لەم جیهانە:جەلال مەلەکشا

Posted by
ڕووحت شاد شاعیرە بوێرەکەی ڕۆژھەڵاتم
:::
لەم جیهانە
پەلەوەریش
نیشتمانی بۆ خۆی هەیە
دارستانێ، تاقە دارێ
ئاوارەش بێ
نێو ئەشکەوتێ، بن پاسارێ!
چۆن شێت نەبم،
نەچم بە گژ کوێستانێکا و
چوار ڕێیانی گەردوون نەگرم
هێشتا بستێ خاک شک نابەم
تیا بژیم،
تیا بمرم…!
چۆن شێت نەبم
هەموو ڕێگام لێ بەسراوە
بە هەر جادە و شەقامێکا ڕادەبوورم
تەپۆڵکەیەک
کڵاوێکی سەربازانەی لە سەر ناوە
دڵ و گیرفان دەپشکنێ
بەڵگەی خوایشم لە گەڵدا بێ
ڕێگام دەگرێ
نەکا نەخشەی وڵاتێکم لە گیرفان و ڕەمزی نهێنیی ناوێکم لە دڵدا بێ!
چۆن شێت نەبم
تووڕەم، تووڕە…
وەک ئاگرم
شەمشێرێکی هەڵکێشراوم
لە ناو بریسکەی خوێنی خۆما ئەزریکێنم
هەتا کالان نەدۆزمەوە
ئۆقرە ناگرم!
خوا ئەزانێ
من حەز ناکەم وەک ئەشقیا
سەرگەردان بم لەم کوێستانە
ڕێگام بدەن بێمە خوارێ
هیچم ناوێ لەم جیهانە
جگە نەختێ سەربەستی و
بستێ خاک و
ئاڵایەک و
ڕەشماڵێکی قەرەجانە!
?جەلال مەلەکشا

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *