بەشی:نەوھەدو ھەشتی گەڕانەوە(٩٨) له نووسینی: عەلی سوورەچۆمی.

Posted by
بەشی:نەوھەدو ھەشتی گەڕانەوە(٩٨) له نووسینی: عەلی سوورەچۆمی.
بەشی ۴
زۆر داوای لێبووردن ،ھەوڵ دەدەم ئەو بەشە لە گێڕانەوەی ڕووداوەکان تەواو بکەم.
ڕەنگە دوو بەش یا بەشێکی دیکە بەس بێ بۆ کۆی ڕووداوەکانی ئەو بەشە تا تەواو بوون. سووپاس بۆ ئێوە ئازیزان و ھەموو کۆمێنتە جوان و لایەکەکانتان.
دواتر گێڕانەوەکانم ڕادەوەستن. ئەو ماوە نەمتوانی وەڵامی ئێوە ئازیزان بدەمەوە ،خۆم بە شەرمەزار دەزانم.
(سەرەتا)
ئئستا کە ھەواڵەکە بە ھێزەکانی جمھووری ئیسلامی لە ناوچەکە گەیشتووە ،دیارە کە دوژمن ئەو دەرفەتە لە دەست نادات. دوای بانگ کردنی فەرماندەکان و داڕشتنی(طرح)ی گەمارۆ“ ئەو مەئموورییەتە بە کەسێک دەسپێردرێ بە ناوی پاشایی“(ڕەنگە فەرماندەی دیکەی باڵا بەشدار بووبن)دیارە نابێ لە بیر بکەین لە نێوان چەندین یەکەی نیزامی ئامادە سەرپشک دەکرێ ،بۆوەی بە باشترین شێوە شەڕەکە وەک ئەوەی پلانی بۆ دانراوە یەکلایی بکاتەوە. زانیاریەکانی من لە سەر ئەو فەرماندەی ڕێژیم وەک پێویست نین. ئێستا دەمھەوێ لە یەک دوو ڕستەدا باسی بکەین. پاشایی“فەرماندەیەکی ڕێژیم لە ناوچەکەیە کە بە ھۆی بوونی ڕاستەوخۆی لە نێو ڕووداوەکان و بینینی خەڵک کەسێکی ناسراوە! کەسێک کە زیاتر بە دڵ ڕەقی ناوبانگی کردووە. پاشایی“ئەوەی پێویست بووە کردوویەتی بۆوەی ھەر وەک بۆ ئازارو ئەزییەتی خەڵک ناوبانگی دەرکردووە لێرەش بیسەلمێنێ کە ترس ناناسێ! لەوەش زیاتر ،ئەوەتا ئەو دەتوانێ تیمێک پێشمەرگە لە ناو ببات.
(کۆکردنەوەی ھێز)
کۆکردنەوەی ھێزو ڕاگرتنی ھەموو جموجۆڵێک ئەو ڕۆژە دوای بەیانی دەست پێ دەکات.

۱-سەرتا ھێزەکانیان زۆر بە بەرنامە بە شێوەیەک کە تا ئەو جێگایە دەکرێ دوور لە چاوی خەڵک!بگەنە شوێنە دیاری کراوەکان.

٢- وا بکەن ئەو تیمەی پێشمەرگەکان کە چەند کەسێکی کەم بوون و بە ئیحتمالی زۆر ھەر لە ناوچەکەدا ماونەوە ھەست بەو جووڵەی ھێزەکانیان نەکەن.

٣-پاشایی“و چەند فەرماندەیەکی دیکە لە گەڵ چەند جاشێکی شارەزا ! زۆر زووتر گەیشتوونە ناوچەکەو خۆیان حەشار داوە ! دواتر ھەنگاو ھەنگاو چاوەدێری گەیشتنی ھێزەکانیان دەکەن کە بەشێک بە ماشێنی شەخسی دەگوازرێنەوە.

۴-داخستنی کۆنە بازاڕی ئەشکان“بە جۆرێک ھەر کەسێک لەوێ بێت ھەر لەو شوێنە ڕاگیرێ ،بۆوەش تیمێک زۆر بە نەھێنێ دەنێرن بۆ نێو دووکانەکان ،ھەر بە گەیشتنیان بەو شوێنە ھەر کەسێک لە لای گوندی ھەرزنێ“،دیوی قندۆڵ“کە دەبێتە بەشی باشووری کوردستان ڕادەگیری ،واتە: ھەر کەسێک ھات بۆ ئەو شوێنە ھەر لە گەڵ وارد بوون ڕاگیرێ. ئەوە بۆ ئەو کەسانەی کە لە گوندەکانی“دیوی ڕۆژھەڵاتی کوردستان وەک ،بێتووش ،مەزناوە ، مەزرێ یا سەردەشت“و دەورووبەری ھەر بەو جۆرە ،بۆوەی کەس بەوە نەزانێ کە ھێزەکانیان ناوچەکەیان گەمارۆ داوە.
ئێستا ھێزێکی زۆری ڕێژیم لە ناوچەکە دایە بە جۆرێک کە خۆی ئیستتار“کردووە تا کەس ھەست بە زۆری ئەو ھێزانە نەکات. ڕەنگە چەند کەسێک کە ئاگاداری ھیچ شتێکی تازە نین ڕێگا درابێ ئەو دیو سنوور بن ،ئەوەش زیاتر بۆ ئەوە بووە پرسیار لە سەر بەستنی ڕێگاکان نەبێت.

۵- ئامادە کردنی تۆپخانەیەکی بە ھێز بۆ ئاوار باران کردنی شوێنی شەڕو پشتیوانی کردنی ھێزەکانیان.

۶- ئامادە کردنی چەند ھێلیکۆپتەرێکی جەنگی.

(دوو مەبەستی ڕێژیم لەو گەمارۆیەدا)

یەکەم: شەڕ لە سەر سنوور بۆوەی زەمینەی فشارەکانی بۆ سەر ھێزەکانی باشووری کوردستان باشتر بخەمڵێ.
لە لایەکی دیکەش تۆپ باران کردنی گوند و مووچەو مەزرای ئەوان بۆوەی تووشی زیانی گیانی و ئابووری بن و ھەستی خەڵک لە پێوەندی بە وەزعێک کە پێش دێت بە دژی ھێزی پێشمەرگە بە کار بێنێ.
دووھەم: ھەموو ئاماژەکان دەلالەتی سەرکەوتن دەدەن و بۆی ھەیە چەندین کادرو پێشمەرگەی حیزب شەھید بن لە گەڵ ئەوەشدا ھەواڵنێرێکی خاریجی یا بکووژرێ یا بە زیندوویی دەست بکەوێ.دووپاتی دەکەینەوە ،بە باوەڕێکی زۆر ڕێژیم“تەنیا بەو مەبەستە ئەو شەڕەی ھێناوەتە سەر سنوور کە دەرفەتی ئەوەی بۆ درووست بێت بەشی باشوور“بخاتە ژێر تۆپ بارانێکی سەخت بۆوەی تووشی زیانی گەورەیان بکات! ئەگینا لە ناوخۆو و ئەو دیو سنوور باشتر دەیتوانی زەربە بوەشێنێ ،بەڵام: جمھووری ئیسلامی ھەر دووک ڕووی ڕووداوەکانی دیتووە جا بڕیاری داوە.
………….
بەو جۆرە ھەموو زانیاریەکانن یەک بە دوای یەکدا ئیشارە پێ کردن ،بە پێی توانای خۆمان.
لێرە بە دواوە بەرەبەرە لە ئان و ساتەکانی ڕووداوێکی گەورە نزیک دەبینەوە کە چەندین کەس تێیدا بوونە قووربانی و شەھید بوون

ناوەڕاستەکانی مانگی پووشپەڕە ،خۆرێکی گەرم دایکووتاوە ،ناوچەی ئالان گەرمەسێرە ،تینی ھەتاوێکی گەرم سەمای گەڵاکانی ڕاگرتووە. تیمێک پێشمەرگە بە قەدی چیاوە لە ژێر سێبەری دار قەزوانەکان پشوو دەدەن ،ئەوان دەیانەوێ بە سنەوبەری تۆڵەوە وەک مەلی جوانمێری لە شەقەی باڵ بدەن. بەیانییە ،وردە وردە پێشمەرگەکان لە ژێر سێبەری دارەکان کۆدەبوونەوە. بە ھۆی ئەوەی شوێنی مانەوە ویشکارۆ و ھەڵدێر بوو زۆر بە دڵی ئێمە نەبوو ،مانەوەی ئێمە لەو شوێنە تا کاتێک بوو کە بەیانی لەوە دڵنیا دەبین کە ھیچ پێشھاتێکی تازە ڕوونادات. بیرتان بخەمەوە بە دوو تیم ماوینەوە. لای نیوەڕۆ داکشاین بۆ خوارتر و لە ژێر سێبەری دار گوێزێک لە پەنا ئاوێکی زووڵاڵ ماینەوە.

(چەند ڕووداوێکی نامۆ)
ئەگەر باش بیرم مابێت سەرو بەندی بەیانی ھێلیکۆپتەرێکی“ جەنگی چەند چەرخێکی بە سەر ناوچەکەدا لێدان! ئەوو بوو لە گەڵ تیمی“ دووھەمی خۆمان پێوەندی گرت ،ھیچ خەبەرێک نەبوو. دەگەیشتینە لای نیوەڕۆ ،ماتۆڕ“سوارێک لە لای گوندی تێیەت“ بەرەو گوندی مەزناوە ڕۆیشت! جا ئێستا بۆیە باسی ھەر دووک ئەو ڕووداوەم کرد لە بەر ئەوە بوو کە ھەر دووک ڕووداوەکە پێوەندی بە جمو جۆڵ و ئەو پێشھاتە نوێیانەوە ھەیە کە ڕوو دەدەن! بەڵام: ڕیژیم بە جۆرێک بەرنامەی بۆ داناوە کە تا ئەو جێگایە ئیمکانی ھەیە ھەست بەو(تحرک)ە نەکرێ. بۆ ئیسپاتی ڕاستی ئەو ڕووداوانە ئەو ماتۆڕ سوارە“لە گوندی مەزناوە چەند پرسیارێکی لە خەڵک کردبوو لە سەر بوونی تیمێکی پێشمەرگە لە شەوی پێشوو دا لە گوندی مەزناوە.
ڕەنگە دەقیق کاتی ڕووداوەکان بە سەعات نەزانین ،بەڵام: تەواوی ڕووداوەکان وەک خۆی باس دەکەین. ڕاستی بە ڕواڵەت ھەست بە ھیچ شتێک نەدەکرا. ژیان ئارام و خەڵک لە نێو مووچەو مەزراکاندا سەر گەرمی کار بوون.
سەبارەت بە ھێزەکانی ڕێژیم ھیچ نیشانەیەک لە بوونێکی نائاسایی نەبوو.
(لای سەعات دوو و نیو یا سێ)
شوێنی مانەوەی ئێمە جۆرێک ھەڵکەوتبوو کە سەرەڕای ئەوەی لە ناوچەکدا بووین ،بەڵام: دیدی ئێمە بە سەر ئەو ناوچەدا نەبوو کە دەکەوتە دیوی گوندەکانی مەزناوە ،بێتووش ،وە بەگشتی ئەو جادە کە لە سەردەشت“ڕا بەرەو سنووری باشووری کوردستان دەھات. بەشێکی دیکەی ئەوە بوو ھەر بۆمان گرینگ نەبوو! چۆن بە ھەموو شێوەیەک دەبوایە خۆمان لابدەین لە ھەر جۆرە تێکھەڵچوونێک لە گەڵ ھێزەکانی جمھووری ئیسلامی. ئێستا ئەگەر بۆ بیرخستنەوەش بێت سەبارەت بەو جەولەی پێشمەرگەو مانەوەمان لە سەر سنوور . بەر لە وەڕێ کەوتن بە فەرماندەی یەکەم گووتراوە کە ھیچ بیانوویەک بۆ ڕوودانی شەڕ لە سەر سنوور نابێ درووست بێت! روونتر ،بە ھیچ شێوەیەک نابێ شەڕ ڕووبدات. ئێستا نازانم بە ڕێکەوت بوو یا چۆن بوو! یەکێک لە بێسیمەکان“دەکرێتەوە. فەرخەپوور و فەرماندە میراوەیی بە یەکەوە دەبن وابزانم کاک کەریم بێسیمەکەی دەکاتەوە. دەبێ مەبەستیان بووبێ پێوەندی بە تیمی دووھەمی خۆمانەوە بگرن. لە پڕ کاک خدر و چەند کەسێک کۆبوونەوە لە دەوری یەک! وا دەردەکەوت شتێکی لە ناکاو ھەیە! ئێمە ئەو جۆرە کاتانەن زۆر تاقی کردبوونەوە. دەی لە پڕو ،دوور لە چاوەڕوانی گووترا: تیمێک پێشمەرگە گەمارۆ دراون! ھەموو شۆک بووین… باشە لە کوێ؟ چۆن! جارێ نیگەرانین و ھیچ ڕوون نییە. بە پەلە چەک و رەخت بەسترا و بە پەرۆشەوە چاوەڕوان ماینەوە. کەمێکی پێ چوو تا ئەو چەند کەسە گەڕانەوە بۆ لای ئێمە ،وا دیارە کەمێک ناکۆکی ھەبووە لە سەر ئەوەی کە چۆن دەکرێ لە سەر سنوور شەڕ بکەین..! ئەو جار بۆمان ڕوون بۆوە کە تیمێک پێشمەرگە کە ویستوویانە لە سنووری قەندۆڵ“بەرەو ناوچە بێن کەوتوونە نێو گەمارۆی دوژمن. کووڕینە ،ڕووداوێک کە باوەڕ کردنی زەحمەت بوو. دوای ئەوەی دەردەکەوێ کە ئەو تیمە ئەگەر فریایان نەکەوین دەبێ تا شەھید بوون شەڕ بکەن و تێدا چوونی ئەوان زۆر نزیکە. کەسرایی“بە ڕاشکاوی دەڵێ: ئەگەر فریا نەکەون کار لە کار ترازاوەو تێدا دەچین. ئەوە بوو بڕیار گۆڕا و بەرپرسان دەست بە کار بووین. زۆری نەبرد ھەواڵی بریندار بوونی کەسرایی گەیشت. باشە کاتی ئاوا کە دەبینی ھاوڕێکانت لە ژێر گەمارۆی دوژمن دان خەریکە شەھید دەبن دەبێ چ ھەستێکت ھەبێت. باوەڕ ناکەم ھیچ تیمێکی پێشمەرگە ڕێگا بدات ئەوە ڕوو بدات. کورد ڕۆڵەی ئازای بۆ ئەمڕۆ دەوێ ،ئەو پێشمەرگانەی چۆک بە مەحاڵدا دەدەن ،ڕووداوەکان بە گووڕو تین بە بردنە پێشی سینگی خۆیان پێچەوانە دەکەنەوە ،وا دەکەن ئومێد لە ئازایەتیاندا بنووسرێتەوە. بەڵێ: لە پڕ بڕیاری بە ھاناوە چوون درا ،ئیدی نە بیر لە ڕێگای دوورو نە لەوە کرایەوە ئەو شەڕە چۆن دەکرێ و چ دەرفەتێک ھەیە بۆوەی بتوانی دوژمن بە چۆک دا بێنی! ھەر بە تەنیا ئەوە نا..! ئەدی مەوقعیەتی ھێزەکانی دوژمن چۆنەو تۆ چەند پێشمەرگەت دەوێ و چۆن بەرنامە دادەنێی. ئێستا کات بۆ ئەو جۆرە بیرکردنەوانە بە دەستەوە نییە ،کاتی ھیممەت و فریاکەوتنە…
.تا ئەو کاتە ئێمە وەڕێ کەوتین ھەرگیز نەمانزانی چی دەکرێ ،چۆن دابەش دەبین ،ھەر ئەوەندە بوو تیمێکی کەم..! بێ ئاوڕ دانەوە دەبێ بگەنە مەیدانی شەڕ تا دوژمن رەفیقانی ئێمەی لە ناو نەبردووە.
کاک خدر میراوەیی گووتی: ئێوە بڕۆن.چەند کەسێکی کەم لە حاڵێکدا نیگەرانی باڵی کێشابوو کەوتینە ڕێ. مەحمەدە سوورە ،مەنسوور ڕەحیمی ، تۆفیق مارەغانی ،سەید قادر.. ئاکار پەردەدار ،م…م . ،عەلی سوورەچۆمی ……….باوەڕ بکەن کووڕانی ڕۆژی تەنگانە چاویان لە سەر کوردستان و کێلی ھەموو شەھیدێکە ،ئەوان ژیلەمۆی ئاگری ھەموو بەیانییەکن و بە ھەنگاوەکانی خۆیان مێژووی پڕ لە شەڕەف دەنووسنەوە. کاتی خۆی بۆتان دەنووسم …تەواوی تیژە باسکەکان چۆن بە نیروی دوژمن ڕەش ھەڵگەڕابوون. چەند تیمێکی دیکە بەرەو چەند شوێنێکی دیکە ھاتوون کە دواتر باسی ئەو تیمانەش دەکەین.
ھیچ کارێک بێ کەم و کۆڕی نییە و ئەو کارەی ئێمەش دەستن داوەتێ ھەر بەوجۆرە..
ھیوای سەرکەوتن بۆ ئێوە ئازیزانم…. تا دەرفەتێکی دیکە …
—————————————————————

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *