بەشی:حەفتاو چوارەمی گەڕانەوە(٧۴) له‌ نووسینی:عەلی سوورەچۆمی.

Posted by
بەشی:حەفتاو چوارەمی گەڕانەوە(٧۴)  نووسینی:عەلی سوورەچۆمی.
چۆنییەتی دەست بە سەر داگرتنی پایەگای“سەری(کۆلک)ی لە پشتی گووندی گۆڕەشێر. بەشی ٣
ھەر وەک لە بەشی پێشوو دا ئیشارەی پێ کرا بە چەند دەستە دابەش بووین.
دوای ئەوەی دوا رێنوێنی و سەرنجی فەرماندەیی تەواو بوو ،تیمەکان“کەوتنە رێگا بەرەو مەسیری دیاری کراوی خۆیان.لێرەوە پێویست بوو زۆر بە(احتیاط)و بە شێوەیەکی پارتیزانی تیمەکان“بگەنە شوێنی مەبەست ،کە دەستەکان رۆیشتن ئێمە بە ھۆی نزیکی شوێنەکەمان لە پایەگا“ھێشتا لە گەڵ کاک حەمە نارستی“فەرماندە بە یەکەوە بووین.زۆری نەخایاند تەواوی شوێنەکان ھەم دەستەی پشتیوانی و ھەم دەستەی ھێرش-بەر ڕایانگەیاند کە گەیشتوونە شوێنەکانی خۆیان و چاوەروانی بڕیاری فەرماندەیی دەکەن.
بەو جۆرە لە ئێوارەیەک دا کە ھێشتا گزینگی رۆژ مابوو چاوەروان بووین تا جارێکی دیکە لە پێناو خاکی خۆماندا ببین بە رق و جەھەندەمێکی دیکە بە رووی داگیرکەران دا درووست بکەین.
بەر لەوەی باسی چۆنییەتی ھەڵمەت و بەڕێوە چوونی شەڕەکە بکەین با دوو خاڵ روون بکەینەوە.
……………….
یەکەم: ئەو(ترح)ە ،زیاتر خافڵگیر کردنی دوژمن و لە جێگایەک پەلاماردان کە چاوەروانی ناکات.
دووھەم: ئەوان ھێزی خۆیان ناردە جێگایەک تا بە دانانەوەی کەمین“بە خەیاڵی خۆیان زەربەیەک لە ھێزی پێشمەرگە بدەن.
……………….
شەڕێکی قووڕس.
دوای ھەماھەنگی تەواو ،چاوەکان لە ترووکان وەستان ھەناسەکان تووند بوون و دەیان پێشمەرگەی گیان لە سەر دەست قامک“لە سەر ماشەی چەکەکانیان.
فەرماندەیی بڕیاری دا تیمی“پشتیوان ستارتی“شەڕەکە لێ بدەن و بە ئاگری چەکەکانیان مۆڵگەی دوژمن بکەنە ئامانجی شەڕێکی یەکلاکەرەوە ،بەوجۆرە دەنگی ،بی کەیسی، و ئار بی جی ،لە ناوچەکە دا دەنگی دایەوە ،زۆری نەبرد پایەگا“کە شوێنەکەی بەرزەو بە سەر تەواوی ناوچەکە دا دەڕوانێ بە چڕە دووکەڵ و تۆز داپۆشرا ،لە ژێر ئاگری چەکی پشتیوانی دا تیم“ێک لە پێشمەرگە ئازاکانی ھێرشبەر خۆیان گەیاندە نزیک پایەگا“.ھێزەکانی دوژمن تا ئەو جێگایەی دەرفەتیان ھەبوو سەنگەریان گرت و کەوتنە شەڕێکی تووندەوە لە گەڵ تیمی“ھێرش.
ئەوە بوو تیم“ی ھێرش ،فەرماندیی عەمەلیات-یان ئاگادار کرد کە دوژمن سەخت کەوتۆتە بەرگری لە گەڵیان و شەڕێکی سەخت بەڕێوە دەچێت ،ھەر ئەوەش دەبێ کە بە ھۆی ھەڵدانی نارنجۆک“دوو پێشمەرگەی ئازا بە سووکی بریندار بوون کە یەکێک-یان کاک ئەبووبەکر مارەغانی بوو ،لەو کاتەدا کاک حەمە“ داوای لە تیم“ی ئێمە کرد کە لە لای رۆژھەڵاتەوە خۆمان بگەیەنینە سەنگەرەکانی پێشەوە تا دوژمن دەرفەتی دەست کردنەوەی نەمێنێ.
بەو جۆرە ئێمە وەرێکەوتین ،کە تەواو نزیک بووینەوە گەیشتینە مەیدانی مین“ کە ئەوە بوو بە ھۆی مەترسی بۆ سەر گیانی پێشمەرگەکان ،بەو حاڵەش نەبوو بەرێگر لە سەر پێشڕەوی ئێمە. بە وریایی زۆرەوە دوای شەرێکی چەند دەقیقەیی گەیشتینە سەنگەرەکانی پێشەوە. ئەو چەند کەسەی بیرم ماون و بە یەکەوە بووین ،مەحموود س ،رەحیم ر، بابم .
پێویستە ئەوەش باس بکەم لە کاتی ئەو شەڕە قوورسە دا بابم ترسی منی زۆر بوو ھەر ھاواری دەکرد عەلی نەیەی بۆ پێشەوە وریای خۆت بە! بابم ئەو رۆژە بە شاھیدی کوورەکانی بەشدار دەورێکی زۆر بەرچاوی ھەبوو ئەو نەک ھەر نەفەری یەکەم بوو ،بەڵکوو: کاتێک دوو سەنگەری دیدەبانی“کەوتبوونە شەڕ لە گەڵ ئێمە دەورێکی زۆر کاریگەری ھەبوو بە ھۆی نیشانەی دەقیق و ئەنگێوی خۆی کە پێی دەناسرایەوە.
……………………..
لێرە کە جارێکی دیکە باسی تیم“ی ھێرش بکەین ئەوان تووشی بەربەست بوون و شوێنەکەشیان خراب ھەڵکەوتبوو ،کەواتە دەبوایە بە ھیچ جۆرێک دەرفەت بۆ دوژمن نەرەخسێ تا بتوانێ خۆی رێک بخاتەوە.
فشارەکانی ئێمە بەردەوام بوون مەیدانی مین“ن تێپەڕاندو گەیشتینە سەر خاک ریزی پایەگا“ئەوە لە کاتێک دا بوو کاک حەمە”بە نیگەرانییەوە ھانی دەداین تا نائومێد نەبین و جارێکی دیکە باڵا دەستی ھێزی پێشمەرگە لە سەر یەکیک لە چیا“بەرزەکانی ناوچەکە بە بەرچاوی خەڵکی ناوچەوە بنووسینەوە.
ئەوە لە کاتێک دا بوو کە بە ھۆی درێژ بوونەوەی شەڕەکە دوژمن دەستی کرد بە تۆپ بارانی کوێرانەی ناوچە بە گشتی.
کاتی ئەوە ھاتبوو بڕیاری یەکلاکەرەوە بدەین ،بۆ ئەو مەبەستە پێویست بوو سەنگەری دیدەبانی دوژمن دەستی بە سەر دابگیرێ ،بەو شێوەیە لە گەڵ تیمی“ھێرش ئاڵقەی گەمارۆن تووند کرد تا یەکەم سەنگەری دیدەبانی“دەست بە سەر دابگرین ،ئەو کارە بە پەلە بە ئەنجام گەیشت و گەیشتینە ناو یەکەم سەنگەری دیدەبانی کە دوو کەس تا کووژران لەو سەنگەرەدا شەڕیان کرد.
بە گیرانی سەنگەری یەکەم ،دووھەم سەنگەریش دەستی بە سەر داگیراو گەیشتینە نێو کاناڵە سەخت و قووڵەکانی پایەگاو چەندین کەلاکی دوژمن لە ناو پایەگا“کەوتن کە تا دوا لە حزەی ژیانیان
بەربەرەکانیان کرد بۆوەی رێگا نەدەن مۆڵگەکە-یان دەستی بە سەر دابگیرێ.
بەو جۆرە لە ئێوارەیەکی دیکەی نیشتمان دا لە نێو تۆز و قڕمەی کڵاشینکۆف و نارنجۆکی دەستی دا سەرکەوتنێکی دیکە تۆمار کراو دوژمن غافڵگیر .
لە نێوەراستی پایەگا”چەندین کەلاکی دوژمن کەوتبوون و لە لایەن پێشمەرگەکانەوە شناسایی کران ،چەندین قەبزە چەکی ژ٣”تیربار ژ٣ “و ئاربی جی دەستی بە سەر داگیرا.
پایەگا”گڕی گرت و دووکەڵێکی رەش بە ناوچەکەدا بەرز بۆوە کە دەلالەتی شکستێکی دیکە بۆ داگیرکەر بوو.ھێشتا لە پایەگا”دەرنەچوو بووین کە گووترا ھێزی یارمەتیدەر بە ھاواری پایەگا”وە ھاتوون! کە کەوتنە بەر رەگباری پێشمەرگەکان و بە پەلە پرووزێ رایان کردو گەڕانەوە بۆ ناو مۆڵگەکە-یان.
بەو جۆرە دوای شەڕەکە دوژمن دەستی بە تۆپ بارانێکی قوورسی ناوچەکە کرد.
لە داخی شکستی خۆی کەوتە تۆپ بارانی گووندی شێنیێ“،گۆڕشێرو ،دۆڵی پشکاوێ ،ناوچەکانی قووڵەھەرمێ“و نێوزەنگ و دەورووبەری.
سەرەنجام ھێزی پێشمەرگە دوای شەڕێکی سەخت و برینداری بوونی دوو پێشمەرگەی قارەمان توانی تامی تاڵی شکستێکی دیکە بە دوژمن بچێژێ و رێگا نەدا بە ئاسوودەیی خەریکی سەرکووت و تەنینی رێگاکانی ھات و چۆی خەڵک و پێشمەرگە بێ.
ئەو زەربە وەک تۆڵەیەک بوو بۆ ئەو ھێزە سەرکووتکەرانەی کە ببوونە کۆسپێکی گەورە بۆ جموجۆڵی ھێزی پێشمەرگە.
لە کۆتایی دا سڵاو
بۆ ھەموو ئەو تێکۆشەرانەی بەشداری ئەو شەڕە
سڵاو بۆ رووحی خالید نێوچوانی کە رۆڵێکی کاریگەریان ھەبوو لە ئاورباران کردنی مۆڵگەی دوژمن و ھەر خۆشی یەکێک لەوانە بوو کە بە ئاربی چی“شێرانە بڕستی لە دوژمن بڕیبوو.
………………………………..

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *