ئەو ڕۆژانەی قەت لە بیرناچنەوە به‌ش‌‌کانی ٧٧ تا ٨١ له‌ نووسینی خدر پاکدامه‌ن ناسراو به‌ خدر به‌گ

Posted by
ئەو ڕۆژانەی قەت لە بیرناچنەوە به‌ش‌‌کانی ٧٧ تا ٨١ له‌ نووسینی خدر پاکدامه‌ن ناسراو به‌ خدر به‌گ
ئەو ڕۆژانەی قەت لە بیرناچنەوە
(بەشی ٧٧)
“تەسلیم بە، تەقە مەکە”. لەگەڵ ئەم قسەیە ئاگری بەسەردا باراندم .
لە گەڵ ئەوەی ساڵانێکی زۆر بەسەر ئەم ڕووداوانەدا تێپەڕیوە، بەڵام بۆ ئێمەی بەشدارانی ئەو قۆناغە لە خەبات هەرتازەیە و لە گەڵ ژیانی ڕۆژانەمان دا تێکەڵ بووە و بۆ ئەبەد فەرامۆش ناکرێ. ئەوەی تێکۆشەرانی دێموکرات لە دەیەکانی شەست وحەفتا کردیان، قۆناغێکی گرینگە و لە مێژووی جوڵانەوەکانی کورددا وەک شانازییەک چاوی لێ دەکرێ و دەخرێتە بەر دید و نەزەری لاوانی تێکۆشەر و خەباتکاری ئێستا کە بە هەموو خاڵە بەهیز و لاوازەکانیەوە دەکرێ بکرێنە ئەزموون بۆ بەرەکانی داهاتوو.
ساڵی ١٣٧٢ لە ژێر فشاری لە ڕادەبەدری کۆماری ئیسلامی بۆسەر بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە زۆربەی ناوچە سنوورییەکان تۆپبارانی قورسی زیاتر لە یەک مانگی ڕێژیم بۆ سەربنکەی کومیتەی شارستانی سەردەشت وهێزی گیاڕەنگ لە گوندی شیوەڕەز دەستیپێکرد. ڕۆژانە بەدیان گوللە تۆپ بنکە و بارەگا و بنەماڵەکانی دەکردە ئامانج و بێجگە لەوەش فشاری خەڵک ناوچەکەش تا دەهات زیاتر دەبوو. ناچاربووین گوندی شیوەڕەز بەجێبێڵین و بۆ کانی‌ماران و دوای ماوەیەکش بۆ بێخمە لە سەر زێی گەورە کەلە کوردستانی باکوورەوە سەرچاوە دەگرێ بار بکەین.
دوای جێگربوونی چەند هێزی حیزبی دێموکرات لەو دەڤەرە ،وەک پێشوو دەبوا ئەولەویەتی خەبات یان باشتر بڵێم حزووری پێشمەرگانە لە شار و گوندەکانی کوردستان هەر لە جێگەی خۆی‌دا بێ .
ئەو ساڵەش وەک هەمووساڵەکانی دیکە لە کۆتایی زستانی ١٣٧٢دا لە بنکەی کومیتەی شارستان دەست کرا بە سازماندەیی هەموو کادر و پێشمەرگەکان. هەموو کادر و پێشمەرگەکان بۆ خەبات تێکۆشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئامادە کران. لە سازماندەیی ئەو ساڵەدا وەک ساڵی پێشوو کاک مستەفا مەولوودی و کاک سلێمان کەڵەشی لە شوێنی خۆیان مانەوە و وەک بەرپرسی کومیتە شارستان و فەرماندەری هێز، کاک محەممەد بایزیدی کرا بە جێگری هێز و باقی کادرو پێشمەرگەکانی دیکە لە کومیتە ناوچە و لک و پەلەکان دا سازمان دران .
لە مانگی بانەمەڕدا بۆ یەکەم جار خۆمان بۆ جەولەیکی پێشمەرگانە لە ناوچەی سەردەشت ئامادە کرد. لەو جەولەدا کۆمەڵێک پێشمەرگە وفەرماندەی بوێر بەشدار بوون، وەک؛ کاک محەممەدی بایزیدی، بەرپرسی یەکەم و جێگری هێز، کاک محەممەدی مام ئاغا، کاک ئاکار پەردەدار و من بەشداری جەولەکە بوون. وەک بەرپرس لە ئێوارەیەکی درەنگدا کە ژمارەمان زیاتر لە بیست کەس دەبووین لە بێخمە ڕا بەرەو ناوچە وەڕێ کەوتین. مەسیری حەرەکەتی ئێمە، مەرزی قەلەڕەشێ و کوێستانەکانی باژاڕ بوو، کە لەو کاتەدا لە زۆرشوێن بەفر هەرمابوو.
دوای چەند سەعات ڕێگە بڕین، سەرنجام لە گۆڕێ هێلکی لە پشتی گوندی باوزێوە بەرەو ڕۆژهەڵات، مەکۆی شێرەکوڕانی دێموکرات وەرێکەوتین و ئەوتیمەش کە بۆ بیرێکردنمان هاتبوون، بەرەو بنکە گەڕانەوە. ئێمەش هێواش هێواش بەرەو هەوراز بووینەوە .تا دەهات شەو درنگ دەبوو، دەنگی هیچ شتێ بەرگوێ نەدەکەوت. بایەکی ساردی دەهات، دوای ماوەیک ڕێگه بڕین، خاکی باشوورمان تێپەڕاند و چووینە خاکی ڕۆژهەڵاتەوە. لە کوێستانی باژاڕ هێشتا بەفر مابوو. هەر ئەو شەوە بڕیارمان دا کە ڕۆژەکەی لە باژاڕ بمێنینەوە. بەڵام لە بەر ئەوەی یەکەم شەو بوو، هەم خاو بووین و هەم شەو درەنگ بوو، لە لادۆڵێک لامان دا و لە نێو پۆلە بەردێک ماینەوە. لە تەنیشت خۆمان بەفری لێبوو، هەوایەکی زۆر ساردی هەبوو. بەشێک لە کوڕەکان کە کیسە خەویان پێ بوو هەر زوو بۆی خەوتن، بەڵام ئێمە چەند کەس کە کیسە خەومان پێ نەبوو تا بەیانی خەومان لێ نەکەوت و لە سەرمان هەڵدەلەرزین. چاریش نەبوو، نەماندەتوانی ئاور بکەینەوە. بەرە بەرە شەو کۆتای دەهات، بەرەو ڕووناکی دەچوین، کاتێک هەوا ڕووناک بوو زۆرمان سەرمابوو. هەر زوو کەمێک دارمان کۆکردەوە ئاورمان کردەوە. کۆمەڵێک لە پێشمەرگەکان لە دەوری ئاورەکە کۆبووینەوە. ناوچەیەکی خۆش دیمەن و بەهارێکی سەرسەوز کە لە تەماشاکردنی تێر نەدەبووی.هێندە جوان و سرنجڕاکێش بوو هەر بۆ باسکردن نابێ.
دوای خواردنەوەی چایەک و دانانی نیگابان منیش لە گەڵ ئەوچەند کەسەی کە شەو نەخەوتبووین هەر کامەمان لە گۆشەیەک بۆی خەوتین. وڵاتێکی ئارام، تەنیا دەنگی باڵندەکان دەهاتە گوێ کە لەم کوێستانە سازگارەدا بەئارەزووی خۆیان دەهاتن و دەچوون. تازە خەوم لێ کەوتبوو خەوێکی خۆشی لە نێو تەلیسێکی زەرددا. نیگابانەکە لەمن زۆر دوور نەبوو لەپڕ نیگابانەکە بەپەلە هات بۆلام و گووتی؛ حەجەم.. حەجەم.. منیش بەهیواشی سەرم بەرز کردەوە و هەر لە جێدا خێرا خۆم بەست. ئەوان زۆر لە ئێمە نیزیک بوون، تفەنگ بەدەست و لە چەند میتری ئێمە سەردەکەوتن. منیش دەنگم دان؛ تەسلیم بن!!… هەر کە داوای تەسلیمبوونم لێ کردن، ئاگریان بەسەردا باراندم.! نازانم چۆن بوو بەرنەکەوتم. منیش تەقەم لێ کردن. ئەوان هەڵاتن و ئێمەش بەدوویان دا. کوڕەکانیش هە موو هەستان و تەقە دەستی پێکرد. ئەوان بەرەو شاخەکانی ئەوبەری ئێمە هەڵاتن و ئێمەش لەوێ بووین بە دوو دەستە. کاتژمێر ٨ی بەیانی بوو، بۆیە دەبوا خێرا ئەو شوێنەمان جێهێشتبا. ئەوان لەو دەوروبەرە خۆیان حەشار دابوو. دوای ماوەیەک تەقەکردن شوێنی خۆمان بەجێهێشت. دەستەیەک لەگەڵ کاک محەممەدی مام ئاغا بوون، ئێمەش هەموومان بەیەکەوە بووین. دیارە کاک محەممەد و چوارکەس لە کوڕەکان کەوتنەوە دیوی باوزێ. چونکی نەیاندەتوانی بێنەوە. لای ئێمە دوای ماوەیەک تۆپباران دەستی پێکرد. ئێمەش بە مەبەستی گەڕانەوە بۆ سەر سنوور پاشەکشەمان کرد. چوونکی سەرمەرزە زۆر قایم بوو هەموو کۆنە پایەگای دەورانی شەڕی هەشت ساڵە بوون. دەکرا لەوێ خۆت حاشار بدەی بۆ ئەوەی زەربە نەخۆی. .
لە دووبەشی دیکە دا تەواوی ڕووداوەکانی ئەوجەولە بۆ ئێوە باس دەکم .
وێنەی دەستەیەک لە پێشمەرگەکانی هێزی گیاڕەنگ ساڵی شەست وهەشت کونەمار .

……………………………………..٧٨………………………………..

ئەو ڕۆژانەی قەت لەبیر ناچنەوە
(بەشی ٧٨)
هەر وەک لە بەشی پێشوودا باسم کرد، هێتشا چەند سەعات تێ نەپەڕیبوو لەگەڵ هێزەکانی کۆماری ئیسلامی دەرگیر بووین. بە شێوەیەک کە زۆرمان پێخۆش نەبوو، بەڵام بە دوو دەلیل بەسەرماندا سەپا؛ هەم شوێنەکە مەرز بوو، هەم یەکەم ڕۆژ بوو هێشتا ئێمە وەزعی ناوچەکەمان نەدەزانی .
ئێمە لە کاتی جەولەکان‌دا زۆرجار تووشی ڕووداوی لەم جۆرە بووین. بەڵام بە هاوکاری هەموومان بە ئیرادەی بەهێزی پێشمەرگانە، توانیومانە خۆمانی لێ دەرباز بکەین. دوای ئەوەی شوێنی شەڕەکەمان بەجێ هێشت، دوور کەوتینەوە بۆ لێواری مەرز. تۆپباران هەردرێژەی هەبوو، بەڵام ئێمە لە ناوچەکە خۆمان حاشاردا تا کاک محەممەدی مام ئاغا لە گەڵ کوڕەکان لەودیوی مەرزەوە هاتنەوە بۆ لای ئێمە و یەکمان گرتەوە و کۆبووینەوە کە چی بکەین و چۆن بڕیار بدەین. لە کۆبوونەوە بڕیارمان دا کە بەرەو قووڵایی ناوچە بڕۆین، بەڵام دەبوو لە فکری پەیداکردنی ئەو فیشەکانەدا بین کە تەقاندبوومانن .
بۆ پەیداکردنی فیشەکی کڵاش و قەناسە، کاک محەممەدی مام ئاغا وەک شارزای ناوچەکە بنێرین بۆگوندی هێرۆ، بەڵکوو بتوانێ لە دۆستێکی باشوور ئەو فیشەکانە وەرگرێ. جا ئەوجار درێژە بە گەشتی خۆمان بدەین بەرەو ناوچە.
ئێوارە کاک محەممەد لەگەڵ سێ پێشمەرگەی دیکە چوون بەدوای کارەکەی خۆیان دا. ئێمەش بەرەو شوێنی خۆمان لە دیوی باشوور وەڕێ کەوتین، واتە شوێنی مانەوە. ڕۆژی دوای ئەوان شەوێ هاتنەوە بۆ لای ئێمە. ڕۆژەکەی لەوێ ماینەوە و کارەکەیان سەری گرتبوو و ئەو دۆستەمان هاوکاری کردبووین، بەزیادەوە فیشەکی بۆ ناردبووین و ئەرکی نەتەویی خۆی بەجێ گەیاند بوو. سپاسی دەکەین کە زۆر دۆستی دیکەش لە هەموو بارێکەوە هاوکارییان کردووین .
دوای گەڕانەوەی کوڕەکان و پڕکردنەوەی خەشابەکانمان لە ئێوارەیەکی درەنگدا بەرەو قووڵایی ناوچە وەڕێکەوتین. شەوەکەی چووینە گوندی “باوێ” لە سەر جادەی سەردەشت بۆ کێلێ. لەگەڵ پێشوازیی گەمی خەڵکی ئەم گوندە ڕووبەڕوو بووین. دوای خواردنی نان وچایی و کاروباری حیزبی لە گوندی باوێ دەرکەوتین. مەسیری مانەوەی ئێمە کوێستانی “تاژەندەر” بوو کە کێوێکی بڵیندە و زۆربەی ناوچەکانی سەردەشت و ڕەبەتی لێ دیارە. دوای چەند سەعات ڕێگه بڕین و بەجێهێشتنی گوندەکانی باوێ، زووران، کونەمشکێ، وارشەمەزین وتووێ، لەوێ ماینەوە. ئەوێش کوێستان بوو، زۆر سارد بوو، هەوایەکی ساردی هەبوو ئەو شەوەش من تا بەیانی دیسان خەو نەچووە چاوم. لە سەرمان ڕۆژەکە لەوێ ماینەوە، دیمەنێکی تا بڵێی جوان و هەوایەکی سازگاری هەبوو. شوێنەکەمان باش بوو، ئەگەر شتێک ڕووی دابا دەتتوانی بەڕەی خۆت لە ئاوێ دەرێنی.
ئەم ڕۆژە هیچ خەبەر نەبوو، دونیایەکی بێ دەنگ و ئارام بوو. ئێمەش ئەو ڕۆژە توانیمان کەمێک پشوو وەربگرین.
ئێوارێ کۆبووینەوە تا مەسیری شەو و ڕۆژی دوایی د یاری بکەین. لە کۆبونەوەکە واساغ بوینەوە کە؛ بۆ شەوێ بچینە گوندی “باساوێ” کە هەم گوندێکی زۆرە و هەم خۆشە، بەڵام زۆریش لە شاری سەردەشت دوور نیە. کاتێک چووینە نێو گوند، پێشوازییەکیان لێ کردن کە لە گێڕانەوە نایە. دوای دابەشبوونمان بەسەر ماڵەکان دا و دوای چەند سەعاتێک لە نێو گونددا مانەوە و بەجێگەیاندنی ئەرکی حیزبی لە نێو جۆش وخرۆشی خەڵکی بەهەستی گوندی باساوێ، گوندەکەمان بەجێهێشت. بەرەو بنار جیای “تاژندەر” هەڵکشاین. کاتێک لە چیا سەردەکەوتین بەرەبەرە هەور ئاسمانی ناوچەکەی داگیر دەکرد، چاوەڕوانی بارینی باران بوون کە بێ‌گوومان بۆمە زۆر ناخۆش دەبوو .بەڵام خۆ دەبوو هەرچۆنێک بێ، خۆڕاگر بین بۆ هەموو ئەو ئەگەرانەی لە پێشمان بوون .
سەرنجام دوای چەند سەعات ڕێگە بڕین چووینە پێش ماڵانی زێوە. بۆ مانەوە کە چەند کۆخێکی لێ بوو، هەم بۆ سەرما و هەم بۆ بارینی باران دەکرا ئیستفادەی لێ بکەین. لەم شوێنە ماینەوە، هەواکە ناخۆش بوو بەڵام باران نەباری و بۆ شەوێ هەر لەوێ ماینەوە.
لە بەشی سێهەم دا باسی ئەو هێزە گەورەی ڕێژیم دەکەم کە بۆ گەمارۆدانی ئێمە هات بوو، بەڵام پیلانەکەیان سەری نەگرت و بە دەستی بەتاڵ گەڕانەوە.
ناوچەی سەردەشت لە گەڵ پۆلێک لە تێکۆشه رانی دێموکرات
……………………………………….٧٩………………………………..
ئەو ڕۆژانەی قەت لەبیر ناچنەوە
(بەشی ٧٩)
دیاربوو لە لایەن سێخوڕێکەوە ڕاپۆرتیان لێ دابووین، بەڵام ڕاپۆرتەکە دەرنگ درابوو ئەوهێزەش درەنگ جووڵا.ئەویان بە قازانجی ئێمە بوو. ئەگەر وانەبوایە ڕەنگە‌ تووشی شەڕێکی گەورە باین لەگەڵ ئەوهێزە گەورەی دوژمن کە پیلانێکی گەورەیان دانابوو .سەرەڕای هەموو شتەکان نیگابانەکانی خۆمان زووهەستیان کرد و زۆر وشیار بوون.
کاتێک لە گوندی باساوێ دەرکەوتین، بەمەبەستی مانەوە، وێڕای بارینی باران خۆمان گەیاندە کۆخەکانی سەکرانی پێش ماڵی زێویە هەڵکەوتوو لە داوێنی چیا تاژەندەر. ئەو شەوەش وەک چەند شەوی پێش، هەوا هەر سارد بوو، جار و باریش نمە بارنێک دەباری.
تا لای سەعات دوو هیچ خەبەر نەبوو. دیاربوو شوێنەکەی ئێمە بەتەواوی لە لایەن دووژمنەوە هەستی پێ کرابوو!! دوژمن هێزێکی زۆری کۆکردبۆوە و بە شوێنە نادیارەکاندا بۆ بەرزایەکانی پشتی سەری ئێمە سەری خست بوو. لەو کاتدا هەورەگرمەیەکی خەست دەستی پێ کرد و باران دایدا. فەوری نیگابانەکان ئاگاداریان کردین کە هێزێکی زۆری دوژمن پشتی سەری ئێمەی گرتووە و تەواو بەسەرماندا زاڵن.
ئێمەش فەوری کەوتینە خۆ، شوێنەکەمان جەنگەڵ بوو، دەکرا شوێنەکەمان بگۆڕین؛ دوای مەشوەرەت کردن هەر وامان کرد. خۆمان کۆکردەوە و بە نێو جەنگەڵ‌دا بەرەو خوار ماڵی زێوە هاتینە خوارێ. ئێمە توانیمان شوێنی خۆمان بگۆڕین وهێشتا هێزی دوژمن کە بەدەشتی دیواڵان دا هاتبووە پشتی ماڵی زێوە بگرێ نەگەیبوونە شوێنی خۆیان. ئەوە دەرفەتێک بوو بۆ ئێمە دەنا بە تەواوی لە گەمارۆ دەکەوتین.
دوای ئەوەی ئێمە شوێنی خۆمان جێهێشت، لە ڕێگا دا بووین کە دیسان بارانێکی خەست دەستی پێکردەوە و تەم ومژێکی زۆر سەر چیاکانی گرت. ئەو شوێنەی هێزی دووژمنی لێ بوو لە ئێمەوە نەدیو بوو و هەموو هەوڵمان ئەوە بوو خۆ لەگەڵ ئەو هێزەی دووژمن دەرگیر نەکەین. چونکی لە زۆربەی شوێنەکان‌دا بەسەر ئێمەدا زاڵ بوون. بەهێواشی لە خوار ماڵی زێوە پەڕینەوە بەرەو لابەلای گوندی تووژەڵ. دوای ئەوە ئێمە شوێنەکەمان بەجێ هێشت، هێزی دوژمن بەرەو ئەو شوێنە دەچن و بە خەیاڵی خۆیان بۆ ئەوەی گەمارۆمان بدەن!! .
بەرەبەرە رۆژ بەرەو کۆتای دەچوو، ئێمەش لە گەڵ ئەوەی جووڵەی دوژمنمان چاودێریی دەکرد، ئاودیوی گوندی تووژەڵ بووین .هێزی دوژمنیش دوای ئێمە لە گوندەکانی زێوە و گەڵو و چیاکانی دەوروبەر بڵاو ببوونەوە.
تاریکایی ئێوارە چووینە نێو گوندی تۆژەڵ و دوای خواردنی نان وچایەکی بەپەلە، بە خێرایی لە تووژەڵ وەدەر کەوتین و بەرەو مەسیری خۆمان وەڕێ کەوتین، شەوێکی زۆر ناخۆش بوو، ناوەناوە باران دەباری.
دوای دەربازبوونمان لەو پیلانەی کە بۆمان دانرابۆوە ،خەڵکی ناوچە خەبەریان پێداین کە ئەو هێزەی دووژمن، هێزێکی زۆر و دەورە دیتوو بووە. ئەو کات باسی حەوسەد بۆ هەشت سەد کەسیان دەکرد کە بۆ گەمارۆدانی ئێمە هاتبوون و تەیار بە هەموو چەکێک بوون.
دوای چوونەدەر لە گوندی تووژەڵ و وەرگرتنی هێندێک خەبەر مەسیری دەشتی دیواڵان بەرەو دۆڵی ئاشەدینە بوو بە مەسیری حەرەکەتی ئێمە. لە نێوەشەوێکی درەنگ‌دا خۆمان گەیاندە داوێنی چیای لانک و گیاڕەنگ و لەوێ ماینەوە کە بە دیان جار بۆتە شوێنی حەسانەوەی ئێمە. ئەو ڕۆژەی لەوێ ماینەوە دیسان باران دەباری و هەوایەکی زۆر ناخۆشی هەبوو. مانەوە بەم هەوایە لەوە زیاتر نەدەکرا بۆیە بڕیارمان دا بگەڕینەوە، چوونکی بەو هەوا ناخۆشە نەدەکرا چیتر درێژە بە گەشتەکەی خۆمان بدەین.
ئێوارە لە کۆبونەوەیەکی فەرماندەی تیمەکان دا وا ساغبووینەوە کە بگەڕێنەوە. بۆیە بڕیارمان دا بە قاسمەڕەش دا بگەڕێینەوە. ئەو ساڵە دوژمن مەرزەکانی کەمێک چۆل کردبوو، هاتوچۆ کەمێک ئاسانتر بوو. بۆ خواردنی نان وچای چووینە گوندەکانی سپیدارە و سیرەمێرگ و پاشان بەرەو قاسمەڕەش وەڕێ کەوتین.
لە مەرز بەرەو گوندی نۆکان دەرباز بووین. زیاتر لە ساڵێک دەبوو دوای شەڕەکەی هەرێمی کوردستان لە گەڵ پەکەکە زۆربەی هێزەکەی پەکەکە لە مەرزی تورکیە ڕاگواێزرابوونەوە بۆ زەڵێ و ناوزەنگ و بە تەواوی ناوچەکە دا بڵاو ببوونەوە. هێزێکی تووندڕەو و نەگونجاو بوون. ئێمەش کە لە مەرز دەرباز بووین، دەمانزانی لە گەڵیان تووشی دمەقاڵە دەبین. کاتێک لە خڕی ناوزەنگ لێیان نزیک بووینەوە، دەنگیان داین؛ کە ئێوە کێن؟! ئێمە خۆمان ناساند کە بەداخەوە هەڵسوکەوتیان هیچ باش نەبوو. دەیانگووت دەبێ بگەڕێنەوە و نابێ لێرەوە بڕۆن. ئێمە سوور بووین کە دەڕۆین و پێمان وتن کە ئەوان مافی ئەوەیان نیە پێش بە پێشمەرگە و جمووجۆڵی حیزب بگرن، بەڵام ئەوان بە هیچ شێوەیەک حاڵی نەدەبوون و زۆر نامەنتقی بوون. بەو نیوەشەوە درەنگە کە بارانیش دەباری، زۆر ناخۆش بوو کە دووهێزی چەکدار دەمەقاڵە بکەن. زۆری نەمابوو بەرخوردی فیزیکیش ساز بێ. هەرچی ئێمە بووین دەمانهەویست زوو دەرباز بین، چونکی شوێنەکە مەرز بوو، نەماندەویست خەڵک لە ناوچەکە بمانبینێ و تووشی کێشە بن. بەڵام ئەو هێزەی پەکەکە لە سەر قسەی خۆیان سوور بوون کە نابێ لێرەوە بڕۆن و هێزیان کۆکردبۆوە .لە کۆتایی‌دا دوای ئەوەی لەگەڵ بەرپرسەکانیان دانیشتین و قسەمان لە گەڵ کردن، کۆڵیان دا و بە خۆشییەوە باش بوو کە تووشی شتی ناخۆش نەهاتین. شەو بەرەو کۆتایی دەچوو، ئەو جار دەبوو ئێمە پەلە بکەین لەوەی خەڵک نەمانبینن. دوای دەربازبوون لە هێزی پەکەکە، دوو ماشێنمان پەیدا کردن و بەرەو قەڵادزی گەڕاینەوە .
بەم جۆرە دوای چەند شەوێک مانەوە لە ناوچە و تووشبوونمان بە دۆخێکی ناخۆشەوە، بەڵام بێ زیان گەڕاینەوە بۆ بنکەکانمان .
وێنەکان گوندی زێوە وئەوشوێنەی کەئێمە لێ مابوینەوە


……………………………………….٨٠………………………………..

ئەو ڕۆژانەی قەت لەبیر ناچنەوە
(بەشی ٨٠)
یەکەم جار بوو نێرگەلە(قلیان‌ئاوی)م چاو پێ دەکەوت، زۆری ترساندم، بۆیە ئێستاش ڕقم لێیەتی. ساڵی ١٣۶۵ بنکەی هێزی گیاڕەنک، دەستەی ٣ی شەهید کوێخا خدر کە لە بێدەلان بووین، ئەوێمان چۆڵ کرد. ئێمە دەستەی سێ چووینە گوندی گەڵوەڕەز و بنکەی هێزیش چووە کونەمارێ. کومیتەی شارستان لە کونەمارێ بوو، بنکەی گومرگ لە گۆمەگایە بوو، لە نێوان کونەمار و گوندی زێوکە ناوچەی ئاوەدان بوو، هاتووچۆیەکی زۆری پێدا دەکرا. ‌گومرکێکی زۆریش وەردەگیرا. ئێمە وەک هێزی گیاڕەنگ جیا لەوەی تەداروکات و خەرجیی خۆمانمان لێ دەکرد، بەشێکیشمان تەحویلی دەفتەری سیاسی دەدا. جارجار دوژمن بە شێوەی تیمی بچووک یان لە دوورەوە تەقە لێ کردن، ناوچەکەی نا ئارام دەکرد. بۆیە ئێمە دەبوو زۆربەی وەختەکان کەمینمان هەبا. بەڵام دیسانیش هەموو ناوچەکەمان بۆ کۆنتڕۆڵ نەدەکرا.
شەوێک دوو جاش بە سوواری ئەسپ دێن بۆ نیزیک گومرگی گۆمەگایە. لە عەمەلیاتێکی تیرۆریستی‌دا لە سەنگەری نیگابانی ڕسووڵ لاو شەهید دەکەن و بۆی دەرباز دەبن. شەهید ڕەسوو، لاوە پێشمەرگەیەکی بەنەزم و تێکۆشەر بوو، ڕۆحی شاد بێ. بە دوای شەهیدبوونی ڕەسووی لاودا چەند شەو چەند شەو تیمێک لە هەموو پەل و لکەکان بۆ پاراستی بنکەی گومرگ دەچووینە گۆمەگایە. جارێک بۆ ماوەی چەند شەو نۆرەی دەستەی سێ هات، ئێمە چوار کەس چووین؛ تەنیا ناوی شەهید هەمزە گۆرانم لەبیر ماوە. چووین بۆ بنکەی گومرگ و ئێوارێ خوالێخۆشبوو مەلا خدری مامکاوێ کە بەرپرسی گومرگ بوو بۆی باس کردین کە شەوێ چۆن نیگابانی بدەین و ڕسوو لاوە چۆن و لە کوێدا شەهید بوو. منیش ساڵێک دەبوو پێشمەرگە بووم. لەوێ دەستبەکار بووین. ئەرکی ئێمە تەنیا نیگابانی بوو، دەنا کەسی دیکەی لێ بوو کە کاروباری گومرگ و ئاشپەزی وسەرپەلیان دەکرد. بەڵام شەوانە دەبوو زۆر وریا بین. بەڕاستی زۆریش خەتەر بوو و نەدەکرا بە سادەیی گرتبامان. وریای و پاراستنی ئەم شوێنە کاری سەرەکیمان بوو. بۆیە شەو و ڕۆژمان خستبووە سەر یەک بۆ ئەوەی زەربە نەخۆین و ئەرکی خۆمان بە باشترین شێوە بەڕێوە بەرین.
بێجگە لە ئێمەش کە ئەرکی ئەو شوێنەمان لە سەر شان بوو، بە چەند جێگەش کەمین دەگیرا بۆ ئەوەی جارێک ئەو کەسانە بخەینە داوی پێشمەرگەکان. بەڵام بەداخەوە جێبەجێ نەبوو. شەوێک من نیگابان بوو و تفەنگ بە دەست هەر چاوێکم کردبوو بە دوو چاو و سەدان شتی خۆش و ناخۆشم بە خەیاڵ‌دا دەهاتن و فکرم لە هەموو ئەگەرەکان دەکردەوە. گوێم هەڵ‌ دەخست و چاوم دەگێڕا بزانم چی بەدی ناکەم. ڕاست لەو سەنگەر بووم کە ڕسووی لاوی تێ‌دا شەهید ببوو.ئەویشم هەرلە بیر بوو، هەموو ئەمانە لە مێشکم دا بوون و منیان لە ڕادەبەدر وریا کرد بوو. لە فکر و خەیاڵی خۆم‌ دا بووم. لە پڕ دەنگێک بەر گوێم کەوت کە وەک دەنگی ڕەگبار دەچوو!!! گوێم هەڵ‌خست بزانم چی ڕوو دەدات. چەک لە دەست و تەواو ئامادەی کاردانەوە بووم. دەنگەکە دوو بارە بوویەوە و وەک بڵێی بە کڵاشینکۆف ڕەگبار بکەی. تەواو باوەڕم هێنا کە بەڵێ دەنگی تفەنگە و پێم وا بوو لە دیوی گوندی بێدەلاندێ .!! دەمگوت ڕەنگە کەمینی پێشمەرگەکانی خۆمان بێ و لە گەڵ ئەو کەسانە دەرگیر بوو بن کە قەرارە هێرش بکەنە گومرک. دوای ماوەیەک بێ دەنگی، دیسان دەنگی ڕەگبارم گوێ لێ‌بووەوە. ناچار بە ڕاکردن چووم ڕۆحی شاد شەهید هەمزە گۆرانم هەستاند، هات بۆلام و لێی پرسیم چ باسە؟! گووتم هەمزە! دەنگی ڕەگباران دێ!!! ئەویش کە گوێی هەڵ‌خست وتی وایە. پاشان پێی وتم تۆ وریا بە، من دەچم کوڕەکان هەڵدەستێنم .
زۆری پێ نەچوو بە پێکەنین هاتەوە. گوتم چییە بۆ پێ دەکەنی، کوا کوڕەکان؟! گووتی؛ ڕاوەستە ئەوەی گوێت لێ بووە نە دەنگی تفەنگە و نە ڕەگبارە. دەزانی چیە؟! منیش ناوەڵڵا، چیە؟! گوتی ئەو سەید عەلی لە سەر جێگاکەی ڕاکشاوە و نێرگەلە(قلیان) دەکێشی، ئەوە دەنگی قوڵتەقوڵتی قلیانی عەلی‌یە. منیش ئیمان لا نەما و بە تووڕەییەوە چوومە لای عەلی و لێی قەڵس بووم و چەند قسەی ناخۆشم پێ وت. ئەوانیش زۆر پێکەنین.
بەڵێ بەونیوە شەوە قوڵتە قوڵتی نێرگەلەی سید زۆری ترساندم .
بەیانی کاتێک خەریکی نان خواردن بووین هەمزە گۆران شتەکەی باس کرد مەلا خدری ڕەحمەتی بەئەدباتی خۆی کە هەمیشە بەکاری دەهێنا لە سەر خۆگووتی هەی عەمرت نەمێنێ پیاوە جاچۆن لەوی شتی دەترسی .
یادی ئەو ڕۆژان بەخێر. سەید عەلی خەڵکی مهاباد و لە هێزی گیاڕەنگ بوو.
دوووێنەی جیاواز لە ئەستێرۆکانی بناری قەندیل ئەوەی دیکەیان باوەجی کۆیە ئەو دوو وێنە جیاوازیان بیست دووساڵە

……………………………………….٨١………………………………..
ئەو ڕۆژانەی قەت لەبیر ناچنەوە
(بەشی (۸۱)
بەدوای گیرانەوە و دەستبەسەردا گرتنەوەی زۆربەی ناوچەکانی ڕۆژهەڵات لە لایەن هێزی دوژمنەوە، پێویست بوو کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان خۆی بۆ قۆناغێکی دیکە لە خەبات ئامادە بکات کە قۆناغی شەڕی پارتیزانی بوو. بۆ ئەم مەبەستە پێویست بوو کە سازماندان و خۆڕێکخستنێکی تازە بۆ هەمووهێزەکان بکرێ . پێویست بوو هێزی پێشمەرگە تاکتیکی خۆی بگۆڕێ بۆ قۆناغێکی هەستیار. لە ساڵەکانی ۶۵ و ۶۶ دەست کرا بە سازماندەهی تازە.
زۆربەی هێزەکان یەک لە دوای یەک کاری سازماندەهی خۆیان تەواو کرد و بە شکڵێکی نوێ بەرەو ناوچەکانی خۆیان دەگەڕانەوە. ئەوەندەی لەبیرم بێ ئاخرین هێز کە سازماندەهی کرا، هێزی مووعینی بوو. لە بەهاری ساڵی ١٣۶۶.
ساڵی ١٣۶۵ کاتێک کە هێزی مینەشەم بۆ سازماندەهی بانگهێشتی دەفتەری سیاسی لە “گەورەدێ” کرا، بۆ ئەوەی ناوچەی ڕەبەت چۆڵ نەبێ ئەرکی بەڕێوەبردنی جەولەیەک لە ناوچەکە بە بڕیاری دەفتەری سیاسی کەوتە سەرشانی هێزی موعینی. بۆ ئەم مەبەستە هێزێکی نیزیک بەسەد کەس لە کادر و پێشمەرگەکانی هێزی موعینی و کومیتەی شارستانی سەردەشت بۆ ئەم جەولەیە ئامادە کرا. فەرماندەری ئەو کاتەی هێزی موعینی مامۆستا حەسەنی شیوەسەڵی بوو کە نەخش و ڕۆڵێکی هەرە گرینگی بوو لە مودیریەت و فەرمانەدەیی هێزی پێشمەگەی کور دستان بە تایبەتی لە ناوچەی سەردەشت.
ئەوهێزە بە سەرپەرستی کاک حەسەن شیوەسەڵی بەرەو ناوچەی ڕەبەت وەڕێ کەوت. لە دەستەی ئێمەش دە کەس بۆ جەولە کە ئامادە کران لەو دە کەسە یەکیان من بووم، هەر چەند مانگێک بوو ببوومە پێشمەرگە و یەکەم جار بوو لە جەولەیەکی ئاوادا بەشداری بکەم. زۆرم پێ خۆش بوو، ئەو کاتە سنوورەکان بە تەواوەتی نەگیرابوونەوە. بە ئاسانی دەمانتوانی تا نیزیک مەرز بڕۆین. هێشتا پایەگای زۆر لە مەرز جێگیر نەکرابوون. لە کاتی خۆ ئامادەکردن بۆ ئەو جەولەیە زۆرشتی خۆش و ناخۆش بەمێشکم دا دەهاتن؛ بیرم دەکردەوە کە بڵێ بتوانم بە ژیانی پێشمەرگایەتی ڕا بێم؟! بۆ من هەم خۆش بوو هەم ناخۆش، دوو ڕێگەم لەبەر بوو؛ یان دەبوو غیرەت وەبەر خۆ نێم و بمێنمەوە، یان مەیدان چۆڵ بکەم. بەڵام ساغبوومەوە بمێنمەو. ئێستا دوای تێپەڕینی ٣۵ ساڵ بەسەر ئەم ڕۆژگارەدا خەریکی نووسینەوەی بەشێکی هەرە چووکە لەو مێژوە پڕشەنگدارەم.
بڕیاردرا ڕێکەوتی ٣ی گەلاوێژی ١٣۶۵ بەرەو ناوچە وەڕێ کەوین؛ ڕۆژی یەکەم هیچ خەبەر نەبوو، ڕۆژی دووهەم سەردەستەکەمان بە بێسیم بە بنکەی هێزی ڕاگەیاند کە “ئاوردارەکان هەڵ دەم”. ئەوە نەهێنی بوو، مەبەست لە ئاوردارەکان ئێمە بووین. دیار بوو هێز ڕۆژێک پێش ئێمە وەڕێ کەوتبوو دەستەی ئێمەش کە پێک هاتبوو لە نیزیک دە کەس بە سەرپەرستی فەرماندەی ئازا، مەحموود خاس بەرەو ناوچە وەڕێ کەوتین. یەکەم جار بوو کە لە جەولەیەکی لەم جۆرەدا بەشداریم دەکرد، ڕووم لە هەرکوێ دەکرد بۆم تازە بوو. دوای دەربازبوون لە مەرزی گوندی مەزرا، ئێمەش لە نیزیک گوندی بەردەسوور لە گەڵ هێز یەکمان گرتەوە. کە چووین هێز بەگشتی لە سەر “کانی هەراشە” کە شوێنێکی زۆر تەلان بوو، زیاتر لە سەد پێشمەرگە لە دەوروبەری ئەم کانی‌یە بڵاوەیان پێ کرابوو. پێشمەرگەکان دوو دوو سێ سێ لە دەوری یەک کۆ ببوونەوە.
دوانیوەڕۆی ئەم ڕۆژە هەموو فەرماندەکان لە دەوری یەک کۆبوونەوە و خەریکی قسە و ڕاوێژ بوون. ئێمە نەماندەزانی چی لە گۆڕێ دایە. ئێوارە بە چەند دەستە دابەش کراین، هەر دەستەی بۆ شوێنێک، دیار بوو شتێک لە گۆڕێ دابوو. پرسیارم کرد خەبەر چیە؟ گووتان بەیانی عەمەلیاتێک لە سەر هێزی دوژمن لە نیزیک گوندەکانی زەلێ و ئاغەڵان بە تۆڵەی شەهید ڕەحیم عەلیپوور بەڕێوە دەبەین. لە سەر تەعمینەکانی سەر جادەی زەلێ بۆ پایەگای “سووەبان”، شەوەکەی هەردەستە و لە شوێنی خۆی جێگر کرا. دەستەی ئێمە کە چەند کەس بووین لە خوار ماڵی کۆدەڵێ بووین، چەند وڵاغێکمان پێبوو، لەوێ بەجێ ماین. ئەوانەی تازە هاتبووین نەیاندەبردین بۆ ئەو شوێنانە. سەعاتی دەوری ۴ی ئێوارە تەقە دەستی پێ کرد. لە نێوان گوندەکانی زەلێ و سوورەبان هێرش کرایە سەر تەعمینەکانی سەرجادە و زۆربەیان کوژران. دەنگی تەقە لە گوندەکانی دەورووبەر دەبیسترا. زۆری نەکێشا ئەو پێشمەرگانەی لە کەمینەکە بەشداریان کردبوو لە ژێر ئاوری تۆپخانەی دوژمن‌دا بە سڵامەتی گەیشتنەوە لای ئێمە. وردەوردە هەموومان لە دەوری یەک کۆ بووینەوە. بەرەو مەسیرێکی دیکە ئەو شوێنەمان بە بێ زیان بەجێ هێشت و درێژەمان بە گەشتی خۆمان دا. لە ناوچە ئەوە یەکەم عەمەلیات بوو کە لەو جەولە لە سەر هێزی دوژمن بەڕێوە چوو.
بۆ مانەوەی ڕۆژی دوایی چووینە خوار ماڵی بەردەسوور لە “کانی سێویسکە” ماینەوە. دوانیوەڕۆی ئەم ڕۆژە لە لایەن کاک حەسەن شیوەسەڵی‌یەوە قسە بۆ هێزی پێشمەرگە کرا و دەستخۆشیی لێ کردن کە سەرکەوتوانە ئەرکی خۆیان بەجێ گەیاندووە.
ڕووداوەکانی ئەم جەولەیە لە بەشەکانی دیکەدا بۆ ئێوەی ئازیز دەگێڕمەوە …
ئەو وێنە گوندی گەڵوەڕە خۆم کاک عەلی حاجی کە ئەو کاتە سەر پەلی ئێمە بوو وە لەو جەولەش لە گەڵمان دابوو .
لەوێ وە بەشداریمان کرد لە وجەولە .

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *