ئەو ڕۆژانەی قەت لەبیر ناچنەوە(بەشی ۶٧) له‌ نووسنی خدر پاکدامه‌ن

Posted by
ئەو ڕۆژانەی قەت لەبیر ناچنەوە(بەشی ۶٧) له‌ نووسنی خدر پاکدامه‌ن
کەم وا هەبووە دەرفەتەکان لە دەست بدەین، هەمیشە ئامادە و لەسەرپێ بووین. بۆ ئەوەی زۆرتری حزووری پێشمەرگانەمان لە نێو خەڵکی خۆماندا هەبێ تەنانەت لە وەرزی سارد و سەرماش‌دا سەرەڕای تەحەمولی ئەو سەختییەکانی لەسەر ڕێگامان بوو.
مانەوەمان لە نێو خەڵکی خۆمان‌دا پێ لە هەموو شت باشتر و خۆشتر بوو. بۆیە هەرکات دەرفەت ڕەخسابا لە دەستمان نەدەدا. لە مانگی بەفرانبار ۱۳۷۱دا پێش گرتنی گوردانی بێژوێ، تیمێکی تێکەڵاو لە پێشمەرگەکانی هێزی گیاڕەنگ، چووینە ناوچەی ئالانی سەردەشت. کاک کەریم فەرخەپوور وەک ئەندامی کومیتەی شارستان، بەرپرسی کومیتەی ناوچەی هۆمل لە گەڵماندا بوو. چووینە ناوچەی ئالان و سەردانی چەندین گوندی ناوچەکەمان کردو لە درێژەی گەشتەکەمان‌دا دوو ڕۆژ لە گوندی بێتووش ماینەوە. هەوا زۆر سارد بوو، دەبوو شەوانە هەر لە گوندەکان ماباینەوە. بەیانییەک کە لەخەو هەستاین، واساغ بووینەوە بۆ نەهارێ بچینە گوندی مێرگاسێ. ئەو ڕۆژە هەوا لە هەمیشە ساردتر بوو و بەفر دەباری. تا گەیشتینە گوندی مێرگاسێ، کەمێک تەڕ ببووین. ئەو گوندە ماڵەکانی بڕێک لێک بڵاون. بەسەر ماڵەکان‌دا دابەشبووین؛ من و کاک کەریم فەرخەپوور لەگەڵ نەفەرێکی دیکە چووینە ماڵێک. کە چووین بۆ ماڵەکە دیار بوو کەمێک وەزعی ماڵییان باش بوو. لە ماڵە چووینە دیوێکی گەورە، هەرکە چووین بۆ ماڵەکە داریان خستە نێو کورە و وڵات گەرم داهات. ئێمەش خۆمان کردبۆوە و خەریکی خۆ گەرمکردنەوە بوین. لە ناکاو نەفەرێک هاتە بەر درگای ژوورەکەو دەستی بە ئەملاو ئەولای درگاکەوە گرت و لە پڕ گوتی؛ هات هات هات!!. ئێمەش پێمان وابوو دەڵێ جاش و پاسدار هاتوون و دەیهەوێ ئاگادارمان کاتەوە بۆیە خێرا پەلاماری چەکەکانماندا. کەچی دوای چەند جار هات هات وتن، پێی وتین: “هەموولایەکتان بەخێرێن”!!. درەکەوت فەقیرە لاڵە. بەڕاستی لە ژیانمدا بە قەد ئەم ڕۆژە پێنەکەنیوم. بەتایبەتی ئەو برادەری لەگەڵمان بوو لە ڕادەبەدەر پێکەنی.
دوای ئەوە لە لە گوندەکانی ناوچەی هۆمل درێژەمان بە جەولەکانمان دا، ڕۆژێک کە لە گوندی “بناوێ” بووین، وا ساغ بووینەوە بۆ شەوێ بچینە گوندی “بێژوێ”. بەهەرحاڵ ئەو گوردانەی کە گیرا لەوێوە زۆر بە باشی دیار بوو. ئەگەر هەڵە نەبم لە مێژ بوو پێشمەرگە بۆ گوندی بێژوێ نەچووبوون. کاتێک چووینە نێو گوند و بەسەر ماڵەکاندا دابەش بووین، ئێمە لە گەڵ دوو کەسی دیکە چووینە ماڵەکانی خوار گوردانەکە و لە ماڵەکە خەریکی خواردنی نان و چای بووین. لە نێو گونددا دوو ڕەگبار کران. ئێمەش هاتینه دەرێ و من بێسیمم پێبوو. گوتیان وەرە خوارێ. ئێمەش بەپەلە چووینە خوارێ. بەڵام بە وریایی کە چووین دەرکەوت فەرماندەی پایەگا هاتۆتە نێو گوند. لەگەڵ شەهید ساڵە محەممەدپەنا تووشی یەک دەبن و دەستەویەخە دەبن. فەرماندەکە لە ترسان دەستی ساڵە دەگەزێ و دوای کەمێک شەڕی دستەویەخە هەردووکیان تەقە لەیەک دەکەن و هەردووکیان بریندار دەبن. پاسدارەکە بەبرینداری هەڵدێ. ئێمەش دوای ئەو تەقەیە کە کاک ساڵە دەستی تێدا بریندار ببوو، گوندی بێژوێمان بەرەگوندی بناوێ بەجێهیشت. لە گوندی بناوێ لای کادری دەرمانی، شەهید ساڵە دەرمان کراو. دوای برینداریی شەهید ساڵە بەرەو بنکە گەڕاینەوە ئەگەر هەڵە نەبم ئەو سەفەرە هەر بە مەبەستی تەعقیبکردنی ئەو گوردانە بۆ ئەم ناوچە کرا. چونکی کاک کەریم هەم خۆی کادری ناوچەکە بوو هەم چەند کەسی بەڵەدی ناوچەکەمان لەگەڵ‌دا بوو، وەک فەرماندە کاک برایم شێخی کە خەڵکی گوندی سنجووە، بەڵەدێکی باشی ناوچەکە بوو. دیارە ئێمە لە گەڵ چەند هاوڕێی دیکە لە خزمەتیان‌دا بوون.
دوای گەشتێکی چەند ڕۆژە لە گوندەکانی ناوچەی ئالانی سەردەشت ئەنجامدانی ئەرکە حیزبییەکان لە کەشێکی باراناوی‌دا لە ڕۆژهەڵاتەوە بەرەو باشوور، واتە بنکەکانی خۆمان لە گوندی شیوەڕەز گەڕاینەوە.

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *