بەشی: سەدو یەکەمی گەڕانەوە(١٠١) نووسینی: عەلی سوورەچۆمی

Posted by
بەشی: سەدو یەکەمی گەڕانەوە(١٠١)
نووسینی: عەلی سوورەچۆمی.
………
بەشی ٧ی ڕووداوەکان.
………
باسی چۆنییەتی شەڕ و دابەش بوونی خۆمانم کرد.
لەوێدا ڕوونم کردەوە ،شەڕی ئێمە بە گشتی کە شەڕێکی سەپاو بوو چۆن دەستی پێ کرد.
ئێستا جارێکی دیکە دەگەڕێمەوە سەر ئەو تیمەی خۆمان کە ڕاستەوخۆ لە ناوەڕاستی ھێزەکانی دوژمندا دەیھەوێ شیرازەی فەرماندەیی دوژمن تێک بدات.
دوای ئەوەی ھێزەکانی دوژمن لەوە تێگەیشتن کە تیمێک پێشمەرگە لە قووڵایی ھێزە زۆرەکەی ئەواندان کە لە سەر پشتی شەڕگەش کاریگەری ھەیە ،بوو بە ھۆی ترس و خۆفێکی زۆر بۆیان. ئیدی لێرەوە دوژمن ھەوڵیدا بە ھێنانی ھێزێکی زۆر لە سەردەشت“و دەورووبەر بۆ جارێکی دیکە ،وا بکات ئەو تیمە پێشمەرگە گەمارۆ بدرێ.
لە راستیدا وەک باسم کرد بەر لەوەی بگەینە ئەو شوێنەی کە مەبەستی ئێمە بوو ،لەوە دڵنیا بووین کە بە بڕیارێکی ھەڵە دەمانھەوێ ڕووداوەکان پێچەوانە بکەینەوە.
کە شەڕ دەستی پێکرد ھیچ بەرگریەکیان نەکرد ،بەرەو لای گوندی بێتووش و پشتی شەڕگە پاشەکشەیان کرد. ئێمە ئەوەندە ماندوو بووین کە تفەنگەکان لە دەستماندا دەلەرزین و ھیچ تەرکیزێک نەمابوو. شەڕ زۆر سەخت بوو ،ھەر چوار دەوری ئێمە ھەر بە مەودای چەند میترێک ھێزی دوژمن بوو ، بە جۆرێک ھێزەکانیان لە پڕ بە سەر ئێمەدا دەکەوتن.
لەو ماوەدا ،چەند جارێک ھێرشیان بۆ ئێمە ھێنا کە بەرگری ئازایانەی ئێمە بوو بە ھۆی شکانی ئەوان. ھێزەکانی دوژمن بە شێوەی دایرەیی بە دەوری مەیدانی شەڕدا ،سەنگەریان گرتبوو.
بۆ جاری سێھەم ھێزێکی زۆر
بۆ سێھەمین جار ،ھێزێکی دیکەی زۆری ڕێژیم کە کاروانی ماشێنەکانیان دیار بوون بەرەو مەیدانی شەڕ دەھاتن زۆر نیگەران بووین. دواتر بۆ ئەوەی پاڵپشتی بکرێین داوای ھێزی پشتیوان و بەستنی پشتی شەڕەگەی دوژمن-مان کرد ،کە تەنیا ڕێگا بوو. کەچی بەداخەوە ئەوە جێبەجێ نەبوو ،بێ ھێزی پشتیوان ماینەوە. بە تایبەت کە ئەو تیمەی لای خوارەمیر“پاشەکشەی کرد ئیدی دوژمن دەستی کرایەوە تا زیاتر ئێمەش گەمارۆ بدەن.
فشارێکی زۆر لە سەر ئێمە بوو ،پێوەندی ئێمە لە گەڵ تیمی گەمارۆ دراو پچڕا بوو! ئەوە بوو ،خۆمان یەکلایی کردەوە لە سەر ئەوەی کە ھیچ ڕێگایەکی دەرباز بوون بۆ ئێمەش نەماوەتەوە کەواتە، دەبێ تا تاریکی ھەوا ئەو مەیدانی شەڕە ڕابگرین.
باش ، ئێستا سێ شەڕگە ھەیە. تیمی گەمارۆ دراو کە لە شەڕ دایە. ئەو تیمەی کە شەوی پێشتر لە ناوچەکەدا بووەو بە ھاواری تیمی گەمارۆ دراوەوە چوون و ئازایانە شەڕ دەکەن ،وە تیمی سێھەم ئێمەین کە لە ناوەندی ھیزەکانی دوژمن دایە و بە جۆرێک کەوتۆتە گەمارۆی دوژمن.
لێرەدا پێم باشە وردتر بچینە نێو ڕووداوەکان.
(فەرماندەکەی دوژمن پاشایی!)
با باسێکی پاشایی“فەرماندەری گشتی ھێزەکانی دوژمن بکەین. دیارە ئەو شتانەی ئێستا لێرە دەیانگێڕمەوە ئەو قسانەن کە جاش“کوردەکان بۆ خۆیان گێڕاویانەتەوە. سەرەتا پاشایی“لە ھەموو شتێک دڵنیا دەبێت ،ئەو جاشەکان تەنیا بۆ چاو ساخی دەبات. دوای ئەوەی بە پێچەوانەی مەزەندەی خۆیان دەبینن پێشھاتی تازە دێنە پێشێ کە بە دوور بوو لە حیساباتی ئەوان ،ئەوە وا دەکا ترس دایگرێ. لە راستیدا ئەو زۆر لە سەرکەوتنی خۆی دڵنیا بوو ،زۆر بێ سەبرانە چاوەڕوان بوو دەستکەوتی خۆی ببات کە دیارییەک بوو کەمتر فەرماندەرانی ڕێژیم پێی گەیشتبوون.
بە شاھیدی خەڵکێک و گێڕانەوەی جاشەکان خۆیان
ئەو چەند ڕووداوە لە کاتی شەڕدا ،باس دەکەم-
یەکەم جار پاشایی“،ھەڕەشە لە جاشەکان دەکات ھەر لەو شوێنەی شەڕی لێ دەکەن واتە ،سوورەکێل“چەند جاشێک لەوێ ناچار دەکات درێژ بن و خۆی و چەند پاسدارێکی دیکە شەڕیان لە پشتدا بکەن! کە جاشە ترسنۆکەکان دەستووری فەرماندە بێ ھیچ شەرم و حەیا قەبووڵ دەکەن.!!!
زۆر نابات فشار زیادتر دەبێ و ئەو جار داوا دەکات بە ھەر جۆرێک بووە نەجاتی بدەن ئەگینا دەیانکووژێ
جاشەکان دەڵێن: کاتێک زانی پێشمەرگە لەو شوێنەوە تەقە لە ھێزەکانی ئێمە دەکەن و بە چاوی خۆی ئەو ھێزەی دیت کە دەشکان بە تایبەت لەوەی کە نەیتوانی ئەو ھێزانە وەک پاڵپشت بنێرێ بۆ سەر تیمی گەمارۆ دراو بۆوەی ھەرچی زووتر بیانکووژێ! ھەمدیس نەگەیشتنی ھێزی یارمەتیدەر کە بە ھۆی بەرنگاری ئێمە لە دوو قۆڵەوە گیریان خواردبوو. دەست و پێی خۆی ون دەکات.
(بە ئیرادەوە بەردەوام بووین)
لەو ماوەدا ،توانین ھێزەکانی ئەوان ڕابگرین ،دوو کەسی ئێمە بە بەردەوام بە تەک تیرو نیشانە تەقەیان لەو شوێنە دەکرد کە پاشایی لێ بوو ،جار جار لە نێو دارەکاندا شوێنی خۆمان دەگۆڕی. ئەو کارە وای کرد فشارێکی زۆر بۆ ئەوان بێت کە خاڵی سابیت و نووقتەیەکی دیاری کراو بوون. لە راستیدا فەرماندەیی ئەوان تەنیا بە سەر ئێمەدا دەیتوانی پاشەکشە بکات.
لای ئێوارە دادەھات و شەڕ تووند بوو فشارێکی زۆرمان بۆ ھاتبوو ھەم فیشەک کەم دەبوون ھەم دوژمن بە تاکتیکێکی تازە تەواوی دەورووبەری ئێمەیان ئاور“دەدا کە گیشە گەنم و پوشوو پاوان بوو. بڵێسەی ئاگر بەرز دەبۆوە بۆ ئاسمان ،چڕە دووکەڵ ناوچەکەی داپۆشی بوو ،ئەوە لە کاتێکدا بوو کە ئێمە تەواو گەمارۆ درابووین.ـ
زۆری نەبرد بە دەر لەو تۆپخانە تووندەی کە ناوچەکەی ئاور باران دەکرد کە ببوو بە ھۆی سووتانی دارستان و لە چەندین شوێنەوە ناوچەکەی دوور لە ئێمەش ئاوری گرتبوو.
بۆ مێژوو باسی بکەین: کەمتر تۆپ بارانی ئاوام دیتووە ، بەدەر لەو بازنە چووکەی ئێمە تێیدا بووین کە بە ھۆی نزیکی لە ھێزەکانیان نەیاندتوانی تۆپ بارانی بکەن تەواوی ناوچەکە دەکووڵی و ببوو بە ئاگر. ئەو ماوە گوندی قندۆڵ“و دەوروبەری ببوو بە ئامانجی تۆپ بارانێکی توند کە دەکەوتە بەشی باشوور و سەر سنوور. لەوێ ڕووداوی تاڵ ڕووی دا کە دواتر باسی دەکەین.
لای ئێوارە شەڕ زۆر گەرم بوو ئێمە بە تەواوی گەمارۆ درابووین بە ھێزی دوژمن ،لەوەش زیاتر زۆری نەبرد سێ- ھێلیکۆپتەری جەنگی گەیشتنە مەیدانی شەڕ بۆ پاڵپشتی ھێزەکانی دوژمن. ئیدی لێرە بەدواوە کەس ئاگای لە کەس نەما – من کە زۆر لە ھێلیکۆپتەر“دەترسام کاتی سیس بوونی من بوو.
شەڕ چەندین سەعات بوو درێژەی ھەبوو ، ئەو ماوە ڕێگامان نەدا ھیچ ھێزێکی یارمەتیدەر بگاتە ناوەندی فەرماندەیی ،بە جۆرێک کە پێش تاریک داھاتنی ھەوا لە بیری ئەوە دابوون چۆن پاشەکشە بکەن.
دوو فەرماندەی ڕۆژانی بەرگری
کاک حوسێن پەیڕەوان
کاک عەوڵا شەخشە

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *