بەشی: نەوھەدو نۆی گەڕانەوە(٩٩) نووسینی: عەلی سوورەچۆمی.

Posted by
بەشی: نەوھەدو نۆی گەڕانەوە(٩٩)
نووسینی: عەلی سوورەچۆمی.
…………..
بەشی ۵ ی ڕووداوەکان.
تێبینی“یەک ،کە نووسیومە بەشی ۵ پێنج“بەو مانایە ئەو شەڕە پێشتر چوار بەشی نووسراوە واتە بەشەکانی ٩۵ و٩۶ و ٩٧ و ٩٨پێوەندی بەو ڕووداوەوە ھەیە.
…………..
ئەمڕۆ پەیڤەکانی ئێمە تێک شکاون ھەنگاوەکان تا قووڵایی بە تاریکیەکی سامناک داپۆشراون.
وەرن کووڕینە…
ڕستەکانی بەرگری لێرە نووسرانەوە.
بۆ ئەو بەشەش لە گەڵم بن.
بە وردی بە یەکەوە دەچینە نێو ڕووداوەکان… دەزانم دیمەنەکان دێننە بەرچاو ،چۆن لە کاتی گێڕانەوەدا ھەست دەکەن چ بەرگرییەک دەکرێ ،بۆوەی دوژمن بشکێ و چەند پێشمەرگەیەک لە گەمارۆی سەختی دوژمن دەرباز بن.
…….
درێژەی رووداوەکان لەو جێگایەی پسا بوو…
ئەو تیم(ە) ھاتین… چ ھاتنێک ،لە گەرمەی گەرمایەکی سەختدا لە شوێنێکی زۆر دوور لە مەیدانی شەڕ…
ھێشتا ئێمە تەواو دوور نەکەوتووینەوە چەند تیمێکی دیکە دوا بە دوای ئێمە بۆ چەند شوێنێک ڕەوانە کراون.
ڕێگا دوور بوو. بەو کاتە زووە لە داوێنی چیای تاڵیش“ەوە بەرەو گوندی مەزناوە“بە پڕتاو ڕیگا دەبڕین.
لێرە ئەگەر پێنووس“یارمەتیدەرم بێت دەمھەوێ ھەموو ڕووداوەکان جۆرێک بگێڕمەوە کە ئازایەتی پێشمەرگە لە وشە بە وشەدا ھەست پێ بکەن.
لە بەشی ٩٨-دا ،ناوی ئەو چەند پێشمەرگەم ھێنا کە نەدەگەیشتنە پەنجەی دەستەکان.
لە ڕێگا دا چەند جارێک ئاوڕم دایەوە! بۆوەی بزانم چەند کەس دەبین! ئەوەندە ماندوو بووین ھەر ئەوەندەم زانی زۆر کەم بووین.
بە ھانکە ھانک وەستان نەبوو ،ئارەقە گەیشتە بەری پێن“و بۆ تەنیا ھەناسەیەک پێ“ ناگرینەوە. ھەوڵ دەدەم بەو نووسینە باوەڕ بە خۆم بێنم کە دەبێ ھەموو ھێزی نووسین بۆ چرکە ھەستیارەکانی ئێرە بێت.
ڕێگا زۆر دوور بوو ،ڕۆیشتنی ئەو ٨-کەسەش بە درێژایی ڕێگا بە غار“. بە دەر لە ھیلاک بوونێکی زۆر ھەستم دەکرد ئاو لە زارم دێت ،کە کەمتر ئەو حاڵەتەم دیتبوو! دەزانـم ڕەفیقەکانم ھەر بەو جۆرە.
گوندی مەزناوە“مان تێپەڕاند ،بە خوار گونددا بەرەو لای پشتی خوارەمیر ھاتینە گردەشێخاڵ و بە خوار ماڵەکانی گەرماوان دا ،شۆڕ بووینەوە. دەقیق ھاتینە دەدۆڵەکەی. لەوێ دەبوایە ڕاست بێینە سەر ئەو جادە“کە لە سەردەشت“را دێت و دەچێتە ناو بازارەچەکەی ئەشکان. دەنگی ڕەگبار و تەقەی چەکەکان جوان بۆ ئێمە دەھات. ئێستا بەر لە پەڕینەوە بۆ بەری جادە ،تەواوی ماشێنی پاسدارەکان لەوێوە دەرباز ببوون ،بە دەر لەو جادە“ ھێزێکی زۆر بە بەرزاییەکانی پشت جادە“دا بە پیادە بەرەو شوێنی گەمارۆی ئەو دەستە لە پێشمەرگەکان دەڕۆیشتن ،لەوێ کەمێک وەستاین.
لێرە یەک دوو شت ھەیە باسی بکەین ،کە بە باوەڕی من جێگای خۆیەتی و ھەنگاوەکانی دوایی بە دوادا ھاتن.
من زۆر دەترسم لەو گێڕانەوەیە! چۆن ھیچ شتێک ناتوانێ گوزارەی ڕووداوەکانی ئێرە بێت.
یەکەم:
ئێستا سوورەکێل“شوێنی پایەگا کۆنەکە بە سەر ئیمەدا دەڕوانێ! ئەو شوێنە کەوتۆتە ناوەڕاستی مەیدانی شەڕ. پاشایی“فەرماندەری گشتی ھێزەکەی دوژمن لەوێ جێگیر بووە. ئەو شوێنە ،مەوقعییەتی زۆر حەساس ھەڵکەوتووە ،بە سەر ڕۆژھەڵات و ڕۆژئاوادا دەڕوانێ و جێگایەک کە ھیچ بەربەستێک ڕێگر نییە بۆ دید بە درێژایی چەندین کیلۆمیتر بە سەر ناوچەکەدا ،بەومانایە دەتوانێ ھەموو جم و جۆڵێک ببینێ. ھەر ھێزێکی شەڕ“لەوێ جێگیر بێت دەبێ براوە بێت ،ئەوە لە باری نیزامی.
دووھەم:
لەو شوێنەی خۆمان وچانێکی زۆر کەم وەستاین ،بۆوەی ڕاوێژێک بکەین ،شتێکم بینی کە لە شەڕگەکانی دیکە نەماندیتبوو!
کاتێک لەوێوە ڕوانیمە پشت جادە“و ئەو ڕێگا و لا باسکانەی لە لای گوندی بێتوش بەرەو لای ڕۆژئاوا دەھاتن ،واتە: دیوی کوردستانی باشوور ،سەرم سووڕما..!
نازانم چۆن باسی بکەم! تەواوی ئەو شوێنانە ڕەش ھەڵگەڕابوون وەک شاری مێروولە“وابوو ، ئەوەندە ھێزی دوژمنی بۆ ھاتبوو ،کە خەریکی پێشڕەوی بوون بەرەو دیوی باشوور“و ئەو جێگایەی پێشمەرگەکان تێیدا گەمارۆ درابوون. ئێستا دیمەنی یەکەم ڕوانینم لە بەرچاوە کە بە ھۆی ھەوای گەرم ،خۆیان بۆ ژێر سێبەری دار بەڕوەکان دەکووتا لە ترسی گەرما…. وادیار بوو ،دەست نەدان و شەڕی مان و نەمانی ئەو چەند کادرو پێشمەرگە وای کردبوو ھەرچی ھێزی ھەیانە لە ناوچەکە بەرەو مەیدانی شەڕ جووڵەی پێ بکەن.
جا کووڕینە ، وەرن لە نێوان ترس و دڵەڕاوکێی ئێرە و ڕەوەزی مەرگ ،کامیان. شەڕی پێشمەرگانەو شەڕەف ھەڵدەبژێرین ،بەڵام: دوای چەند قسەیەکی کوورت لە نێوان ،نیگاکان و چەند پرسیارێکی قووڕس.
لەوێ ڕووم لە ڕەفیقانم کرد…
کووڕینە…ھەموو شتێک ڕوونە ،شانس بۆ سەرکەوتنی ئێمە نییە ،بەڵام باش دەزانین گیانی ڕەفیقانی ئێمە لە چ مەترسییەک دایە. با ئەوەش ،بڵێم: لەو شوێنە پێوەندی ئێمە بە تەواوی تیم و بێسیمەکان پسابوو.
وەڵامێک کە لە ڕەفیقەکانم گوێ لێ بوو بەڕاستی پێی سەر سام بووم! ھەر ئەوەش نا کەمێک بە خۆمدا شکامەوە! لە بەر ئەوەی ئیرادەی ئەو چەند کەس(ە) سەلماندی کێن ئەوانەی لێرە دەیانەوێ دوژمنەکەیان دەرس دا بدەن و سێبەری دار بەڕووەکانیان لی حەرام بکەن. بەڵێ: بڕیار درا ،ڕێک ھێزی دوژمن لە ناوەڕاستەوە شەق بکەین.
لێرە دوو سێ ڕوون کردنەوەی دیکە پێویستە…
دواتر دەگەڕێمەوە بۆ چۆنیەتی شەڕی ئەو ٨ کەس(ە)
شەڕ“زۆر گەرم بووە ،جیا لە تیمی گەمارۆ دراو کە لێبڕاوانە شەڕ دەکات ،تیمێک کە پێشتر ناوم ھێنان ئەوان لە مەیدانی شەڕ دوور نین و شەوی پێشتر دوای چوون بۆ گوندی مەزناوە“لە چاوەڕوانی ئەو تیمەی کەوتوونە گەمارۆ ،لەو نزیکانە ماونەوە.
ئێستا ئەوان بە ھاواری تیمی گەمارۆ دراوەوە چوون و شەڕگەیەک بە لای دەستی ڕاستی ئەواندا کراوەتەوە.
دوا خاڵ لە و یەک دوو ڕوونکردنەوە دەمھەوێ ئیشارە بەوە بکەم کە دوژمن بە ھۆی ئەوە پشتی شەڕەگە لە دەست خۆیدا بوو زۆر بە سانایی دەیتوانی ھێزی زیاتر ڕەوانە بکات و ئیبتکاری شەڕ وەربگرێ.
ئەو ٨ پێشمەرگە دەبێ پشتی شەڕەگەی دوژمن تێک بشکێنێ و ئەستوورایی ئەو ھێزە بپسێنێ.
جا ئێستا
ئێستا کێ دەتوانی باوەڕ بەو پەیڤانە بێنێ! ئەدی ئێستا نیشتمان بۆ چۆڵ بووە لە بەرگری! ھەموو ئەو پرسیارانە راست و واقع“ی تاڵی شۆڕشی ڕۆژھەڵاتە. ئێمە…
مێژوو وەک خۆی دەگێڕینەوە ،ئەویش لە ناوەڕاستی شەڕەگەکان و سەنگەرەکانی پێشەوەی بەرگری. دەمانھەوێ بڵێین: ڕێگا نادەین دوا ھەناسەکانی ڕۆژگارە سەختەکان بیر بچنەوە. ئەوان بە دەستی بە تاڵەوە چارەنووسی تاڵ بوو بە قەدەریان….
بە ئارامی و پشوو درێژی دەڕوانینە ڕەنجەکانی ئێرە ،بۆ خۆمان ،دوای کڵاشینکۆفی“دەستمان ،ھەمدیس بەرگی کۆن و کەوشی دڕاو ،ئەو جار بە پێنووسە ھەژارەکان دەینووسینەوە. وای کە چیرۆکی تاڵ ھەیە و بیر چوونەوە.
ئێستا تاکە ئازارێک و تاکە برینێکی گەلەکەمان بە ئێمە ناگاتە ھیچ جێگایەک. دەبێ کۆت و بەند داماڵین و بەرپرسیارەتی بخەینە ئاستێک کە بتوانێ ھێزی خەسار ناسی ھەبێت. ڕاستی ھەموو لایەک خەتابارە لەوەی ئێستا ھەیە. دوژمن بێ ترس دەست بۆ ھەموو شتێک دەبات! ئەوەی لێی ناترسێ کاردانەوەی دژبەرانەیە.
ببوورن دەبوا ئەوەندەی بڵێین….
باش…..
لە سەر بڕیاری شەڕ سوور بووین
پشوومان نەدا ،یەکەم ھەنگاوەکانن دەست پێ کرد.
دەبوایە سەرکەوین و جادە ببڕین ،زۆر بە وریایی دەمانھەوێ سەربکەوین و بگەینە پشتی ھێزەکانی دوژمن ،بۆوەی لەوێوە پشتی شەڕگەی ئەوان تووشی کێشە بێت ،شتێک کە بە خەیاڵی ھێزەکانی دوژمندا نایەت. بێ ھیچ کێشەیەک جادەکەمان بڕی و سەرکەوتین بۆ سەرەوەتر کە نێو چەند دار و ویشکە کەڵەکێک بوو.
زۆر نزیک ببوینەوە لە ھێزەکانی دوژمن بە تایبەت سوورەکێل“کە بە شێوەیەکی زۆر پڕ مەترسی بە سەر ئێمەی دا دەڕوانی ،ھەر ڕێک بەرامبەر ئەوان بووین و جوان دیار بوون کە خەریکی شەڕ بوون. کە سەرکەوتین مەودایەک ھەبوو تەواو بە تاڵایی بوو ،لەوێ سەرتر دەتتوانی بگەیە چەند دارێک کە بۆ کاتی پێویست بە ھۆی ئەستووری قەد-یان دەکرا وەک سەنگەر بە کاریان بێنین. ئەوە بوو لەوێ لە نزیک ویشکە کەڵەکەکە‘ کاک مەحمەدە سوورە کە کووڕێکی زۆر ئازا بوو لە گەڵ م-م لەوێ وەک پشتیوان دامەزران ،تا ئێمە لەو بە تاڵاییە دەپەڕینەوە. من زیاتر تێبینی ئەوەم کردبوو کە ھێزەکانی دوژمن بۆیان دەرکەوت ئەوە ھێزەکانی خۆیان نین و لێیان داین ،ئەوان سوورەکێل“سەر گەرم بکەن…جوان دیققەت بکەن.-
وابزانم شەش کەس ماینەوە ،تۆفیق مارەغانی و یەکێکی دیکە لە پێشەوە بوون(نازانم کامیان بوو)لە پڕ گووتی: ئەوەتان و ئیدی بە سەر یەکدا کەوتین ئەوان سەرەتا ھەر چاویان لێ کردین! بە ھۆی ئەوەی بوونی پێشمەرگە لێرە شتێک نییە ھەروا ئاسان باوەڕی پێ بکرێت. بەوەندە شەڕ دەستی پێ کرد…
……….
وێنە
کاک حەسەن خۆشکەلام
کاک ئاکار پەردەدار
دوو بەشدار بووی شەڕی ئەو ڕۆژە.

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *