بەشی: سەدی گەڕانەوە(١٠٠) نووسینی: عەلی سوورەچۆمی

Posted by
بەشی: سەدی گەڕانەوە(١٠٠)
نووسینی: عەلی سوورەچۆمی.
………….
بەشی ۶ ی ڕووداوەکان.
………….
لە نووسینەکانم“دا پێم نایە بەشی(سەدی) گەڕانەوە.
ئەو ماوە بە تەنیا مۆبایل“ێک و یارمەتی چەند ڕەفیقێکم توانیومانە تا ئێرە ،بەشێک لەو مێژووە بیر بخەینەوە. لێرە نووسین بە ھۆی نەبوونی سەرچاوەو لەوەش زیاتر ھەژاری خۆمان لە ھەڵگرتنەوەی یادداشتی ڕۆژانەی بەشێک لە ڕووداوەکان ،بوو بە خەسارێکی گەورە…
…………..
بۆ نێو ڕووداوەکان.
ئێمە توانین بگەینە قووڵایی ھێزەکانی ڕێژیم و لە جێگایەک لێیان بدەین کە باوەڕ کردنی بۆ ئەوان زەحمەت بوو.
لێرە بە گشتی ئاوڕێک لە شەڕەگەکانی دیکە دەدەینەوە دواتر دەگەڕێمەوە ،بۆوەی بزانین ئێمەو پاشایی“فەرماندە بە ڕواڵەت ئازاکەی ھێزەکانی ڕێژیم چۆن ڕووبەڕووی یەکتر دەبینەوە. لە ڕاستیدا پاشایی کەوتۆتە بەرامبەر ئێمە. لە سوورەکێل“ەوە فەرماندەیی ھێزەکانی دەکات. چاوەڕوانی ئەوە دەکات ئەو تیمە پێشمەرگەی بە زیندوویی یا مردوویی بۆ بە دیاری بێنن.
بە باوەڕی من ئەو مەبەستی بوو جەنازەی چەند کادرو پێشمەرگەیەک بە ناوچەکەدا بگێڕێ! ئەوە قسەیەک بوو کە لای یەکێک لە جاشەکان! ئەوانەی ئەو ڕۆژە شەڕیان بۆ پاشایی“دەکرد باسی کردبوو.
دوایی بۆتان باسی دۆخی پڕ لە ڕیسوایی چەند جاشوولکەیەک و پاشایی“دەکەم بۆوەی بزانن جاش! لای ئەوان چ قەدرو قیمەتێکی ھەیە!
١- بە بەری خوارەمیرەوە ،تیمێک ھەیە کە کەوتۆتە لای ڕۆژھەڵاتی ئێمە ،ئەوان دوا بە دوای ئێمە گەیشتوونە ئەو شوێنە. ئەو تیمە“بە سەر ئەو جادە“دا دەڕوانی کە ھێزەکانی دوژمن بە ماشێن“تا دوا خاڵی سنوور و پێش شوێنی گەمارۆ پێیدا ھاتوون.
کاتێک تووشی شەڕ“بووین ،بۆمان دەرکەوت کە ئەو تیمە“دەتوانن بۆ ئێمە ھێزی پاڵپشت و ئاسانکاری بن تا شیرازەی ھێزەکانی دوژمن تێک بچێت و پشتی شەڕەگە بە سەریاندا دابخرێ.
با جارێ ناویان بێنم و دواتر باسی ھەڵەکانی ئێرە بکەم کە بۆچی تەنیا ماینەوە.
مەحمەد بایزیدی ،حوسێن فەقێ عەلی ، مەحمەد مام ئاغا ،شاخەوان ، مەحموود.
تیمێک لە باشترین فەرماندەو پێشمەرگەکان.
لە شەڕدا ،زۆر جار مەوقعییەت جۆرێک ھەڵدەکەوێ کە چەکێکی کاریگەر لە شوێنێک دەتوانێ یەکلاکەرەوە بێت. ئەو تیمە“کە لەوێ جێگیر دەبن تەنیا ئاربی چی“یان پێیە.ـ ئەوە دەبێ کە گووللە ئاربی جی“یەکان تەواو دەبن تازە کاریگەری ئەوان بۆ مەیدانی شەڕ بەو جۆرە نامێنێ وەک ئەوەی بتوانن دوژمن ھەراسان بکەن.
کاتێک فشار لە سەر ئێمە زیاد بوو داوای بی کەی سی“مان کرد! تا وەک چەکی پشتیوانی یارمەتیدەری ئێمە بێت. بە باوەڕی پێشمەرگە ئازاکانی ئەو ڕۆژەش یەکێک لە ھەڵە گەورەکانی ئەو شەڕە بوو کە تەنیا چەکێکی پشتیوانی بوونی نەبوو.
وەک کاک شاخەوان بۆی نووسیم
تەواو ھاوڕا بووین لە سەر ڕووداوەکان.
ئەو گووتی: ھێزەکانیان کە دەھاتن تیم“تیم بوون! کە زیاتر لە ٣٠٠-کەس دەبوون بەرەو مەیدانی شەڕ دەھاتن. پێویستە لێرەدا ئەوە لە بیر نەکەم کە ھێزەکانی ڕێژیم لەو شوێنەوە دەکەوتنە نێوان ھەر دووک تیمەکانی ئێمە. ئەوان دوای ئاور بارانی پێش خۆیان ،تەواوی زەوی و زارەکەیان ئاور دەدا لە گەڵ پووش و پاوانەکان بۆوەی لە ژێر دووکەڵەکەیدا پێشڕەوی بکەن. ئەو تیمە دوای شەڕێکی زۆر لەو شوێنە ئەوە دەبێ کە ھێزێکی دوژمن لە چیای نۆڕی“ڕا بەرەو ئەوان دێن. دوای ئەوەی دەزانن ئەوان کاریگەری ئەوتۆیان نییە لە سەر مەیدانی شەڕ“پاشەکشە دەکەن تا گەمارۆ نەدرێن. لە کاتی ھاتنی سێ ھێلیکۆپتەری جەنگی بۆ مەیدانی شەڕ دەچنە سەر چەند دارێک.
ئەگەر لێرەدا ،جارێکی دیکە بمھەوێ ڕوانگەی خۆم بنووسم لە سەر ئەو دابەش بوونە ھەڵەیە! تەنیا ئەوە بوو کە فەرماندەکانی سەرەوەی ئێمە مەبەستیان بوو ھەرچی زووتر ئەو شەڕە لە کۆڵ بێتەوە بێ ئەوەی وەسعەت پەیدا بکات ،چۆن لە سەر سنوور شەڕێکی ئاوا لێکەوتەکانی زۆر مەترسیدار دەبوون بۆ ھێزی پێشمەرگە.
ئێستا ماوە بڵێم: ئەو شەڕە بوو بە خەساری گەورە بۆ ئێمە کە دواتر باسی دەکەم.
بەو جۆرە ئێمە بێ پشتیوان ماینەوە کە بوو بە ھۆی ھیلاکی و شەڕێکی قووڕس لە نێوان سەدان کەس لە ھێزەکانی دوژمن“دا…
دواتر ئێمە ناچار بووین بە تاکتیکێک ھەموو فشارەکانی دوژمن و بەرنامەکەی بۆ سەر خۆمان تێک بدینەوە ،کە دوایی باسی دەکەم.
٢- تیمێکی دیکە کە پێشتر ناوم ھێناون لە ناوچەکەدا بوون و چاوەڕوانی ئەو تیمە بوون کە گەمارۆ دراوە. ئێستا با جارێکی دیکە بزانین ئەوان کێن و چی دەکەن؟
ئەو تیمە پێک ھاتووە لە ڕەحمان شۆکە ،حەسەن خۆشکەلام ، حوسێن مەلازوورار ،مەولوود ڕەحیم ،مستەفا ، و چەندین کەسی دیکە کە وەختم نییە بۆ ناوەکان بگەڕێم.
من ئێستا یەک سەعاتم ماوە ئەو بیرەوەرییە دابنێم کاتم نەبووە بینووسم ،بۆیە ڕەنگە کەم و کۆڕی ھەبێت کە ھیوادارم بە گەورەیی خۆتان ھەڵەکانم بۆ ڕاست بکەنەوەو ئیزافەکەی بنووسن.
جا با سەرەتایەکی ئێرە بنووسم و دڵ ئێشانی تیمەکان با بۆ من بێت.
کاک حەسەن خۆشکەلام ئاوای بۆ نووسیم….
دەنووسێ: بە بەری چیای تاڵیش“ەوە بەرامبەر گوندی مەزناوە“ماوینەوە (لە راستیدا ئەو تیمە دەکرا ڕێگر بێت و بە جووڵەی ھێزەکانی ڕێژیم بزانێت بۆوەی ئەو شەڕە“ڕوونەدات)
دوای نیوەڕۆ کە نان و چایی دەخۆن وردە وردە چاوەڕوانی گەیشتنی تیمی کەسرایی و ھاورێیانی دەکەن.
دوای ماوەیەک کە چاوەدێری ڕێگاکە دەکەن ئەو تیمە دەبینن و پێوەندی بە یەکەوە درووست دەبێ.
لەو کاتەدا کە چاو دەبڕننە ئەوان ،خۆشکەلام چەند کەسێک لە پێش تیمی کەسرایی“لە خوار پایەگا کۆنەکە دەبینێ! کە ھەست دەکات بەرگی نیزامی لە بەریاندایە! ئەوە دەبێ ماشێنێکی لاندکرۆزێر“لە لای قەندۆڵڕا“دێت و ڕایدەگرن! ئەو ,وادەزانێ ئەوانە ئاسایشی قەندۆڵن و دەچن لاندکرۆزەرەکە ڕابگرن.
بە بێسیم“بە کەسرایی دەڵێن بزانە ئەو لیباس نیزامییە کێن؟ ئەوان دەڵێن: ئێوە چاو لە پایەگا“کۆنەکە بکەن بزانن چ خەبەرە! کە چاو لەو شوێنە دەکەن دەبینن ڕەش ھەڵگەڕاوە بە ھێزی دوژمن!
دەڵێن بگەڕێنەوە ھێزی دوژمنی لێیە و ئێستا لێتان دەدەن. بە پەلە دەیانەوێ بگەڕێنەوە دواوە ،ھێزەکانی دوژمن بێ وەستان لێیان دەدەن و کەسرایی“بریندار دەبێ. ئیدی ئێستا جەرەقەی شەڕێکی گەورە.
باش ماندوو مەبن شتی زۆرم پێیە….
ئێستا جارێ ھەر لە سەر ئەو تیمە وردەکاری دیکە ھەیە.
تیمی“ گەمارۆ دراو بە پەلە داوای یارمەتی دەکەن.
لەوێ تیمی بەری تاڵیش“کەسێکی شارەزای ناوچەکەیان لە گەڵ دەبێ کە ،دەڵێ: ناکرێ یەکسەر بپەڕینەوە بۆ لای ئەوان و دەبێ بڕۆینە خوار بۆ لای گوندی ھەرزنێ“جا بپەڕینەوە لە لای قندۆڵ“ڕا لێیان بدەین! ئەو بێنەو بەردە زۆر دەخایەنێ و ئەوەش دەرفەت بە ھێزەکانی دوژمن دەدا تا ھەموو ھێزی خۆیان وسەر ئەو تیمە بگێڕن بۆوەی لە ناویان ببەن.
دوای ئەوەی لە کارەکەیان دوا دەکەون ئەو جار ھەر ڕێگای یەکەم ھەڵدەبژێرن و بە دوو تیم“بەرەو تیمی گەمارۆ دراو دەڕۆن و شەڕگەیەکی بە ھێز دەکەنەوە.
لێرەدا بە باوەڕی من دوای دەست بە کار بوون ،ئەو تیمە“ھەر چەند تووشی مەترسی زۆرو دابڕان دەبن ، بەڵام: ئەوان شەڕێکی پێشمەرگانە دەکەن و ھێزەکانی دوژمن وا لێدەکەن نەتوانن ئاڵقەی گەمارۆ ھەروا بە ئاسانی تەواو بکەن.
باش! بۆم باسی دوو شەڕگە کردوون تا ئێرە
،بەڵام تیمی سێھەم“و چەند شتێکی دیکە ماوە جا دواتر دەگەڕێمەوە بۆ سەر ئازایەتی و ھەڵمەتی شەھید مەنسوورە رەحیمیەکان و زەلیل کردنی پاشایی…
٣-تیمێک کە پێک ھاتووە لە چەندین پێشمەرگەی ئازا بەرەو چیای نۆڕی بەڕێکراوە. راستی وابزانم لەوێ شەڕ ڕووی نەدا….
من ئێستاش نەمزانی ئەو ھێزەی کە لە نۆڕی ڕا بەرەو تیمی یەکەم ھاتوون کە باسم کرد…بۆ تووشی شەڕ نەبوون. ھیوادارم ئەوەشم بۆ ڕوون بێتەوە.
تیمێکی دیکە پێک ھاتوو لە…شەھید قادر مەمۆ ،عوسمان زەردەکانی ،یۆسف ساجدی ،دەنێردرێن بۆ بەری پیربابا“ ئەو تیمە سام ٧ ی پێ بوو.
لە ڕاستیدا دواتر سێ ھێلیکۆپتەر“ھاتن بۆ مەیدانی شەڕ و لە ژێر ئاوری ئەواندا ھێزەکانی دوژمن پاشەکشەیان کرد. ئەو سێ ھێلیکۆپتەرە“بوونە ھۆی ترس و شپرزە بوونی ئێمە. دیارە من وەک خۆم بێ ئەندازە لێی دەترسم. ئێستاش نەمزانی بۆ سام ٧“یان لێنەدا…!
نازانم لە کوێ بوو وابزانم لە کۆمێنت نووسرابوو لەبەر ماتۆڕ بەرقی گوندی مەزناوە….!!!
دیارە ئەو سێ پێشمەرگە قارەمانەش تووشی ئازاری زۆر دەبن کە عوسمان زەردەکانی بە جوانی بۆی نووسیوم.
تێبینی
بۆ ڕێز گرتن لە ئازایەتی شەھید مەنسوور“وێنەکەی دادەنێین.

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *