بەشی:چل و چوارەمی گەرانەوە(٤٤) نووسینی:عەلی سوورەچۆمی.

Posted by

بەشی:٣
شێعری:ھاورێ شەپۆل لە رۆژھەڵاتەوە)
…………….
ساڵانێکە:
ساڵانێکە باوکم بە چنینی دیواری ماڵەکان“ماڵم بۆ درووست دەکات.
دایکیشم بە وردە پارچەی سەر چەرخەکەی“ کراسم بۆ ئەدوورێ.
نازانم….نازانم
چ سڕێکە …کە من ھەر رووت و بێ ماڵم.

……………………
بەیەکەوە راست بۆ گۆرەپانی رووداوە گەرمەکان.مانگە شەوێکی خۆش بوو،ئەوەش وای کرد باشتر بتوانین رێگری بکەین لە پڕش و بڵاوی و دابڕ دابڕێکی سەخت.شتێک کە روویدا تەنیا بە ھۆی تووندی و قوورسایی ئاگری دوژمن بوو.من ھۆشی ھیچم نەماوە تەنیا شتێک بەو ھەڵدێرەدا وا دەکات زۆر خەمی بخۆم بێسیم”کەمە،ونی ناکەم لە سەر دەست و بە خللۆر بوونەوە ھەموو پەلەقاژەیەک دەکەم بۆ رزگار بوون.ھەست دەکەم بەری دەستەکانم زۆر دێشێ.بێسیمەکەم ھەڵگرتەوە کەس لەو شوێنە نەماوە،ئەوەی تەواو نابێ ئاگرو دەنگی رەگبارە ناخۆشەکانە،ئاخر ھەر وەک کاک حوسێن سەردەشتی“بۆی نووسیم:ئەو شەوە دوو کەسی تەشکیلاتی“ناو شار لە ناو بازاری(بەرووی)را وێرای خەڵکەکە چاو لە مەیدانی شەرەکە دەکەن،خەڵکەکە دەڵێن:کاکە ئەوە دەڵێی شەری ویتنامە“ئیدی ئەوە نیشانەیەکە بۆ قوورسی مەیدانی شەر،ئاخر ئەو شەوە تیمێک لە پێشمەرگەکان زۆر شێرانە دەست دەکەنەوە،مەیدانی شەر بە ھۆی غرووری ئێمە بۆتە دۆزەخێک بە رووی ئێمەدا.لە جێگایەک تووش بی کە نەتوانی بە حاڵەتی ئاساییش تەقە بکەی ئەوەندە سەخت بێ،لەوەش خرابتر دوژمن لێگەرا تا تیمی پێشرەو رەد بوو رێک لە ئەستوورایی ھێزەکەی ئێمەیان دا.با بە وردەکارییەوە بە نێو رووداوەکان دا شۆڕ بینەوە،لێرە ھەوڵ دەدەم چی رووی داوە ئەوە بخەینە سەر توێی لاپەرەکان،لێرە شکست ھەیە،سەرکەوتن ھەیە،ترس ھەیە،ئازایەتیش ھەیە،زۆر جار رووداوەکان ھانت دەدەن بۆوەی خۆت بگۆری زاڵ بی بە سەر ترس و خۆف دا.باوەر بکەن ھەر بۆ خۆشی با باسی بکەم،بۆ بەیانی لە شوێنی مانەوە،بە چاوی خیرە“وردبوونەوە)دەمروانییە ئەو کەسانەی فیشەکی(خەشاب)ە بە تاڵەکانیان وەردەگرتەوە.لە دڵی خۆم دا دەمگووت:چەند شەرەفێکی گەورەیە ئێستا دیار بی!ئاخر من بە نیشانەی بوێری و ئازایەتیم دەزانی ھەر واش بوو،لە دڵی خۆم دا دەڵێم:بمرەو سەربەرز بە.
……………………………..
جا تیمێکی گەورەو ھێزێکی زۆری پێشمەرگەین من ھێزی گیارەنگم ئەو دواییانە کەمتر وا بینیوە،ئەوان بە پانەوە بە بەرچاوی دوژمنەوە دێن و دەچن،ھەر چەند رۆژ پێشتر ھێزێکی زۆری دوژمن لە سەر دەستی ئەو ھێزە تەفرووتونا کراوە،ئەوان (سام حەوتیان)پێیە.لە ئەرزو ئاسمان لە دوژمن دەگەرێن،ھەر بۆ خۆشی رۆژێک لە نزیک گووندێک مابووینەوە…لە پڕ دەنگی ھێلی کۆپتێر“ھات ئەو شتەی من زۆر لێی دەترسام بڕوا بکەن پێم خۆش نییە ناویشی بێنم!)کاکە یادی بە خێر بە شەھید قادرمەمۆ“بوو، سام ٧“کە…ئەگەر راپەڕی بۆوەی تێی سرەوێنێ….ئیدی ھێلیکۆپتێر“دەرچوو نەگەرایەوە فریای نەکەوت،ئەھھا دەمھەوێ بڵێم:ئەوە رۆژگارە…نەسڵی نوێ باش بزانن!!!چی رووی داوە لە سەر پشتی دوژمن،ئەو دوژمنەی ئێستا پێشکەوتووترین مووشەک“لە سەر ئێمە تاقی دەکاتەوە خۆ لە خۆوە نییە.بەڵێ ئاسمانیشی لێ حەرام کرابوو.
……………………………
قسە خۆشەکانی کەمین“ی ئەو شەوە تەواو نابن!قسەیەکی خۆشی کاک مستەفا مەولوودی ھەیە کە دوایی ئەویشتان بۆ دەگێرمەوە……..
ھەروەھا کاک ھەباس مەلاشێخی.
……………………………..
دەی کاکینە با زۆر دوور نەکەوینەوە
ناھێڵم ماندوو بن……..
کارێکی دیکەی باشی ئێمە ئەوە بوو تیمێک لە پێشمەرگەکان لە گووندی تووژەڵ“ماونەوە خۆ کاک شاخەوان گووتەنی:ئەگەر ئەو چەکە قوورس و(وڵاخ)چوار پێیەی پێمان بوو رێک ئەوانیش لە گەڵ بان،وەزع زۆر لەوە خرابتر دەبوو.دوای دەست پێ کردنی شەر ئەوانیش داکشان و بە ھاواری ئێمەوە ھاتن.دەی بە پەلە راست دەبمەوە بە دوای ھێزەکەی خۆماندا رۆیشتم،بە مەودایەکی کەم خۆم گەیاندەوە ئەوان،یەکسەر پرسیاری کاک مستەفام“ کرد ئەوم دیتەوە ،ھێشتا لە ژێر ئاگری دوژمن داین راستی کەس نازانی چی روویداوە.چوومە پشت سەری کاک مستەفاو لە گەڵی کەوتمە قسە کردن،لە دواوە ھەر لێیان دەداین و ویزە ویزی گوولان“بوو،راستی ئەو ھەموو ئازارەی چێشتم ھەر لە بەر ئەو بوو.
…………………….
کەمێک دوور کەوتووینەوە ھێشتا روون نییە کێ ھاتووە کێ جێماوە کێ بریندارە کێ شەھید بووە.کەمێکی دیکە سەرکەوتین لە شوێنێکی تەنگەبەر راوەستاین تا سەر ژمێرییەک بکەین.ئیدی دەرکەوت تیمێکی چەند کەسی لە گەڵ ئێمە نەماون،نیگەرانی زیاتر دەبێ ھیچ جۆرە پێوەندییەک لە نێوان ئێمەو ئەوان دا نییە.
کاک سلێمان کەڵەشی“بە پەلە بانگی کردم گووتی:پێویستە ھەر ئێستا بە پەلە تیمێک ھەڵبژێری و بگەرێنەوە بۆ شوێنی گەمارۆکە(دۆزەخەکە!)دەی چار نییە رۆژ رۆژی تەنگانەو کوورانی بوێر و خۆبەخش،خۆ ئێمە ئەو گەڵایە نین بە ھەموو بایەک ھەڵوەرین ،لە خۆوە ئەو شاخ و کێوەمان ھەڵنەبژاردوون.جا ئێستا بۆ ئەو قسەم کاک حەسەن خۆشکەلام“بە شاھید دەگرم بۆوەی بزانین چەند زەحمەتە جارێکی دیکە بگەرێیەوە بۆ مەیدانێکی گەمارۆ دراو،نیازم بوو دە“کەسێکی ئازا جیا بکەمەوە!چەند جارێک نەفەرم بانگ دەکرد بێ سوود بوو،کاریگەری شەرەکە و گەمارۆکە زۆر بوو.بە ھەر شێوەیەک بوو کە نامھەوێ زیاتر باسی بکەم چەند کەسێکن جیا کردنەوە کە خۆشکەلام“باش دەزانێ بە چ زەحمەتێک وەرێکەوتین, تا شتێک لە چارەنووسی ھاورێکانمان بزانین،تۆپ بارانی دوژمن خەست بووە،ئێمەش کەمێک تاساوین.دەی قووربانتان بـم ئیمە رۆژی وا سەختن زۆر دیتوون ھیممەت بکەن ھەنگاوەکانتان تووندتر بنێن با بزانین چی دەکەین……..
چاوەروان بن خۆشەویستانم….
سووپاس کاک عوومەر فەرخەپوور بۆ چاک کردنی ئەو وێنەیە

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *