ئەو ڕۆژانەی قەت لەبیر ناچنەوە به‌شی ۶٢ تا ۶۶ له‌ نووسنی خدر پاکدامه‌ن

Posted by
ئەو ڕۆژانەی قەت لەبیر ناچنەوە به‌شی ۶٢ تا ۶۶ له‌ نووسنی خدر پاکدامه‌ن
ڕۆژانەی قەت لە بیرناچنەوە
(بەشی ۶۲)
لە بەشێکی دیکەی بیرەوەریەکانی ژیانی پێشمەرگایەتم‌دا دەچمەوە بۆ دەیەی حەفتای هەتاوی، ئەو کاتەی کە خەبات بۆ بەدەستهێنای مافی گەلەکەمان لە لووتکەی هەرە بەرزدا بوو. ڕۆژ نەبوو لە سەرتاسەری کوردستان دوژمنی غەددار لە چیا و شیوو و دۆڵەکانی کوردستان لمبۆزی لە قووڕ نەچەقێ.
هەروەک لە بەشی پێشوودا باسم کرد، ڕێکەوتی ١١ی ڕێبەندانی ١٣٧١ی هەتاوی، ٢٧ساڵ لەوەوپێش لە ئێوارەیەکی باراناوی‌دا بەرەو گرتنی گوردانی بێژوێ لە ناوچەی ئالانی سەردەشت وەڕێ کەوتین. وەک زۆر جاری دیکە هەموومان لە ساڵۆنە چوکەڵەکەی کومیتەی شارستان لە هاتووچۆدا بووین، زۆربەمان بە کۆڵەپشتی و ڕەخت و چەکەوە وەستابووین، چاوەڕێی خواردنەوەی دواچای دەستی “قەوەت”، پێشمەرگە ڕووح سووکەکەی هێری گیارەنگمان دەکرد، چەند ماشێنێک ئامادە کرابوون. کادر پێشمەرگەکان لەو پەڕی خۆشحاڵی‌دا بێ ئەوەی بیر لە سەختیی کارەکە بکەنەوە دەستە دەستە سواری ماشێنەکان دەبوون و ماڵئاوایان لەو کەسانە دەکرد کە بۆ پاراستنی بنکە و بارەگاکان لە بنکە دەمانەوە. بۆ پێشمەرگە و کادر و فەرماندەکان زۆر موهیم نەبوو لەکوێ سواردەبن، هیچ فەرق و جیاوازییەک نەبوو، دوای ئەوە ی هەموومان سواری ماشێنەکان بووین بەرە و قەڵادزێ شۆڕ بووینەوە. هەوایەکی سارد لە پشتی ماشێنەکان هەموومانی سڕ کردبوو بەڵام نە سەرما و نە گەرما و نە سەختیی ڕێگا، هیچکام لەوانە نەیاندەتوانی کار لە ئیرادەی تێکۆشەرانی دێموکرات بکەن.
کاروانی ماشێنەکان لە مەرزی قندۆڵ نیزیک دەبۆوە، بارانیش نم‌نم دەباری. زۆری نەخایاندن لە نیزیک مەرزی “مەزناوێ” دابەزین، زۆری نەکێشا هەموومان گەیشتینە نێو گوند و بەسەر ماڵان‌دا دابەش بووین. هەموو ئەم ئیمکاناتەی کە بۆ ئەم عەمەلیاتە ئامادەکرابوو لە چەند وەڵاغ بار کرابوون. وا بڕیار درابوو؛ لە کاتێک‌دا وەڕێکەوین کە بۆ ڕووناکیی هەوا هەموو تیمەکان لە جێگەی خۆیان سەقامگیر بن.
لە شەوێکی تاریکە سەلاتدا کە هەوایەکی ساردی هەبوو و باران دەباری، هەموومان بەیەکەوە بەرەو ئەو مەسیرە وەڕێ کەوتین. ئای کە شەوێکی ئەنگووستەچاو و ناخۆش بوو. بەڕاستی ئەو شەوە شەوێکی سەخت بوو، زۆر بە زەحمەت پێش خۆت دەدی. هەموومان هیلاک بووین، بە رێگادا هەرکەسە و چەند جار وەعەرزی کەوتین. هەموو ئەم پێشمەرگانەی لە گەڵدا بوون، ئێستا سەختییەکانی ئەو شەوە و لابەلای گوندەکانی دێگە و بالێتانیان لەبیرە. ئەوە لە کاتێک‌دا بوو کە چەند کەس لە کادر و پێشمەرگەکان کە خەڵکی ناوچەکە بوون، لەگەڵ‌دا بوون. من لە پێش کاک لاوەوە دەڕۆیشتم، پەڕۆیەکی سپیم بە شانمدا دابوو تا کاک لاوە رێی لێ تێک نەچێ و بەدوام‌دا بێ. بەو حاڵەش ئیرادەی پێشمەرگەکان هەر بەهێز بوو هەرچەند جاروبار لە گەڵ کەوتنی هەر پێشمەرگەیەک سووکە جنێوێک بۆ کەسی پێشڕەو دەهاتن!!، بەڵام دۆخەکە بۆ هەموومان ئاسایی بوو. من و هاوڕێکانم لە تەمنی پێشمەرگایەتی‌دا زۆر ڕۆژگاری ناخۆشمان تێپەڕ کردوە، بەڵام کەم شەوم لەو شەوە تاریکتر و ناخۆشتر دیوە، زۆر بە زەحمەت توانیمان خۆ بگەیەنینە دەوروبەری گوندی بناوی نزیک شوێنی مەبەست، واتە گوندی بێژوێ. تا ئەوێ هەموومان بەیەکەوە بووین بێجگە لە تیمێک کە لە گەڵ کاک کەریم فەرخەپوور پێش ئێمە وەڕێ کەوتبوون. لەوێ دوای پشوویەکی باش هەر تیمەو بەرەو شوێنی خۆی وەڕێ کەوت. ئەو شەوە خەو نەچوە چاوی کەس. هەر بە ڕێگاوە بووین بۆ ئەوەی لە ئەسڵی کارەکەدا سەرکەوتوو بین. شوێنی تیمی ئێمە لە هەموو تیمەکان دوورتر بوو. ئێمە بەرەو شاخەسوورە وەڕێ کەوتین. زۆر دوور بوو، تا سەردەکەوتی زیاتر تووشی بەفر دەبووی. شوێنی ئێمە تەوا بەفر بوو. بەفریش هەر دەباری.
دوای بڕینی ئەم ڕێگه سەختە، گەیشتینە شوێنی خۆمان. لە گەڵ هەموو تیمەکان قسە کرا. هەموو کەس لە شوێنی خۆی ئامادە بوو. ئێمە لە گەڵ ڕووناکیی هەوا ئەوەی بۆمان دیاری کرابوو لە تەقسیمی کاردا کردمان و چاوەڕوانی ڕوناکیی هەوا بووین تا هێرش بۆ سەر گوردان دەست پێ بکات. شوێنی ئێمە زاڵ بوو بەسەر گوردان دا. بە تەواوی لێمان دیاربوو؛ تیمەکان ، حەوت تیم بووین. تیمی هێرش بۆ سەر گوردان دوو تیمن، بۆ لێدانی ئاوری توند بۆ سەر گوردان تیمێک، بۆ پایەگای نێوماڵان تیمی شاخەسوورە وەک تیمی کەمین لە زینوێ بناوی بە دۆشکە لە گەڵ بوو. خوالێخۆشبوو مەهدی بەدری کە لە فێرگە ڕا هاتبوو لەگەڵ بوو. تیمی ئاخر، تیمی فەرماندهی بوو کە لەگەڵ هەموو تیمەکان لە سەرخەت بوو. ڕەنگە زۆر کەس لەو هاوڕێ خۆشەویستانەی لەو حەماسە بەشکۆیەدا بەشدار بوون بڵێن ئەوە بۆ نێوی من ناهێنی، بەڵام من بۆ ئەوەی غەدرم لە کەس نەکردبێ کەمتر ناوی کەسم هێناوە. من زیاتر ڕۆڵی هەموو پێشمەرگەکانم لە نووسینەکاندا لەبەرچاوە. بەڕای من هەر دەبێ واش بێ. بە نەزەری من ئەوەی لە تێکۆشانی پێشمەرگانەو خەباتی بەرگریکارانەدا بەشدار بووبێ، ڕۆڵی خۆی هەبوە. جا با لەو بارەوە یەک شت باس بکەم:
خدر زەینی کە هەر لەو عەمەلیاتەدا شەهید بوو، لە تیمی هێرش‌دا نەبوو. لە گەڵ تیمی پشتیوان بوو، بەڵام کاتێک تیمی هێرش تەقەمەنیان لێ دەبڕێ، شەهید خدر پێی دەسپێردرێ کە تەقەمەنی بۆ هاوڕێکانی بەرێ. پێش ئەوەی بگاتە هاوڕێکانی لە لایەن هێزی دوژمنەوە پێکرا و شەهید بوو. ڕوحی شاد بێ. باشە دەکرێ بڵێی ڕۆڵیکی ئەوتۆی نەگێڕاوە؟! بۆیە بەڕاستی ئەم گوردانە گەورەوی دووژمن ئەوڕۆژە بە هیمەتی هەموومان گیرا. تەنانەت ئەوانەی لە مەقەڕیش ماونەوە بۆ پاراستنی بنکە و بارەگاکان، بەشێک بوون لە دڵگەرمیی ئەو کەسانەی لەم عەمەلیاتەدا بەشدار بوون. چونکی ئەگەر ئەوان هاتبان ڕەنگە چەند کەسێکی دیکە مابانەوە. بۆیە تەواوی هێزی گیاڕەنگ ڕۆڵی لە گرتنی ئەم گوردانەدا هەبووە. جا ڕەنگە ئەرکی چەند فەرماندە و پێشمەرگەیەک قورستر بووبێ.
لەبەشی ۶٣دا چۆنیەتی دەستبەسەرداگرتنی ئەم گوردانە سەرکوتکەرەی سپای پاسداران لە ناوچەی ئالانی سەردەشت بۆ خوێنەرانی بەڕێز باس دەکەم .
وێنەکە دەستەیەک لە پێشمەرگەکانی هێزی گیاڕەنگ کە ڕەنگە زۆربەیان لەم حەمەلیاتە دا بەشدار بووبن .

…………………………………………….
ئەو ڕۆژانەی قەت لەبیر ناچنەوە
(بەشی ۶۳)
گێڕانەوەی ڕووداوە گرینگ و سرنجڕاکێشەکانی ڕابردوو پڕن لە شانازی و فیداکاری، لێواولێون لە خەباتێکی سەخت کە لە سەر دەستی تێکۆشەرانی ئەو سەردەمە تۆمار کراون بە مێژوو. مێژوویەک کە تا ئێستاش ڕەمزێکه بۆ داهاتو.
هەروەک لە بەشی پێشوودا باسم کرد، لە بەرەبەیانێکی زوودا هەموو تیمەکان لە شوێنی خۆیان ئامادەبوون. لەگەڵ ئەوەی ماندوویی و هیلاکی بە هەموو کوڕەکانەوە دیار بوو، بەرەبەرە هەوا ڕووناک دەبوویەوە. تەم و مژێکی زۆر کێوەکانی دەوروبەری گرت.بوو نم‌نم باران دەباری، هەوا سارد بوو. لەگەڵ ڕووناکیی تەواوی هەوا، گوردانی جێگیر لە پشتی ماڵی بێژوێ لە چەند لاوە کەوتە بەر هێرشی پێشمەرگەکانی هێزی گیاڕەنگ؛ ئاربیچی لە سەر ئاپیچی لە نێو گوردان دەتەقیەوە. تەقینەوەی ئارپیجی و قرمەی بیکەیسی و قەناسە بڕستی لە دوژمن بڕیبوو. تا دەهات هێرش بۆسەر دوژمن تووندتر دەبوو. هەرچەندە چەند کەسێکی بەکرێگیراوی نێو مۆڵگەکە سەرەڕای ئەو ئاورە تووندەی لە سەریان بوو، سەنگەریان گرت بوو، و بەرەو تیمەکانی پشتیوان تەقەیان دەکرد. لە کۆتایی‌دا لە ژێر ئاوری توندی هەردوو دەستەی پشتیوان و تیمی هێرش، ئەو شێرە بەجەرگانەی کە بەدەیان جار لەنێو مۆڵگەی بەکرێگیراوەکانی ڕێژیم‌دا بەسەر دووژمندا زاڵ ببوون، خۆیان لە گوردان نزیک کردەوە و شەڕێکی سەخت و سەنگەربەسەنگەریان لە گەڵ هێزی دووژمن دەست پێکرد. مۆڵگەیەکی تا بڵێی قاییم، هێزێکی زۆر بە ئیمکاناتی باش لە گەڵ پێشمەرگەکان شەڕیان دەکرد. بەڵام شێرەکوڕانی دێموکرات بێ گوێدان بە بەربەستەکانی سەر ڕێگەیان، هەڵۆئاسا دەچوونە پێش. سەرەتا بەهۆی فشاری هێزی دوژمن، تیمی هێرش کەمێک پاشەکشەی کرد. لەو کاتەدا پێشمەرگەی ئازا و بەجەرگ سمایل قوڵەسوێروێ شەهید دەبێ و چەند پێشمەرگەش بریندار دەبن. دوای چەند ساتێک دووبارە دەستەی هێرش خۆیان سازمان دەدەنەوە و بە هاکاری و پشتیوانیی دەستەی پشتیوان هێرش ئەوجارەیان توندتر و دوژمنبەزینتر دەبێ.
هەرلەو کاتە دا مۆڵگەی ناوماڵان لەلاین تمێکی دیکەدەستی بەسەر دا دەگیرێ لە ناوگوند کاک کەیم فەرخە پوور دەچێتە سەر بڵینگی مزگەوتی گوند لە کاتی شەڕە کەدا هەم پێشمەرگەکانی هان دەداو هەم داوای ل هێزەکانی دووژمن دەکرد کە خۆیان ڕادەستی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بکەن هەزار هاوار پوولێک ناکات، ئەڵقەی گەمارۆکان تووندتر دەبن. هێزی دوژمن بەرەو لاوازی دەچێ و دوای شەڕێکی سەخت و قارەمانانە، پێشمەرگەکان دەچنە نێو مۆڵگەی گوردان و دەستی بەسەردا دەگرن. ئەفرادی نێو گوردان، ئەوانەی تا دوافیشەک شەڕیان لە گەڵ پێشمەرگە کردبوو کووژران و باقی هێزەکەی دووژمن خۆیان ڕادەستی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کرد. لە کاتی هاتنی هێزی پشتیوان بۆ یارمەتیی دەستەی هێرش، بەداخەوە خدر زەینی بە دەستی فەرماندەی گوردان کە دوایی کوژرایەوە، شەهید دەبێ. دوای دەستبەسەرداگرتنی گوردان، هەموو دیلەکان بەرەو شوێنی دیاریکراو بەڕێ کران. هەموو چەک و چۆڵی نێو گوردان کە نزیک بە٨٠ قەبزە دەبوو، کەوتە دەستی پێشمەرگەکان. ئەوەی ئیمکانی ڕاگواستنی بوو ڕاگوێزرا و ئەوانی دیکە لە نێو گوردان ئاوری تێبەردرا. دووکەڵ و ئاگری گوردان لە تەواوی ناوچەکە دەبیندرا. هەر لەو کاتەدا مۆڵگەی نێو ماڵانیش لەلایەن دەستەیەکی دیکە لە پێشمەرگەکان دەستی بەسەردا گیرا. دەستەکانی دیکەش تاکۆتای شەڕەکە لە شوێنی خۆیان مانەوە. دوای تەوابوونی شەڕەکە زۆربەی پێشمەرگەکان بە دیل و دەستکەوتەکانەوە بەرەو شوێنی دیاریکراو وەڕێ کەوتن.
پێویستە بگووترێ ئەم شەڕە لە لایەن کادری بەوەجی ئەو کاتی هێزی گیاڕەنگ، کاک محەممەد بایزیدی فیلم بەرداری کرا. لەو شەڕەدا زیاتر لە ١۶ کەس لە نێو گوردان‌دا کوژران، زیاتر لە ۴۲ کەس بەدیل گیران و ئەوانی دیکە هەڵاتن و خۆیان شاردەوە. بەم جۆرە گوردانی بەکرێگیراوانی دوژمن لە ناوچەی ئالانی سەردەشت لە لایەن پێشمەرگەکانی هێزی گیاڕەنگەوە دەستی بەسەردا گیرا.
هەروەک بەشدارانی تیمی هێرش باسیان دەکرد: گیرانی ئەم گوردانە یەکێک لە سەختترین شەڕەکانی بوو و زۆر بەزەحمەت کۆتایی هات. زیانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەم شەڕەدا شەهید بوونی دوو پێشمەرگە و برینداربوونی چەند پێشمەرگە بوو. هەموو تیمەکان دوای دەستبەسەردا گرتنی گوردان پاشەکشەیان کرد. تەنیا ئێمە مابووین کە تووشی شەڕێک بوون لە گەڵ ئەو هێزەی کە لە ئەرکانی دوولکانەوە بەرەو بێژوێ دەهات کە لە بەشی کۆتایی دەستبەسەرداگرتنی گوردانی بێژوێ‌دا چۆنیەتی شەڕی ئێمە لە گەڵ هێزی دوژمن و چۆنیەتی پاشەکشەکردنی هەموو تیمەکان تا گەیشتنەوەمان بۆ بنکە باس دەکەم.
هەموو پێشمەرگە و فەرماندەکانی بەشداری ئەم شەڕە لە سەرخستنی ئەم عەمەلیاتە گەورەیەدا چالاکانە بەشداریان کرد کە بەڕاستی دەکرێ وەک یەکێک لە عەمەلیاتە گەورەکانی ئەوسەردەمە چاوی لێ بکرێ. بەڵام گرتنی ئەم گوردانە هۆکارێک بوو بۆ ئەوی زیاتر فشار بخرێتە سەر باشووری کوردستان و ئەوانیش فشار لە سەر ئێمە درووست بکەن. دەکرێ بگووترێ کۆماری ئیسلامی ئەم هەلەی قۆستەوە و ئیستفادەی خۆی لێکرد و هەر ئەوەش بوو کە چەند مانگ دواتر واتە لە بەهاری ٧٢دا کۆماری ئیسلامی بۆماوەی چەند ڕۆژێک تۆپبارانێکی خەستی بنکە و بارەگاکانی حیزبی لە بناری قەندیل و گوندی شیوەڕەز دەست پێکرد. بەو هۆکارە و چەند هۆکاری دیکەوە ناچار بە چۆڵکردنی قەندیل و گواستنەوەمان بۆ کۆیەکراین.
سڵاو بۆ ئیرادە و بەشداریی چالاکانەی هەموو ئەو کادر و پێشمەرگە و فەرماندانەی بەشداریی ئەم عەمەلیاتە بوون.
ڕێز و سڵاو بۆ هاوکاریی خەڵکی ناوچەکە کە بەڕاستی کۆمەڵێک خەڵک بەنەهێنی هاوکاریان کردین. لەو شەڕەدا هەرکەس لە قەدر توانایی خۆی بۆ سەرخستنی عەمەلیاتەکە ڕۆڵی گێڕا، بەڵام بێ گوومان کاری تیمی هێرش لە هەموویان قورستر بوو، بە سەختییەکی زۆر توانیان دوژمن تێک بشکێنن.
سڵاو بۆ هەموو ئەو کادر و پێشمەرگانەی لە گرتنی گوردانی بێژوێ‌دا بەشدار بوون.
لەبەشی۶۴دا چاوەڕوانی چۆنیەتیی کۆتایی ئەو عەمەلیاتە بن.
وێنەکە ساتەوەختی ئاگر تێ بەردانی گوردانی بێژوێ نەفەراتی ناووێنەکە
کاک حاجی جووندی فەرماندەری هێز عەوڵا شەقاز عەبدوڵا ئەلیاسی هەمزە بخوور ناوی دووکەسەکەی دیکەم لە بیر چۆتەوە .
:::::::::::::::::::::::::::::::::::::::::::::
ئەو ڕۆژانەی قەت لەبیر ناچنەوە
(بەشی۶۴)
هەروەک لە بەشەکانی پێشوو دائاماژەم پێ کرد لە گەڵ ڕووناکیی بەرەبەیان گوردانی بێژوێ کەوتە بەر هێرشی پێشمەرگەکانی هێزی گیاڕەنگ و دەستی بەسەردا گیرا. ئێمە دەستەیەک لە پێشمەرگەکانی کە لە پشتی گوردان لە شوێنێک بەناوی “شاخەسوورە” وەک کەمین سەنگەرمان گرتبوو تا کۆتایی شەڕ سەرەڕای سەرما و سۆڵە لە شوێنی خۆمان ماینەوە. لە کاتی شەڕەکەدا هێزێکی دوژمن لە ئەرکانی دوولکانەوە بەرەو لای ئێمە دەهات. لە ئەسڵ‌دا ئەو هێزە هەوڵی ئەوەی بوو بە یارمەتیی گوردانی بێژوێوە بێن. ئێمەش لە گەڵ سەرەوەی خۆمان باسمان کرد و ئەوانیش گوتیان جارێ لە شوێنی خۆتان بمێننەوە. کاتێک هێزی دوژمن لە ئێمە نزیک بۆوە ئاگاداریان کردین کە پاشەکشە بکەین کە بەڕاستی زۆر هەڵە بوو. چونکی دوژمن بەسەر ئێمەدا زاڵ دەبوو. بەهەرحاڵ بەمەبەستی پاشەکشە کردن کەمێک بۆ خوار خۆمان داگەڕاین، کاتێک سەیرمان کرد نەفەرێکمان نەهاتووە و بەجێ ماوە. بە ناچاری چوار کەس گەڕاینەوە بۆ دواوە؛ مەلا زورار، ڕەحمان وەردەی، عومەر دیواڵی و من. ئەوانی دیکەشمان بۆ خوارێ بەڕێکرد. لە گەڕانەوەماندا لە گەڵ دووژمن دەرگیر بووین و تەقە دەستی پێکرد. ئەوان بەسەر ئێمەدا زاڵ بوون، هەر زوو مەلا زورار بریندار بوو. ئەوجار ئەرکمان قورستر بوو. دەبوایە هەم شەڕ بکەین هەم مەلا زورار کە بریندار ببوو ڕاگوێزین. هەرچۆنک بێ سەرەڕای ئەو فشارەی لە سەرمان بوو توانیمان کەمێک مەلا زورار دوور بخەینەوە و بەرەو ماڵی بێژوێی بەڕێ بکەین. خۆی دەیتوانی بڕوات و گوندی بێژوێیش زۆر دوور نەبوو.
ئەو سێ کەسە لەگەڵ ئەو هێزەی دوژمن کەوتینە شەڕەوە. هێزی دوژمن زۆر و ئێمەش سێ کەس، ئەوان بەسەر ئێمەدا زاڵ بوون و بەرنامەی گەماۆدانی ئێمەیان بوو. شەڕ و لێکدان تا دەهات تووندتر دەبوو. هێزی دوژمن لە ئێمە نزیک دەبۆوە، ئێمە تەنیا یەک لامان لە ئیختیاردا بوو کە پاشەکشە بکەین. بەڵام ئەوان هەموویان بەسەر ئێمەدا زاڵ بوون. زۆر زەحمەت بوو دوو بۆ سێ جار داوای تەسلیم بوونیان لێ کردین. بەرەبەر ئێمە فیشکمان لە کەمی دەدا و فشارێکی زۆرمان لە سەر بوو ،بەڵام سێ کەسی لەگەڵ ئەو هێزە لە شەڕدا بووین. ئەوان بە هەموو جۆرە چەکێک تەقەیان لە ئێمە دەکرد و ئێمەش تەنیا چەکی دەستمان کڵاشینکۆف بوو. لە چەند جێگەیەک نێوانیمان دووسەد میتر نەدەبوو. بەڵام ئێمە بێ‌گوێدان بە فشارەکان، لەبەربەرەکانێ و بەرگیریکردن بووین. دواجار داوامان لە هاوڕێیان کرد کە چەند کەسێک بێن بەفریای ئێمەوە. زۆری نەکێشا کاک عەلی سوورەچۆمی لە گەڵ کۆمەڵێک پێشمەرگە سەرەڕای ماندوویی و هێلاکیی خۆیان کە لە بەیانیەوە لە شەڕدا بوون لە گەڵ دووژمن، مەودایەکی دووریان بڕی و هاتن لە فریای ئێمەوە.
ڕووبەڕووی ئێمە کاک عەلی لە گەڵ خۆم قسەی کرد و بە بی کەی سی و قەناسە هێزی دوژمنیان سەرگەرم کرد. ئێمەش دوای زیاتر لە دوو سەعات شەڕ و بەربەرەکانی، لە داوی دوژمن دەربازمان بوو. ئەگەر ئەو تیمەی کاک عەلی بە هانای ئێمەوە نەهاتبان ئێمە دەرچوونمان مەحاڵ بوو. بەهەرحاڵ ئێمەش دوای ماوەیەک خۆمان گەیاندەوە لای هاوڕێیان لە گوندی بناوێ و لەوێش ژمارەیەک لە هێزی دوژمن کوژرا و بریندار بوون. مەلا زوراریش زۆر بە زەحمەت خۆی گەیاندبوە گوندی بێژوێ. لەوێ دڵسۆزێکی جوڵانەوە هاوکاریی کردبوو.
لەوێوە هەموومان بەدیل و دەستکەوتەکانەوە پاشەکشەمان کرد بۆ گوندی مەزناوێ. کاتێک ئێمە چووینە گوندی بناوێ زۆربەی هێزەکە بەدیل و دەستکەوت و شەهیدەکانەوە بەرەو گوندی مەزناوێ وەڕێ کەوتبوون. چەند کەسێکیش لە سەر ئێمە وەستابوون و دوای یەکگرتنەوەمان لە گوندی بناوێ، ئێمەش بەرەو گوندی مەزناوێ وەڕێ کەوتین. کاتێک ئێمە گەیشتینە گوندی مەزناوێ، شەهیدەکان بەهاوکاریی خەڵکی گوند و پێشمەرگەکان بە باوەشی گەرمی نیشتمان سپێردرابوون. لە گوندی مەزناوێ هەموومان بەیەکەوە بەرەو بنکەکانی خۆمان لە گوندی شیوەڕەز وەڕێ کەوتین. لە نزیک گوندی قندۆڵی باشووری کوردستان سواری ماشێنەکان بووین. کاتێک بە ماشێنەکان بەنێو خەڵک‌دا تێدەپەڕین لە گەڵ پێشوازیی گەرمی خەڵک بەرەوڕوو بووین. کاتێک گەیشتینە نێو شاری قەڵادزێ، کارووانی ماشێنەکان بە نێو خەڵک‌دا تێدەپەڕی، لە گەڵ پێشوازییەکی گەرم و گوڕی ئەم شارە بەرەوڕو بووین. لەوێوە بۆ گوندی شیوەڕەز چووین. کاتێک هەموومان گەیشتینەوە گوندی شیوەڕەز، لە گەڵ پێشوازیی گەرمی هاوڕێ و هاوسنگەرانمان و بنەماڵەکان بەرەوڕوو بووین.
پاش گەیشتنەوەمان، لە ساڵۆنی کۆمیتەی شارستانی سەردەشت قسە بۆ دیلەکانی شەڕ کر او لەسەر پیلانەکانی کۆماری ئیسلامی و چۆنیەتی بەرخوردی هێزی پێشمەرگە لەگەڵ دیلەکانی شەڕ قسەیان بۆ کراو و پاشان دیلەکان ئازاد کران و بەرەو مەرزی قاسمەڕش بەڕێ کران.
بەم جۆرە لە ١٢ی ڕێبەندای ١٣٧١ی هەتاوی هێزی گیاڕەنگ گەورەترین حە مەلیاتی لە سەر دوژمن بەڕێوە برد و دوژمن زەربەیەکی قورسی وێ کەوت. بە دوای ئەم زەربە لە هێزی دوژمن فشارەکان بۆ سەر باشووری کوردستان تا دەهات زیاددەکرد. لەکۆتایی‌دا سڵاو بۆ ڕوحی پاکی هەر دوو شەهید؛ سمایل و خدر. سڵاو بۆ ئیرادەی هەموو ئەم پێشمەرگانەی لەم حە مەلیاتەدا بەشداربوون و ئازایانە هێزی داگیرکەریان بەچۆک‌دا هێنا.
ئەوە دوایین بەشی ئەم حە مەلیاتە گەورەیەی هێزی گیاڕەنگ بوو لە سەر هێزی دوژمن، هیوادارم توانیبێتم ئەو شەڕە وەک خۆی بۆ ئێوە خۆشەویستان باسی بکەم. هەرچەند دەزانم ڕەنگە کەم و کۆڕیش هەبێ لە نووسینەکان‌دا.
::::::::::::::::::::::::::::::::
ئەو ڕۆژانەی قەت لەبیر ناچنەوە
)بەشی ۶۵(

جارێکی دیکە بۆ گیڕانەوی بیرەوەرییەکی دیکەی ژیانی پێشمەرگایەتی، دەچمەوە هاوینی ساڵی ۱۳۷۴ ئەو کاتەی بنکە و بارەگاکانی هێزی گیاڕەنگ لە قووڵایی باشووری کوردستان بوون، لە دێگەڵە لە سەر ڕێگای هەولێر – کۆیە کە لە سنوورەکان زۆر دوور کەوتینەوە و بەربەرەش چونەوەی ئێمە تێکۆشەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کەند و کۆسپی بۆ درووست دەکرا. تا زەمان تێدەپەڕی مەیدانی ئەم شێوە لە خەباتی تێکۆشەرانی ڕۆژهەڵات (خەباتی چەکداری و حزووری پێشمەرگانە) بەرتەسک دەبوویەوە و کۆماری ئیسلامیش زیاتر دەستی ئاوەڵاتر دەبوو. هەموو هەوڵەکانی خۆی دەخستە گەڕ تا ڕێگە لە تێکۆشەرانی دێموکرات بگرێ. بەڵام شۆڕشگێڕانی دێموکرات هەمیشە لە ژێر ڕێنوێنییەکانی ڕێبەرانی خۆیان‌دا درێژەیان بە خەباتی خۆیان داوە و ویستوویانە لە خەڵکی خۆیان دانەبڕێن. سەرەڕای هەموو سەختییەکانی سەر ڕێگا و فشارەکان، بەڵام حیزبی دێموکرات وەک حیزبێکی نەتەوەیی کە هەمیشە باوەڕی بەوە بووە کە یاریدەدەری پارچەکانی دیکەی کوردستان بێ، لە نێوان دوو بژاردەی کێشە درووستکردن و پابەند بوون بەو ئوسولانەی کە حیزبی دێموکراتیان لەسەر دامەزراوە، بژاردەی دووهەمی هەڵبژاد. واتە کەمڕەنگکردنەوەی ئەو شێوە لە خەباتی خۆمان. ئەم بژاردەیەش لە سەر خەباتی کورد لە ڕۆژ هەڵاتی کوردستان زیانی تایبەتی خۆی هەبوو. ئارەزووم دەکرد ئەم نیازپاکی و هەست بە بەرپرسارێتییەی تێکۆشەرانی ڕۆژهەڵات وەک خۆی بینرابا.
سەرەڕای هەموو ئەو شتانەی کە باسم کرد، تیمێکی تێکەڵاو لە کادر و پێشمەرگەکانی هێزی گیاڕەنگ بە سەرپەرستی کاک حوسێن پیرەوان وەک فەرماندەری هێز و کۆمەڵێک لە کادر و فەرماندە و پێشمەرگەی دیکە بەرەو ناوچە وەڕێ کەوتین. دوای تاقیکردنەوی مەرز و ڕێگا کە خۆم لە گەڵیان بووم، لە مەرزی دۆڵەتوو ئاودیوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووین. دوای گەشتێکی چەند ڕۆژە لە گوندەکانی ناوچەی سەردەشت، شەوێک چوینە گوندی هەڵوێ هەڵکەوتوو لە نیزیک نەڵاس و جادەی پیرانشار – سەردەشت. دوای خواردنی نان و چای و جێبەجێکردنی کارە حیزبییەکان بەرەو شوێنی مانەوە، گوندی “هەڵوێ”مان بەجێهێشت. زۆر دوور نەکەوتینەوە کە گوتیان لێرە دەمێنینەوە. ئەوەندەی لەبیرم بێ لە شوێنێک بەناوی “مێوەسپیلکێ” لە نێوان کاژێ و نەڵاس‌دا ماینەوە. شوێنەکە بۆ مانەوە زۆر گونجاو نەبوو بەڵام دوژمن کەمتر شکی لەم جۆرە شوێنانە دەکرد. ماینەوە، بەڵام دەبوایە بە درێژایی ڕۆژ ئارامیی تەواو بپارێزین بۆ ئەوەی ئاشکرا نەبین.
ئەو شوێنەی ئێمە لێی مابووینەوە نێو پۆلەدارێک بوو. لای نیوەڕۆیە دەنگەدەنگ پەیدابوو. چەند کەسێک لە دەوروبەری ئێمە باسی فڕۆشتنی زەمینیان دەکرد: “لێرەوە تا ئێرە بەوندە پێت دە فرۆشم”. دیار بوو کابرا دەیەویست ئەم شوێنەی ئێمە بفرۆشێ وەک پاوان. ئێمەش بۆ ئەوەی نەمانبینن هەست و خوستمان لە خۆ بڕیبوو. ئەوانیش هەر خەریکی مامەڵەی خۆیان بوون. ماوەیەکی زۆر قسەیان کرد، ڕێک نەدەکەوتن. ئێمەش بێ‌دەنگ خۆمان مات دابوو. لۆ کۆتایی‌دا رێک کەوتن و کابرای کڕیار وتی: “ئێرەزۆر پڕە، وادیارە لەمێژە بزنی وێ نەکەوتوە”. زۆربەی کوڕەکان پێکەنین گرتبوونی. ئەوان بێ ئەوەی ئێمە ببینن مامەلەی خۆیان کرد و ڕۆیشتن. یەک لە کوڕەکان کە هەمیشە قسەی خۆشی دەکرد گووتی: “باش بوو ئێمەیان نەدی دەنا کابرا دەیگووت، ئەی بەو بزنانەوە بە چەندی دەفرۆشی.”
دوانیوەڕۆ کاک حوسێن پەیرەوان منی بانگ کرد گوتی؛ ئامادەی لە گەڵ تیمێکی چەند کەسی جەولەیەکی لای میراوێ و نەڵێن بکەی؟ دوای چەند ڕۆژێک لەو دەوروبەرە یەک دەگرینەوە”. منیش بێ سێ و دوو قەبووڵم کرد. ئەو کات من جێگری لکی یەک بووم. کاک حوسێن لێی پرسیم چەند کەس بن باشە، من گووتم بەخۆمەوە شەش کەس تەواوە. ئەوەندەی لە بیرم بێ، پێنج کەسەکەی دیکە بریتی بوون لە: کاک محەممەد میراوەیی، ساڵە دوولکەی، هەمزە بخوور، عوسمان زەردەکانی و مەحموود قەلەڕەشی. بۆ ئەم جەولەیە ئامادە بووین. ئێوارە چووینە گوندی کاژێ و دوای خواردنی نان و چای لەوێ ماڵاواییمان لە یەکتر کرد. ئێمە تیمێکی شەش کەسی بەرەو ناوچەی نەڵێن و ئەوانیش بەرەو مەسیری خۆیان وەڕێ کەوتن. ئێمە ئەو شەوە بۆ مانەوە چووینە کێوی جەنگی. لەوێ ماینەوە و شەوەکەی چووینە گوندی ئەحمەدبریوو. لەوێوە بەرەو نەڵێن .وەڕێکەوتین.
درێژەی هەیە ڕووداوی دیکەی تێ داهەیە .
:::::::::::::::::::::::::::::
ئەو ڕۆژانەی قەت لە بیرناچنەوە
(بەشی ۶۶)
هەر وەک لە بەشی پێشوودا باسم کرد، چووینە ناوچەی نەڵێن و ماوەی چەند ڕۆژێک لە گوندەکانی ئەو ناوچەیە ماینەوە. ئەوەی بۆمان دیاری کرابوو وەک ئەرکی حیزبی، جێبەجێمان کرد. جارێکی دیکە بەرەو سوێسنایەتی گەڕاینەوە. ڕۆژێک لە خوار ماڵی بەردەسوور ماینەوە. ئەو ڕۆژە لە چۆمی بەردەسوور کە دەمێک بوو لیباسمان نەشۆردبوون، شۆردمانن. ئەو ساڵە گوندی دیواڵان زۆربەی شەوەکان کەمینی هێزی دوژمنی لێ‌بوو. بۆیە کەمتر پێشمەرگە بۆ ئەم گوندەچووبوون .
ئێمە ئەو تیمە شەش کەسییە بڕیارمان دا ئەو شەوە بچینە گوندی دیواڵان. ئێوارێ سەرکەوتین لە گەڵ تاریکی هەوا چووینە نێو گوند و ماوەی دوو سەعات لە نێو گوند ماینەوە. دوای کارەکانی خۆمان لەم گوندە بەرەو شوێنی مانەوە، گوندی دیواڵانمان جێهێشت و بەرەو کێوی تاژاندەر و دەشتی “شێخ ئاغا”ی وەڕێ کەوتین کە مەودایەکی زۆری هەیە. لەگەڵ گوندی دیواڵان لە درنگانی شەودا سەرەڕای بڕینی ڕێگەیەکی زۆر بۆ مانەوە، چووینە دەوروبەری ماڵی باساوێ پایەگای دوژمن کە لە تەنشتی ماڵان بوو دیار بوو بۆیە نەدەبوو زۆر جووڵە بکەین.
ئێوارەی ١٣٧۴/۶/٢ قەرارمان بوو شەوێ بچینە ئەم گوندە. هەم گوندێکی گەورەیە و هەم گوندێکی خۆش و پێشمەرگە خۆشەویست بوون. ئێوارێ من گوتم دەچم بزانم تەماسێک لە گەڵ کوڕەکان ناگرم، دیارە پێشمەرگەکان گوتیان مەچۆ بەیانی تەماسیان لە گەڵ بگرە. بەهەرحاڵ بەقسەم نەکردن و چومە کەمێک سەرەوی خۆمان و تەماسم لە گەڵ کاک حوسێنی پەیرەوان گرت. دوای ئەحواڵپرسی بەبێسیم و بە جەدوەلی ڕەمز لێی پرسیم کە ئێوە لە کوێن، منیش شوێنی خۆم پێ گوت. دەرکەوت ئەوان لە نزیک گوندی تووژەڵن. هەر لەوێ پێی ڕاگەیاندم کە نابێ بچنە گوندی باساوێ و دەبێ بەرەو ئێمە بێن. کە گەڕامەوە و بە پێشمەرگەکانم وت کە دەبێ بچینە فڵان شوێن، زۆریان پێ ناخۆش بوو، بۆڵەبۆڵی زۆریان کرد بەڵام فایدەی نەبوو. ئێوارێ بەمەبەستی چون بۆ لای هێز بەرەو گوندی شەمەشێخە وەڕێ کەوتین. لە ڕێگا پێشمەرگەکان بۆڵەیان بوو، دەیانگووت خوایە لە کەمین کەوین!! خەتای تۆ بوو، بۆ واتکرد نەتهێشت بچینە گوندی باساوێ. بەڵام لە پێشمەرگایەتی‌دا هەموو شت بەخۆت نیە. بەهەرحاڵ دوای بۆڵە بۆڵێکی زۆی ئەو چەند کەسە، چووینە گوندی شەمەشێخە. کە چووینە نێو گوند، پێشمەرگەکان کەمێک ئارام بوونەوە و دوای خواردنی نان و چای و کۆکردنەوەی یارمەتیەکی کەمی ماڵی، بەرەو گوندی تووژەڵ وەڕێ کەوتین. لەوێ گوتیان ئاگاداری خۆتان بن ئێوارێ هێزێکی زۆر بەرەو گوندی زێوە و تووژەڵ چوون. ئێمەش بە وریایی هاتین تا پشتی مالی گەڵوو، لەوێ جارێکی دیکە لە گەڵ هێز تەماسمان گرت و بەهێواشی و بە وریایی بەرەو گوندی گەڵوو شۆڕ بووینەوە. لە ماڵەکانی ئەوەڵ ڕەت بووین هیچ نەبوو بەڵام دیاربوو لە نێو گوند جموجۆڵێک هەیە. ئێمە چووینە نێوەڕاستی گوند کە ماڵێکی بە تاقەوە هەیە. لە بن دەرکی ماڵەکە من بە پلیکانەدا سەرکەوتم کە پرسیارێک بکەم. لە وەسەتی پلیکانەکان کچی ماڵەکە منی دیت و بە خۆیدا دا و گوتی چۆن هاتوون؟! نێو ماڵان پڕە!!. منیش خێرا گەڕامەوە، کە گەڕامەوە لە لای دەرکی ماڵەکە لە سێ چوار میتری لە گەڵ جاشەکان تووشی یەک بووین. دیاربوو ئەوان چاویان بە ئێمە کەوتبوو بۆیە هاتبوون بەڵام فکری ئێمەیان نەکردبوو، وایانزانی بوو نیرووی خۆیانن. کوڕەکانی ئێمە بەپەلە تەقەیان لێ کردن و ئەوان نەیانتوانی دەست بکەنەوە. سێ کەس بوون، لە گەڵ تەقە، هاواریان لێ هەستا. ئێمەش نەچووینە سەریان و بەپەلە بەرەو ئاشەکە داگەڕاین. هیچ تەقەی دیکە ڕووی نەدا و ئێمەیان نەدی. کە چووینە ئاشەکە نەفەرێکی لێ‌بوو، کەمێک لای وی ڕاوەستاین، هیچ باس نەبوو، بەڵام نێو ئەو باغەنەی تەنشت ئاشەکە زۆر تایک و هەڵدێرە. بە دە دەقیقە لە باغەکان ڕەت بووین و چووینە سەر ڕێگای تووژەڵ بۆ زێوە. مانگە شەو بوو، وڵات زۆر ڕووناک بوو.
ئەوە تیمەی دیکە دەنگی تەقەکەیان گوێ لێ ببوو بۆیە بە بێسیم دەیانویست لە گەڵ ئێمە تەماس بگرن. سەرەنجام قسەمان کرد، گوتمان ئێمە بووین بەڵام سڵامەتین لە کاتی قسەکردندا بووین کە جارێکی دیکە کەوتینە کەمین و بەسەختی لە چەند لاوە تەقەمان لێ کرا. بە هەموو جۆرە چەکێک. دوای تەقەیەکی زۆر بە سڵامەت لە کەمینەکە دەرباز بووین. دیابوو ناوچەکە تەواو گیرابوو ئەجار تەواوی ناوچەکە وەبەر تۆپبارانێکی قورس درا کە زۆربەی ناوچەکە ئاوری گرت. دووبارە تەماسمان لە گەڵ هێز گرت و لە پشتی ماڵان یەکمان گرتەوە. ئێمە لە کاتی کەمینەکەدا کەوتینە نێو پەڵە وێنجەیەک کە ئاوێ تێدابوو، بۆیە کەوشەکانمان تەواو تەڕ بوون.
دوای ئەوەی یەکمان گرتەوە، ئەو مەسیرەمان بەرەو شوێنی مانەوە بەجێهێشت. دیاربوو تا درنگانێکی شەو تۆپبارانێکی خەستی دەکرد. بۆ مانەوە چووینە پشتی ئاوایی بەردەسوور. لەوێ ماینەوە و بەیانی نەفەرێکی شەخسی پەیدا بوو. خەبەرمان لێ پرسی گوتی ئەو شەو پێشمەرگە لە گەڵوو دەرگیر بوون، جاشێک کوژراوە و دووش بریندارە. دەرکەوت کە شەوێ لە هەر سێ کەسەکە درابوو. کە بەیانی سەیرمان کرد، کەمینی دووهەم ئەوندە لێمان نیزیک بوون کە تەقەیان کردبوو چەند گوللەیەک لە خەشابەکانی ساڵە دوولکەیان دابوو. هێند نزیک بوو گڕی چەکی دوژمن پانتۆڵی یەکێک لە پێشمەرگەکانی ڕەش کرد بوو.
بەم جۆرە لە ماوەی یەک سەعاتدا دووجار کەوتینە کەمینی دووژمنەوە. بەڵام ئێمە زەربەمان لەوان دا و خۆمان سڵامەت بووین.
سڵاو بۆ تێکۆشەرانی ئەو کات و زەحمەتەکانیان.
وەک لە بیرم بێ دوای مانەوەی زیاتر لە ٢۵ شەو بەرەو بنکە گەڕاینەوە.
::::::

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *