ئەو ڕۆژانەی قەت لەبیر ناچنەوە بەشی (٧۶) له نووسینی له‌ نووسینی خدر پاکدامه‌ن

Posted by
ئەو ڕۆژانەی قەت لەبیر ناچنەوە بەشی (٧۶) له نووسینی له‌ نووسینی خدر پاکدامه‌ن
لە سەر لیوانێک دۆ، زۆری نەمابوو تێرشەقم کەن!!
لەماوەی پێشمەرگایەتیم‌دا زۆر ڕۆژی خۆش و ناخۆشم تێپەڕ کردوە و چەندین جار تا سەر لێواری مەگ چووم. زۆرجا لە گەڵ هاوسەنگەرانم لە سەرکەوتنی زۆر گەورەدا بەشدار بووم کە هەموویان لەڕادەبەدر خۆشحاڵیان کردووم .زۆر جاریش تووشی شکست و هەڵە بووین، بەڵام نە بە سەرکەوتنەکان لەخۆبایی بووین و نە بە تێشکانەکانیش ورەمان بەردواوە کە جارێکی دیکە نەوێرین درێژە بەم ڕێگا پڕ لە شانازییە بدەین.
ساڵی ١٣٧٣ بنکە و بارەگاکانی هێزی گیاڕەنگ وکومیتەی شارستانی سەردەشت لە دێگەڵە هەڵکەوتوو لە سەرجادەی هەولێر بۆ کۆیە بوو. ئەوساڵە واساغ بوومەوە کە سەرەڕای کەندوکۆسپەکانی سەر ڕێگای درێژەدان بەخەبات و تێکۆشان، بیرێکیش لە پێکهێنای ژیانی هاوبەش بکەمەوە و ماڵێکی پێشمەرگانە وەک هاوسەنگەرانی دیکە پێکەوە بنێم.
لە سازماندەهیی ساڵی ١٣٧٣دا من وەک سەرپەلی یەکێک لە پەلەکانی سەر بە هێزی گیاڕەنگ دیاری کرام. هەموو سەرپەلەکان بێسیمێکی چووکیان پێ دەدرا بۆ کارو باری حیزبی، بەتایبەتی لە کاتی جەولە و چوونەوە بۆ نێوخۆی وڵات و تێکۆشانی پێشمەرگانە.
ئەوکات خەڵکی گوندەکان زیاتر ئەگەر لە بەرپرسانی هێزی پێشمەرگەیان دەپرسی، کەمتر پرسیاری فەرماندەهێز یان بەرپرسی کومیتەی شارستانیان دەکرد. هەمیشە سەرپەلیان پێ لە ئەوانی دیکە لەسەرتر بوو و لە سەرپەلیان دەپرسی. زۆر جاریش کە چاویان بە بێسیمەکە دەکەوت، بۆیان ڕوون دەبۆوە کە بەڵێ ئەوە سەرپەلە و “سەرگەورە”ی هەمووانە.
هەرلەوساڵەدا بە جەولەیەکی پێشمەرگانە چووینە ناوچەی سەردەشت. هەر وەک ئاماژەم پێ دا، سەرەڕای ڕاپەڕاندنی ئەرکی حیزبی و پێشمەرگانە، کەڵکەڵەی پێکهێنای ژیانی هاوبەشم هەر دڵدا بوو. جارجارەش بیرکردنەوەیەکی قووڵ هەڵی دەگرتم و خۆم لە سەر کورسیی زاوا و بووکی‌دا دەبینی و جەوێکی ئاشقانە دایدەگرتم ئەوسەری ناپەیدا و دنیایەک پرسیاری سەیروسەمەرە بە مێشکم دا دەهاتن و دەچوون؛ باشە منی پێشمەرگە بەم هەرد و کێوەانەوە چۆن دەتوانم ژن بەخێو بکەم، کێ بەو شەرایەتەوە شوو بە من دەکات و زۆر پرسیاری دیکە. بەڵام کە بیرم لەو هاوڕێیانەم دەکردەوە کە ژن و منداڵیان هەیەو پێشمەرگایەتیش دەکەن، پشوویەکم دەهاتەوە بەرێ و لە سەر بڕیاری ژن هێنام سوورتر دەبووم.
شەو و ڕۆژەکان یەک بەدوای یەک‌دا تێدەپەڕین و منیش هاوکات لە گەڵ ڕاپەڕاندنی ئەرکی پێشمەرگانە بیرێک هەر لای ژیانی هاوبەش و ئەو کەسە بوو کە دەبوا سەرەتا بیدۆزمەوە و جا دواتر ژیانی هاوبەشی لە گەڵ پێک بێنم. بۆیە ڕوومان لە هەر ئاوەدانییەک دەکرد من وێڵ و عەوداڵی ئەو کەسە دەبووم و چاوم دەکردە چەند چاو بۆ دۆزینەوە.
لە دڵێ خۆمدا بە بیرکردنەوە هەم یاری هەتاهەتایی خۆم دیاری کرد بوو، هەم ماڵێکی پێشمەرگانەم پێکەوە ناوبوو. بیرم زۆر لێ دەکردەوە؛ بڵێی بتوانم ئەو کەسەی ئارەزووی دەکەم، دەستنیشان بکەم؟! لە دڵی خۆشمدا دەمگووت؛ حەتمەن بە ئارەزووی خۆم دەگەم !!
شەوانە لەگەڵ هاوسەنگەرانم دەبووین بەمیوانی گوندەکانی ناوچەی سەردەشت و ئەوانیش بە باوەشی ئاوەڵاوە پێشوازییان لێ دەکردن. تا شەوێک لە شەوان ڕێگەمان کەوتە گوندێکی ناوچەی سەردەشت، منیش لە گەڵ دوو کەس لە هاوڕێکانم بووین بەمیوانی یەکێک لە ماڵەکەنی ئەو گووندە. هەرکە لە ماڵەکە وەژوور کەوتین ڕوخسار و جوانیی کچێک سەرنجی ڕاکێشام، دڵەکوتەیەک گرتمی هەر مەپرسن. تەواو باوەڕم بەوە هێنا کە ئەوەی من لێی دەگەڕێم خۆیەتی. هەستێکی خۆشی تێکەڵ بە نیگەرانیی و شەرم دایگرتم.
بە پێی دەستوور و حادەتی پێشمەرگانە هەر کات تێمێکی پێشمەرگە دەچووینە ماڵێک دەبوا کەسێک لە تیمەکە لە بەر دەرگای ماڵە نیگابانی دابا بۆ ئەوەی هاوڕێیانی دیکە بە خەیاڵی ڕاحەت نان و چاییەکەیان بخۆن. قەدەر وایکرد من نیگابانی یەکەم بم . من بووم بە نیگابان، کچە هەر دەهات و دەچوو و منیش وەک بڵێی سەد ساڵە ئاقیم و خۆشم ویستووە. بڕیارم‌دا پێی بڵێم؛ پێی بڵێم کە خۆشم دەوێ و دەمهەوێ ژیانی هاوبەشی لە گەڵ پێلک بێنم، بەڵام ساغ نەدەبوومەوە چۆنی پێ بڵێم. لە دووڕێیانێکی دژواردا گیرم کردبوو. ئەویش هەر لە هاوچۆدا بوو. منیش جارجار بێشیمەکەم هەڵ دەکرد و بێ ئەوەی کارێکی زۆر پێویست و زەروورێش هەبێ لە گەڵ کوڕەکانی دیکە قسەم دەکرد!!.
کچە بە تەواوەتی لە هەستی من گەیشتبوو، بەڵام وەڕووی خۆی نەدەهێنا. منیش دەمهەویست پێی بڵێم کە جەریان چیە بەڵام نەمدەزانێ لە کوێوە دەست پێ بکلەم و چۆنی پێ بڵێم. هەرچۆنی بوو بڕیارمدا کە ئەگەر ئەمجارە بێتە دەرێ حەتمەن پێی دەڵێم. زۆری پێ نەچوو کچە هاتە بەر درگا و منیش غیرەتم وەبەرخۆ ناو کوتم:
کچی باش دۆتان هەیە؟!
ئەویش کوتی: بەڵێ هەمانە.
کوتم؛ بێزەحمەت لێوانێکم بۆ بنێنە.
کچە لە جوابدا کوتی: باشە لێوانێکت دۆ بۆ دێنم، بەڵام یەک قسەی زیادی بکەی، هەزار شەقت تێ‌هەڵدەدەم، دەزانم بۆ لێرە ڕاوەستاوی و بە هیوای چیت!!.
کچە چووە ژوورێ و منیش وەک بڵێی لە بەرزاییەکی بەرزڕا بمخەنە خوارەوە، تەواو حەپەسام و نەمزانی چی بڵێم و چی بکەم. بە ناچاری ئەو ماڵەم بە جێهێشت و چوومە ماڵێکی دیکە.
هیوا و ئاواتم لە سەر پێکهێنانی ژیانی هاوبەش لەو جەولەیەدا و بە جوابدانەوەی ئەو کچە بوو بە بڵقی سەر ئاوا و بەتەواوەتی بێ‌‌هیوا بووم. ئەو شەوە لای کەس باسم نەکرد. بەیانییەکەی بۆ شەهید حەمەناڕەستیم گێرایەوە. یادی بەخێر زۆر پێکەنی، کوتی کوڕینە وەرن، خدر بەگ لە سەر لیوانێک دۆ خەریک بوە هەزار شەقی تێهەڵدەن!!!
وێنەیەی دەستە یەک لە پێشمەرگە کانی لکی ۳ لە هێزی گیاڕەنگ .

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *