بەشی: نەوھەدو شەشی گەڕانەوە(٩۶) له نووسینی:عەلی سوورەچۆمی

Posted by
بەشی: نەوھەدو شەشی گەڕانەوە(٩۶) له نووسینی:عەلی سوورەچۆمی
گەمارۆ…بەشی ٢
وەرە لە ژێر تەوژمی چاوەڕوانی دا ،تاوێک دوور لە ھەڵوەدایی سەفەری جووغرافیای خەون و جوانی بکەین. لێرە بە دوای مەرھەمی برینە سارێژ نەکراوەکاندا دەگەڕێین. لە حاند مێژووی پێشمەرگە و کووڕە ھەژارەکانی شۆڕش کڕنۆش دەبەین.
ڕەنگە زەحمەت بێت بتوانین ھەموو ڕووداوەکانی ئێرە بە پێی چاوەڕوانیەکان بگێڕینەوە ،بەڵام: ھەوڵ دەدەین تا ئەو جێگایەی توانا ھەبێ ھەموو ڕووداوەکان کەم و زۆر باس بکەین. لەو بارەوە پێشەکی داوای لێبووردن.
بۆ نێو ڕووداوەکان
……………
ئەو کات ئەو تیم(ە)بەرەو ناوچە ڕۆیشتین ،فشارەکان بە درێژایی سنوورەکان بەردەوام بوون. بە ھۆی تۆپ باران(ە) بەردەوامەکانی ڕێژیم بەشی ھەرە زۆری ماڵەکان بەرەو شارەکانی»قەڵادزە-ڕانیە«ڕاگوێزرابوون. ڕاستی ھیچ ڕوون نەبوو داھاتووی بنکەو بارەگاکانی ھێزی گیارەنگ و کومیتەی شارستانی سەردەشت. جارێ لە درێژەی ئەو ڕووداوانە دەگەڕێین لە کۆتایی دا جارێکی دیکە دەگەڕێینەوە بۆوەی بزانین تا لە ناوچە دەگەڕێینەوە چی ڕوودەدات. باش با دەست پێ بکەین.
لە بەر ئەوەی پێم باشە شۆڕشگێڕانی ئەو مێژووە بیر نەچنەوە ناویان دەھێنین ،بۆوەی ناوی ئەوان بچێتە نێو لاپەڕەکانی مێژووی خەبات بۆ ڕزگاری. دواتر ئەوانەی ناویان نەھاتووە بە ھاوکاری رەفیقان زیاد دەکرێن.
لەوانەی لەو تیم(ە)دا بەشدار بوون ئەوەندەی ناوەکانم لە بیر مابن ،دەیان نووسین. دیارە ،بەشێک بە ھۆکاری تایبەت ناوی تەواوی ئەوان نانووسین ،ھیوادارم ئێوەش لە کۆمێنتەکان و ناو ھێنانەکاندا ڕەچاوی ئەوە بکەن.
……………………………………………………………….
خدر میراوەیی ، مەحمەد بایزیدی ،کەریم فەرخەپوور ،برایم شێخی ، حەسەن ئیسماعیلی(قەلەرەشی),مەحمەدە سوورە ،عوسمان زەردەکانی ، مەحمەد مام ئاغا ،سەید قادر ،شاخەوان عەزیزی ، مەنسوور رەحیمی ،ئاکار پەردەدار ،حوسێن فەقێ عەلی ،نەجمە شەریعەتی ،مەحمود قەلەرەشی ، م..م.. یۆسف ساجدی ،قادر مەمۆ ،س.. ت ،تۆفیق مارەغانی ،م… پ ،مووتەللیب ڕەسوڵی ،عەلی سوورەچۆمی….
…………………………………………………………………
ئێستا ھەوڵ دەدەم لە سەر ئەو تیم(ە)ی خۆمان بنووسم تا شوێنی مانەوە ،دواتر دەگەڕێمەوە بۆ باس لە سەر دوو تیم“ی دیکە. پڕیشکی ڕووداوەکانی ئێرە سیاسی(ن) و لێکەوتەکانی لەو دیو ڕووداوەکان قووڕس.
……………
ئێوارە درەنگانێک لە نێو بنکەکانمان ڕا وەڕێ کەوتین. دەیان پێشمەرگەو لاوی ڕۆژھەڵاتی دڵ پڕ لە ھیوا بە بەرگی خاکی و جوانی پێشمەرگایەتییەوە بە زەردە خەنەو دڵ پڕ لە ئەوین ،بەرەو سنوورەکانی ڕۆژھەڵات بە چەند ماشێنک کەوتینە ڕێ. با ئەوەش لە بیر نەکەین کە دەبێ زۆر بە پارێزەوە بە لەبەر چاوگرتنی ڕێنماییەکانی ڕێبەرایەتی حیزب“،بە پێی شەرایتی نوێ لە باشووری کوردستان(ە)وە دەرباز بین. جێگای خۆیەتی بۆ مێژوو باس لەوە بکەین کە ،حیزبی دێموکرات بە پێچەوانەی ھەموو ھێزێکی سیاسی کوردستانی ,ڕەچاوی پێشھات و تایبەتمەندی بەشەکانی دیکەی کردووە. ھەرگیز بە بیانووی ئەوە کوردستان(ە) و زۆر دەستەواژەی دیکەی سەر زمانان ،ھەڵوێستێکی نەگرتووە یا کردەوەیەکی لە خۆی نیشان نەداوە کە بە زیان بۆ کورد لە بەشەکانی دیکە تەواو بێ ،بە ھۆی ئەوەی دەکرێ بەرژەوەندیەکان دژ بە یەک و دەبێ واقع ڕەچاو بگرێ. بەڵێ: بێ ئەوەی تووشی ھیچ بەربەستێکی جیددی بین بە شێوەیەکی زۆر باش خۆمان گەیاندە سنووری کوردستانی ڕۆژھەڵات لە ناوچەی ئالانی سەردەشت“. شەوەکەی دوای پەڕینەوە لە سنوور بە پەنا چەند گوندێکی ناوچەکەدا بەرەو شوێنی مانەوە چووین. راستی بۆوەی تا لە سنوور دوور دەکەوینەوە یا ئەوەی کە لە باروودۆخی ناوچە تێدەگەین لە ھیچ گوندێک“لامان نەدا ،تا بەیانی لە نزیکەوە ھەم لە ڕێگای بینینی خەڵک ھەم ھەڵسەنگاندنی مەوقعییەت و گۆڕانکارییەکانی ناوچە بە چاوکراوەیی بەرنامەکانی داھاتوو و چۆنییەتی جووڵەی خۆمان داڕێژین.
بەو جۆرە لە شەوێکی مانگی پووشپەڕدا کە وابزانم ٩ ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٧٢- بوو ،دوای بڕینی ڕێگای شەوێکی گەرم گەیشتینە شوێنی مانەوە. ئەوەش لە بیر نەکەم! ھەر ئەو شەوە بووین بە دوو تیم“کە تیم“ێک لە گەڵ کاک برایمی شێخی“نزیکەی ٨-کەس بوون نێردران بۆ شوێنێک لە نزیک گوندی تێیەت“،لە مووچەیەک مانەوە بۆوەی لە کاتی پێشھات یا ھاتنی ھێزەکانی دوژمن بتوانین باشتر پشتیوانی یەک بین. ئەو تیم(ە)ی ئێمە بە لای گوندی زەردەکانی“بە بەری چیای تاڵیش“ەوە ماینەوە. ئێستا دەمھەوێ چەند زانیاریەکی دیکە بۆ ئێوە باس بکەم بۆوەی ببێتە بەرچاو ڕوونی و دواتر باشتر لە ڕووداوەکان تێبگەن. دیارە ، شتەکان ئاڵۆزن و ھەوڵ دەدەم کە بە شێوەیەکی ڕەوان بنووسم.
…………..
لە بەشی پێشوودا باسی ئەوەم کرد ،کە: دوو تیم“ی دیکە دەگەنە ناوچەکە. تیم“ێک بە فەرماندەیی کاک ڕەحمان شۆکە“کە بریتی دەبن لە: ١-ڕەحمان شۆکە ٢-حەسەن خۆشکەلام ٣-حوسێن مەلازوورار ۴- م.. د ۵- م.. گ …۶ ڕ… م . بەو جۆرە…جا پەلەم لێ مەکە وا بۆت باس دەکەم جوان حاڵی بیت! چۆن ،بەڕاستی بەربڵاوە. دەی جارێ ڕوون کردنەوەی ئێرە دەنووسم بۆوەی ئەرکی تیم“ی دووھەم باشتر بزانن کە ئەویش ڕوون دەکەینەوە.
بەڵێ: ئەو تیم(ە) گەیشتوونە ناوچەکە لەوەش زیاتر ،ئەرکی ئەو تیم(ە) و ئەوی دیکەش وەک من بزانم ھیچ پێوەندی بە ئێمەوە نییە! ھەر بە ڕێکەوت کەوتووینە ناوچەیەک. بڕوا بکەن ھەر ئەوەش نا! ئێمە ھیچ زانیارین لە سەر ئەو دوو تیم(ە)نییە. بەڵێ: ئەو تیم(ە) ھاتووە تا کار درووستایی بۆ تیم“ێک بکات کە دێن بۆ ئەرکێکی تایبەت ،واتە: ئەو دوو تیم(ە)ئەرکەکەیان بە یەکەوە ڕادەپەڕێنن.( لە سەر ئەوەی گووتم:ھیچ زانیارییەک نەبووە با تووشی ھەڵە نەبم من وام بیر ماوە یا دەکرێ بەرپرسی یەکەم ئاگادار بووبێ و ئێمە نا)دوایی پێت دەڵێم چۆن زانین چی ڕووی داوە.
……………
ئێستا بزانین تیم“ی دووھەم..
توانیم کاک مەحمەد کەسرایی“بدوێنم ئەو کەسەی زۆر شتی بە درێژایی ئەو شۆڕش(ە)واتە: شۆڕشی نوێ پێیە. ئەو مامۆستا و قووتابخانە بوو بۆ نەسلی ئێمە ،ھەمووی ئێمە قەرزداری وانەو زەحمەتەکانی ئەوو چەند کەسێکی دیکەین ،کە بەردەوام بە گووتنەوەی وانەی سیاسی لە وشیار کردنەوەو پێگەیاندنی دەیان پێشمەرگە لە سەردەشت جێ پەنجەیان دیارە. خۆزگە کادرو شۆڕشگێرانی وەک کەسرایی“و زۆری دیکە دەکران بە چەقی فێر بوون ،بۆوەی فێر بین کێ بوون ڕۆژانی سەختی خەبات لە کانگای شارەکاندا بزوێنەرو داینەمۆی کاری گەورە بوون.
………….
باش ، کاک مەحمەد ئاوای بۆ نووسیم…….
بە کوورتی ١١ی پووشپەڕ بوو ،من لە بۆڵێ لە بناری قەندیل بووم لە دەفتەری سیاسی. لە سکرتاریا“بانگیان کردم ،گووتیان بەیانی دەگەڕێیەوە بۆ شیوەڕەز لە گەڵ قاسم قارەمانی ،(خبرنگار)ێکی خاریجی لە گەڵتان دێت.(وابزانم ئەڵمانی بوو) دیارە پێشتر مەسەلەکە لە گەڵ کومیتەی شارستان باس کرابوو. ئەوە بوو بۆ بەیانی وێکرا گەڕاینەوە بۆ شیوەڕەز. ھەر ئێوارەکەی لە شیوەڕەز ڕا ئەو چەند کەس(ە)بەرەو ناوچە وەڕێ کەوتین
ناوەکان ١-کەسرایی٢-حەمەڕەسوڵ کەریمی٣- غەفوور ڕیشی۴-قاسم قارەمانی ۵- ھەواڵنێرەکە کە ئەڵمانی دەبێت ۶- جەلال بێتووشی. ئەو تیم(ە) بە ماشێنی حیزب کە کاک فەتحووڵای لووتفی شۆفیر دەبێ بەرەو سنوور دەڕۆن.
ئێستا لێرە باشتر بۆت ڕوون دەکەمەوە.
لە بەشی یەکەمدا بۆم باسی ئەوە کردن کە ڕێژیم خەریکی ڕاگواستنی چەند گوندێک بوو لە ناوچە سنووریەکان ،ئەوە ببوو بە ھۆی ناڕەزایەتی خەڵک و ترسێکی زۆر بۆیان ،بەڵام: خۆ بە پێچەوانەی ئەوە! ڕێژیم لە ڕاگەیاندنەکانی خۆی دا و لە سیاسەتی خاریجی دا ڕوو بە دنیا دەیگووت: کوردستان ئارام بۆتەوە ھیچ کێشەیەکی جیددی نەماوە! ھێزەکانی توانیویانە ئەمنییەت بگەڕێننەوە. حیزب لێرەدا ،مەبەستی بوو لە ڕێگای ھەوڵنێرێکی“خاریجی و لە نزیکەوە پێچەوانەی ئەو ئیدیعایە نیشان بدات ،نەک ھەر ئەوە ،بەڵکوو: لە نزیکەوە بیسەلمێنێ کە ڕێژیم خەریکە گوندەکان ڕادەگوێزێ ،بە ھۆی پێوەندیان لە گەڵ ھێزی پێشمەرگەو حزووری پێشمەرگە لە کوردستاندا ،ھەمدیس ئەوەی کە کوردستان چۆن میلیتاریز“کراوە بە ھێزی سەرکووتگەر.
باش جا گوێم بۆ بگرە… تیم“ی یەکەم چووە خەڵک ببینێ و ئامادەکاری بکات بۆ شەوی دوایی بۆ چاوپێکەوتن و قسە کردن بۆ ھەواڵنێرەکە. لە کۆتایی دا ئەوەش بزانن ئەو دوو تیم(ە) بە یەکەوە ھەماھەنگیان کردووە ، ئەوەی بەو دوو دەستەی نەزانیوە! ئەوە تیم“ی ئێمەیە.
ئەوە وەزعییەتەکە بوو ،بۆ بەشی داھاتوو باشتر ڕوونی دەکەمەوە. تۆش بزانە تووشی شەڕێکی قووڕس دەبین دەیان کەس لە ھێزەکانی ڕێژیم ناوچەکەیان بە سەر ئەو تیم(ە) دا داخستووە کە خبرنگار-یان ھێناوە ،ڕێژیم خەریکی زەڕبەیەکی وا بە ژانە کە بۆ حیزبی دێموکرات دەبێت بە شکستێکی گەورەو پشت ڕاست کردنەوەی تەبلیغاتی ڕێژیم لە ناوخۆو دەرەوە. راستی ڕێژیم ھەموو شتێکی زانیوە دەیەوێ ھەواڵنێری خاریجی بە زیندوویی بکەوێتە دەستی.
………………………..
١-لە سەر ناوەکان گلەییم لێ مەکە کێ بیر چووە زیادی دەکەین…
٢- بیرەوەرییەکانی ئێرە بەردەوام دەبن ،لە سەنگەرەکانی پێشەوە ڕووداوەکان دەگێڕینەوە. خەبات بۆ ڕزگاری لاپەڕەکانی بە درێژایی مێژوو درێژ بوونەوە.
………………………..
تێبینی: چەند وێنەیەکی ناوچە و شوێنی مانەوە لە کۆمێنتی یەکەمدا ھەیە.
وێنەکان
وێنەی یەکەم کاک ڕەحمان ئیبراھیم زادە(شۆکە)
دوو ، لە ڕاستەوە
شەھید ئازاد ئاڵی. کاک حەسەن خۆشکەلام. کاک عوسمان

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *