ئەم ڕۆژانەی قەت لەبیر ناچنەوە به‌شه‌کانی ۵١ تا ۵۵ له‌نووسینی خدر پاکدامه‌ن

Posted by
ئەم ڕۆژانەی قەت لەبیر ناچنەوە (بەشی ۵۵) خدر پاکدامه‌ن
ڕۆژ هێشا لە تەشقی ئاسمانە و زنجیر چیای ئاشی جەهانگیر نووقمی ئاگر و دووکەڵ بووە و زۆر بە خەستی ئاگرباران دەکرێ. هێزێکی زۆری دوژمن هاتووە بەهانای ئەو هێزی کە بەدەستی تێکۆشەرانی هێزی پێشەوا تەفر و توونا کرا. سەرەڕای ئەم هەموو ئاگربارانە، هێزی دوژمن نەیدەوێرا لە لوتکەی بەرزی شاخەکان نیزیک بێتەوە.
بێخەبەر لەوەی کە تێکۆشەرانی دێموکرات هەر دوای ئەو زەربە قوورسەی لە هێزی دووژمنیان دا، بە شێوەیەکی تەواو پارتیزانی بێ ئەوەی دووژمن هەست پێ بکات، پاشەکشیان کردوە و لە شوێنێکی نزیکی شەڕەکە جێگیر بوون و هێزی دوژمنیان لەژێر چاوەدێری گرتووە و چاوەڕوانی ئەون ڕۆژ بەرەو کۆتای بڕوات و لە ناوچەکە دووربکەونەوە.
لە بەرەبەرەی ڕۆژ ئاوا بووندا بەهێواشی بەرەو گوندی قۆلغەتەپە شۆڕ بووینەوە تا هەم نانێکی پێشمەرگانە بخۆین و هەم وەسیلەکیش بۆ ڕاگواستنی عەلی قۆتاسیی زامدار پەیدا بکەین. هەر واشمان کرد؛ هەر زوو بەرەو شوێنی مانەوە حەرکەتمان کرد. دەبێ لە سەرتاسەری ڕێگەی بەردەممان وریا بین، چوونکی دوژمن وەک ورچی برینداری لێ هاتووە وبە زۆربەی ناوچەکاندا بڵاو بوونەوە و دەیانهەوێ بەهەر شێوەک بێ و بۆیان بکرێ لە داومان بخەن و زەربەمان لێ بدەن. بەڵام وریایی و جووڵەی ئەو دەستە لە پێشمەرگەکان دووژمنی تووشی سەرسووڕمان کردبوو. ئێمە دوای شەڕەکەی قەرەگۆل شەوانە مەودایەکی زۆری ڕێگەمان دەبڕی. ئەو شەوەش ڕێگەیەکی درێژمان بڕی و بۆ مانەوە چووینە نزیک گوندی قالوێ لە نێو پۆلە دارێک ماینەوە. دیاربوو هیز بەرەو ئەو ناوچە جوڵەی پێ کراوە. لای سەعاتی ٢ی پاشنیوەڕۆ لە سەر لووتکەی شاخێکی دەوروبەری گوندی قالوێ چەند کەسێکی چەکدار بەدی دەکران. بەڵام کەمێک لە ئێمە دوور بوون. ئێمەش لە نێو دارەکاندا بێ جوڵە مابووینەوە. هەوڵی زۆرمان ئەوە بوو لە گەڵ هێزی دوژمن دەرگیر نەبین چونکی بەڕاستی هەم زۆر ماندوو بووین و هەدەفی ئەسڵیش گەیاندنی ئەو بریندارە بوو کە پێمان بوو. دەبوو لە زووترن کاتدا بەرەو بنکەکانی سابیت لە بناری قەندیلی بەڕێ کەینەوە.
دوای چەند ڕۆژ ڕێگە بڕین لە ناوچەی مەهابادەوە خۆمان گەیاندە نیزیک گوندی بەردەڕەشی بانە. لە کۆخەکانی پشتی بەردەڕەش هاوڕی عەلی قۆیتاسیی بریندارمان تەحویلی دەستەیەک لە پێشمەرگەکانی هێزی ئاربابا دا کە پێشتر هەماهەنگیان لە گەڵ کرابوو. ئەوان بەرەو مەرز و ئێمەش بە مەبەستی مانەوە لە ناوچە درێژەمان بەگەشتی خۆمان دا. دوو بۆ سێ ڕۆژ لە دەوروبەری گوندەکانی بەردەڕەش، سووتوو، گەنمان و هەوارگەی مەیدان‌چۆغە ماینەوە. بۆ ئەوەی پشوویەکەمان بێتەوە بەر و ماندووبونی ئەم چەند ڕۆژە لە خۆمان دوور بخەینەوە.
ڕۆژێک لە نزیک گوندی کانیەڕەش ماینەوە، شەوەکەی چووینە نێو گوند و دوای بەئەنجام گەیاندنی ئەرکە حیزبیەکان بە مەبەستی چوون بۆ ناوچەی مەنگووڕایەتیی مهاباد گوندی کانیەڕەشمان بەجێ هێشت. بەرەو مەسیری کاوڵان و کووران بەمەبەستی چوون بۆ مەنگووڕایەتی بە هاوکاریی کۆمیتە ناوچەی مەنگووڕان کە ئەوان لە ناوچەکە بوون یەکمان گرتەوە. بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک لە ناوچەکە ماینەوە. لە ماوەی مانەوەمان لە ناۆچەکە چەند جارێک لە گەڵ هێزی دوژمن تووشی دەرگیری بووین. دوای ماوەیەک مانەوە لە ناوچەی مەنگووڕان جارێکی دیکە گەڕاینەوە بۆ گەورکایەتی و لەو ناوچەیە درێژەمان بەگەشتی خۆمان دا لە هەرناوچەیەک بایین کۆمیتەی ئەو ناوچە لە گەڵ ئێمە دەکەوت. چەند ڕۆژێک لەو ناوچە ماینەوە. لەوێوە جارێکی دیکە چووینەوە بۆ ناوچەی مەحاڵ و بۆ ماوەیەک لە گوندەکانی؛ بەرەجۆ و بەیرەم ماینەوە.
دوای ئەوەی لەو ناوچەیە تووشی ڕوداوێکی ناخۆش بووین کە خۆ لە باسکردنی دەبوێرم، جارێکی دیکە بەرو گەورکایەتی گەڕاینەوە و لە گوندەکانی ئەم ناوچە درێژەمان بەگەشتی خۆمان دا. لە درێژەی ئەم گەشتەدا جارێکی دیکە چوینەوە مەرزی نێوان مەهاباد و ڕەبەت. لەوێ لە گەڵ دەستەیەک لە پێشمەرگەکانی هێزی پێشەوا یەکمان گرتەوە کە دیار بوو پێشتر هەماهەنگیان لە گەڵ کرابوو کە پێکەوە بگەڕێنەوە ناوچە. لە گەڵ ئەم دەستە لە پێشمەرگە کان بووین بە هێزێکی گەورە و لە ناوچەکە گەشتە سیاسی و نیزامییەکانی خۆمان درێژە پێ دا.
دەستەیەک لە پێشمەرگەکانی هێزی پێشەوا کە لە فیسبووکی کاک عومەر باڵەکی هەڵگیراوە .
………………………………………………………..
ئەو ڕۆژانەی قەت لەبیر ناچنەوە
(بەشی۵۴)
هەر وەک لە بەشی پێشوودا باسم کرد لە دەییەی ۷۰ی هەتاوی دا سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکانی بەردەم خەبات وتێکۆشانی هێزی پێشمەرگەکانی کوردستان، پێشمەرگە تێکۆشەر و قارەمانەکانی هێزی پێشەوا توانیان بەقارەمانەتی و لێزانی خۆیان لە شێوە خەباتی پەرتیزانیدا هەم خۆیان لە پیلانەکانی دوژمن بپارێزن، هەم زەربەی کاریگارە لە هێزی دووژمن بدەن.
دوای ئەوەی خۆمان گەیاندە بناری “ئاڵمەڵوو”، ڕۆژ بەرەو ئاوا بوون دەچوو. واساغ بووینەوە ئەوشەوە بۆ هیچ گوندێکی ناوچەکەدا نەچین بۆ ئەوەی بۆ ڕۆژی دوایی دووژمن نەتوانێ هێزمان لە سەر کۆ بکاتەوە. کانیی سوێرەکانی کە لە بناری ئاڵمەڵوویە، سەرچاوەکەی بۆ ئاوخواردنەوە نابێ، چونکی سوێرە. بەڵام ئەگەر تۆزێک لە کانیەکە دوور دەکەوتیەوە ئاوی جۆگەکەت کەمێک باشتر دەبوو بۆ خواردنەوە.
دوای خواردنی نانێکی وشکی و خواردنەوەی ئاوێکی ناخۆش درێژەمان بەگەشتی خۆمان دا. ئەو شەوە تا درنگانێکی شەو سەفی پێشمەرگەکانی هێزی پێشەوا شیو و دۆڵەکانی ناوچەکەی یەک بەدوای یەکدا دەبڕی. خۆمان لە شوێنی مانەوەی ڕۆژی دوایی نیزیک دەکردەوە و لە نیوەشەوێکی درەنگدا خۆمان گەیاندە پشتی گوندی “قادراوا” و لەوێ ماینەوە. دوای دووشەو و ڕۆژێک ڕێگە بڕین بە ماندووی و هیلاکی چوینە شوێنی مانەوە. بەڵام دەبوو وریا بین نەکا دووژمن دەرفەت بێنێ و تووشی دەرگیربوون بین. ڕۆژەکەی هیچ باس نەبوو، بۆ شەوێ چوینە گوندی قادراوا و دوای خواردنی نان و چای زوو لە گوند هاتینە دەرێ. چونکی وادیار بوو شوێنی مانەوەی ڕۆژی دواییمان دوور بوو. کاتێک لە نێو گوند بووین لە هەموو ماڵەکان باسی شەڕەکەی قەرەگۆلیان دەکرد، وادیار بوو دەنگدانەوەی باشی بووە. دیسان بڕینی مەسیرێکی دوور و تاقەت پڕووکێن، بەڵام چارە نیە دەبێ بڕۆین. ڕێگە سەخت و دژوارەکان دەبڕین بە هیواوە لە داهاتوو دەڕوانین.
ئەوتێکۆشەرانی کە لەم ڕۆژگارەدا بەشداری ئەم قۆناغە لە خەباتی پێشمەرگانە بوون بەفکر و جەستە هەست بە سەختی قۆناغە دەکەن، دەزانن چەند ڕۆژگارێکی ناخۆش بەڵام پڕ دەستکەوتمان تێپەڕ کرد کە تا ئێستاش لای هەموومان جێگەی شانازیە.
لە گوند دەرکەوتین و بەرەو مەسیری مانەوە وەڕێ کەوتین لە پێشمەرگایەتی دا زۆر شتی ناخۆش هەبوون، یەک لەو شتانەی کە زۆر ناخۆش بوو ئەوە بوو کە بێجگە لە چەکی خۆت دەبوو بە نۆرە هەرشەوە و یەک نەفەر گولە ئارپیجی زیادی کە پێمان بوو هەڵمان گرتبا. بۆ نەگبەتی ئەو شەوە نۆرەی من بوو. ڕێگەی ئەو شەوەش زۆر دوور بوو. ئەوەی لە بیرم بێ تا نیزیک سەعات ۴ی بەیانی ڕێگەمان بڕی. زۆر هیلاک بووم، خەفەتی زۆرم لەو گوولە ئارپیجییانە خوارد. بەڵام زەروور بوو، دەبوو پێمان بن.
رۆژی ٢٩ی پووشپەڕی ١٣٧٠ گەیشتینە شوێنی مانەوە. لە زنجیرە چیای “ئاشی جەهانگیر” لە پشتی گوندی قۆڵغەتەپە لە بەرقەدی شاخەکە لە نێو پۆلە شاخێک، گوتیان لێرە دەمێنینەوە. هەر زوو دەرکەوت کە شوێنێکی خۆش نیە بۆ مانەوە. لە ئەوەڵی بەیانی تا ئێوارێ لەبەر هەتاوین. ئەوانەی زۆرتر لە کوێستان ژیاون، دەزانن تیشکی هەتاوی کوێستان چەند ناخۆشە. لە ڕووبەڕووی خۆمان کانیاو هەبوو. لە نێو پۆلە شاخەکە دا بڵاو بووینەوە. دوای دانانی نیگابان، بۆی خەوتین. بەیانی هێشتا دوو سەعات نەبوو خەوت بووین کە هەتاو جموجۆڵی تێ خستین. من هەر زوو وەخەبەر هاتم. زۆری نەکێشا یەکێک لە کوڕەکان گووتی؛ لە خوار خۆمان نیروو هەیە!! کاتێک دیتمان هێزێکی زۆر کە دیاربوو بە شوێن ئێمەوەن بەچەند دەزگا ماشێن و چەکی قوورس هاتوونە ناوچەکە. هێزەکە زۆر بوو، بوون بەدوو دەستە؛ دەستەیەک بەرەولای ئێمە هەڵکشان و دەستەیەکش لای چەکە قوورسەکان مانەوە. ئەو دەستەی بەرەو لای ئێمە هەڵدەکشان هێزێکی زۆر بوو، بە نزیکی ئێمەدا بەرەو بەرزایی هەڵدەکشان. ئێمەش بەشێوەیەکی پارتیزانی خۆما حاشار دابوو. بۆ ئەوەی هەست بەبوونی ئێمە نەکەن چەند کەس لە برادەران پێیان باش بوو هەر زوو تەقەیان لێ بکرێ. بەڵام کاک عومەرباڵەکی گووتی با لێمان ڕەت بن. چوونکی ئەگەر لە ئێمە ڕەت نەبن، ڕەنگە ئێمە بتوانین تەنیا چەند کەسێکیان لێ بکوژین، بەڵام دوایی دەکەوینە بەر هێرشی تۆپخانەیەکی قورسی دووژمن.
لەبەر چاوی ئێمە دەستەیەک لە هێزی دووژمن هەڵکشان و لە شاخەکانی پشتی ئێمە دامەزران و جێگر بوون. هێزە زۆرەکەش چوونە سەر کانیەکەی ڕووبەڕوومان. ئێمەش بووین بە دوو دەستە؛ دەستەیەک بەرەو شاخ هەڵکشاین تا سەرجەم شاخەکە لە دوژمن پاک بکەینەوە. هەرچەندە ئەوان شوێنە گرینگەکانیان بەتەواوی گرتبوو. دەستەی دووهەم هەر لە شوێنی خۆیان بوون تا ئێمە خۆمان گەیاندە نیزیک شاخە بەرزەکانی ئاشی جەهانگیر. کاتێک ئێمە چووینە شوێنی خۆمان، بە بێسیم قسە لە گەڵ تیمەکەی خوارێ کرا و پێیان ڕاگەیەندرا کە ئێمە ئامادین. لە هەموو لایەکەوە هێرش بۆ سەر دووژمن دەست پێ کرا. بەم جۆرە شەڕێکی دەستە و یەخە دەستی پێکرد. دوژمن بە تەواوی غافڵگیر کرابوو، زۆری نەکیشا ئێمە تەواوی زنجیرە شاخی ئاشی جەهانگیرمان لە هێزی دوژمن پاک کردەوە. چەند کەسێک کووژران و چەند پارچە چەکێک بە دەستکەوت گیران. تەواوی بەرزاییەکان کەوتنە دەستی پێشمەرگەکان. لە کۆتای شاخەکە چەند کەسێک لە هێزی دوژمن تەقەیان دەکرد کە شەهید عەلی قۆیتاسی لەوێ بریندار بوو. باقی هێزەکەی دووژمن لە بەرزای شاخەکان ئەوەی کوژرا، کوژرا، دەنا هەڵات. ئەو هێزە زۆرەی دوژمن کە لە سەرکانیەکە بوو ئەوانیش کەوتنە بەر پەلاماری دەستەی دووهەمی پێشمەرگەکانی هێزی پێشەوا. ئەوی کوژرا کوژرا، ئەوانی دیکە هەڵاتن.
بەم جۆرە لە ماوەیەکی کەمدا ئەو هێزە گەورەی دووژمن بە دەستی تێکۆشەرانی هێزی پێشەوا تەفروتوونا کرا. ئەوەی لە بیرم بێ ژمارەیەکی زۆر لە هێزی دووژمن کوژران، لاشەی ۴٠کەس کەوتە دەستی پێشمەرگەکان. چەک و چۆڵێکی زۆریش بە دەستکەوت گیرا. بەم جۆرە دوای شکاندنی هێزی دوژمن و کۆکردنەوی دەستکەوتەکان لە شوێنی شەڕەکە دوورکەوتینەوە.
باشترین خاڵی بەهێزی ئەو عەمەلیاتە، بەکارهێنانی ئەوتاکتیکە بوو. ئێمە لێ گەڕاین تا هێزی دووژمن لە ئێمە تێپەڕێ. دووژمن لە کاتی شەڕەکەدا هیچ تۆپ بارانێکی بۆ نەکرا، چوونکی هێزی دووژمن لە گەڵ ئێمە تێکەڵ بوو. دوای پاشەکشەی ئێمە زۆر بەخەستی ناوچەی شەڕەکە تۆپباران دەکا.
بەم جۆرە لەماوەی سێ ڕۆژدا پێشمەرگەکانی هێزی پێشەوا توانیان دوو پیلانی گەورەی دووژمن بۆ سەر خۆمان پووچەڵ بکەینەوە و لە هەردووکیاندا زەربەی قورس وەهێزی داگیرکەر بکەوێ. دوای تێپەڕینی ٢٩ساڵ بەسەر ئەم عەمەلیاتەدا سڵاو بۆ هەموو ئەم پێشمەرگانەی لە تۆمارکردنی ئەم داستانەدا بەشدار بوون و بەقارەمانەتیی خۆیان هێرشی دووژمنیان تێک شکاند. سڵاو بۆ ڕووحی پاکی هەموو ئەم پێشمەرگانەی کە لە ساڵانی دواییدا شەهید بوون.
گێڕانەویبیرهوەریەکان لە ناچەی مەهاباد دریژەیان دەبێ .
خۆم کاک ڕەحیم دەروێش تێکۆشەری ڕۆژەسەختەکانی خەبات
…………………………………………….

ئەو ڕۆژانەی لەبیر ناچنەوە
(بەشی ۵۳)
دوای ئەو عەمەلیاتە کە لە نیزیک شاری مەهاباد لە سەر هێزی دووژمن بەڕێوە چوو، گەشتی سیاسی- نیزامی پێشمەرگەکانی هێزی پێشەوا لە ناوچە جۆراجۆرەکانی مەهاباد هەر درێژی بوو. هێزی داگیرکەری دوژمنیش لەو ناوچانە بە هێزێکی زۆرەوە بەدوای پێ‌وشووێنی ئێمەوە بوو بۆ ئەوەی ئەگەر بۆیان بکرێ زەربە لە تێکۆشەرانی دێموکرات بدەن. بەڵام هەموو ئەم پیلانانە بە هووشیاریی تێکۆشەرانی هێزی پێشەوا لە گۆڕنران.
گەشتی بەرفراوانی ئەو هێزە هەر شەوە لە گوندێکی ئەم ناوچەیە خۆی دەردەخست و لەگەڵ پێشوازیی گەرمی خەڵکی تینووی ئازادیی ناوچەکە ڕوو بەڕوو دەبوو. دوای گەشتێکی سیاسی- نیزامی لە ناوچەکانی مەنگووڕایەتی گەورک و مەحاڵ لە لایەن فەرماندەرانی هێزی پێشەوا بەهاوکاری کادرەکانی کومیتەی شارستانی مەهاباد کە هەمیشە هاوکار و هاوسەفەری یەکتر بوون، لە ناوچەکە بەرنامەی گەشتێکی لەم جۆرە بۆ ناوچەی چۆمی مەجیدخان بەرنامەڕێژی بۆ کرا. چوون و گەڕان بەم ناوچەیەدا ڕەنگە کارێکی هەروا ئاسان نەبێ، بەڵام هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە درێژەی خەبات و تێکۆشاندا ڕێسکی زۆر گەورەیان کردوە و سەرەڕای سەختی ناوچەکە بەڵام بۆ ساتێکش لە بوونی حزووری خۆیان لەو ناوچانەش درێغیان نەکردوە.
ناوچەی چۆمی مەجیدخان لە هەموو بارێکەوە ناوچەیەکی گرینگە. ئەم ناوچەیە دەکەوێتە نێوان سێ شاری گرینگی وەک مەهاباد، بۆکان و میاندواو. دەشتێکی کاکی‌بەکاکی‌یە و دووژمن دەتوانێ زۆر بەهاسانی لە ماوەیەکی کەمدا هێزی زۆرت لەسەر کۆ بکاتەوە.
سەرەڕای سەختیی ناوچەکە و بوونی زۆر خاڵی لاواز و نەگونجاوی ناوچەکە، خۆمان لەو ناوچەیە نزیک کردەوە. دوای مانەوەی دوو سێ ڕۆژ لە دەوروبەری گوندەکای “قاراوا” و “سەهۆڵان” “دەوەشار”، ڕێکەوتی۱۳۷۰/۴/۲۷ شەوەکەی چووینە گوندی دەوەشار. دوای بەئەنجام گەیاندنی هەموو ئەرکە حیزبییەکان لەم گوندە، بە شێوەیەکی پارتیزانی لەم گوندە دەرکەوتین، سەفی پێشمەرگەکانی هێزی پێشەوا بەرەو ئەو ناوچە حەساسە شۆڕ بۆوە. ئەو شەوە دوو شت لەو دەشتە ئێمەیان زۆر ئەزیەت کرد؛ شۆقی چرابەرقی گوندەکانی ئەم ناوچە ورۆیشتن بە نێو شێوەردەکاندا. هەر ئەوانەی بۆ جارێک بە نێو زەوی کێڵدراودا ڕۆیشتوون دەزانن چەندە ناخۆشە. وەک ئەوە وایە بەنێو بەفرێکی زۆردا بڕۆی. سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکانی سەر ڕێگە، لە نیوە شەوێکی درنگدا گەیشتینە نێو باغەکانی ئاوایی “قەرەگۆل” لە چەند کیلۆ میتری شاری میاندواو و لە نێو پۆلە چنارێک کە ئێمە پێی دەڵێن سپیدار ماینەوە. هەر بە گەیشتنمان بۆ ئەوێ، دەبوو هەر شەوێ ئاو پەیدا بکەین. دوای پشوویەکی کورت کاک کوەیسی کە کادری ئەو ناوچەیە و شارەزای ناوچەکە بوو پێکەوە لە گەڵ دوو کەسی دیکە چووین بۆ ئاو هێنان. کاتێک لە شوێنی ئاوەکە نزیک بووینەوە، ماتۆڕئاوێکی گەورە کاری دەکرد. دەبوو لەو شوێنە ئاومان هەڵگرتبا. بەڵام نەفەرێکی لێ بوو و سەگی کابراش هەستی ئێمەی کردبوو. زۆری نەکێشا کابرا ون بوو و ئێمەش بە ئاوەوە بۆ لای کوڕەکان گەڕاینەوە. شەو زۆر ماندوو بووین، دوای دانانی نیگابان لێی خەوتین. ئەوەی دەبیسترا دەنگی ئەو سەگە بوو کە جاروبار دەوەڕی. کە ڕۆژ بۆوە، لێک کۆبووینەوە و نان وچامان خوارد. تا دەهات لە کاتی ڕادیۆ دەنگی کوردستان نیزیک دەبووینەوە، بێ خەبەر لەوەی کە هێزێکی زۆر لە نێو گوندی قەرەگۆل و باغەکانی دەوروبەری بڵاو ببوونەوە. بێ ئەوەی ئێمە هەستی پێ بکەین بە هۆی هەڵکەوتەی جوغڕافیای ناوچەکە نیگابانی ئێمە لە تەنشتی خۆمان بوو. لەنێو پۆلە چنارەکە ئێمە هەموومان لە نزیک یەکتر بووین و چاوڕوانی هەواڵەکانی ڕادیۆ کوردستان بووین. لە دەوروبەری ئێمە هەست بەوە دەکرا کە سەگێک بە ئینسان دەوەڕێ. ئەوانەی کە خەڵکی گوندن باش دەزانن کە ئەگەر سەگێک ئاسایی بووەڕێ هەر دیارە. هەر زوو یەکێک لە کوڕەکان بۆ لای نیگابان چوو، لە پڕهاتەوە گوتی؛ خۆتان ببەستن دووژمن لێمان نزیک بۆتەوە. هەر زوو خۆمان پێچایەوە، دەرکەوت هێزێکی زۆر بەنێو باغەکانی گونددا بڵاو بۆتەوە. ئێمەش دەبێ مشوورێک لە خۆمان بخۆین. وا ساغ بووینەوە؛ بە نێو باغەکاندا بڕۆین و خۆمان دەرگیر نەکەین. ئێمە لە پێشەوە بووین بە نێو باغەکا دا بە وریایی هەنگاومان دەنا، زۆری نەکێشا کوڕەکانی دواوە تووشی تێکەڵچوون بوون. سەرەتا هێزی دووژمن وایان دەزانی ئێمەش نەفەراتی خۆیانین، کەچی لە دواوە دەنگی تەقە دەستی پێکرد. کوڕەکانی ئێمە لێیان وەدەست هاتن و یەک دوو کەسیان لێ کوشتن. ئێمە نەوەستاین، بەنێو باغەکاندا دەڕۆیشتین. کاتێک وەک تیمی پێشڕەو دەمانەویست لەو جادە خاکییە وەپەڕێن کە بۆ قەرەگۆل دەچوو، ماشێنێکی پڕ لە هێزی دووژمن بە مەبەستی گرتنی ئەو جادەیە بەرەو ئەوێ دەهات. هەر کە لێمان نزیک بوویەوە لە چەند لاوە کەوتە بە ردەستڕێژ و ماشێنەکە لە جادەکە کەوتە خوارێ و هەموو سەرنیشنەکانی کە چاردە کەس دەبوون تێدا چوون.
بەوشێوەیە لەو دەشتە ئاشکرا بووین. بەڵام خۆ ناکرێ لەو کاتانەدا دەستەوەستان بیت، دەبێ ورە لەدەست نەدەی و لە فکری خۆ دەربازکردندا بی. چەند کەسێک گوتیان هێرش دەکەینە نێو گوند کە هێزێکی زۆری لێ بوو، لە ماڵاندا شەڕ دەکەین کە ئەوە بە هیچ شێوەیەک بیرۆکەیەکی باش نەبوو. چونکی ئەگەر ئەو کارەمان کردبا تازە دەکەوتینە گەمارۆی دووژمنەوە و هەموو گوندەکەیان بەسەردا دەسووتاندین و لە گەڵ ئەوەیکە خەڵکی گوندەکە زیانێکی زۆری بەر دەکەوت، دەرچونی ئێمەش کارێکی سەخت بوو. لە دەوروبەری ئێمە لە نێو باغەکاندا خەڵکی لێ بوو، لە تەنیشت خۆمان دوو تەراکتۆری لێ بوون، یەکیان لە دەوری تریلەکەی چیغی پێوەبوو، ئەوی دیکەش بێ ترێل بوو. کاک کوویسی گوتی؛ دەچین ئەم دوو تەرەکتۆرە دێنین، سوار دەبین و دەڕۆن، کەس فکری ناچێتە سەر ئەوە، کە بەڕاستی باشترین فکر بوو. ئەو کارە کرا؛ بە پەلە سوار بووین. زۆربەی ئێمە لە نێو چیغەکە لە ترێلەکە سوار بووین. دوو کەسیش لە تەراکتۆرەکەی دیکە سوار بوون، بەو دەشتەدا لە شوێنی خۆمان دوور کەوتینەوە. ئێمە لە نێو تراکتۆرەکەدا بووین کە هیلیکۆپتەرێک گەیشتە شوێنی شەڕەکە. دیاربوو کە هێزێکی زۆر لە شوێنی شەڕەکە کۆبۆوە. پێیان وابوو ئێمە هەر لە نێوباغەکاندا ماوین. بەم جۆرە بە بەکارهێنای ئەو تاکتیکە لە شوێنی شەڕە دوورکەوتینەوە.
کاتێک لە بناری “ئاڵمەڵوو” نزیک دەبووینەوە، دیتمان دوو ماشێنی پڕ لە هێزی دووژمن دەیانهەوێ ئەو سەر جادەیە بگرن. ئێمەش خۆمان لە تەراکتۆرەکان فڕێدا خوارێ و لێیان وەدەست هاتین. زۆری نەکێشا ئەوانیش شکان و چەند کەسیان لێ کوژرا و ماشێنێکیش کە بەجێ مابوو لە لایەن پێشمەرگەکانەوە ئاوری تێ بەردرا. بەرەبەرە رۆژ بەرەو درەنگی دەچوو و بەقازانجی ئێمە تەوا دەبوو.
بەم جۆرە بەڕۆژی ڕووناک لە نیزیک شاری میاندواو توانرا زەربەیەکی کاریگەر لە هێزی دووژمن بدرێ و خۆشمان بەبێ زیان شووێنی شەڕەکە بەجێ بێڵین. ئێستا کە ۲۹ساڵی تەواو بەسەر ئەو ڕۆژە واتە ۱۳۷۰/۴/۲۷ دا تێدەپەڕی، لە کاتی نووسینی ئەم بیرەوەریەدا خەیاڵێکی قووڵ هەڵمدەگرێ و دەمباتەوە یادی ئەم ڕۆژە کە دەستەیەک لە پێشمەرگەکانی هێزی پێشەوا بە لێهاتوویی خۆیان توانیان خۆیان لە گەمارۆی هێزی دوژمن بە سڵامەتی ڕزگار بکەنن و زەربەیەکی بەهێز لە هێزی دووژمن بدەن.
لە کۆتایید سڵاو لە هەموو ئەو کەسانەی کە هاوکارییان کردین. بە تایبەتی کاک قاسم، شۆفیری تەراکتۆرەکە. ڕووحی شاد بێ ئێستا لە ژیاندا نەماوە. سڵاو بۆ ئیرادەی هەموو کادر و فەرماندە ئەو پێشمەرگانەی کە لەتۆمارکردنی ئەم سەروەریەدا بەشدار بوون.
وێنەکان دەستەیە لە پێشمەرگە کانی هێزی پێشەوا دووئەکسی گوندی قەرەگول ئەوشوێنەی شەڕەکەی لێ کرا
دەست خۆش بۆ وێنەگری لە ڕۆژ هەڵات کە ئەودوو وێنەی بۆ ناردم .
……………………………………………..
ئەو ڕۆژانەی قەت لەبیر ناچنەوە
(بەشی ۵۲)
هەروەک لە بەشی پێشوودا باسم کرد، لە ناوچەی مەهاباد لە حاڵی گەشتی سیاسی – نیزامیدا بووین، لە درێژەی ئەم گەشتەدا ڕێکەوتی ١٧ی پووشپەڕی ١٣٧٠ی هەتاوی، بۆ مانەوە چووینە نزیک گوندی قازیاوا. شوێنەکە بۆ مانەوە گونجاو نەبوو، بەڵام ماینەوە. لە نێو پۆلەدارێکدا، جۆگە ئاوێک لە شوێنی ئێمە بەرەو خوارێ دەچوو. لای سەعاتی ٨ی بەیانی کەسێکی پێمەڕە لە سەرشان ‌هێدی‌ هێدی بەرەو ئێمە هەڵدەکشا، کە لێما نزیک بۆوە، ناسیمانەوە؛ هوونەرمەند، تاهیر خەلیلی بوو، پێشوازییەکی گەرممان لێکرد.
ئەو هونەرمەندە لە ڕووخساریدا هەژارییەکی لە ڕادەبەدەر بەدی دەکرا. لێمان پرسی ئەوە بۆ لێرەیە، لە وەڵامدا گووتی؛ بە نیوەکار نۆکم کردوون. کاتێک سەری دەست و پەلت دەکرد، وەزعی زۆر ناجوور بوو. دەردی دڵێکی زۆری لە گەڵ ئێمە کرد و چەند سروودی شۆڕشگێڕی بۆ گوتین. بۆ یەکەمجار هۆنراوەیەکی جوانی بۆ شەهید دوکتۆر قاسملوو ئامادە کردبوو. ئەویشی بۆ گوتین و تا ئێوارێ لامان مایەوە. ئێوارێ لەنێو ئەم پۆلەدارەدا ماڵئاوایمان لە یەکتر کرد، لە کاتی ماڵئاوایی کردندا فرمێسکی هاتنە خوارێ. ئەو بەرەو مووچەکەی خۆی و ئێمەش بەرەو گوندی قازیاوا وەڕێ کەوتین. شەوەکەی چووین بۆ گوندی قازیاوا، کە لە گەڵ پێشوازیی گەرمی خەڵک بەرەوڕوو بووین. دوای ئەنجامدانی هەموو کارەکان بەرەو شوێنی مانەوە وەڕێ کەوتین. بۆمانەوە چووینە نزیک سەدی مەهاباد و لەو نزیکانە ئەشکەوتێک هەبوو کە تیایدا ماینەوە. هەموومان دەمان زانی بەرنامەیەک لە گۆڕێ داهەیە بەڵام ئێمە نەماندەزانی چ باسە. ئەوەی لە بیرم بێ ئێمە بۆیە چووبووینە ئەو شوێنە کە شەوەکەی لە نێو شاری مەهاباد چالاکییەک بەڕێوەبەرین. شەوەکەی پێش ئەوەی بچینە نێو ئەشکەوتەکە چوارپێی شوانێک هەستی بە ئێمە کردبوو، بەڵام ئێمە کاری خۆمان درێژە دا. ڕۆژەکەی بۆمان نەدەکرا لە ئەشکەوتەکە دەرکەوین، بەڵام لای سەعاتی یازدەی پێشنیوەڕۆ دەنگی قسەکردن بەفارسی دەهات. دەنگەکە تا دەهات نیزیک دەبۆوە. ئێمە لە نێو ئەشکەوتەکە خۆمان ئامادە کردبوو. بەڵام زۆری نەکێشا دەنگەکە نەما!! دوایە یەک لە کوڕەکان بە بێ چەک چۆدەرێ، کە هاتەوە گووتی کۆمەڵێک پاستار لە پایەگاکەی پشتی ئێمە بەرەو شوێنی ئێمە هاتوونە خوارێ و بۆ سەرێ گەڕاونەوە. ئەوان زۆر لە ئێمە نزیک ببوونەوە، بەڵام نازانم چۆن بوو گەڕابوونەوە ..
ئێوارە خۆمان ئامادە کرد و بە دۆڵەکەدا بە وریایی بەرەو خوارێ دادەکشاین بەرەو شوێنی مەبەست، کەچی تیمی پێشڕەو گوتیان کە هێزێکی زۆر لە دەورەبەری ئاوایی قازیاوا دیارە. دیاربوو بە دوای پێ‌وشوێنی ئێمەوە بوون. تۆپبارانکردنی ناوچەکە دەستی پێکرد، دوای هەڵوێستەیەکی کورت، فەرماندەکان ساغبوونەوە کە؛ مادام ئەو هێزە دەگەڕێتەوە، دەچینە سەرجادە و کەمین دەگرین. لە نزیک شاری مەهاباد تەقسمکارێکی بەپەلە کرا. بە چەند دەستە دابەش بووین؛ دەستەیەک بۆ سەرجادەکە و دوو دەستەش لە نزیک ئێمە لە سەر دوو تەپۆلکە، سەنگەریان گرت. منیش لە گەڵ تیمی سەرجادە بووم. بەهەر حاڵ لێیان دامەزراین. زۆری نەکێشا هێزەکەی دوژمن بە سەرپەرشتی حاجی هادی، بەرپرسیی نیزامیی پارێزگای ورمێ و بەرپرسی ئیتلاعاتی مەهاباد بەرەو مەهاباد گەڕانەوە. هێزەکە زۆر بوو؛ چەند کۆمپرێسی گەورەی پڕ لە نیروو بێجگە لە ماشێنی چووک و چەکی قوورس. ئێمە لە سەر جادەکە بووین کە یەکەمین ماشێنەکانی ئەو هێزە کە یەکەم ماشێن حاجی هادو و بەرپرسی ئیتلاعاتی تێدا بوو، کەوتە بەر هێرشی پێشمەرگەکانی هێزی پێشووا. تەقە لە هەموو لایک دەستی پێکرد. هێزی دوژمن وەک “کەوی برابرا”ی لێ هات و لێک بڵاو بوو. هەر زوو خۆمان گەیاندە سەر ماشێنەکە کە جیبێک بوو. حاجی هادی خۆی فڕێ دابوو. بریندار بوو، بە برینداری لە سەدی ڕا پەڕیبۆوە و مەسئوولی ئیتلاعاتیش لە خوار ئێمەوە کووژرا بوو.
بەم جۆرە ئەم هێزەی دوژمن کەوتە داوی پێشمەرگەکانی هێزی پێشەوا و چەندین کەس کوژران و بریندار بوون. بەڵام بەهۆی زۆری هێزی دووژمن و تەقەی زۆری ئەوان و لە بەر پارستنی گیانی پێشمەرگەکان نەچووینە سەر لاشەکان. کاتێک چووینە سەر ماشێنەکەی حاجی هادی، کەڵاشینکۆفێکی تێدابوو. ماشێنەکەمان ئاور تێبەردا. ئاگر و دووکەڵی ئەو ماشێنە لە نێو شاری مەهاباد بە باشی دەبینرا و دەنگی تەقەش بە باشی بەرگوێ دەکەوت.
دوای ئەم زەربە لە هێزی دوژمن، لە لایەن فەرماندەری هێزەوە دەستووری پاشەکشە درا و بەبێ‌زیان پاشەکشەمان کرد. هەواڵی ئەم عەمەلیاتە لە شاری مەهاباد و لە ناچەکەدا دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو. ڕوومان لە هەر کوێ دەکرد باس، باسی ئەو عەمەلیاتە بوو. بەتایبەتی بریندا بوونی حاجی هادی و کوژرانی مەسئوولی ئیتلاعات، زاربەزار دەگەڕا. ئەو ساڵە لە نێو هەموو پێشەرگەکانی هێزی پێشەوادا تەنیا من چەکێکی قۆنداغدارم پێ بوو، لەو شەڕەوە من بووم بە خاوەنی لاقە تفەنگی خۆم کە ئێستاش هەر ماومە. لەو عەمەلیاتەدا هەموو کوڕەکان ڕۆڵی گرنگیان لە تۆمارکردنی ئەم عەمەلیاتەدا گێڕا. بەڵام هەوڵی کاک عومەر باڵەکی وەک فەرماندەری هێز بەرز و بەرچاو بوو.
بەم جۆرە ئەو تیمە لە پێشمەرگەکانی هێزی پێشەوا بە لێهاتوویی خۆیان لە قووڵایی ناوچە و لە نزیک شاری مەهاباد هێزێکی گەورەی دووژمنیان تێک شکاند.
سڵاو بۆ هەموو ئەو پێشەرگانەی کە لەم عەمەلیاتەدا بەشدار بوون، سڵاو بۆ گیانی پاکی هەموو ئەم پێشمەرگانەی لە ساڵانی دواییدا لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی کوردستان شەهید بوون .
هێزی پێشەوا سلێمان کەوتەری خدربگ عوسمان چۆمەڵانی
محمد پووزش ئەسعد شاماتی
………………………………………………………….
ئەو ڕۆژانەی قەت لەبیر ناچنەوە
(بەشی ۵۱)
هەروەک لە بەشی پێشوودا باسم کرد لە یەکەم ڕۆژی چوونە نێو خاکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تووشی تێکەڵچوون لە گەڵ هێزەرکانی ڕێژیم بووین. ئێوارەکەی، دوای ئەو دەرگیری‌یە کە لە نێوان هێزی بەیان و هێزی دووژمندا هاتە ئاراوە، هەنگاونان بۆ قووڵایی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەر بەردەوام بوو. سەرنجام دوای دوو ڕۆژی دیکەی مانەوەمان لە ناوچەکانی بانە، بە هاوکاری پێشمەرگەکانی هێزی ئاربابا، ناوچەی بانەمان جێهێشت و لە گەڵ هێزی بەیان لە نیزیک گوندی گەنمان لەیەک جیا بووینەوە. لە ئێوارەیەکی درەنگدا ماڵئاوییمان لە یەکتری کرد. ئەوان بەرەو ناوچەی بۆکانی بووکی موکریان و ئێمەش بەرەو ناوچەی مەهابادی لانکەی کۆماری کورستان درێژەمان بە گەشتی خۆمان دا.
دوای چوونمان بۆ ناوچەی مەهاباد و سەردانی گوندەکانی کانیەڕەش و سووێناس، بۆ مانەوە چووینە پشتی ماڵی باراوە لە مووچەیەک ماینەوە. دیاربوو کە هەم کومیتەی شارستان و هەم هێز هەواڵ و زانیارییان لەسەر ناوچەکە وەرگرتبوو کە ئەو هێزە ناتوانێ هەڵسووڕانی هەبێ!!. بۆیە ئێوارێ فەرماندەکان کۆبوونەوە و وایان بڕیاردا کە هێزەکە بکەن بە دوو بەش؛ بەشێک بەرەو بنکەکانی سابیت بگەڕێنەوە و بەشێکش لە قووڵای ناوچە درێژە بە گەشتی خۆمان بدەین. گەڕانەوە بۆ بنکە بۆ هەموومان ناخۆش بوو، بەڵام ڕەنگە هەموو شتێک لە ئیرادەی هەمووانددا نەبێ. من ترسی زۆرم لێ نیشت بوو لەبەر ئەوەی ئەو هێزی دەگەڕایەوە کەسێکی بەڵەدی وایان لە گەڵ نەبوو، بە من بڵێن دەبێ لە گەڵیان بگەڕێیەوە. زۆرنیگەران بووم بەڵام وا بڕیار درا کە کاک کەریم حدداد کە خەڵکی ئاوایی نستان بوو، بەچاوساغی ئەو، ئەو هێزە بەرەو بنکەکان بگەڕێتەوە. لە دابەشکردنی ئەرکەکاندا دەرکەوت کە من لە گەڵ ئەو تیمەم کە لە ناوچە دەمێنێتەوە. ئەوەی لەبیرم بێ بێجگە لە کۆمیتە ناوچەکانی گەورک، مەنگووڕ، شاروێران، شامات و چۆمی مەجیدخان، بەرپرسی کومیتەی شارستان، کاک مستەفا مەولوودی، سەرجەم ئەوانەی سەر بەم هێز بوون هەژدە کەسدەبوون. بەرپرسایەتیی نیزامیی ئەم هێزە بە فەرماندەی تێکۆشەر و بەئەزموون، کاک عومەر باڵەکی بوو. ئێمە هاوڕێ لە گەڵ چەند کەسی دیکە لە سەرلک وسەرپەل و پێشمەرگە لە ناوچە ماینەوە.
لە هەرناوچەیەک باین کومیتەی ئەو ناوچەیە لە گەڵ ئێمە دەکەوت و زۆرشیان هاوکاری دەکردین. زۆرجا بۆ ناوچەکانی دیکە لە گەڵمان دەبوونن. دوای ئەم تەقسیمی کارە لە ئێوارەدا هەر تیمەی بەرەو شوێنی مەبەستی خۆی وەڕێ دەکەوت. تیمێک بەرەو بنکە گەڕانەوە. تیمەکانی شاروێران، مەحاڵ و چۆمی مەجیدخان هاوڕێ لە گەڵ کاک مستەفای مەولودی لە ئێمە جیابوونەوە و درێژەیان بەئەرکی خۆیان دا. ئەوەی جێگەی باسە کاک مستەفا لە گەڵ ئەو هاوڕێیانەی کە لە ئێمە جیا بۆونەوە زیاتر لە دوو مانگ لە ئێمە جیا بوو، لە دەشتی کاکی بە کاکی لە شاوێران و شامات و زۆر شوێنی گرنگی دیکە بۆ بینینی شانە تەشکیلاتیەکانی حیزب لە گەڵ ئەو کومیتاندا بوو کە ئەوە کارێکی دژوار بوو.
ئێمەش بەسەرپەرەستی کاک عومەر باڵەکی وەک فەرماندەری هێز کە ئەویش ڕۆڵێکی گرینگی بوو لەم سەردەمانەدا، لە قووڵای ناوچەکاندا. با ئەگەر بۆ جاڕێکش بێ ناوی ئەم چەند پێشمەرگەیە بنووسم، ئەوانەی لەبیرم مابن چونکی بەڕاستی ئەو ساڵە زیاتر لە چوار مانگ لە ناوچە ماینەوە، لە قووڵای ناوچەی مەهاباد سەرەڕای کەمیی هێز، توانیمان چەند جارێک هێرشی دووژمن لە ناوچە تێک بشکێنین. کاک عومەر باڵەکی، مستەفا گڵۆڵانی، قادری حاجی عەوڵا، عەلی قۆیتاسی، هەباس شاروێرانی، کەریمە سوور، سمایل ئەبدەم، سلێمان کەوتەری، خالید باڵەکی، ڕەزا ئەمینی، تاهیر ڕەشیدی، خدربەگ، حەسەن مەحموودی، وەستا قادر، سەید کەریم و سەید مستەفا و… بەداخەوە ناوی ئەو چەند کەسەی دیکەم لە بیر نیە.
ئەو ساڵە ناوچەی مەهاباد و ڕەبەت هێزێکی زۆری دووژمنی لێ جێگیر کرابوو، بەتایبەت لە مەرزی ڕەبەت و مەهاباد لە گەردەنەی زمزیران تا کەپڕی پشتی گەنمان کە زۆر جار ئەم ناوچە بۆ حەسانەوەی پێشمەرگە ئیستفادەی لێ دەکرا. چونکی ناوچەیەکی سەخت و ڕژدە و بۆ شوێنی مانەوی هێزی پێشمەرگەی کوردستان.
ئەو تیمە لە پێشمەرگەکانی هێزی پێشەوا بێ ڕاوەستان بۆ ماوەی چوار مانگ لە ناوچەکانی مەنگووڕایەتی، گەورکایەتی و مەحاڵ و چۆمی مەجید خان درێژمان بە گەشتی خۆمان دا و خەریکی کاروباری حیزبی بووین. لەو ناوچانە لە چەندن شوێن لە گەڵ هێزی دووژمن دەرگیر بوون، فشاری زۆرمان لەسەر بوو. بەڵام ئێمە بەهیممەتی هەموو لایک چوار مانگی پڕ دەستکەوتمان لە ناوچە تێپەڕ کرد.
بیرەوەرییەکان لە ناوچەی مەهاباد درێژەیان دەبێ و لە بەشی دیکەدا عەمەلیاتی سەر سەدی مەهاباد و برینداربوونی حاجی هادی وەک یەکێک لە بەرپرسە دیارەکانی هێزی دوژمن و شکستی هێزەکەی بۆ ئێوە خوێنەران دەگێڕمەوە.
دوووێنەی جیاواز لەپێشمەرگەکانی هێزی پێشەوا کە لە فەیسبووکی کاک عومەرباڵەکی هەڵم گرتوون

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *