ئەو ڕۆژانەی قەت لەبیر ناچنەوە(بەشی ۶٨) له‌ نووسنی خدر پاکدامه‌ن

Posted by
ئەو ڕۆژانەی قەت لەبیر ناچنەوە(بەشی ۶٨) له‌ نووسنی خدر پاکدامه‌ن
بیرەوەری ئەم جارە کە چەند بەش لە خۆ دەگرێ، لەگەڵ بەشەکانی دیکە جیاوازی هەیە. جیاوازییەکەی لەوەدایە کە بە هۆی فشارەکانی کۆماری ئیسلامی لە سەر هەرێمی کوردستان هەست بە بەرپرسیارێتیکردنی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە قۆناغە جۆراوجۆرەکانی خەباتی گەلەکەماندا ڕەنگی دایەوە.
حیزبی دێموکرات هەمیشە وەک بەپڕنسیپترین حیزبی کوردی مایەی لەخۆی داناوەوە و قازانجە نەتەوەییەکانی وەپێش قازانجەکانی حیزب خستوە. بەڵام بەداخەوە رۆرجار ئەم نیاز پاکیەی حیزبی دێموکراتی کوردستان وەک خۆی نەبینراوە. خەبات و جووڵە و حزووری پێشمەرگانە لە ساڵی ١٣۷۵ی هەتاوی چووە قۆناغێکی دیکە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. هەر لەو ساڵەدا بوو کە کۆماری ئیسلامی فشارێکی زۆری خستە سەر هەرێمی کوردستان کە حیزبی دێموکرات خەباتی چەکداری و غرووری پێشمەرگانەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕابگرێت. ئەوە لە حاڵێک دا بوو کە شەڕێکی خۆکووژی و نەخوازراو لە نێوان هێزە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان لە گۆڕێ‌دا بوو کە بێ گوومان هاندەرێک بوو بۆ ئەوی فشاری زۆرتر بخرێتە سەر هێزەکانی ڕۆژهەڵات و کۆماری ئیسلامیش قازانجی خۆی لێ بکات بۆ ئەوەی خەبات و جووڵەی چەکداری و پێشمەرگانە کەم ڕەنگ بکەنەوە. هەرچەند حیزبی دێموکرات هەوڵێکی زۆری دا تائەم بەرنامەی کۆماری ئیسلامی جێبەجێ نەبێ، بەڵام فشارەکان و هەلومەرجەکە بەجۆرێک بوو کە لەوە زیاتر هیچی دیکە نەدەکرا.
لە هەلوومەرجی ئەو کات‌دا قەبووڵکردنی ئەو شەرایەتە نەخوزراوە لە لایەن تێکۆشەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە ناخۆشترین حاڵەت بوو کە تا ئێستاش بە جۆرێک لە جۆران ڕەنگدانەوەی لە سەر هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەرماوە. جیا لەوەش لەگەڵ ئەوەی ئەم شێوە لە خەباتی تێکۆشەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ماوەی چەند ساڵ بەتەواوی کەمڕەنگ بوویەوە، تووشی ڕووداوی زۆرناخۆش بوون؛ ڕۆژ نەبوو لە لایەن کۆماری ئیسلامی و دارودەستەکانیانەوە لە شوێنێکی هەرێمی کوردستان تێکۆشەرێکی ڕۆژهڵات تێرۆر نەکرێ. بە داخەوە ڕوحم بە منداڵی ۶ ساڵانەش نەکرا.
ئەو ساڵەش وەک ساڵەکانی پێشوو، هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە هەموو هێزەکان لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی ڕۆژ هەڵاتی کوردستاندا بوون و ئەرکی سەرشانی خۆیان جێبەجێ دەکرد. ئێمەش وەک هێزی گیاڕەنگ زۆربەی هێزەکەمان لە ناوچەبووین، بەشێکی کەم لە کادر و پێشمەرگەکانمان لە بنکەی سابیت مابوونەوە. دوای گەشتێکی بەرفراوان لە گوندەکانی ناوچەی بووڵفەتی سەردەشت، ڕۆژێکیان لە نزیک گوندەکانی نارست و بووبانە مابووینە و ئێوارە وەک هەموو ڕۆژەکانی دیکە بەرپرسەکەن لە دەوری یەک کۆبووینەوە کە کاک حسن قادرزادە و کاک حەمەنارستی و بەشێکی بەرچاو لە بەرپرسانی دیکە بەشداری کۆبوونەوە کەبوون. دوای قسە و باسێکی زۆر، وا ساغ بووینەوە کە ئەو هێزە بکرێ بەسێ تیم؛ هەر تیمەی لە ناوچەیەک ئەرکی حیزبی جێبەجێ بکات. هەرواشمان کرد؛ بڕیاردارا دەستەیەک لە کادر و پێشمەرگەکان بە سەرپەرستیی حەمە نارستی بچنە ناچەی هۆمل و دەستەیەک لە گەڵ حسن قادرزادە هەر لە گوندەکانی دەوروبەری گیاڕنگ خەریکی جێبەجێکردنی ئەرکی حیزبی بن. سێهەمین دەستە کە منیشی لەگەڵ بووم، کۆمەڵێک کادر و پێشمەرگەی لە خۆ دەگرت و بۆ دیوی جادەی پیرانشار- سەردەشت لەناوچەی بووڵفەت دیاری کراین.
لە ئێوارەیەکی درەنگ‌دا هەر تیمەی بەرەو شوێنی کار و تێکۆشانی وەڕێ کەوتن. شەوی یەکەم ئێمە زۆر نەڕۆیشتین، لە نیزیک گوندەکانی زێوە و نارست ماینەوە. ئێوارەکەی وامان بڕیار دا کە بۆ شەوێ بچینە گوندی زێوە، کاتێک تیمی پێشڕەوی ئێمە لە گوند نزیک بۆوە دەرکەوت نێو گوند نیرووی دوژمنی لێ‌یە. ئێمەیان ئاگادار کردەوە و ڕێڕەوی خۆمان گۆڕی بۆ گوندی گەڵوو. لە گەڵ تاریکی هەوا چووینە گوندی گەڵوو. قەرابوو دوای خواردنی نان و چایی بەرەو گوندکانی دەم‌چۆمی کەڵوێ وەڕێ کەوین. کاتێک ویستمان لە گوند دەرکەوین، لە قەراغ ماڵان لە کەمینی دوژمن کەوتین کە ئاگرێکی زۆر تووندیان بەسەردا باراندین بەڵام بە خۆشییەوە ئێمە هەموومان بەسڵامەتی لە کەمینەکە دەرباز بووین. دوای دەربازبوونمان، ناوچەکە بەتەواوی کەوتە بەر هێرشێکی قورسی تۆپخانەی دوژمن. ئەگەر هەڵە نەبم بەسێ تۆپخانە ناوچەکەی ئاگر باران دەکرد. زۆربەی هەرەزۆری پایەگاکانی ناوچەکە بە هەموو جۆرە چەکێک کە لە بەردەستیان بوو، تەقەیان دەکرد ناوچەکە بەتەواوی نائارام بوو ئێمەش ئەو دەستە لە پێشمەرگەکان توانیمان بەسڵامەت ڕێڕەوی خۆمان بگۆڕین و ناوچەکە بەجێ بێڵین.
با شتی خۆش ون نەبێ؛ کاتێک سەرکەوتین بۆ دەشتی دواڵان ماندوو بووین، دەنگی تەقەش لە تەواوی ناوچەکە دەبیسترا، دانیشتین لە نێو پەڵە نۆکێک بۆ حەسانەوە لە پڕ پێشمەرگەیەک بە گۆچانەکەی لە نۆکەکانی دەدا. گووتمان بۆ وادەکەی؟! گوتی: وردیان دەکەم با خەسار بن، دەنا پاییزێ حیزب هەمووی دەکرێ و ئەو زستانە هەر دەبێ نۆکاو بخۆین.
دژەی هەیە کاروتێکۆشانی ئەوجەولە.

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *