بەشی:نەوھەدو حەوتی گەڕانەوە(٩٧) له نووسینی: عەلی سوورەچۆمی.

Posted by
بەشی:نەوھەدو حەوتی گەڕانەوە(٩٧) له نووسینی: عەلی سوورەچۆمی.
گەمارۆ… بەشی٣
سەرەتا داوای لێبووردن بە ھۆی ئەوەی تەنیا بە مۆبایل“دەنووسـم ڕەنگە داڕشتن و دابەزینی ڕەستەکان کەمێک نارێک بن.
لە گۆشەیەکی دیکە خوێندنەوە بۆ ڕووداوەکان دەکەین دواتر ھێدی ھێدی شۆڕە دەبینەوە بۆ قووڵایی باسەکان.
دەمھەوێ جارێکی دیکە جەخت لەوە بکەمەوە کە جمھووری ئیسلامی زۆر بە بەرنامە کاری دەکرد. کە لەوە دڵنیا بوو ڕاستەوخۆ لە مەیدانی شەڕو گۆڕەپانی بەربەرەکانیدا شکستی ھێناوە ،لە دەست ھێزێکی پارتیزانی و خاوەن ئەزموون کەواتە ،دەبێ بە ڕێگای دیکەدا بکەوێتە ململانێ لە گەڵی. ئیستراتیژیەتی جمھووری ئیسلامی بوو بە: کار کردن و گۆشەگیر کردنی ھێزەکانی حیزبی دێموکرات“لە دەرەوەی سنوورەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان. بۆ ئەوەش بە پشوو درێژی و ھەنگاو بە ھەنگاو دەھاتە پێشێ. راستی زۆر جار کەمتەرخەمی ئێمە یا دەقیق نەخوێندنەوەی مەرامی جمھووری ئیسلامی“بوو بە ھۆی زیاتر کشانەوە.
………………
ئێستا ئاوا دەست پێ دەکەین.
با جارێ باس لەو دەستەیە“بکەم کە شەوی پێشتر گەیشتوونە گوندی مەزناوە“کە بە مەزەندەی زۆر بۆتە ھۆی دزە کردنی ھەواڵەکە. دیارە مەرج نییە تەنیا ھۆکار بێت! چۆن ڕێگای دیکەو سەرچاوەکانی ڕێژیم لە سەر سنوورەکان بە بەردەوامی کارا بوون. ڕێژیم ھەموو ئیمکاناتی خۆی بۆ لە ژێر چاوەدێری گرتنی ھێزی پێشمەرگە تەرخان کردبوو. ئەو تیمە ،شەوی پێشتر دەگەنە نێو گوند. ھەر ئەو شەوە بە پێی بەرنامە خەڵک دەبینن ،بە شێوەیەکی وا کە ھەواڵەکە بڵاو نەبێتەوە. ئەوە دەبێ کە چاویان بە چەند کەسێک دەکەوێ. بۆ کارێکی ئاوا ڕەنگە سەرەڕای لە بەرچاو گرتنی ھەنگاوەکانی پێشگیری بۆوەی باس و خواسەکان دزە نەکەن ،بەڵام: ئەوە بەو مانایە نییە کە ترس لە بڵاو بوونەوەی ھەواڵەکە نەبێ و ، ئێمە لایەنێکی گرینگی مەسەلەکە کە ئەمنییەتی کارەکەیە لە بیر بکەین. ئەو شەوە تا ئەو جێگایەی ئاگادار بین لە گوند“چەند کەسێکی زۆر کەم دەبینن کە یەک لەوان کەسێک بووە بە نێوی عەوڵا بەغدادی“کە وابزانم شووڕای گوند“بوو. ناوبراو…خۆ ئەگەر ئەندامی حیزب نەبوو بێت ،دڵنیام لەوە کەسێکی زۆر باش و نیشتمان پەروەر بووە ،کە حەقی زۆر بە سەرمانەوە ھەبوو. لێرەدا ھەر ویستم وەک وەفایەک ناوی بھێنم ،چۆن بەشێکی زۆر لە پێشمەرگەکان دەیان ناسی. ئەو کەسە دواتر کەوتە سەر مەیدانی مین“وەک زۆر خەڵکی زەحمەتکێشی دیکە لە پێناو بژێوی ژیاندا. ئەوە دەبێ بە برینداری ڕەوانە دەکرێ بۆ نەخۆشخانەیەک لە شاری سڵێمانی“باشووری کوردستان. ئەو کات کاک کەریم فەرخەپوور“لە پێوەندیەکانی حیزب دەبێ کە خۆی پێشتر بەرپرسی تەشکیلاتی ئەو ناوچە بووە. ھەر کە ھەواڵەکە دەزانێ بە پەلە دەچن بۆ سەردانی ،بۆوەی چی پێویست بێت بۆی بکرێ ،بەداخەوە برینەکەی قوورس دەبێ و دواتر گیان دەسپێرێ.
دیارە بۆ ڕۆژی خۆی لەو چیرۆکانە زۆر ھەن کە ھێشتا کاتی گێڕانەوەیان نەھاتووە. با ئەوەندەش بڵێین: حیزبی دێموکرات ڕاستە بە ھۆی دابڕان لە خەڵکی خۆی ناتوانێ پێوەندی ڕاستەوخۆی ھەبێت ،بەڵام: ئەوە بەو مانایە نییە ماڵە ھەژارەکانی کوردستان و ئەوانەی دڵسۆزانە دەستیان دەخستە ناو دەستی پێشمەرگە لە بیر بکرێن. نا ڕۆژێک دێت بەشی ئەوەندە لەو کادرو پێشمەرگانە لە ژیاندا دەبن کە ئەو ڕنج و زەحمەتانە لە بیر نەکەن. قەدر دانی لەو بنەماڵانە بکرێ و ئەو ڕۆژانە ببن بە شانازی بۆیان. ئێمە دەزانین ،زۆر پیاوی ڕەنج دیدەو دەست قەڵشیو ،زۆر شێرە ژن ،خەونی ڕزگاری و گەڕانەوەی حیزب و ڕۆڵەکانیان بردە ژێر گڵ ،بەڵام: لە بیر ناکرێن و کەس و کارو ڕۆڵەکانیان ڕۆژێک دێت شانازیان پێوە دەکەن. دەی لە بەرابەردا خائین و نیشتمان فرۆشان لە بیر ناکرێن و ڕۆژێک دێت ئەگەر دەستی عەداڵەت نەیانگاتێ و لە دادگای گەل دا دادگایی نەکرێن ،ئەوە کەس و کارو ڕۆڵەکانیان شەرم دەکەن کە لە جێگایەک ناویان دێت. ماوە بڵێم: نائومێد مەبن گەل و خاکێک لە ناو ناچێ ئەوە بێگانەو داگیرکەرانن کە دەبێ بڕۆن.
ببوورن ئەو باسەم بە پێویست زانی….
…………
زانیاری دیکە…
ئەو شەوە دوای ئامادەکاری و ڕاپەڕاندنی ئەرکی خۆیان ئەو دەستەیە لە گوند“دێنە دەر ،دەڕۆن بۆ شوێنی مانەوە. ئەوەش ماوە دووبارەی بکەینەوە ،ئەو دەستەیە لە کۆمەڵێک کادرو پێشمەرگەی زۆر باش و مەیدانی پێک ھات بوون کە پێشتر ناون ھێناون. دەی ئەوان دەچن بڵێین لە بەری پیربابا“دەمێننەوە.
بە کوورتی لە سەر خەڵکی ناوچەکە…
لە سەر ناوچەکە و ئالان بە گشتی دەبێ بە شاھیدی کادرو پێشمەرگەکان ئەو ڕاستییە لە بیر نەکەین کە خەڵکی ئەو ناوچەیە لە دڵسۆزی و نیشتمان پەروەری دا چەند خەڵکێکی باوەڕ بەخۆو جێگای متمانەن. ناوچەیەک کە لە ناوەندی شار دوورەو لە ساڵانی ڕابردوودا بە ھۆی ئەستەم بوونی ناوچەکە و جووغرافیایەکی سەخت لە شار“دابڕاوە. خەڵک زیاتر پشتی بە خۆی بەستووە کەمتر دەستی بێگانەی گەیشتۆتێ ،ئەوەش وای کردوە خەڵکەکەی لێک نزیک بێت. بە درێژایی شۆرشەکان پشتیوانێکی بە ھێزو داڵدەدەری شۆڕشگێران بووە ،ئەوە بەدەر لە دەیان پێشمەرگە کە خەڵکی ئەو ناوچەن.

(گرێمانەکانی چۆنیەتی دزە کردنی ھەواڵەکە)…

ئێستا لە سەر گرێمانەکانی دزە“ کردنی(ھەواڵەکە).
بۆچوونەکان ئاوان! گووتم: بۆ چوون….یەکەم ،دەڵێ: جاسووسێکی ڕێژیم ھەواڵەکەی بە ناوەندێکی ڕێژیم ھەڵکەوتوو بە نێوی(ئەرکان) لە گوندی دوولکان گەیاندووە. دووھەم دەڵێ: بە(گورھان)ی ڕێژیم ھەڵکەوتوو لە گوندی ئەسپەمێژە…
ئەگەر لەو زانیارییە گەڕێین ئەوە دەکرێ ھەر لە ناوخۆ ڕا ئەو ھەواڵە بە ڕێژیم گەیشتبێتەوە. جا ئێستا لەوەی کە یەکێک لەو دوو گریمانە راستە ھیچ گۆمان مەکە. تۆ جارێ لێرە بە! دوایی زۆر شتت بۆ دەردەکەوێ.
ئەو دەستەیە ،دوای ئەوەی لە گوند دەرچوون چووە لەو شوێنە ماوەتەوە. بە مەزەندەی زۆر بیریان بۆ ئەوە نەچووە کە بۆی ھەیە ڕێژیم بەو کارە بزانێ.
بیرم کەوتەوە ،با وەک بەرپرسیارەتی ئەوە بنووسم بەشێک لە شتەکان بینین و تێڕوانینی خۆم(ن) بۆ ڕووداوەکان ،ئەوانەی شتەکان دەزانن کە پێیان وابوو حەقیقەتی ڕووداوەکان پێچەوانەی ئەو بۆچوونەیە! لە کۆمێنت بنووسە و دەکرێ بیر کردنەوەو چۆنییەتی ھەڵسەنگاندنی تۆ بۆ ڕووداوەکان جیاواز بێت.
(چی بنووسم)
چی بنووسم! دەست و ھەستەکانم ،پێنووس و ترووکەی چاوم ،پێم دەڵێن: ئەو ڕووداوە یەکێک لەو ڕووداوە گرینگەگانەیە کە دەیان پێشمەرگە و کادری قارەمان تێیدا بەشدار بوون. وەرە ببە بە سنووری ڕێنووسێکی جوان ،وەرە بە پێوانەی قەڵافەتی ئەوان بنووسە ،تا گەرووی تینوەتی ئەوان بڕۆ تا ئەو سنوورە کە ئارەقەی ناوچاوانی پێشمەرگەیەک و ھەناسە تووندەکانی کەسرایی و حەمە ڕەسوڵ کەریمی لە ژێر قەدی دارێکی ئاژن ئاژن بە گووللە“باڵا بکە. تا لێواری زوومی دووربینی دەستی پێشمەرگەیەک لە کاتی شەڕ دا بڕۆ…تا سنووری شەریخەی کڵاشینکۆفی دەستی پێشمەرگەیەک لە مەتەریزی شەرەفدا…بێژنە ھاورێکەم ببوورە ناتوانـم..
……………..
لێرە پێم باشە ئەوە باس بکەم کە ئەوەی لێرە پارسەنگی نووسینە و ڕووداوەکانی لە سەر دەوەستن ئەو دەستەیە“لە پێشمەرگەکانن کە دەکەونە گەمارۆ.
……………..
ئەو چەند دێڕە….
کاک حەمە ڕەسوڵ کەریم(م)دواند ،زەحمەتی کێشاو چەند شتێکی بۆ ڕوون کردمەوە. لە سەر حەمە ڕەسوڵ کەریمی“کە بەدەر لەوەی ،کادرێکی شارەزا و لێھاتووی حیزب بووەو ھەیە ،ئێستا ھەر بۆ بەرچاو ڕوونی ،بڵێم: ئەو فەرماندە و کووڕی سەنگەر و دەیان نەبردی بووە لە ناوچەکانی ڕەبەت-سەردەشت و زۆر شوێنی دیکە. ئیدی ئەوە شتێک نییە پێویست بێ لە سەری بڕۆم ،ئەو چەند جارێک جەستەی لە سەنگەردا خوێنی لەبەر ڕۆیشتووە.
(زانیاری زیاتر لە سەر ناوچەکە)
حەمە ڕەسوڵ کەریمی ،پێشتر لە بازاڕی ئەشکان“بەرپرسی تیمێکی گوومرگ“بووە ، شارەزای ڕێگاو بانەکانە. ئەو کات کە لەوێ لە گوومرگی حیزب دەبن ،لە گەڵ برایمی شێخی و چەند کەسێکی دیکە جار جار بە گەشت بە گوندەکانی ئالان دا دەگەڕێن. جارێک لە گوندی مەزرێ“لە لایەن ھێزێکی زۆری ڕێژیم دەور دەدرێن. حەمە ڕەسوڵ“نیگابانی بەیانی دەبێ ،بە ھۆی وریایی بەوە دەزانێ کە خەریکە گەمارۆ دەدرێن. ئەوان زۆر زیرەکانە بە نێو ھێزێکی زۆری دوژمن دا لە گوند دوور دەکەونەوە ،بێ ھیچ کێشەیەک ،یانی بێ ئەوەی دوژمن بە خۆی بزانێ فریو دەدرێ. ئەوە دەبێ دواتر ھێزەکانی ڕێژیم دەچن بازاڕو دووکانی خەڵک لە بازاڕچەی ئەشکان دەسوتێنن ،بەڵام: پێشمەرگەکان بە ھۆی ئەوەی ئەو دووکانانە دەکەونە سەر سنوور“ناچار دەبن بێ دەنگ بن. ئەوەم ھەر بۆ ئەوە بوو کە ،ھێزی پێشمەرگە زۆر بە وریایی خۆی دەپاراست لە ھەموو جۆرە پێکدادانێک لە سەر سنوورەکان. ئەو ناوچە ھێزێکی زۆری ڕێژیم چاوەدێری دەکرد ھەر کات لەوە دڵنیابان دەتوانن زەربە بوەشێنن! دەست بە کار دەبوون.
لە کەم و کۆڕی ببوورە زۆر زەحمەتە نووسینی….
وێنەکە..
لە راستەوە
رەحیم دەروێش
شەھید حەمە نارستی
مووعتەسەم نوورانی
پشتەوە
مەحمود ئەحمەد پوور
مەحمەد سوورە(خزری)
ح … د
یەکێکم نەناسییەوە.
—————————————————————

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *