە ھۆکاری ئەمنییەتی خۆمان پاراستوە جا چ لە گوند چ کانیاوەکان و شوێنەکانی مانەوە
تکایە لە کەم و کۆرییەکان لێم خۆش بن چۆن ھیچ کارێک بێ کەم و کۆڕی نابێ.
من لە زۆر وردەکاری دیکە خۆم پاراستوە ھێشتا کاتی نەھاتووە
نەمویستوە زۆر تەرکیز بکەمە سەر ناوەکان
کووڕانی خاوەن ئومێد ،ئازا ،چ پێشمەرگە ،چ بەرپرس ،دەتوانێ کاتی ئاوا دەوری یەکلاکەرەوە بگێرێ
بە قووربانی ھەموویان بم بە تایبەت ئەوانەی ھەموومان دەزانین لەو چەند رۆژە سەختە بۆ جارێک بیریان لە مەرگ نەکردەوە.
ھیوای سەلامەتی بۆ کاک خەلیل و بە خۆشییەوە گەیشتە وەڵاتی ئەڵمانیا.
کابرا کە نەمرێ خۆ بە زۆری نییە!
٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *