ئەو رۆژانەی قەت لەبیر ناچنەوە (بەشی ٧۴) له‌ نووسینی خدر پاکدامه‌ن

Posted by
ئەو رۆژانەی قەت لەبیر ناچنەوە (بەشی ٧۴) له‌ نووسینی خدر پاکدامه‌ن
ساڵی ۱۳۷۲ هەتاوی لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان هەر شەوەو گوندێکی کوردستان پۆلێک پێشمەرگەی دێموکرات دەگرێتە باوەش. هەر ڕۆژەو هەواڵی سەرکەوتنێکی بێ‌وێنە لە ڕادیۆ دەنگی کوردستان بڵاو دەبێتەوە. ئێمەش زۆربەی کادر و پێشمەرگەی هێزی گیاڕەنگ و کومیتەی شارستانی سەردەشت لە ناوچە بوون، لە نێو خەڵکی نیشتمانپەروەر و تێکۆشەری ناوچەکەمان، ناوچەی سەردەشت.
لە مانگی خەرمانانی ساڵی ۷۲ ئەوەی لەبیرم بێ لە ناوچەی ئالانی سەردەشت لە کۆبوونەوەی فەرماندەرانی ئەو کاتی هێزی گیاڕەنگ بڕیار درا کە عەخ مەلیاتێک لە نێو شاری سەردەشت بەڕێوە بەرین کە لەوکاتەدا چوونی پێشمەرگە بۆ نێوشار و ئەنجامدانی عەمەلیات بۆ خۆی گرینگ بوو و ەدانگدانەوەی باشی دەبوو. دوای دانی بڕیارێکی لەم جۆرە، هەموو هێزەکە کرا بە سێ بەش؛ بەشی زۆری بە سەرپەرەستیی کاک مستەفای مەولودی و کاک سلێمان کەڵەشی هاوڕێ لە گەڵ چەند فەرماندەی تێکۆشەری دیکەی بەرەو کوێستانەکانی ناوچەی باژاڕدا بەرەو سوێسنایەت وەڕێ کەوتن. تیمێکی دیکە لە تێکۆشەرانی دێموکرات کە پێک هاتبوو لە دەستەیەکی هەشت کەسی بە سەرپەرەستیی فەرماندەی بوێر و تێکۆشەری ڕۆژە سەختەکان، کاک حەمەڕەسووڵی کەریمی و، چەند کەسی دیکە لە تێکۆشەرانی بەڵەدی نێوشاری سەردەشت بە مەبەستی چوونە نێو شاری سەردەشت و زەربەلێدان لە هێزی دووژمن هاوڕێ لە گەڵ دەستەیەکی دیکە، زنجیرە چیای “هۆمل”مان گرتەبەر.
ڕۆژەکەی لە سابنێ، هەڵکەوتوولە داوێنی چیای هۆمل ماینەوە. دیارە شوێنی مانەوەی ئەو رۆژە شوێنێکی زۆر ئەستەم بوو بۆ مانەوە. بەڵام بەشێوەیەکی پارتیزانی ماینەوە تا دووژمن هەست بە بوونمان نەکات. ئێوارێ بێ ئەوەی بچینە هیچ گوندێک، بەرەو گوندەکانی دۆڵی قازان وەڕێ کەوتین. لە نزیک گوندی قازان، ئەو تیمەی کە بۆ ئەنجامدانی عەمەلیاتێکی بەرچاو لە نێوشاری دیاریکرابوون لە ئێمە جیا بوونەوە. ئەوان بەرەو مارەغان و ئێمەش هەر لەو دەوروبەرە ماینەوە و چاوەڕوانی ئەو تیمە بووین کە دەچوونە نێو شاری سەردەشت. ئەو تیمە ڕۆژەکەی لە دەوروبەری گوندی مارەغان دەمێنەوە و ئێمەش لە نزیک مووچەی پیرکی ماینەوە. ئەو ڕۆژە بە ئارامی تێپەڕی. لە گەڵ تاریکی هەوا ئەو تیمە خۆیان لە گەڕەکەکانی شار نزیک دەکەنەوە و لە گەڵ تاریکی هەوا هەموو بەربەستەکانی سەر ڕێگا بەرەو شاری دەبڕن و واریدی گەڕەکانی شار دەبن و لە گەڵ پێشوازیی گەرمی خەڵک بەرەوڕوو دەبن. ئەو جار بە درووشمەکانی؛ “بژی حیزبی دێموکرات” و “قاسملوو ڕێگات درێژەی هەیە”، هێرش بۆ سەر چەند مۆڵگەیەکی دوژمن دەست پێدە کەن. وەک؛ مەرکەزی ئیتلاعاتی شاری سەردەشت و چەند شوێنێکی دیکە و گرمەی ئارپیجی و دەنگی تەقەی چەکی پێشمەرگە لە کۆڵانەکانی شاردا دەبیسرا و هەست و سۆزی شۆڕشگێڕانە چەند گەڕەکێکی شاری داگرتبوو. خەڵکی بە بێ‌ترس، پێشمەرگەکانیان لە باوەش گرتبوو. پاش بە ئەنجام گەیاندنی ئەرکی خۆیان لە نێو شاری سەردەشت بۆ جاری دووهەم، تێکۆشەرانی هێزی گیاڕەنگ بێ ئەوەی دوژمن بتوانێ چووکەترین ڕێگریان لێ بکات، بە وشیاری وریاییەوە لە شار دێنە دەرێ.
بەم جۆرە دەستەیەک لە تێکۆشەرانی هێزی گیاڕەنگ لەمانگی خەرمانان دا، گەڕەکانی شاریان کرد بە سەنگەری خۆیان و دووژمنیان تاساندو دڵی خەڵکیان خۆش کرد.
ئەگەر بە وردی سەیری ئەم هەڵوێستە ئازایانە بکەین، هەم چوونی پێشمەرگە بۆ نێو شار سەخت بوو، هەم دوژمنیش بە چوونی پێشمەرگە بۆ نێو شارەکان ناڕەحات دەبوو. ئەو تیمە دوای ئەوەی ئەرکی خۆیان بە جوانی بەڕێوەبردبوو گەڕانەوە بۆ لای ئێمە لە گوندی خڕێ‌ئاغەڵ و یەکمان گرتەوە.
چەندە خۆشە ئەوکاتانەی دەستەیەک دەچوون بۆ جێبەجێکردنی ئەرکێکی حیزبی و بە ساغ و سڵاماتی دەگەڕێنەوە لای هاوسەنگەرانی دێکەیان، ئەو شەوەش هەروا بوو. دوای گەڕانەوەی ئەو تیمە لە نێو شار و یەکگرتنەوەمان، گەشتەکانی خۆمان لە ناوچەی سەردەشت درێژەپێ دا.
لە بەشی ۷۵دا بەشی کۆتایی ئەم جەولەیە بۆ ئێوەی ئازیز باس دەکەم .
ئەم وێنە لە سنووری ڕۆژهەڵات گیراوە .

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *